کۆڕی بەرگری لە نامەی ماستەر (=پایاننامەی فەوقی لیسانس)ـی ڕێزدار محەممەد عوسمان محەممەد، قوتابی قۆناغی ماستەر لە ڕشتەی زمان و ئەدەبی کوردیی کۆلێجی ئەدەبیات، بەشی کوردیی زانستگای هەولێر، کە مژاری نامەی ماستەری ئەو ڕێزدارە لە ژێر سەردێڕی: "شێعرییەت لە هۆنراوەکانی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان دا"، به‌ڕێوه‌ چوو.

لەو ڕۆژانەدا لە زانستگای هەولێر و بەبەشداری لێژنەی مامۆستایانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی ئەو زانستگایە و هەروەها تاقمێکی زۆر لە قوتابیان و بەردەنگان، بە سەرکەتنەوە بەرگری لێ کراوە.

دیارە شێعر بابەتێکى گرنگى دونیاى ئەدەبە، بەتایبەتى ئەدەبى کوردى کە ساڵانێکى زۆرە نەتەوەى کورد ڕووى کردووەتە بابەتى شێعرنووسین و بڵاوکردنەوەى لە کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا. شێعرییەتیش هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆى بەرهەمهێنان و جوانکردن و ڕازاندنەوەى شێعر. وشەى شێعرییەت(= بوطیقا= Poetics) لە کۆندا لە لایەن ئەرستووە بەکار هاتووە، پاشان نووسەرانى ترى وەکوو (جان کۆهین و تۆدۆرۆف و یاکۆبسن)یش بەکاریان هێناوە. مامۆستا مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیان یەکێکە لەو زانا و ناودارانەى کە ڕۆڵێکى گرنگى هەبووە لە بوارى ئایینى و زانایه‌کی ناودار و بەناوبانگ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا شاعیرێکى لێهاتوو و بەهرەمەند بووە و دەستێکی‌ باڵاى هەبووە لە نووسینى شێعر و کارى ئەدەبى. شێعرەکانى ڕەنگدانەوەى ئەو واقیعە بوونە کە خۆى ساڵانێکى دوور و درێژ لە ناویدا ژیاوە. شێعرى ئایینى و کۆمەڵایەتى و دڵدارى بە شێوەیەکى بەرچاو لەناو دیوانەکانیدا دەبینرێت. 

کاتێک شێعرەکانى مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیانم بەدەست گەیشت و خوێندمەوە، هەستم بەوە کرد پێویستە ئەم شاعیرە پشتگوێ نەخرێ و ئاوڕێکى جددى لێ بدرێتەوە بۆ ئەوەى شێعرەکانى بە زیندوویى بمێنێتەوە و بە خوێنەرانى کوردى باشوورى ئاشنا بکەم. بۆیە بڕیارم دا توێژینەوەى نامەى ماستەرەکەم تەرخان بکەم بە شێعرەکانى ئەم شاعیرە و ناونیشانى نامەکەم ناونا (شێعرییەت لە هۆنراوەکانى مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیاندا)، چونکە ئەو شێعرانە پڕیەتى لە هونەرەکانى ڕەوانبێژى و لادان و هەڵبژاردن و مۆسیقایەکى بەهێزى هەیە لە ڕووى کێش و سەرواوە، هەروەها سۆز و بیر و خەیاڵ بە شێوەیەکى سەرەکى تێایدا دەبینرێت، بۆیە شێعرییەتى هۆنراوەکانى مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیانیان بەهێز کردووە. 

ئەم توێژینەوەیە وەکو بەشێک لە بەدەستهێنانى پلەى ماستەر لە ڕۆژى ٥/١٠/٢٠٢٠ سیمینارى لە بارەیەوە کراو لە لایەن لێژنەى زانستى بەشى کوردى کۆلێژى زمانى زانکۆى سەڵاحەددین پەسەند کرا، بۆماوەى شەش مانگ کارم تیادا کرد و شەونخونیم تێدا کرد تا بە ئەنجامەکەى گەیشتم و پێشکەشى سەرۆکایەتى بەشى زمانى کوردیم کرد. پاشان لێژنەى گفتۆگۆى لەسەر پێکهات و لە ٢٧/٥/٢٠٢١ گفتوگۆى نامەى ماستەرەکەم ئەنجام دراو لە لایەن لێژنەى گفتوگۆوە کە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆر دکتۆر (پەخشان سابیر حەمەد) سەرۆکى لێژنە و دکتۆر (مەولوود ئیبڕاهیم حەسەن) ئەندام و دکتۆر (موحسین ئەحمەد عومەر) ئەندام و دکتۆر (ئیدریس عەبدوڵڵا مستەفا) ئەندام و سەرپەرشتیار پاش گفتوگۆیەکى گەرم و گوڕ و ئەکادیمییانە بە شێوەیەکى زانستى بە پلەى (زۆرباشەوه‌) پەسەند کرا.  شایەنى باسە لەم گفتوگۆیەدا کۆمەڵێک مامۆستا و قوتابى ماستەر ئامادەبوون و لە کۆتاییدا دەستخۆشیان لە ستافى لێژنەى گفتوگۆ کرد بۆ بەڕێوەچوونى ئەم گفتوگۆ ئەکادیمییە. 

ناوەڕۆکى نامەى ماستەرەکە جگە لە پوختەیەک و پێشەکى و دەروازەیەک بۆ ژیان و بەرهەمى مامۆستا مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیان،  پێکهاتووە لە دوو بەشى سەرەکى. بەشى یەکەم بە ناونیشانى (لە بارەى شێعرییەتەوە) تایبەتە بە لایەنى تیۆرى، لە پێنج تەوەر پێک دێت: تەوەرى یەکەم بەناونیشانى (مەبەست لە شێعرییەت) تیایدا زاراوەى شێعرییەت و چەمک و پێناسەى شێعرییەت و گرنگى شێعرییەت باس کراوە. لە تەوەرى دووەمیشدا باسى هۆکارە بنیاتنەرەکانى شی ێعرییەت کراوە, وەکو: (بیر و سۆز و خەیاڵ و فۆڕم). تەوەرى سێیەمیش بەناونیشانى هۆکارە جوانکارییەکانى شێعرییەتە. تیایدا شێعرییەتى (کێش و سەروا و وێنە و ڕەوانبێژى) لەخۆ دەگرێت. لە تەوەرى چوارەمدا هۆکارە تەکنیکییەکانى شێعرییەت خراوەتە ڕوو، وەکو: (لادان و هەڵبژاردن). تەوەرى پێنجەمیش باسى هۆکارەکانى سەرووى تەکنیکى شێعرییەت کراوە کە (بارى دەروونى و بارى سیاسى و قۆناغ و دید و فەلسەفە) دەگرێتەوە.    

بەشى دووەمى ئەم توێژینەوەیە بە ناونیشانى (شێعرییەت لە هۆنراوەکانى مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیان)ە لە چوار تەوەرى سەرەکى پێکهاتووە.

لە تەوەرى یەکەمدا هۆکارە بنیاتنەرەکانى شێعرییەت لە هۆنراوەکانى مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیان خراوەتە ڕوو، وەکو: (بیر و سۆز و خەیاڵ و فۆڕم). 

تەوەرى دووەمیش بە ناونیشانى هۆکارە جوانکارییەکانى شێعرییەت لە هۆنراوەکانى مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیانە. باسى کێش و جۆرەکانى کێشى شێعر وەکوو (کێشى عەرووز و کێشى خۆماڵى و کێشى ئازاد) کراوە. هەروەها سەروا و جۆرەکانى سەروا وەکوو (سەرواى ستوونى و سەرواى مەسنەوى) خراوەتە ڕوو و دەنگەکانى سەرواى کوردى کە لە هۆنراوەکاندا هەیە باس کراوە. خاڵێکى ترى ئەم تەوەرەیە بریتییە لە وێنەى شێعرى و ئەرک و بەهاى وێنەى شێعرى لەگەڵ جۆرەکانى وێنە، هەروەها لایەنە ڕەوانبێژییەکان وەکوو: (واتاناسى و ڕوونبێژى و جوانکارى) بابەتى سەرەکى ئەم تەوەرەیەیە.     

تەوەرى سێیەمیش بەناونیشانى هۆکارە تەکنیکییەکانى شێعرییەتە کە هەردوو بابەتى (لادان و هەڵبژاردن) لەخۆ دەگرێت. تیایدا جۆەرکانى لادان لە شێعرەکاندا باس کراوە و شی کراونەتەوە، لەگەل جۆرەکانى هەڵبژاردن.

لەتەوەرى چوارەمیشدا ئەو بار و دید و هەڵومەرجانەى شێعرەکانى مامۆستا مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیانیان تیادا بەرهەم هاتووە، وەکو (بارى دەروونى و بارى سیاسى و قۆناغ و دید و فەلسەفە) خراونەتە ڕوو و شیکردنەوە بۆ هەموو شێعرەکان کراوە لەم بەشەدا.     

لە کۆتایى توێژینەوەکەدا گرنگترین ئەنجامەکان و لیستى سەرچاوەکانى ئەم توێژینەوەیە و پوختەى توێژینەوەکە بە زمانى ئینگلیزى پیشان دراوە.  ئامانجى توێژینەوەکە ناساندنى گرنگترین هۆکارەکانى بەرهەمهێنانى شێعرییەتە و تیشک خستنە سەر ئەو هۆکارانەیە کە ڕۆڵى سەرەکییان هەیە لە دروستبوونى شێعرییەت و بەرزکردنەوەى ئاستى ئەدەبى کوردى، بەتایبەتى بەهۆى ئەو لایەنانەى لە شێعرەکانى مامۆستا مەلا عەبدوڵڵاى ئەحمەدیاندا بەدیار دەکەوێت کە بوونەتە هۆى جوانى و ڕازاوەیى دەقەکان.