سەراپاى مانگى مەولود بەگشتى و ڕۆژى دوانزەى ڕەبیعولئەووەل بەتایبەتى، کە ڕۆژى لەدایکبوونى خۆشەویسترین و نزیکترین بەندەى خوایە، وەرزى گەشانەوەى ڕۆح و بووژانەوەى دڵ و پتەوکردنى باوەڕ و خزمەتکردنى درەختى ئیمانە، وەرزى گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژێکى بێ وێنە لە لاپەڕە پڕ لە سەروەرى و زێڕینەکانى مێژووى مرۆڤایەتى، وەرزى ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ بەدیهێنەرى ئەرز و ئاسمان و خواى میهرەبان و خۆشەویستەکەى خوادا(ص)، مانگى مەولود وەرزى خۆدزینەوەیە لە گوناهو تاوان و کەمتەرخەمى، وەرزى خۆدۆزینەوەیە لەناو پەیامەکەى دوایین نێردراوى خوادا کە پەیامى ڕەحمەت و میهرەبانى هێناوە بۆ مرۆڤایەتى، وەرزى نزیکبوونەوەیە لە بەندایەتى و خواناسى و ئەرکى پەیامدارى، وەرزى زمان شیرینکردنە بە فەرموودەکان و خۆجوانکردن بە ئاکار و ڕەفتارە جوانەکانى نازدارەکەى مانگى ڕەبیعولئەووەل، وەرزى هەڵدانەوەى لاپەڕە زێڕینەکانى ژیانى کەسێتى پێغەمبەرێکە(ص) کە لێوانلێوە لە ڕەحم و ڕەحمەت و کەیلە لە خۆشەویستى و سۆز و بەزەیى نواندن، وەرزى دەربڕینى ترۆپکى خۆشەویستییە بۆ ئەو سەروەرە مەحبوبەى دڵى ئەویندارانى ڕاستەقینە، وەرزى شارەزابوونە لە ژیاننامە و ناسینى کەسێتى دوایین نێردراوى خوا و ئاگاداربوون لە ناوەڕۆکى پەیامى ئیلاهى و بەرنامەى ژیانى ئینسانى.

بۆ دەربڕینى عیشق و خۆشەویستى نواندن بۆ هەر کەسێک و نیشاندانى دڵوابەستەیى و پەیڕەوى کردن لە گوفتار و ڕەفتارەکانى، پێویستە لەسەرەتادا و بەر لە هەر شتێکى دیکە کەسێتى و خەسڵەتەکانى ئەو کەسە بناسیت و شارەزاى ژیان و هەڵسوکەوت و بیر و بۆچوونەکانى ببیت، ئەوجا بە ئەندازەى باشى و جوانى و ڕاستى بۆچوون و گوفتار و کردارەکانى و چۆنیەتى مامەڵەکردنى لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا، تۆش خۆشەویستى بۆ دەردەبڕیت و پەیڕەوى لە داوا و ڕێنومایى و فەرمانەکانى دەکەیت، بەمەش دەبیتە شوێنکەوتەى ڕاستەقینە و خۆشەویستى ئەو کەسێتییە.

شارەزابوون لە ژیاننامە و ناسینى کەسێتى و ئاکارەکانى پێغەمبەرى خۆشەویستمان موحەممەد(ص) وەک دوایین پەیامبەرى خوایى، لە هەمووان گرنگتر و پێویستترە بۆ شوێنکەوتووەکانى، مانگى مەولود و (ڕەبیعولئەووەل) و بۆنەى لەدایکبوونى ئەو سەروەرەش، یەکێکە لە گونجاوترین و باشترین کات و دەرفەتەکان بۆ هەستان بە ڕاپەڕاندنى ئەو ئەرک و کارە گرنگ و پێویستە، بۆیە دەبێ کەسى باوەڕدار و پەیامدار زۆر بە باشى ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و سودى تەواوى لێوەرگرێ، خۆى بەو گوفتار و ڕەفتار و ئاکارانە بڕازێنێتەوە و ببێتە کەسێکى پێغەمبەرنوما و دەنگ و ڕەنگ و بۆنى ئەو پەخش بکات. 

یەکێک لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندى و خەسڵەتە جوانانەى کەسێتى باڵاى موحەممەد(ص) کە زۆر پێویستە هەڵوێستەى لەسەر بکرێ و بایەخى بنچینەیى پێ بدرێ و بکرێتە کاڵاى باڵاى کەسەکان، چ وەک مرۆڤ و چ وەک پێغەمبەر و دوایین نێردراوى خوایى، بریتیە لە ڕەحمەتبوونى بۆ جیهانیان بەگشتى، بە مرۆڤ و گیاندارەوە، بە سروشت و بێ گیانەوە، بە باوەڕدار و بێ باوەڕەوە، بە خزم و بێگانەوە، کە ئەم خەسڵەتە جوان و گرنگە لە بەشە مرۆییەکەیدا وەک هەر مرۆڤێکى دیکە و لە بەشى پەیامدارى و بانگەوازەکەیدا وەک پێغەمبەرێک بەتایبەتى، زۆر بە جوانى ڕەنگى داوەتەوە، بەتایبەت کاتێک کە تەماشاى ئایەتەکانى قورئانى پیرۆز و فەرموودە شیرینەکان و ئاکارە جوانەکانى خودى خۆى دەکەین، زۆر بە ڕوونى ئەم ڕەحمەت و بەزەییەى تێدا دەبینین، بەتایبەت کاتێک کە ئەم شایەتییە گەورە و گرنگە زاتى خواى باڵادەست بۆى داوە و فەرموویەتى: [ۆمَا ڕرْسَلْنَاکَ اِلاَ رَحْمَەً لِلْعَاڵمِینَ.] کە باشترین وەسف و سەنا و پێناسەیە بۆ ئەم مرۆڤە بێ وێنە میهرەبانەى خواى بە بەزەیى.

ئەمە وێڕاى ئەوەى کە ئەم پەیامبەرە ڕەئفەت و ڕەحمەتێکى جیاواز و زۆر تایبەتى بۆ موسڵمانان و باوەڕداران هەبووە، وەک خواى گەورە دەفەرمووێ: [ڵقَدْ جَاءَکُمْ رَسُولٌ مِنْ ڕَنْفُسِکُمْ عَزِیزٌ عَڵیْهِ مَا عَنِتُمْ حَڕیێٌ عَڵیْکُمْ بِالْمُۆْمِنِینَ رَءُوفٌ رَحِیمٌ.] کە بووەتە وێنەیەک لە جیلوەکردن و نومایشکردنى خەسڵەت و ئاوەڵناوە جوانەکانى خواى (ڕەحمان و ڕەحیم) و میهرەبان لەسەر زەویدا.

بۆیە پێویستە مانگى مەولود بکرێتە مانگى لەدایکبوونەوەى مرۆڤایەتى، مانگى ئاوڕدانەوە لەسەرجەم خەڵکى بە ئایین و بیر و باوەڕى جیاوازەوە، بکرێتە ئەو مانگەى کە تێیدا ـ لە لایەن موسڵمانان و شوێنکەوتوانى ئەو پەیامبەرەوە ـ ڕەحم و ڕەحمەت و بەزەیى دابەش بکرێت بەسەر مرۆڤەکاندا بەگشتى، ببنە بەرجەستەکارى ئایەتى: [ۆمَا ڕرْسَلْنَاکَ اِلاَ رَحْمَەً لِلْعَاڵمِینَ.].

پێویستە لەسەر ئێمەى موسڵمانانیش کە بە پەیڕەوى کردنى ڕاستەقینەمان لە گوفتار و ڕەفتار و ئاکارەکانى پێغەمبەرى ئازیز(ص)، بازنەى دینداریمان فراوان بکەین و لە بازنەى خزمەتکردن و ڕەحم و ڕەحمەت بەخشین بە دیندارانەوە بگوازینەوە بۆ بازنەى مرۆڤەکان بەگشتى، با بە چەشنێک بین کە ئەگەرچى خەڵکیش پەیوەست نەبن بە باوەڕ و دروشم و عیباداتى دینەکەمانەوە، بەڵام با سودمەند ببن لە ڕۆح و فەلسەفەى کۆمەڵایەتى و مرۆیى و خزمەتگوزارانەى دینەکەمان، با بزانن کە ئەم دینە ڕەحمەتە بۆ هەمووان، تەنانەت بۆ دوژمن و نەیارەکانیشى، وەک ئەو نموونە جوانەى سەروەر بین کە پێشەوا (موسلیم) لە (ئەبو هورەیرە)وە بۆمان دەگێڕێتەوە کە: هەندێ لە هاوەڵان داوایان لە پێغەمبەر(ص) کردووە کە دوعاى شەڕ و عەزاب بکات لە موشریک و بێ باوەڕەکان و ئەوانەى کە ئازاریان دەدەن، ئەو زاتەش ـ کە نموونەیەکى باڵاى ڕەحمەت و جیلوەیەکە لە (ڕەحمانییەت) و (ڕەحیمییەت)ى خواى میهرەبان ـ لە وەڵامدا پێیان دەفەرمووێ: (اِنِى ڵمْ ڕُبْعَپْ ڵعَانَاً، ۆاِنَمَا بُعِپْتُ رَحْمَەً.) واتە: من بۆ ئەوە ڕەوانە نەکراوم کە نفرین لە خەڵکى بکەم و قسەى ناشیرین و ناڕەوایان پێبڵێم، بەڵکو بۆ ئەوە نێردراوم کە ڕەحمەت و بەزەیى بم بۆیان.

بەڵێ! موحەممەدى پێغەمبەر(ص) بە بڕیار و بەڵێن و ڕێنومایى و مەدەدى ئیلاهى بووەتە ڕەحمەت و بەزەیى بۆ هەموو جیهانیان، بە گیاندار و بێ گیانەوە، ڕِەحمەت بووە بۆ دار و درەخت و ڕێگرى کردووە کە تەنانەت لە جەنگ و غەزاکانیشدا بیانبڕن، ڕەحمەت بووە بۆ کانیاوەکان و فەرموویەتى پڕیان مەکەنەوە، ڕەحمەت بووە بۆ گیانداران و فەرموویەتى بە چەقۆى تیژ نەبێ سەریان مەبڕن بۆ ئەوەى ئازار نەچەژن، ڕەحمەت بووە بۆ هاوسەرەکان و فەرموویەتى: (خَیْرُکُمْ خَیْرُکُمْ لڕِهْلِهِ ۆڕنَا خَیْرُکُمْ لڕِهْلِى.) ڕەحمەت بووە بۆ ئەسیر و بەندکراوەکان و نەیکوشتوون و ڕێگەى نەداوە بکوژرێن و ئەشکەنجە و ئازار بدرێن، بەڵکو تەنها بەوەندەى کە چەند کەسێک فێرى خوێنەوارى بکەن ئازادیان بکەن، ڕەحمەت بووە بۆ نەدار و هەژاران و بێ نەوایان، بۆ بێ باوک و هەتیووان و نازى کێشاون و کەفیلى هەتیووى کردووەتە دراوسێى خۆى لە بەهەشتدا، لە لایەکى دیکەوە فەرموویەتى تەنانەت ڕووخۆشى ـ کە هیچى تێناچێت ـ خێر و چاکەیە، دەى لەگەڵ خەڵکیدا ڕووخۆشبن (تَبَسُمُکَ لِۆجْهِ ڕخْیْکَ ێَدَقَەٌ.) و هەروەها فەرموویەتى: (خَیْرُ النَاسِ ڕنْفَعُهُمْ لِلنَاسِ) و یاخود دەفەرمووێ: (ڕلْرَاحِمُونَ ێرْحَمُهُم الْرَحْمَنُ، اِرْحَمُواْ مَنْ فِی الڕرْچِ ێرْحَمُُکُمْ مَنْ فِی الْسَمَاءِ.)

ڕەحمەت و بەزەیى ئەم سەروەرە خۆشەویستە(ص) گەیشتبووە ئەو ئاستەى کە تەنانەت لەبەرامبەر ئەوانەى کە دژایەتییان دەکرد و ئازاریان دەدا، ڕووى دەکردە خواى بە ڕەحم و میهرەبان و دەپاڕایەوە کە: (ڕلڵهُمَ اِغْفِرْ لِقَوْمِی فَإِنَهُمْ لا ێعْڵمُونَ) و یاخود دەیفەرموو: (اِژْهَبُواْ فَڕنْتُم الگُڵقَاءُ.) و چەندین هەڵوێست و نموونەى جوان و ناوازەى دیکەى دەنواند و بە چاکەکانى منەتبار و شەرمەزارى دەکردن.

بۆیە خواى گەورە ئەوەى بۆ ڕوون دەکاتەوە کە: ئەم دڵ نەرمى و هەست ناسکى و مامەڵە جوانى و ڕەحمەتبوونەى چ ئەنجامێکى هەبووە؟! بۆیە پێى دەفەرمووێ: [فَبِمَا رَحْمَەٍ مِنَ الڵهِ لِنْتَ ڵهُمْ ۆڵوْ کُنْتَ فَڤاً غَلِیڤَ الْقَلْبِ ڵانْفَچُوا مِنْ حَوْلِکَ فَاعْفُ عَنْهُمْ ۆاسْتَغْفِرْ ڵهُمْ وشاورهم فی الڕمر].

لەو ڕوانگەیەوە، پێویستە موسڵمانان و باوەڕدارانیش، بە ڕەحمەتبوون و بەزەیى نواندن و نەرم و نیانى و خزمەتکردنى مرۆڤایەتى و ئاوڕدانەوە لە خەم و داخوازى و پێویستییەکانى هاووڵاتیان و پەرۆشى نواندن بۆیان، خەڵکى لە دەورى پەیامى خوایى و فەرموودە و ڕێنومایى و ئاکار و خۆشەویستى ئەو سەروەرە کۆ بکەینەوە، جوانى دینیان نیشان بدەین و چێژى دیندارى و خواناسى و عیشق و خۆشەویستى پێغەمبەریان(ص) پێ بچەژین، نیشانیان بدەین کە پەیامى ئەو پێغەمبەرە(ص) پەیامى ڕەحمەت و بەزەیى و خزمەتکردنە بە جیهانیان، پەیامى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستى و ڕێزگرتنە لە کەرامەتى ئینسانى هەر تاکێک.