مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی؛ ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، وتارێكی سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژوو و مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان بۆ ئه‌ندامانی نووسینگه‌ی ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ت خوێنده‌وه‌. وتاری مامۆستا پیرانی به‌و شێوازه‌ی خواره‌وه‌یه‌: ‌أعوذ بالله من الشیطان الرجیم بسم الله الرحمن الرحیم الحمد لله الصلاة و السلام علی رسول الله و علی آله و اصحابه و من والاه «یا أیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا کُتِبَ عَلَیکُمُ الصَّیامُ کَما کُتِبَ عَلَی الَّذِینَ مِن قَبلِکُم لَعَلَّکُم تَتَّقُونَ» (البقرة/183) له‌و كۆتاییانه‌دا هێندێك له‌ سه‌رۆكه‌كانی بێداری ئیسلامی، جه‌ختیان كردۆته‌ سه‌ر خاڵێكی گرینگ كه به‌ دوو شێواز چاودێری به‌ربانگه‌وازانی ئایینی ده‌كات: گروپی یه‌كه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌ ده‌م بانگه‌وازی دینه‌وه‌ چوون و چه‌مكه‌كانی ئیسلامیان له‌ ژیانیان‌دا به‌ڕێوه‌ بردووه، كه‌ به‌و كه‌سانه‌ «نه‌ته‌وه‌ی وه‌ڵام‌ده‌ر» ده‌گوترێت و تاقمی دووهه‌م كه‌ ته‌واوی مرۆڤه‌كان و نه‌ته‌وه‌كانی كه وه‌ڵامی بانگه‌وازی ئیسلامیان نه‌داوه‌ته‌وه،‌ هه‌تا ڕۆژی په‌سڵان له‌ خۆی ده‌گرێت و به‌ «نه‌ته‌وه‌ی بانگه‌واز» ناسراون. له‌ هه‌ر شوێنێك له‌ قوڕئانی پیرۆزدا، كه ئاماژه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی وه‌ڵام‌ده‌ر كرا بێت‌، به‌ پێی ڕاده‌ی وه‌ڵام دانه‌وه‌‌یان باسیان لێ كراوه؛ بۆ نموونه‌ له‌ ئایه‌تی واجب بوونی ڕۆژوودا كه یه‌كێك له‌ چه‌مكه‌كانی ئایینی ئیسلام هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌ لایه‌ك هۆی شانازییه‌ و له‌ لایه‌كی‌تر ئه‌رك ده‌خاته‌ سه‌ر شانی ڕۆژووانان. له‌و ڕووه‌وه‌ هۆی شانازییه‌ كه ده‌رك و تێگه‌یشتن و ورد بوونه‌وه‌ له‌ كردار و هه‌روه‌ها بانتری ئیمانی، ئه‌وانی كردۆته‌ سه‌رتۆپ و هه‌ڵكه‌وته‌ی دیتران، له‌ لایه‌كی‌تر به‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌كه‌ وه‌ڵامی فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یان داوه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ ئه‌و فه‌رمانانه‌ به‌ شێوازێكی ته‌واو و ڕێك‌وپێك به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، خاوه‌ن ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تین. پێناسه‌ی «یَا أَیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا» له‌ ڕاستی‌دا وه‌بیر خه‌ره‌وه‌ی په‌یمان و به‌ڵێنییه‌كه‌؛ ئه‌و به‌ڵێنییه‌ی كه‌ بریتییه‌ له‌ »کُتِبَ عَلَیکُمُ الصِّیَامُ کَمَا کُتِبَ عَلَی الَّذِینَ مِن قَبلِکُم». ئه‌و په‌یمانه‌ (واجب بوونی ڕۆژوو)، ته‌نیا له‌سه‌ر گه‌لی ئیسلام واجب نه‌بووه‌؛ به‌ڵكوو عیباده‌تێكی كۆنه‌ كه ته‌واوی بڕوادارانی مێژوو و نه‌ته‌وه‌ و پێغه‌مبه‌ران –هه‌ر له‌ ئاده‌م تا پێغه‌مبه‌ری ئیسلام- بڕوایان پێی هه‌بووه‌ و به‌ڕێوه‌یان بردووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كانی ناموسوڵمانانیش‌دا وه‌ك (میسرییه‌كان، یونانی، ڕوومی، هیندییه‌كان و نموونه‌ی ئه‌وان) ڕۆژوو گرتن به‌ شێوازی جۆراوجۆر هه‌بووه‌. ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت موشریكان، كاتێك كه‌ له‌ فه‌رمانه‌كانی ئایینی خۆیان ده‌رده‌چوون و تووشی تاوان ده‌بوون، به‌ ڕۆژوو گرتن تاوانه‌كه‌یان قه‌ره‌بوو ده‌كرده‌وه‌ تا جارێكی‌تر ڕه‌زامه‌ندی خواكانی خۆیان به‌ده‌ست بهێننه‌وه‌. پێگه‌ی ئه‌ركی «ڕۆژوو» له‌ ئایینه‌كانی خوای گه‌وره‌دا دیاری كراوه‌. ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر موسا(سه‌لامی خوای لێ بێت) چل ڕۆژ، به‌ڕۆژوو بووه‌. هه‌ره‌وه‌ها گه‌لی یه‌هوود به‌ بۆنه‌ و هۆكاری جۆراوجۆر، هێندێك جار، یه‌ك مانگ و یا یه‌ك حه‌وته به‌ڕۆژوو بوون؛ مه‌سیحییه‌كان ڕۆژووی تایبه‌تیان هه‌یه‌؛ هه‌ره‌ها به‌ڕێوبه‌رانی كه‌نیسه‌كان چه‌ندین جۆری ڕۆژوویان هه‌یه‌. بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر جه‌خت ده‌كاته‌ سه‌ر عیباده‌تی «ڕۆژوو». ئه‌و عیباده‌ته‌ كۆنه‌، هه‌وێنی پارێزگارییه‌ و بڕوادار له‌ خوای گه‌و‌ره‌ نزیك ده‌كاته‌وه‌‌؛ هه‌ر وه‌ك له‌ درێژه‌ی ئایه‌ته‌كه‌ش‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كات: «لعلكم تتقون» (تا به‌ڵكوو پارێزگار بن). به‌ واتایه‌كی‌تر، «ڕۆژوو» ده‌بێته‌ هۆی «ڕوون‌كردنه‌وه»، «هه‌ستیار بوون» و «ترسی» به‌نده‌كان له‌ خوای گه‌وره‌. هه‌ر بۆیه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ڕۆژوو، پته‌و بوونی په‌رێزگارییه‌. بابه‌تێكی‌تر كه زانایانی ئیسلامی هێناویانه‌ته‌ ئارا، بابه‌تی سه‌باره‌ت به‌ »مه‌له‌كه‌ی زانست» و «مه‌له‌كه‌ی كرده‌وه»یه كه‌ له‌و كۆتاییانه‌دا، له‌ كۆنگره‌یه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان، به‌ڕێوه‌ چوو؛ وت‌ووێژیان له‌سه‌ر كرد‌؛ ئه‌و بابه‌ته‌ ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وتی «پێكهاتن و پته‌وكردنی مه‌له‌كه‌ی زانست و مه‌له‌كه‌ی كرده‌وه» ده‌كات و گرینگی تایبه‌ت به‌ چه‌مكه‌ زانستییه‌كانی ئایینی‌ ده‌دات. بۆ نموونه‌ زۆرێك له‌ مرۆڤه‌كان به‌ شێوه‌ی سروشتی دادپه‌روه‌ر، خۆڕاگر و پشوودرێژ نین؛ به‌ڵكوو كاتێك دادپه‌روه‌ر و خۆڕاگر ده‌بن كه ورده‌ ورده‌ سه‌باره‌ت به‌و خاڵه‌، ڕاهێنان له‌سه‌ر خۆیان بكه‌ن، تا بۆیان ده‌بێته‌‌ »مه‌له‌كه». ئه‌و كات له‌هه‌ر شوێنێك كه‌ پێویست بێت پشوودرێژ بن، ئه‌وه‌ پشوودرێژ ده‌بن، به‌م چه‌شنه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ بۆی ده‌بێته‌ مه‌له‌كه‌. یا بۆ نموونه‌ تایبه‌تمه‌ندی وه‌ك «میانه‌ڕه‌وی و مام ناوه‌ندی»، «به‌باشی گومان بردن و داوه‌ری كردن له‌ هه‌مبه‌ر دیتران»، «له‌سه‌ر ڕێبازی میانه‌ڕه‌وی بوون»، «هه‌نگاو نانی هه‌ڵسه‌نگێنراو و زانایانه» و نموونه‌ی ئه‌وانه‌، ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌كه‌ سنووره‌كانی خوای گه‌وره‌ نه‌به‌زێنین، كه ده‌رچوون له‌ سنووری خوا‌، مرۆڤ له‌ گێژاوی زۆرداری و زوڵم‌كردن داوێژیت. «تِلکَ حدُودُ اللهِ فَلَا تَعتَدُوهَا وَ مَن یَتَعَدَّ حُدُودَ اللهِ فَاولئِکَ هُمُ الظَّالِمُونَ». ئه‌و ڕۆژووه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌كه‌ به‌نده‌یه‌ك، له‌ شتانێكی حه‌ڵاڵ خۆی بپارێزیت و دووری له‌ شتانێكی ڕه‌وا و خاوێن بكات، بێ‌گومان ئه‌و ڕۆژووه‌، پارێز له‌ حه‌رامه‌كانی بۆ ئاسانتر ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌كه‌ ئه‌و ڕه‌وشته،‌ وه‌ك «مه‌له‌كه‌ی كرده‌وه‌»ی لێ بێت و هێزی واز له‌ گوناح هێنان و خۆڕاگری پته‌وتر ده‌كات و هێزی پابه‌ندبوون به‌ واجبه‌كانیش، چه‌ندین قات زۆرتر ده‌كات. هه‌روه‌ها ڕۆژوو، مرۆڤ ده‌گێنیته‌ ئاستێك كه‌ ڕاوه‌ستاو وپشوو درێژ بێت و بتوانێت به‌ پێی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی كه‌ ده‌یانناسیت ڕه‌فتار بكات و زۆرتر هه‌ست به‌ چاودێری خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر خۆی‌ بكات و مرۆڤ به‌سه‌ر هێزی ئاڵۆش و ئاره‌زوودا –كه‌ بۆ تاوان كردن، هانی ده‌دات- سه‌ری كه‌وێنیت، كه‌ له‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ریش‌دا هاتووه‌: «الصیام جنة» واته‌: «ڕۆژوو له‌مپه‌ڕه‌ (بۆ تاوان)»؛ ئه‌و له‌مپه‌ڕه‌ی كه‌ ناهێڵیت تووشی گوناح و تاوان بێت. له‌ درێژه‌ی ئایه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ »‌أیِّامًا مَعدُوداتٍ» واته‌، ڕۆژوو گرتن له‌ «چه‌ند ڕۆژێكی ژمێرراوی دیاریكراو» دایه، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ «له‌ كه‌مترین كات، زۆرترین كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرێت». تا كاتێك كه‌ مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان كۆتایی پێ هات –به‌ هۆی به‌هره‌مه‌ندی ته‌واو له‌ ڕۆژانی ئه‌و مانگه‌- هه‌ستێكی خۆش و ڕه‌زامه‌ندانه‌مان هه‌بێت. هیوادارم كه خوای دڵۆڤان له‌و مانگه‌ پیرۆزه‌دا، ڕه‌حمه‌ت و لێبوورده‌یی و ڕزگاری له‌ ئاگری دۆزه‌خ، قسمه‌ت ئێمه‌ و ته‌واوی بڕواداران بكات. آمین و الحمد لله رب العالمین والسلام علیکم و رحمة الله و برکاته