«نۆشیروان مستەفا ئەمین»، سیاسەتوانی کورد و ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانی کوردستانی عێراق، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە ساڵی 1944 لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا) لە شاری سلێمانی و لە بنەماڵەیەکی ناسراو و رۆشنبیری ئەو شارە، لە دایکبووە.
لە شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کارو چالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە.
قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی 1967 کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لە ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان چالاکانە کاری کردووە. لە ساڵانی 1963 و 1964 بۆتە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان. هەر لەو ماوەیەدا بۆتە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی 1967 بۆتە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
نێوبراو ساڵانێکی زۆر سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران بووە و کەسی دووەمی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بووە.
چەندین کتێبی هەیە لەوانە (کورد و عەجەم، حکومەتی کوردستان، لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوەزەنگ، کورد لە گەمەی سۆڤێتیدا، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، ژیانی بە تەمەنترین رۆژنامەی کوردی لە 1926-1983).
مستەفا ئەمین ساڵی 2003 لە حکومەتی نوێی عێراقدا بەشداری بوو، و پاشان لە ساڵی 2006 بە دانانی بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایی خۆی سەبارەت بە گەندەڵی دەربڕی.
رۆژی 19-05-2017 لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
پێگەی ئیسلاح وێب، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم سیاستەوانە بە بنەماڵەی و نەتەوەی کورد پێشکەش دەکا و لە خودای میری مەزنیش بۆ ئەو کۆچ کردووە، لێخۆشبوون داوا دەکات.
بۆچوونهکان