میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان نووسه‌ری ناوداری كورد له‌بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان‌و له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستان بوو.


ژیان


میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان كوڕی‌ میر به‌درخان پاشایه‌. ساڵی‌ له‌دایكبوون‌و كۆچی‌ دوایی‌ نه‌زانراوه‌. میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ناوێكی‌ ئاوێته‌یه‌، ئه‌م شێوه‌ ناونانه‌ عوسمانییه‌كان‌و كورده‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌فه‌ره‌نسییه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ بۆ ناونانی‌ ڕۆڵه‌كانیان.


ساڵی‌ ١٨٩١ چووه‌ته‌ میسر، ساڵی‌ ١٨٩٨ له‌قاهیره‌ پێنج ژماره‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. پاشئه‌وه‌ له‌ترسی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ (سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی‌ عوسمانی‌) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌سته‌نبوڵ‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌م، براكانی‌ تووشی‌ ئه‌شكه‌نجه‌و زیندانیكردن نه‌بنه‌وه‌.


ساڵی‌ ١٨٩٩ له‌گه‌ڵ‌ (عه‌لی‌ به‌گی)‌ برایدا هه‌وڵده‌ده‌ن زه‌مینه‌ بۆ شۆڕشێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خۆشبكه‌ن، به‌ڵام سه‌رناكه‌ون. هه‌ندێك له‌مێژوو نووسه‌كان ده‌ڵێن میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان یه‌كێكبووه‌ له‌ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی‌ پارتی (ئیتحادو ته‌ره‌قی‌). ساڵی‌ ١٩٠٦ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ له‌توركیا نه‌فی‌ كرا.


ساڵی‌ ١٩١٠و ماوه‌یه‌ك پاش ڕاگه‌یاندنی‌ حكومه‌تی‌ ده‌ستووری‌ له‌ئه‌سته‌نبوڵ‌ به‌شداریكردووه‌ له‌دامه‌زراندنی‌ (جه‌معیه‌تی‌ نه‌شری‌ مه‌عاریفی‌ كوردی) به‌پێی هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ش، ماوه‌یه‌ك كراوه‌ به‌موته‌سه‌ریفی‌ شاری‌ ده‌رسیم، به‌ڵام له‌و ساڵه‌ به‌دواوه‌ هیچ شتێك ده‌رباره‌ی‌ ژیانی‌ نازانرێت.


میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌نووس‌و دامه‌زرێنه‌ری بزاڤی‌ كوردییه‌، چاپخانه‌یه‌كیشی‌ به‌ناوی‌ (چاپخانه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستان) له‌قاهیره‌ دامه‌زراندووه‌، كه‌ به‌یه‌كه‌مین چاپخانه‌ی‌ كوردی‌ ده‌ژمێردرێت‌.


میقداد مه‌دحه‌ت جگه‌ له‌زمانی‌ خۆیی‌و‌ زمانی‌ توركی‌‌و عه‌ره‌بی‌، زمانی‌ فه‌ره‌نسیشی‌ به‌باشی‌ زانیوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مین ژماره‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستاندا، كارتێكی‌ به‌زمانی‌ فه‌ره‌نسی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شارستانی‌ بوونی‌ عه‌قڵی‌ میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان نیشانده‌دات.َ