خودا و پێغه‌مبه‌ر و ئایین و ...هتد، بابه‌تی زانستی نین، مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیمانین و پێشگریمانه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ونه پێش تاوتوێكردنییانه‌وه. هه‌رچی من به به‌ڵگه‌ی ده‌زانم بۆ بوونی خودا و ڕاستیی په‌یامی پێغه‌مبه‌ر و حه‌قیقه‌تی ئایین، ڕێك لای خه‌ڵكێكی تر پێچه‌وانه‌یه. ئه‌وه‌ی گرێی خستووه‌ته دۆخه‌كه‌وه تێگه‌ییشتنه له پێناسه‌ی [ئیمان، یان ایمان]. كورد به‌رانبه‌ر وشه‌ی [ایمان] وشه‌ی [بڕوا] به‌كار دێنێ! له ڕاستیدا وا نییه، بڕوا به مانای [اعتقاد]ه.
جیاوازی نێوان [اعتقاد] و [ایمان] ئه‌وه‌یه: یه‌كه‌میان سه‌رپێییه و هه‌وڵ و كۆششی مرۆڤی تێدا نییه، ته‌نها پێی وایه و ئه‌گه‌ر وایش نه‌بێ گرفتێكی نییه. بڕوای وایه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌یه، كه‌چی یه‌كشه‌ممه‌یه، پێی وایه و كه ده‌ركه‌وت وا نییه تووشی شۆك نایه‌ت، نیگه‌ران نابێت. به‌ڵام ئیمان مه‌سه‌له‌یه‌كی وجوودییه و مرۆڤ ته‌به‌ننای ده‌كا و بوونی له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێ، یانی ناكرێ به‌رانبه‌ر به بوون و نه‌بوونی خوا بێلایه‌ن بیت. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی به‌ئاگا بیت، دوای شه‌ڕێكی دژوار له‌گه‌ڵ گوماندا بڕیارێكی تایبه‌ت به خۆت له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌ده‌یت و كار بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كه‌یش ده‌كه‌ی.
ئینسافی ئینسانیه‌ت سه‌لیم بێ، هه‌روا خۆی هه‌ڵ ناداته ناو بابه‌تێكی وه‌ها ئاڵۆزه‌وه، زوبانحاڵی هه‌موومان ده‌ڵێ: ئێمه نیگه‌رانی یه‌كلابوونه‌وه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له وجودییانه و له فه‌زایه‌كی گشتیدا تێگه‌ییشتنی خۆمان ناسه‌پێنینه سه‌ر یه‌كتریدا. پرسیار ده‌كه‌ین، گومان ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی به حه‌قیقه‌ت ناسێنراون، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیارێك له‌م باره‌یه‌وه بده‌ین که سه‌رپێیی نه‌بێ و ئارامی به خۆمان و چوارده‌ورمان ببه‌خشین.
مێژوویه‌ك و هه‌روه‌ها شكۆیه‌كی كه‌ڵه‌كه بوو كه ده‌درێنه پاڵ ئیسلام، هه‌ر وه‌ك ئه‌و خوێندنه‌وه ناواقیعیانه‌یه كه ئێسته بۆ ئه‌ورووپا و رۆژاوا ده‌كرێن، ده‌توانم گومان و پرسیار بخه‌مه سه‌ر زۆر باس كه لای خه‌ڵك شتێكی به‌دیهین. من ده‌مه‌وێ هه‌رچی ته‌كنه‌لۆژیا و زانست هه‌یه بكه‌ونه كار بۆ ئه‌وه‌ی بۆ منێكی ساده قسه‌یه‌كی ساده بكه‌ن و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌م بۆ بخه‌نه فۆرمێكه‌وه لێی تێبگه‌م و دڵم ئاو بخواته‌وه. من ده‌مه‌وێ میكانیزمی داڕشتن و وه‌رگرتن و تێگه‌ییشتن ئازاد بێ و نه من نه تۆ و نه هیچ كه‌سێكی تر ناچار نه‌بێ بكه‌وێته سه‌نگه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانێك که سه‌نگه‌ری له دراوسێ و هاوشارییانی خۆی گرتووه.
نە بوونی شارستانییه‌تیی ئه‌ورووپای كافر به‌ڵگه‌یه بۆ لاوازیی بیری ئیسلامی و نه شكۆ و مێژووی ئیسلامیش به‌ڵگه‌یه بۆ لاوازیی گومانی مرۆڤی مۆدێرن. خه‌مێكی وجوودیمان هه‌یه و ته‌واوی بوونمان به زانست و خوێنه‌واری و شارستانییه‌ته‌وه قه‌له‌قی یه‌كلابوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ پرسێكی ساده‌دا له كوێوه هاتووین و، بۆ كوێ ده‌چین؟
بۆچوونه‌کان