به‌شداربوویه‌کی کۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی (PYD) و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که له کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ندێک ڕه‌وش له‌سه‌ر کوردستانی سووریا بۆ مه‌سعوود بارزانی ڕوون کراوه‌ته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به گێڕانه‌وه له په‌یه‌ده ڕۆژئاوا، غه‌ریب حه‌سۆ ڕایگه‌یاند که کۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی و سه‌رۆکی هه‌رێم به شێوه‌ی برایانه و گه‌رم و گوڕ و ئه‌نجامی دیداره‌که ئیجابی بووه.
ئه‌ندامی لێژنه‌ی کۆما جڤاکێ ڕۆژئاوای کوردستان به ئاماژه به‌وه‌ش که مه‌سعوود بارزانی له‌و دیداره‌دا پاڵپشتی خۆی بۆ "شۆڕشی ڕۆژئاوا" ده‌ربڕیوه، وتی: به‌داخه‌وه هه‌ندێ ڕه‌وش له‌سه‌ر کوردستانی سووریا بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم ڕوون نییه، له‌و دیداره‌دا بۆی ڕوونکراوه‌ته‌وه.
ڕاشیگه‌یاند که له کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ندێ پێشنیاریش تایبه‌ت به ژێنێڤ-2 و ده‌سته‌ی باڵای کورد هاتۆته ئاراوه.
غه‌ریب حه‌سۆ ڕاشیگه‌یاند که پاش کاژێرێک له کۆبوونه‌وه‌که‌یان له‌گه‌ڵ بارزانی، چه‌ند نوێنه‌رێکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردی سووریا به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که بوونه.
ئاشکراشی کرد که بڕیاره سبه‌ینێ سێشه‌ممه کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له نێوان پارتی یه‌کێتی دیموکراتی و ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردی سووریا به‌ڕێوه بچێت، به مه‌به‌ستی یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی نێوانیان.
شیاوی ئاماژه‌یه؛ کۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌سعوود بارزانی له‌گه‌ڵ شاندی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی، دوای سه‌رکه‌وتنی نێوانگیرییهکانی عوسمان بایده‌میر و له‌یلا زانا دێت بۆ چالاک کردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی باڵای کوردی سووریا و یه‌کخستنه‌وه‌ی گوتاری لایه‌نه کوردییه‌کانی سووریا بۆ به‌شداری له کۆنفڕانسی ژێنێڤ-2.
بۆچوونه‌کان