سەر لە بەیانی رۆژی ھەینی 4/9/1390 بوو کە بەرەو زید و دەفەری زانایان و مەڵبەندی شاعیران و ھونەرمەندان و ئەدیبان و مامۆستایانی بلیمەت و ھەڵکەوتو و ناوازە‍, نیشتمانی مێژویەکی دەوڵەمەند, کە بەرھەم و خەبات و چالاکیە کانی وەکو ئەستێرەیەکی پرشنگ دار, لە ئاسمانی بەرزی مەریوان دا دەدرەشێتەوە,کەوتینە رێ, تاکو بە خزمەتی مامۆستایەکی خۆشەویست, لە  بنەماڵەیەکی دێرین و ناسراو بگەین و ژیانی پڕ لە  روداو و تێکوشانەکانی بخەینە بەرچاوی خوێنەران, مامۆستاییک کە زۆرێ لە ژیانی لە گەڵ قافڵەسالارانی یەکتاپەرەستی یانێ کاک ئەحمەدی موفتی زادە و کاک ناسری سوبحانی بەسەر بردووە و بیرەوەرێیک زۆری لە م ئازیزانە پێ یە کە ئەم بیرەوەرانە لە لایەن کاک ئیبراھیم بەجوانی رازاوەی لاپەڕەکانی مێژو کراون و ئیستایش بە ئاراستە کردنی بەرھەمێکی بە نرخ بە ناوی “تیشکێ لە قورئانی پیرۆز” توانیویە خزمەتێکی گەورە بە گەلە کەی و ئیسلام بکات.ئەوا ئێوەی ئازیزی خوێنەر و بەڕێز کاک“ ئیبراھیمی مەردووخی”

 ■ برایەتی: مامۆستا وێڕای سڵاو و ھیوای سەرکەوتنتان لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا,بۆ ئەوەی خوێنەرانی گۆڤاری“ برایەتی” باشتر ئێوە بناسن کورتەییک لە ژیانی خۆتانمان بۆ باس بکەن.

 - کاک ئیبراھیم: بەناوی خوای گەورە. زۆر سوپاستان دەکەم کە لە رێگای دورەوە زەحمەتتان کێشاوەو تەشریفتان ھێناوە. ناوم“ ئیبرلھیم” و نازناوم “مەردووخی” یە و باوکم ناوی  “نجم الدین”ە. لە  رەگەزدا دەگەڕینەوە سەر مەردووخیەکانی درگاشێخانی مەریوان. باوکم کوڕی باباشێخ, کوڕی شێخ ئیبراھیمی بەرقەڵایە و باوکی و باپیری ھەردووکیان بە مەودای چل رۆژ لە دونیا دەرچوون. باوکم تەنیا کوڕی بنەماڵە بووە و لە ساڵی  1308ھ-دا ژیانی ھاوبەشی لە گەڵ خاتون ئافتاوی کچی کاکە شێخی ساوادا پێک ھێناوە و بە بۆنەی ئەوەوە کە مامی باوکی, بەرقەڵای فروشتووە و لە کەڵاتەرزانا ئاوایی “زونجی” سەندوە بەرەو “زونج” رویشتوون و بو ماوەی چل, چل و پێنج ساڵ لە زونجا ژیاوین و باوکم ھەر لەوێ کۆچی دوایی کردووە.

لە ساڵی 1327 ھ-دا لە دێی “زونج” لە دایک بووم و لە  تەمەنی پێنج, شەش ساڵیدا لەلای مامۆستا “شێخ حوسەین” , و ھەروەھا  برا گەورەکەم  کاک “خالید” قورئان و کتێبە سەرەتاییەکانم دەست پێ کردووە و لە  ساڵی 1339دا لە زونج ھاتمە کانی سانانی مەریوان و لەگەڵ کاک عوسمانی برامدا درێژەم داوە بە خوێندنم و ھەروا لە چەند دیێکی مەریواندا خوێندومە تاکوو ساڵی 1346 رویشتم بو عیراق و لە  ویش لە چەند دێھاتێک خوێندوومە و لە ساڵی 1347دا رویشتمە سولەیمانی و لە  “مەعھەدی” ئیسلامدا درێژەم دا بە خوێندن و دیپلۆمی  عەرەبیم وەرگرت و لە  بەھاری ساڵی 1355 لەبەر چەند ھۆکارێک  گەڕامەوە بو مەریوان.

کە گەڕامەوە  ئێران ھەرگیز مەلایەتیم نەکردووە و بە وێنەگرتن و ھەنگ داری و کتێب فروشتن و بڕێک ئیشی تر ژیاوم  تاکوو وردە وردە شوڕشی ئێران دەستی پێ کرد.

 ■ کاک ئیبراھیم چەند برا و خۆشکتان ھەیە؟

 - ئێمە شه‌ش برا و دوو خویشک بووین.

 ■ هھ روا کە ئیشارەتان فەرموو براکانیشتان دەستیان لە خوێندندا بووە ,ھوی ئەوە  کە ئێوە و براکانتان بەرەو خوێندن چوون چی بوو؟

 - دایکم بە رەحمەت بێت, دوای ئەوەی کە باوکم لە ساڵی 1334دا کۆچی دوایی کرد,  تەواوی ھێزی خۆی بە کار ئەبرد کە منداڵەکانی بچنە خوێندن و ئەی فەرموو: « ئێوەم لەبەر ئەوە دەوێت کە خزمەتی دین بکەن ». و ھەمومانی ناردە خوێندنی حوجرە. کاک خالیدم خوێندنی تەواو کردوە, مامۆستایێکی زۆر تواناس و شاعیرێکی بەھێز و وردبینە, کە بە داخەوە تووشی نەخۆشینی نەفسی بووە کە داوای دوعای خەیری لە ئێوە و خوێنەران و برا و خۆشکانی موسڵمان ئەکەم کە خوا سڵامەتی کات! کاک عوسمانیشم کە لە ساڵی 1378دا کۆچی دوایی کرد لە سولەیمانی مەلا بوو و پاش قاچاخ بوونی لە ساڵی 1342 بە بونەی لایەنگری حیزبی دیموکرات رویشتنە عیراق, تاکوو ئەم دواییانە کە نەخۆش کەوت و دونیای بەجێ ھێشت.

 ■ کەسێک کە ھەم لە بواری دینی و ئەخلاقی و بیر و بوچونەوە کاریگەری زۆرتری لەسەر ئێوە بووە کێ بووە؟

 - چۆن کاتێک کە باوکم کۆچی دوایی کرد من زۆر منداڵ بووم, کاک عوسمانم کە پێشتر باسم کرد, وەکو باوکم وابوو وە لە زۆرێ لە  بوارەکاندا, چە فیکری, چە دینی, چە نەتەوەیی کاریگەرییکی زۆری لەسەر من بووە, چونکە ئەو لەکاتی خویدا لەگەڵ حیزبی دیموکرات کە «ئەحمەد تەوفیق»  سکرتێری ئەو حیزبە بو پەیوەندی بو, لەوکاتەیشدا کاک ئەحمەدی موفتی زادەش بەشداری ئەو حیزبە بو.یەکێتر لەو ھۆیانەی کە من بەرەو لای دین ھاتم فیکری سووفییەت بو, چونکە بنەماڵەی ئێمە پەیوەنیمان لەگەڵ شێخە کانی بیارەدا ھەبووە و کاکەیشم پەیوەندیێکی پتەوی لەگەڵ شێخ عوسمانی دوڕو بووە و ئەمەیش کاریگەری زۆری لەسەر من کردووە.

حەز ئەکەم تۆزێک بگەڕێمە دواوە و بڵێم ژیانی مروڤ پلە پلەیە و ھەر پلەیێک بارودوخی خۆی ھەیە, کاتێک کە لە سولەیمانی بووم تا ساڵی 1971ی زایینی فیکری سووفییەتی کە ھەر لە بنەماڵە پێم گەیشتبوو و بە تایبەتی کە کاکم زۆر کاری لە سەرم کردبوو, بەوپەڕی دڵنواییەوە وام ئەزانی کە باشترین رێگا بو ئەوەی کە مروڤ خزمەتی دین بکات و لە خوا نزیک ببێتەوە, رێگای سووفییەتییە و بەراستی لە بواری ئەخلاقیدا ئەگەر مروڤ بتوانێت ئەو رێبازە بگڕیت کاریگەریێکی زۆری ھەیە. و من تا ساڵی 1971ی زایینی فیکری سووفییەتیم ھەبوو تاکوو لە «مەعھەدی» ئیسلامدا بە بوونەی پەیوەدیم لە گەڵ ھەندێ لە ھاورێ خوێندکارەکانمەوە بە تایبەت مامۆستا حەسەنی پێنجوێنییەوە فیکری «اخوان المسلمین»م  وەرگرت. مامۆستا «حەسەن پێنجوێنی» لەم بوارەدا کاریگەری زۆری بوو وە ھەر ئەویش لەگەڵ مامۆستا «صلاح الدین بھاءالدین»دا  ئاشنای کردم و لەسەر فیکری ئیخوانی بەیعەتم دا، و ئەم بەیعەت دانەم پێش ئەوە بوو کە لە ساڵی 1355ھ- بگەڕێمەوە بو ئێران. لە راستیدا ئەم فیکرەم بە لێکۆڵینەوە وەرگرت و ھەر بە لێکۆڵینەوەیشەوە وازم لە فیکری سووفییەتی ھێنا. ئەم فیکرە ئاڵ و گۆڕێکی وەھای لەدەروونما بەدی ھێنا نەم دەتوانی دانیشم و وەکۆ بێ لایەنێک بژیم. ئەوکاتە کاک «عەلی رەحمانی» و کاک «عەبدوڵڵا ئێرانی» کە ئیستە دانیشتووی سنەن و کاک «حەسەنی حسەینیش» لە ئەوێ بون و ئەوانیش فیکری ئیخوانیان وەرگرتبوو.

 ■ دەکرێ چونیەتی ئاشناییتان لە گەڵ کاک ئەحمەد بومان باس بکەن.

 - دوای ئەوەی کە گەڕاینەوە ئێران, ناوی کاک ئەحمەدم ئەبیست, بەڵام بە خزمەتی نەگەیشتم تا ھاوینی 1355 کە تەشریفی ھێنابو بۆ مەریوان و لەلای ماموستا«سیدعلی»دا باسی «بھائیان» کردبوو. ئەوکاتە لە مەریوان ئاغای «مەنسووری» کە دەرمانخانەی ھەبوو وەکو فیکرێک تەبلیغی«بھاییت»ی دەکرد. ئەوکاتانە ئێمە بۆ نوێژی ھەینی ناچووین بو مزگەوتی جامیعەو دەڕویشتین بو داسێران. روژێکی ھەینی کاک «رەحمانی حەیدەری» ھاتە شوێن من و کاک حەسەنی حسەینی و وتمان با بڕوین بو داسێران بو نوێژی ھەینی. کە نزیکی مزگەوتی جامیعە کەوتینەوە دەنگێک لە بڵندگۆکەوە ھات! کاک رەحمان وتی نازانن ئەم دەنگە کێ یە؟ ووتمان : نا.  ووتی : ئەوە ئاغای موفتی زادەیە کە تەشریفی ھێناوەو قسە دەکات، ئێمەیش زۆر تامەزرۆی بووین و رویشتین دانیشتین بو گوێ گرتن لە قسەکانی کاک ئەحمەد، بەراستی کە ھەر بەچاو پێکەوتنی وەکوو بڵێت ھیپنوتیزم کرابێتم وابوو، چونکی شتی وام لە ئیراندا مەگەر لە خەیاڵدا دیبێت، ئینسانێکی جوان و قسە رەوان، زۆر زانا کە فرە بەجوانی و گەرم و گۆڕی ئەو باسە مێژووییەی ئەگەڕانەوە (لێکوڵێنەوەی فیکری بھائیت) زۆر بە دڵمەوە چەسپا، لەو سەفەرەدا کاک ھادی مورادی  و کاک بورھانی قانیعی فەردی  لەگەڵا بو، نەواری ئەو قسانەی کاک ئەحمەد ئێستەیش لەبەر دەستایە کە زۆر بەجوانی«بھائیت»ی شی کردەوەو بازاری ئاغای مەنسووری کەساد کرد.

دوای ئەو دیتنە لە دەروونەوە ھۆگری کاک ئەحمەد بوم و بڕیارماندا بچین بو خزمەتیان و لە پاییزی 1355دا بەھۆی کاک جەمیل ئەمانیە کە لە کاتی خویدا لە مەریواندا دۆستی یەکتر بوین و ئەویش شاگردی کاک ئەحمەد بوو، دوای نوێژی خەوتنان بە دزیەوە، کوڵان بە کوڵان،روویشتینە خزمەتی و تاکوو کاتژمێری دووی نیوەشەو لە خزمەتی دا بوین و ھەندێک پرسیارمان لێ کرد. لەم دانیشتنەدا من و کاکە حەسەنی حوسەینی و کاک عەلی رەحمانی بوین. بەراستی ھەر بە خزمەت گەیشتنەکەی کاریگەری زۆری لەسەر دەروونمان دا ناو و تێگەیشتین کە پیاوێکی بەرزەو ئینسانێکی ئاسایی نیە، دوایی ئیمەیش فیکری خۆمانمان بۆ باس کرد.(فیکری بەیعەت لەگەڵ ئیخوان) وە زۆر پێشوازی لێ کردین. ئەمە بو بەھۆی یەکیەتی و پەیوەندی زۆر پتەوترمان لەگەڵ یەک و ئەمەی کە ھات و چووی یەکتر بکەین.

 ■ بەشێک لە ئاشنایانتان پیان وایە کە ئێوە لەپێشدا مەکتەبی بوون و دوایی بوون بە ئیخوانی، ئایا ئەمە دروستە؟

 - نەخێر،ھەروا کە لە پێشدا باسم کرد ئێمە فیکری ئیخوانیمان لە عیراق وەرگرتبوو و ھەر لە ئەو چاو پێکەفتنەیش دا لەگەڵ کاک ئەحمەددا باسی ئەوەمان کرد و بەراستی وا نەبووە  کە ئێمە لە پێشدا مەکتەبی بووێتین وە دوایی بووێتین بە ئیخوانی، وا نی یە، کاک ئەحمەدیش لە ھیچ جێگایێک وای نەوتووە و بەڵگەیش لەسەر ئەمە زۆرە کە ئەگەر پێویست بوو لە دوایی دا باسی دەکەم.

 ■ ئاماژەتان بە ئەوە کرد کە کاک ئەحمەد پیاوێکی گەورە و بەرز بووە، ئەگەر دەکرێت ئەو چتەی کە لەسەر ئێوە کاریگەری زۆری بووە بومان باس بفەرمون.

 - ئەو شتەی کە خۆم لە نزیکەوە ئەدی و لەسەر خۆیشم کاریگەری زۆری ھەبوو، خوێندەواری و عیلم و زانیاری کاک ئەحمەد نەبوو. زۆرتر ئەخلاق و رەوشتی جوانی کاک ئەحمەد بوو،راست وێژی، و شەجاعەت و نەترسان و ئەو خۆشەویستییەی کە لە دەروونیدا بوو سەبارەت بە ھەموو کەس، نەک بو دوستان و یارانی خۆی، بەڵکو خوشەویستی کاک ئەحمەد بۆ ھەموو کەس بوو.

کاک ئەحمەد باش لە دین و قورئان تێگەیشتبوو، و تەواوی جیھانی خۆش دەویست. لەبەر ئەوەی کە مەخلووقی خوا بوون، وە ھەرکەس لەگەڵی دانیشتبا کاریگەری لێ وەردەگرت، ھەرچەند فیکرەکەیشی قەبووڵ نەبوایە، وە ئەوەی کە بە زوان ئەیوت لە دڵیشیدا ھەر ئەوە بوو، ھەرکەسێک دەچووە خزمەتی وای ئەزانی کاک ئەحمەد تەنیا ئەوی خۆش دەوی، لەبەر ئەوەی کە ئەوەندە مەحەببەتی پێ دەکرد.

 ■ دەکرێ سەبارەت بە دامەزراندنی قوتابخانەی قورئان (مدرسە قران) کەمێک باسمان بو بکەن؟

 - وەرگرتنی فیکری ئیخوان و ھەروەھا ئاشنایەتی و تێکەڵ بوون لەگەڵ فیکری کاک ئەحمەددا، کارێکی کرد کە ئێمە ھەستی بەرپرسایەتی بکەین و بێلایەن بە نیسبەتی خەڵک دانەنیشین، پرسیارمان ئەوە بوو کە زوڵم کامەیە و زوڵم لێ کراو کێ یە؟ و ئەمان ووت ئەبێ چی بکەین؟ بەراستی کاتێک ئاوا ھەل و مەرجێکمان ئەدی نەمان دەتوانی بێ لایەن دابنیشین و ھاوکات لەگەڵ دەس پێ کردنی شۆڕشی ئێران ئێمەیش جم وجووڵمان دەسی پێ کرد و ھات وچووی لای کاک ئەحمەدمان کرد. تاکوو پاییزی 1356 کاک ئەحمەدمان دەعوەت کرد بۆ مەریوان و ئەوانیش تەشریفیان ھێنا، کە گەیشتنە ئێرە ، سەر بە بەیانییەکەی ساواک زانیبووی و بانگی کرد. قەراریش وابو کە لە داسێران ـ کە دیێکی نزیکی مەریوان بوو و مامۆستایێکی چاکی بوو – کاک ئەحمەد قسەمان بو بکات، ساواک چەند کاتژمێرێک گیریان دا و دوایی کە ھاتەوە جومعەیکی گەرم و گۆڕی بۆ کردین و شەوەکەی دانیشتین و فیکری دامەزراندنی مەدرەسەی قورئانمان ھێنایە مەیدان. دەبێ بڵێم کە لە ئەسڵدا فیکرەکە ھی کاک موحەممەدی عوسمان پوور بو کە ماوەیەک لەوە پێش پرسیاری کرد ئەمەوێ مەدرەسەیەکی قرئان دانێم ناوی ئەم مەدرەسەیە چە بێت و چی لەسەر بنووسین؟ منیش ئەم ئایەتەم پێ گووت: «ان ھذا القران یھدی للتی هی أقوم» چەند رۆژێکی پێچو پێی گەیشتم  وتی ڕۆیشتم بۆ سنە بۆ خزمەت کاک ئەحمەد پرسیارم کرد چ ئایەتێ لەسەر تابلۆکەی بنوسین ئەویش ھەر ئەو ئایەتەی پێشنیار کرد.

کەواتە دامەزراندنی ئەم مەدرەسە وەکو فیکرێک بنەڕەتەکەی لەوێوە ھات و کاتێک لەگەڵ کاک ئەحمەد ھاوفیکریمان کرد ئەویش پێشوازی لێ کرد و ھەر ئەوشەوە لە ماڵی کاک رەحمانی حەیدەری باسمان کرد کە مەدرەسەی قورئان دابمەرزێنین. و ئاوا بوو کە قوتابخانەی مەریوان بەر لە قوتابخانەی سنە دەستی بەکار کرد و کاک عەبدوڵڵای ئێرانی و کاک عەلی رەحمانیمان بەناو مامۆستای قوتابخانەکە ھەڵبژارد و خۆیشمان یارمەتیمان ئەدا وەکوو لێژنەی بەڕێوەبەر.

برایانێ وەک کاک عیززەتی حەللاق، کاک رەحمان حەیدەری، کاک بورھای قانیعی فەرد، کاک جەلال خوسرەوی، کاک موحەممەد ئەمینی و کاک موحممەد ئەمینی نیک خواە، ئەمانە پێشڕەو بون لەم کارخداو ئێمەیش لە خزمەتیاندا بوین و قوتابخانەی قورئان بە گەرمی دەسی بەکار کرد و لەسەر تابلۆکەی ئەمەمان نوسی: «ھاتن بوو ھەمووان ئازادە: ورود برای عموم آزاد است». بەرنامەو ناوەڕۆکی دەرسەکانمان زۆرتر لە کاک ئەحمەد وەرئەگرت و لەسەر فیکری ئەو بوین.

 ■ ئایا دوایی ئەم مەدرەسەی قورئانە ئاڵ و گۆڕی بەسەردا ھات یا نە؟

 - ئەوەی کە راستە ئەمەیە کە پاش کاک ئەحمەد ئاڵ و گۆڕ بەسەر قوتابخانەی قورئاندا ھات و ئێمەی لەسەر فیکری ئیخوان، باوڕمان لەسەر ئەوەیە کە نابێ بڵێین ھەر فیکری ئێمە دروستەو بەس. لە راستیدا ئێمە بڕوامان بە فرەحیزبی و فرەفیکری ھەیە، بەو مەرجە کە فیکرەکان رێک و ڕاس بن و دژی یەکتر نەوەستن. ھەروەھا کە مەزاھییبی فیقھی ھەیە با مەزاھییبی فیکریش ھەبن، ھەر لەسەر ئەو بنەما ئەوکاتە کە ئێمە لە زینداندا بوین، برایانی ئیخوان لە دەرەوە لە کاری مەکتەب جیا بوونەوە و جیا لە بەرنامەی مەکتەب کاریان دەکرد، ھەرچەند ھەندێ لە برایانی ئیخوان وەکوو کاک ناسر و کاک عەلی و...یارمەتی برایانی مەکتەبیان دەدا و لە ھیچ کۆمەکێ درێغیان نەئەکرد. پاش ھاتنە دەرەوەش لە زیندانیش لە خزمەت کاک ناسردا لەلایەن شۆرای مەکتەبەوە کراین بە ئەندامی شۆرای مەکتەب و لە دانیشتنەکاندا تا دوو سێ مانگ بەشداریمان دەکرد تا شۆرای مەکتەب بڕیاری دا ئێمە لە شۆرادا نەبین و ئێمەش لە شۆرای مەکتەب کشاینەوە.

 ■ وامان بیستووە کە گوایە جەنابتان خەریکی نووسینی ژیان نامەیێکن، ئەگەر دەکرێت زۆرتر باسی ئەم بەرھەمەمان بوو بکەن و ئایا کتێبی چاپ کراو یا ئامادەی چاپتان ھەیە؟

 - یەکەم شتێ کە لە ساڵی 1377دا وەکو فیکرەییک لە مێشکمدا بوو، وەرگێڕانی قورئان بوو، ھەرچەند پێش لە من ئەم کاری وەرگێڕانی قورئانە بە کوردی ئەنجام درابوو، بەڵام لەبەر تەنگ و چەڵەمەی ژیان دوا ئەکەوت تاکوو بە یارمەتی خودای مەزن لەساڵی 1389دا تەواو بوو وە لەم ھاوینەدا لەلایەن ناوەندی «ئارا»وە کە ناوەندێکی چاپەمەنی یە لە بەیروت، بەناوی «تیشکێ لە قورئانی پیرۆز » چاپ کراو کەوتە بازارەوە.

چەند کتێبی دی ھەیە بە دەستمەوە کە یەکێک لەوانە مێژووی مەریوانە، کە ئەویش کاری زۆرم لەسەر کردووە، وەکوو130 وتووێژ کردن لەگەڵ ئەوانەی کە ئاشنایەتیان بەو مەبەستەوە ھەبوو، بەداخەوە مەریوان زۆر کەمی لەسەر نووسراوە، بەڵام ھەر کتێبێک، عەرەبی، فارسی یا کوردیم دەست کەوتبێت سەندوومە و دەسچینم کردووە و نزیکەی ھەشتا لە سەدی کارەکانیم ئەنجام داوە. کتێبێکی تر کە بە دەستمەوەیە کتێبێکە سەبارەت بە مێژووی بنەماڵەی مەردووخیەکانی عیراق و ئێران.ھەروەھا چیرۆکی دوانزە سواری مەریوان کە یەکەم جار پیرەمێرد نووسیویەتی لێکۆلینەوەیکم لەسەری ئەنجام داوە کە ئامادەی چاپە.

شیعری «ھورموزگان» کە گوایە شیعرێکە کە لە سەردەمی ھاتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچەی دژی سوپای ئیسلام وتراوە توێژینەوەیەکم لەسەر کردوە ئەویش نزیکەو  ئامادەبونە.          لەم دواییانەیشدا پێداچوونەوەیێکم لەسەر دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی ئەنجام داوە کە کاک ئەحمەدی نەزیری کۆی کردوەتەوە، و چاپی یەکەمی کراوە بەم زووانە چاپی دووھەمی چاپ دەکرێت.

 ■ بیرو بۆچونتان سەبارەت بە نەتەوایەتی (ملیت) لە روانگەی ئیسلامەوە چۆنە؟

 - لە راستیدا خوای گەورە دینی ناردووە بۆ دروست کردن و رێک خستنی دوو پەیوەندی، یەکەم دروست کردنی پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ و خودای گەورەدا و دووھەم رێک خستنی پەیوەندی لە نێوان خەڵکی خوادا.  

پەیوەندی لەگەڵ خوادا بریتیە لە بەگوێ کردن و جێ بەجێ کردنی فەرمانەکانی پەروەردگار بەو شێوە رێک و پێکە کە دای سپاردووە. پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی خوادا بریتیە لە چاک و پاک بوون لەگەڵ بەندەکانی خوادا لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا.

جا بۆ ھێنانەدی ئەم بەشەیان خوای گەورە مرۆڤی دابەشکردووە بە گەل و نەتەوەو تیرەو ھۆز، ھەرکەس پێویستی سەرشانیەتی سەبارەت بە گەل و ھۆزەکەی چاک بێ و ھەوڵ بداو خەبات بکا بۆ سەربەرزی و سەربەخۆیی و خۆشبەختی گەل و ھۆزەکەی و، ھەرکەس لە ئاستی خۆی تێبکۆشی بۆ بەدەست ھێنانی حەق و مافی نەتەوەکەی و لە ھەمو زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەیەک بیان پارێزێ و لەپێناو بەختەوەری و سەربەخۆیی نیشتمانەکەیدا چالاکی بنوێنێ.

بە بۆچونی من ھەرکەس دیفاع و بەرگری لە گەل و ھۆز و نەتەوەکەی نەکا لای خودا بەرپرسەو لە دین تێنەگەیشتووە.

 ■ جێگای ژن لە کۆمەڵگای کوردەواری و جێگای واقیعی ژن لە ئیسلامدا چوون دەبینن؟

 - باسی ژن وەکوو بەشەکانی تری دین شێوێنراوە، بەداخەوە دوای بەرگەیێک لە ھاتنی ئیسلام شتەکان شێواوون، ئەمەیش خەتای موسڵمانان و دۆژمنانی ئیسلامە، ئێمە نابێ ھەموو خەتاکان بخەینە سەر تەرەفی موقابڵمان، ئەبێ بە لێکۆڵینەوەو بەڵگە بچینە بەرەوەو بەشە تەخسیری ھەرکەسێک دیاری بکەین، بەداخەوە زۆر شت ھەیە کە بە دین دانراوە، بەڵام لە واقیعدا دژ بە دینە، ژن لە بڕێک لە گەلانا بە مەوجوودێکی غەیری ئینسانی دانراوە، بە دیل کراوەو ئەمانە ھاتووە و گەیشتووە بە ئیمە. ئیسلام لە سەرەتای ھاتنیدا لەگەڵ ھەمووی ئەمانە بە باشی شەڕی کردووە، بەڵام دووبارە ھێڕشێکی گەورە کراوە سەر ئیسلام و لە بەرامبەر ئەم ھێڕشە گەورە موسڵمانان نەیانتوانیوە بەباشی کار بکەن و لە زۆر جیھەتەوە ھەمدیسان بەرەو جاھلیت و نەزانین چووینەوە، بەجۆرێک کە خوێندنی ژن حەرام بووە، ھاتنە ناو پیاوی حەرام بووە لە کۆمەڵگادا، لە ژن دان و دەرکردنی باو بووە، وەک کەل و پەلی ناوماڵ سەیری ژنیان دەکرد، ھەرچەند ھەر لە ئەم  باروودووخەدا  ژنانی باش ھەڵکەوتوون لە بوارەکانی جوراوجوردا، بەڵام داخەکەم زۆر کەمن.

زوڵم تەنھا ئەوە نیە کە ژن بخەیتە پەراوێز، بەڵکو بڕێک فەرھەنگیش کە خستوویەتە بازار، ئەویش زوڵمی لێ ئەکات؛ چوون وەکوو کالایێک سەیری دەکەن و لەبواری عیلمانیەت و فیکرە تازەکانەوە جۆرێک تر زوڵمی لێ کراوە، بو فروشتنی کالا، یا بوو تێر کردنی ھەوەسی خۆیان. لەبەر ئەمە ئەبێت ھەوڵ بدەین تا بگەڕینەوە بوو لایەنە راستەقینەکانی دین تاکوو بتوانین بەباشی بناغەی ئەو زوڵمانە لە بنج و بێخ دەربێنین.

 ■ ئایا لە بواری ئەدەبیاتی کوردی دا کارێکی سەربەخۆتان کردوە؟

 - ھەندێک شیعرم ھەیە، بەڵام حەزم زۆرتر لە پەخشانە، وەرگێڕانم ھەیە، دو  سێ بابەتم لە خەلیل جوبران خەلیل کە بەراستی قەوین، وەرگێڕاوە.

 ■ لە بوارێکدا ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان کاری باشی دەکرد و جەنابتان رۆڵێکی باشتان ھەبوو لە ئەو ئەنجومەنەدا، ئەکرێت کەمێک زۆرتر باسی ئەو ئەنجومەنە بکەن؟

 - ھەر لە ئەوەڵی دامەزراندنیەوە کە ساڵی 1373 بوو، منیش وەکوو ئەندامێکی دامەرزێنەر (مؤسس) لەگەڵ برایاندا بووم و خولێکیش بەرپرسی ئەنجومەن بووم و ئێستاش ھەر ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەری ئەو ئەنجومەنەم و تا توانیومانە کۆڕ و دانیشتنمان لەبارەی شاعیراندا ھەربووە وەکو ناڵی، قانیع، بێسارانی و... .کۆڕێکمان بەدەستەوەیە بوو رێزنان لە مامۆستا «ئەبوبەکری موسەننفی چۆری» کە بڕیار دراوە لە 25گەلاوێژی 1391دا بەرێوە بچێت.

■ بوو ئەو کەسانەی کە ھەنگاویان لەرێگای بانگخوازی ئیسلامی داناوە چ نەسیحەتێکتان ھەیە؟

 - خۆم بە شیاوی ئەوە نازانم کە نەسیحەتی کەس بکەم، باش تێگەیین لە دین ھەموو بابەتەکان حەل دەکات، ھەکێک تر ئەوەیە ھەر کارێک کە دەیکەین لەبەر رەزایەتی خوا بێت و لە ئەو رێگای کە خوا نیشانی داوین بڕوین. نوێژ و رۆژو و ھەموو ئەوامری پەروەردگار بوو چاک کردنی نەفسی خۆمانە و بوو ئەوەیە کە لەنێوان یەکا چاک بین و ھەروەکو پێغەمبر – درود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – دەفەرمووێت: «الدین المعاملە» واتە دین یانێ پەیوەندی گرتن بە چاکە لەگەڵ یەکتردا لەنێو جامیعەی ئینسانیدا. وە ھەرکاممان بەھەر فیکر و بووچونێک کە ھەمانە دەبێت بە دڵسوزی و ئیخلاسەوە کار بکەین و ئینسان نیازی بە ھاوکاری ھەیە، ئێمەی مرۆڤیش لە کاروباری ژیاندا فرەتر لە ھەشتاوپێنج لە  سەدی نیازەکەماندا  ھاوبەشین و باقیەکەی دەتوانین دابنین بوو وتووێژ، وە ھەوڵ بدەین کە ھاوبەشیەکانمان زیاتر بێت.

 ■ پێشنیارتان بوو کاربەدەستانی گۆڤاری  «برایەتی » چی یە؟

 - وەکوو برا بەیەکەوە  بژین، خێشەویستی ف بەینماندا زۆرتر بکەین و خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک و کۆمەڵگاکەمان بزانین.

لە کۆتاییدا زۆر سوپاستان دەکەم بۆ  ئەم ھەلەی کە بۆ منتان رەخساند، سەربەرز و بەختەوەر بن.