کوردپرێس- لانیکه‌م شانبه‌شانی پڕۆژه‌ی ناسیۆنالیزم و دروستکردنی ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه، چه‌مکی زمان دیارترین و زه‌قترین دیارده‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ده‌ی نۆزده و بیستی زایینی بووه. به واتایه‌کی دیکه ناسیونالیزم له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌یه‌کی سیاسی بووه له سه‌ر بونیاتنانی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی که زمانی نه‌ته‌وه بکات به زمانی سه‌ره‌کی خۆی و کۆمه‌ڵگای خۆی به پێی ئه‌و زمانه رێکبخاته‌وه.
پرۆژه‌ی ناسیۆنالیزم له ناوچه‌ی فره زمان و فره‌نه‌ته‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا پرۆژه‌یه‌ک بووه له سه‌ر بونیاتنانی ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه له سه‌ر ئه‌ساسی زمان، بۆیه زمان وه‌ک دیارده‌یه‌کی مرۆیی له پرۆژه‌ی ناسیۆنالیزمی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا ڕه‌نگ و ڕۆخساری سیاسی له‌خۆ گرتووه‌و لایه‌نی سیاسی زمان به‌سه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌دا زاڵ بووه. به گشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا زمان پێش هه‌موو شتێک دیاره‌یه‌کی سیاسییه.
بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست سه‌پاندنی زمانی سه‌رده‌ست شانبه‌شانی سه‌پاندنی دام و ده‌زگا نوێیه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی پرسێکی سه‌ره‌کی بووه. به واتایه‌کی دیکه هاوته‌ریبی دروستکردنی دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی، ده‌وڵه‌تی نوێ له رێگای زمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له هه‌موو روویه‌که‌وه خۆی رێکخستوته‌وه. سه‌رچاوه‌کانی خۆی هه‌ر وه‌کوو مێژوو و جوگرافی و کۆمه‌ڵگا و زمانی خۆی به لۆجیکی ئه‌و زمانه ساغکردوته‌وه. لۆجیکی زمانی ده‌وڵه‌تی نوێ پێش هه‌موو شتێک شه‌ڕئه‌نگیزانه بووه. مه‌به‌ستم له لۆجیکی شه‌ڕئه‌نگیزانه ئه‌وه‌یه که هه‌ر رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌ک به‌رانبه‌ر ئه‌و لۆجیکه یان هه‌ر چه‌شنه ڕه‌تکردنه‌وه‌ی زمانی سه‌رده‌ست له لایه‌نی زمانی که‌میینه‌کانه‌وه به توندوتێژی وڵام دراوه‌ته‌وه.
نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ویستوویه‌تی له رێگای دام و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه‌ی نوێوه زمانی خۆی به سه‌ر که‌مینه‌کانیشدا بسه پێنێت.
پێوه‌ند به زمانی کوردییش، به هۆی دابه‌شبوونی کوردستان له سیسته‌مێکی جوگرافیای سیاسی تایبه‌تدا، فاکته‌ریکی دیکه سه‌ر هه‌ڵدێنێت که ده‌توانین ناوی بنێین فاکته‌ری جێئۆپۆله‌تیکی زمانی کوردی. به‌شه‌کانی کوردستان به هۆی هه‌ڵکه‌وتی جێئۆپۆله‌تیکی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه. گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی سیاسی کوردستان به درێژایی سه‌ده‌ی بیست بده‌ینه‌وه پرسی زمانی کوردی سه‌ره‌کیترین داواکاری سیاسی کورد بووه له‌و ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه ناکوردییه‌ی که تێهه‌ڵکێشی کراوه.
له به‌شی عێراقدا، پرسی زمانی کوردی له سیاسه‌تی گشتی کورد دانه‌بڕاوه. داخوازی کورد هه‌م له سه‌رده‌می پاشایه‌تی عێراقدا و هه‌م له ڕژیمی چه‌پڕه‌وی عه‌بدۆلکه‌ریم قاسمدا و هه‌م له ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا پێش هه‌موو شتێک پشتی به زمانی کوردی به‌ستووه. رێکه‌وتنه‌کان و رێکنه‌که‌وتنه‌کانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق نیشانده‌دات که زمانی کوردی پرسی سه‌ره‌کییه. دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی به‌عسیش زمانی کوردی له نێوان ململانێی هه‌ولێر/به‌غداددا شانبه‌شانی پرسه‌کانی دیکه گۆڕانی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
له به‌شی تورکیاشدا پرۆژه‌ی سیاسی داخوازییه‌کانی کورد، پرسی زمانی کوردی خستوته پێش هه‌موو داخوازییه‌که‌وه. ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیاش به هه‌موو توانایه‌که‌وه شه‌ڕئه‌نگیزانه ئه‌و داخوازییه‌ی ره‌تکردۆته‌وه. لۆجیکی ناسیۆنالیزمی ده‌وڵه‌تی تورک به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ملکه‌جی فره ده‌نگی و فره‌زمانی و فره‌گه‌لی له جوگرافیای سیاسی تورکیادا نه‌بووه. گوتاری سیاسی تورکیای نوێ گوتاریکی یه‌کڕه‌نگ و یه‌کده‌نگه. ده‌ڵه‌تی تورک پێوه‌ند به دانیشتوانه‌که‌ی که فره کولتووره و لانیکه‌م بیست له سه‌دی دانیشتوانی کوردن، له رێگای نواندنی ته‌نها یه‌ک نه ته‌وه، واتای نه‌ته‌وه‌ی تورکه‌وه ویستویه‌تی شۆناسێکی یه‌کده‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌زایه‌کی یه‌کده‌ستی جوگرافی بخۆلقێنێت که ئه‌ویش شۆناسی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و جوگرافی تورکه. ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی تورک داخوازی زمانی کوردی تێهه‌ڵکێشی ئاسایش و ئه‌منییه‌تی خۆیکردووه و ئه‌و داخوازییه به پرسێکی جودایی خوازانه‌و تیروریستی ده‌زانێت.
له به‌شی سوریاشدا پرسی زمانی کوردی لای ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د پشتگوێخراوه‌و ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د و رژێمی به‌عسی سوریا هه‌ر جۆره داواکارییه‌ک له‌و چه‌شنه‌ی ره‌تکردۆته‌وه. ته‌نانه‌ت رژێمی به‌عس نکۆڵی له بوونی کوردی کردووه‌و ویستویه‌تی به پشتبه‌ستن به لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه بیسه‌لمێنێت کورد له سوریا بوونی نییه و ته‌نانه‌ت کورد نه‌ته‌وه نییه و کوردان پێکهاتوون له کۆمه‌ڵێک بێ مێژوو و بێ زمان، نگریس، بێ ڕه‌چه‌ڵه‌ک و تێکده‌ر و شه‌ڕا‌نگێز. به‌م گشته‌وه له‌م گۆڕانکاریانه‌ی ئێستای سووریادا پرسی زمانی کورد پڕره‌نگتر له پێش‌و خۆی له سوریادا زه‌قکردۆته‌وه و وێده‌چێت داواکاری زمانی کوردی بگاته ئه‌نجام.
له ئێرانیشدا زمانی کوردی له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێوه شانبه‌شانی پرسه سیاسیه‌کانی دیکه خۆی نواندووه. به‌م گشته‌وه پرسی کورد به گشتی و پرسی زمانی کوردی به تایبه‌ت جیاوازییه‌کی سروشتی هه‌یه له گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان. کورد له ڕووی مێژووییه‌وه گه‌لێکی ئێرانییه و یه‌کم ده‌وڵه‌تی ئێرانی له لایه‌ن کورده‌وه دامه‌زراوه. دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئێرانی واته میدیاکان له لایه‌ن کورده‌وه ته‌نها ناوچه کوردنشینه‌کانی نه‌ده‌گرته‌وه. دوای ماده‌کانیش گه‌لی کورد شانبه‌شانی گه‌لانی دیکه‌ی ئێرانی له دروستکردنی ره‌وتی مێژوویی‌دا رۆڵێکی به‌رچاوی بینیوه. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایکردووه ئێرانییه‌کان به ڕێز و حورمه‌ته‌وه سه‌یری چه‌مکی کورد بکه‌ن و هیچکات نکۆڵی له بوونی کورد نه‌کراوه. مه‌به‌ستیشم ئه‌وه نییه که کورد له ئێران‌دا به هه‌موو مافه ره‌واکانی گه‌یشتووه. کورد له ئێران‌دا خۆی به به‌شێکی دانه‌بڕاو له هه‌یکه‌ڵێکی جوگرافی و مێژوویی و که‌لتووری گه‌وره‌تر ده‌زانێت که ئه‌ویش جوگرافی و میژوو و که‌لتووری ئێرانه.
ئه‌وه‌ی که داواکاری هه‌موو شتێکی ڕه‌وای کوردی کردۆته بابه‌تێکی سیاسی سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ساته وه‌خته مێژووییه‌ی که ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ناوه‌ندی له ئێران دروستکرا. بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و چه‌ق لایه‌نی فره ڕه‌نگی و فره‌گه‌لی و فره زمانی ئێرانی پشتگوێخستووه. به واتایه‌کی دیکه ده‌وڵه‌تی مۆدێرن هه‌موو بابه‌تێکی کۆمه‌ڵگای ئێرانی کردۆته بابه‌تێکی سیاسی. گوتاری سیاسی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی ئێرانی له بنه‌ڕه‌تدا پشت به فه‌لسه‌فه‌ی هیگل ده‌به‌ستێت. لای هێگل دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه‌ی مۆدێرن ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌نجامه‌که‌شی ئازادی و پێشکه‌وتنی ره‌هایه.
به‌رانبه‌ر به ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی ئێرانی، بزووتنه‌وه‌ی سیاسی گه‌لانی بنده‌ست له ئێران‌دا به تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی کورد به هه‌مان لۆجیکی ده‌وڵه‌ت کاریکردووه و هه‌موو داواکارییه‌کی خستۆه‌ته بازنه‌یه‌کی سیاسییه‌وه. پێوه‌ند به باسه‌که‌ی ئێمه‌ش داواکاری زمانی کوردی له ئێران‌دا بوه‌ته بابه‌تێکی سیاسی و ئه‌نجامه‌که‌شی ئه‌وه بووه که ده‌وڵه‌ت سیاسیانه وڵامی ئه‌و داواکارییه بداته‌وه.
پێوه‌ند به بابه‌تی زمانی کوردی پێموایه له واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئێستای ئێران و کوردستاندا بابه‌تی زمانی کوردی له بازنه‌یه‌کی سیاسییه‌وه بخرێته بازنه‌یه‌کی ناسیاسی. زمانی کوردی وه‌کوو بابه‌تێکی مرۆیی و کولتووری سه‌یری بکرێت. سیاسی‌کردنی زمانی کوردی له ئێران‌دا گوتاریک نییه که بتوانرێت به شێوه‌یه‌کی کرده‌وه‌یی کاری پێ بکرێت. ئێمه ده‌توانین گوتاری سیاسی زمانی کوردی بکه‌ینه گوتارێکی ناسیاسی. ڕوانینی ناسیاسیانه بۆ زمانی کوردی له واقیعی ئێستای کوردستانی ئێران‌دا به‌ستێنه ئیجابیه‌که‌ی ئاماده‌یه. له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا بڕگه‌ی 15 دان به زمانی گه‌لانی ئێرانی‌دا نراوه. له‌م چه‌ن ساڵه‌ی ڕابردووش‌دا کۆماری ئیسلامی ئێران له کوردستاندا ئاوڕی له زمانی کوردی داوه‌ته‌وه. رێبه‌ری کۆماری ئێسلامیش زمانی کوردی به به‌شێک له میراتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت. ئێستاش جێگای خۆیه‌تی نووسه‌ران و لێکۆڵه‌ران و دڵسۆزانی زمانی کوردی له پێناو دروستکردنی گوتارێکی ناسیاسی و ناحیزبی بۆ خزمه‌تکردنی زمانی کوردی تێ‌بکۆشن و له ریگای نوینه‌رانی خه‌لکی کوردستانه‌وه له پارله‌مانی کۆماری ئیسلامی‌دا پشتیوانی جێ به‌جێکردنی بڕگه‌ی 15 ی یاسای بنه‌ڕه‌تی بکه‌ن و له زانکۆکان‌دا لقی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی به فه‌رمی بکرێته‌وه.
*دوکتۆرا له جیئۆپۆڵۆتیک
بۆچوونه‌کان