ئەلبێرت ئانیشتاین زانای فیزیكی ئەڵمانی، ساڵی 1905ز كاتو شوێنی لە بیردۆزی ڕێژەیی تایبەتدا تێكەڵ كردو ڕایگەیاند: بێباسكردنی شوێن ناتوانین باس لە كات بكەین، هەروا بێ كات باس لە شوێن كردن مەحاڵە. لەبەرئەوەی هەموو شتێك دەجوڵێت، كەواتە دەبێت كاتی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرن، خۆ هەتا شتەكان بەخێراییەكی زیاتر ببزوێن ئەوا كاتەكانیان, بە نیسبەت كاتی جوڵەكانی چواردەور, كە خاوترن، دێتەوەیەك.
دیاردەی هاتنەوەیەكی كات لە تاقیگە فیزیاویەكاندا بەشێوەیەكی كرداری چەسپا، بەجۆرێك ئەوە تێبینی كرا كە تەمەنی تەنۆلكە گەردیەكان (Atomic Particles) لە چاوی بینەرێكەوە زیاد دەكات ئەگەر بەخێراییەكی نزیك خێرایی ڕوناكی بجوڵێن، بۆنمونە، نیوە تەمەنی تەنۆلكەی بێرن, لەكاژێرێكی تاقیگەیی زەمینیدا حەوت هێندەی تەمەنی زانراوی خۆی زیاد دەكات, ئەگەر بەخێراییەك كە نزیكەی 99%ی خێرایی ڕوناكیە بجوڵێت.
بەگوێرەی بیردۆزی ئانیشتاین، ئەگەر وادابنێین كە كەشتیەكی ئاسمانی بە خێراییەكی نزیك خێرایی ڕوناكی بجوڵێت، ئەوا گەشتێكی پەنجا هەزار ساڵی -بەگوێرەی كاتژمێری زەمینی- لە ماوەی تەنها ڕۆژێكدا-بەگوێرەی سەرنشینانی كەشتیەكە- دەبڕێت، خۆ ئەگەر بیر لەگەشتی لاكانی(چمكەكانی) گەردونی بینراو بكەیتەوە، ئەوا كاتی گەڕانەوەت بۆ سەر زەوی، چەند نەوەیەكی ترو گۆڕانكاری زۆر گەورە بەدی دەكەیت كەبەسەر ئەم هەسارەیەدا هاتووە كە ڕەنگە هەزارانو ملیۆنان بگرە بلیۆنان ساڵ-بەگوێرەی ژماردنی خەڵكی سەر زەوی- تێپەڕیوە كە ئەو گەشتە سەرسوڕهێنەیان لەگەڵ تۆدا ئەنجام نەداوە، ئەمەش لەكاتێكدا ئەگەر گەشتەكەت بە خێراییەكی نزیك خێرایی ڕوناكی ئەنجام دابێت… !!
كەواتە لەگەڵ زیاد بوونی خێراییدا، كات دێتەوەیەكو، خێرایی زیاد دەكات لەگەڵ زیاد بوونی توانادا بەسەر ئەوخێراییەدا.
بەمجۆرە ئەوە بۆ ماددەیەكان سەلما كە خێراییو كاتو توانا شتانێكی پێكەوە بەستراون، بەڵام گەر دروستكراوێكی دی بەهێزتر لە مرۆڤ، كە بۆ غەیری ڕەگەزی مرۆڤ بگەڕێتەوە، وەك پەریو فریشتە ئەوا بەڕێساگەلێكی جیا لەوانەی مرۆڤـ دەبزوێت، دووریەك دەبڕێتو لەبەربەستەكان دەپەڕێتەوەو چەندین شتی تر كە هەرگیز وەبەر زەینی مرۆڤێكی جێگیری سەر زەوەیدا نایەن.
هەروا بەگوێرەی بیردۆزی ڕێژەیی، ئەگەر بونەوەرێك هەبێتو بەخێراییەكی زیاتر لە خێرایی ڕوناكی بڕوات، ئەوا دووریەكانی بۆ دەپێچرێنەوەو لەكاتی بڕینی ئەو ماوەیەدا كات نامێنێت.
لەگەڵ ئەوەی كە خێرایی ڕوناكی لەبۆشاییدا(یان هەوادا) گەورەترین خێرایی زانراوە هەتا ئێستا، بەڵام زانستی نوێ -هەرچەند تا ئێستا پێی نەگەیشتبێ- نكوڵی لە بوونی خێراییەكی گەورەتر لە خێرایی ڕوناكی لەبۆشاییدا ناكات. وردیلەكانی بێتا (B- Particle) لە ئاودا بەخێراییەكی گەورەتر لە خێرایی ڕوناكی دەجوڵێن، چونكە ئەو وردیلانە بەربەستی ڕوناكیان -تەنها لە ئاودا- نەك لە هەوا یاخود لە بۆشاییدا، تێپەڕاندو ئەمە بووە هۆی دەرچونی تیشكێك كە بەتیشكی كیرنكۆف ناسراوە…
بۆچی موعجیزەی ئیسراو میعراج لێدەكۆڵینەوە؟
ئەو پێشدەستیە زانستیەمان خستە بەرچاوان هەتا لە تێگەیشتنی یەكێك لە موعجیزە هەستیەكان نزیك ببینەوە كە بۆ پێغەمبەری خودا محمدی كوڕی عبدالله(د.خ) فەراهەم هێنراوە، ئەویش موعجیزەی ئیسراو میعراجە، لە هێنانی ئەم باسەو ڕونكردنەوەكانی دواتردا، مەبەست بەڕاست دانانی ئەو موعجیزەیە نیە، بەقەد ئەوەی نزیكخستنەوەی تێگەیشتنی موعجیزەكەیە بۆ ناموسڵمانان، كە ڕوودانی بە دوور دەزانن.
موعجیزەكەش لەو جۆرەیە كە پەروەردگار بەمەبەستی بەرەنگاری مرۆڤـ (تحدی البشر) فەراهەمی نەهێناوە، بەڵكو ئەوی لەو موعجیزەیەدایە بە هەردوو ڕووەكەیەوە(ئیسراو میعراج) نادیار (غیب)ە، لە كۆمەڵی نادیاراننو لەسەر موسڵمان پێویستە بەڕاستی بزانێتو تەواو متمانەی پێی هەبێت.
خۆئەگەر لەو موعجیزەیەش دەكۆڵینەوە ئەوا بۆ ئەوەی لێدەكۆڵینەوە تا بسەلمێت، بۆ مرۆڤی ئاسایی و بەهەموو پێوەرە زانستیەكان، ڕودانی مەحاڵە، ئەگەرنا ئەوا سیفەتی موعجیزەی لێدادەماڵرێتو، مرۆڤی ئاسایی بەهۆی بەكارهێنانی هەر وزەو ڕێگەیەكەوە، كە زانست بە تێپەڕبوونی كات دایان دەهێنێت، توانای بەدەستهێنانیو دووبارە كردنەوەی دەبێت.
پێویستە زیادە ڕۆیی لە قسە كردندا لەسەر موعجیزە هەستیەكانی پێغەمبەر(د.خ) نەكەین، بەڵكو پێویستە بە پشتبەستنی زیاتر پێیان باوەڕمان بە نێردراوی پێغەمبەر(د.خ) پتەوتر بكەین، چونكە ئەوانە موعجیزەگەلێك بوونو كۆتاییان هاتو، پێغەمبەریش(د.خ) خۆی ڕێگری لەوە كردووە كە خۆ بەو موعجیزە مادیانەوە ببەسترێتەوەو بە ئاگادرایمان بۆ یەك موعجیزەی بەردەوامی هەموو سەردەمەكان فەرمانمان پێدەدات، ئەویش قورئانی پیرۆزە، كە بە تێپەڕینی كاتو بەدوایەكدا هاتنی نەوەكان, ڕووەكانی ئیعجازی زیاتر تێدا دەدرەوشێنەوە, هەر نەوەیەك ڕوویەك یان چەند ڕوویەكی ئیعجازی تێدا دەردەخات كە نەوەی پێشتر دەركی پێیان نەكردووە.
كاتێك ئیبراهیمی كوڕی سەروەرمان پێغەمبەر كۆچی دوایی كرد, خۆر گیرا، خەڵك هەموو گوتیان خۆر بۆ مردنی ئیبراهیم گیرا، پێغەمبەری خودا(د.خ) پێی فەرموون، واتە: خۆرو مانگ دووان لە نیشانەكانی خودای گەورەن، نەبۆ مردنو نەبۆ ژینی كەس دەگیرێن.
موعجیزەی ئیسراو میعراج خێراییەكی لەڕادەبەدەرو توانایەكی سەرسوڕهێن لەخۆ دەگرێت كە لەگەشتە زەمینیەكەی (الإسراء) پێغەمبەر لە مزگەوتی حەرامەوە لە مەككە-لە دورگەی عەرەبەوە- چوو بۆ مزگەوتی ئەقصا لە قودس-لە فەلەستین- ئنجا ئەو خێراییو توانایە كە مرۆڤـ -چەند زانستو تەكنۆلۆجیای هەبن- توانای دیاریكردنیانی نیە. ئەوەش لەبەشی دووەمی موعجیزەكەدا كەگەشتی بەرزبونەوەكەیەتی، كەلە جێ كۆتای گەشتە زەمینیەكەیداو لە گەشتێكی ئاسمانییدا بەرەو سەرەوە هەڵكشا كە تێیدا پێغەمبەر(د.خ) هەموو چینەكانی ئاسمانی بڕیو بە گەردوونو ئاسماندا سەركەوت كە مرۆڤـ نەتوانیویەتیو نەدەشتوانێ بگاتە دیاریكردنی هەر شتێك تیایداو هیچیش لەبارەیەوە نازانێت، تەنها ئەوە نەبێت كە قورئانی پیرۆز لە بارەیانەوە هەواڵی داوە.
پەروەردگار دەفەرموێت: [سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلاً مِنْ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّه هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ]الإسراء:1. واتە: پاكیو بێهاوتایی بۆ سیفاتەكانی خودای پەروەرگار (الَّذِي أَسْرَى) واتە ئەوەی بەڕێ ڕۆیشتنو گواستنەوە ڕێزی لە پێغەمبەرەكەی نا(د.خ)، [بِعَبْدِهِ] واتە بە دروستكراوەكەی كە مرۆڤە، كە بۆ ئەركێكی گرنگ هەڵیبژاردووە ئەویش ئەركی ڕێنمایی تەواوی مرۆڤەكانە، پەروەردگار نەیفەرمووە (بخلیله) یاخود (بنبیه) بەڵكو فەرموویەتی [بِعَبْدِهِ] لەمەشدا شتێكی گرنگ تێبینی دەكرێت ئەویش ئەوەیە كە پێغەمبەر(د.خ) بەرانبەر پەروەردگارەكەی گەیشتۆتە پێگەو ئاست(مقام)ی بەندایەتی بێگەردو تەواو، بەڵێ بەڕاستی بەندەی تەواوو مرۆڤێكی تەواو بووە، چونكە داواكاریی یەكەمی ئیسلام, گەیشتنە بەندایەتیەكی تەواوە بۆ پەروەردگار.. [ڵیْلاً] بەشەو، لەمەشدا ئاماژەیە كە ئیسرا لەبەشێكی شەودا بووەو هەموو شەوەكەی نەخایاندووە، كاتی هەردوو گەشتەكە لە شەودا بووە چونكە شەو خۆشەویست ترین كاتی خۆ تاك كردنەوەیە بۆ پەروەردگار، وە كاتی پەسەندی نوێژ كردنی پێغەمبەرە(صلی الله علیه وسلم)، بگرە كاتی نوێژە, پێش فەرزبوونی بەم شێوەو كاتەی ئێستا، وە ووتەی پەروەردگار: [مِنْ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِڵی الْمَسْجِدِ اڵاَقْصَی] واتە گواستنەوەی پێغەمبەر(د.خ) لە گەشتە زەمینیەكەیدا لە نێوان دوو مزگەوتدا بووە، یەكەمیان، مزگەوتی حەرامە لە مەككە لە خاكی دورگەی عەرەبدا، كە خۆشەویست ترین ماڵی خودایە لەسەر زەوی، كە یەك نوێژ تیایدا بەرانبەر سەدهەزار نوێژە لە مزگەوتی تردا، دووەمیان، مزگەوتی ئەقصایە لە زەوی فەلەستیندا، لانكەی پێغەمبەرو نێردراوانی خودایە، یەكەم قیبلەی موسڵمانان بوو پێش فەرمان پێكردنیان بەڕوكردنە مزگەوتی حەرام، ئەمیش لە باشترین مزگەوتەكانی سەر زەویە یەك نوێژ تیایدا بەرانبەر پێنج سەد نوێژە لە مزگەوتانی تردا.
[الَّذی بَارَكْنَا حَوْڵهُ] واتە ئەوەی كە بەرەكاتمان بەسەریو بەسەر دەوروبەریدا-بەرەكاتی دنیاییو مەعنەوی- ڕژاندوە.
[لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا] واتە تا هەندێك-نەك هەموو- نیشانەی دەسەڵاتی پەروەردگاری پێشان بدەین.
ئایا موعجیزەكە بە ڕۆح یا لاشە، یاخود بە هەردووكیان بووە؟
ڕەنگە یەكێك بڵێت: گەشتی ئیسراو(یا زیاتر گەشتی میعراج) وەك خەوێك بۆ پێغەمبەری(د.خ) فەراهەم هێنراوە، واتە بە ڕۆح نەك بەلاشە، ئەنجام دراوە.
ئێمە لە وەڵامدا دەڵێین: گەشتە زەمینیەكە بەهەمان شێوەش گەشتی میعراج بەهەردوو ڕۆحو لاشە ئەنجامدراون، بەڵگەی گومانبڕیش بۆ سەلماندنی ئەوە زۆرن، نزیكترین و باشترینیان وتەكانی قورئانی پیرۆزن، پەروەردگار نەیفەرمووە(سبحان الذی أسری بروح عبده)، بەڵكو فەرموویەتی: [سُبْحَانَ الَّذی أَسْرَی بِعَبْدِهِ] واتە: بە ڕۆحو لاشە, دیارە مرۆڤیش بە هەردوو بەشی(ڕۆحو لاشە) دەبێتە بەندە(عبد)، لێرەدا بەڵگەیەكی گومانبڕی تر لە وتەی [سُبْحَانَ]دا شاردراوەتەوە كە ئایەتەكە بەڵكو تەواوی سورەتەكەی پێدەست پێكراوە، ئەویش واتە خودا(جلوعلا) لە وێنەو بەرابەرو یارمەتیدەر، هەروا لە بێدەسەڵاتیو بێتوانایی، پاكو بەدوور دەگیرێت. كەواتە ئەو ووتەیە بۆ كارە مەزنو گرنگەكان بەكاردێت، وە لەسەرەتای ئایەتێك یاخود سورەتێكدا بۆیە دێت, تا خوێنەر یا بیسەر بۆ خوێندن یا بیستنی كارێكی مەزنو سەرسوڕهێنەر ئامادە بكات, ئەمەش لە كاتێكدا ئەگەر كارەكە بە پێوەرە مرۆییەكان بپێورێت. بەڵام بۆ خوداو دروستكارو كارڕێكخەری گەردون، بۆ دانەری ڕێساو یاساكانی گەردوون، زۆر ئاسانو سادەیە، كە ئەو خودایە توانای گۆڕینی هەر یاسایەكی لەهەركاتێكدا زۆر بە سانایی هەیە، هەروا بە توانایە بۆ جێبەجێكردنی هەرچیەك بیەوێت، بەرزیو تواناو بڵندی بۆ گەورەیی ئەو خودایە.
بە لێكۆڵینەوەی كەشێكی گشتی باری موسڵمانانو بانگەوازی ئیسلامی لەو كاتەدا, دەزانین كە ئەو موعجیزەیە بۆ ئامانجێكی گرنگ -جگەلە چەند ئامانجێكی تر- ڕویداوە، ئەویش پاڵفتە كردنی دڵی موسڵمانانە بە پێغەمبەر(د.خ)، تا ئیمان بەهێزان دامەزراوترو ئیمان لاوازانیش ئاشكرا بكات, بە تایبەت خودای پەروەردگار موسڵمانان بۆ ڕووداوێكی گرنگ، لە ساڵی داهاتوودا، ئامادە دەكات، ئەویش كۆچی گەورەیە لە مەككەوە بۆ مەدینە, بۆ دامەزراندنی بەرزترین كۆمەڵگەی ئیسلام كە مرۆڤایەتی لەسەر زەوی پێی ئاشنا بووبێت.
ماددیەكان لە كۆنو نوێدا هەموو شتێك بە درێژیو پانیو قوڵی پێوەرە زانراوەكان، دەپێونو هەموو شتێك بە كێشە باوەكان دەكێشن، خۆگەر لە ژیانیاندا شتێكی جیاوازیان لە كێش یان قەبارە بینیو پێشهات، ئەوا نكوڵی لێدەكەنو ڕەتی دەكەنەوە، بەو جۆرە ماددیەكان موعجیزەی ئیسراو میعراج بەتەواوی ڕەت دەكەنەوە چونكە ناكەوێتە چوارچێوەی یاساو پێوەرەكانیانەوە. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە ئەوانەی زێدەڕۆییان لەلایەنی ڕۆحیو ڕەبەنگەراییدا كردووە، لە نێو خۆیاندا لەسەر ئەوەی ئایا موعجیزەكە بەڕۆح یا بە لاشە یاخود هەردووكیان ئەنجام دراوە، ناكۆكن. ئەم ڕایەشمان لە پێشدا ڕەت دایەوەو، دیارە گەر موعجیزەكە تەنها بە ڕۆح بوایە ئەوا شایەنی بوون بە موعجیزەی نەدەبوو، چونكە خەوی ڕاست بۆ پیاوچاكان، جیا لە نێردراوو پێغەمبەران، دێتە دی و مرۆڤی ئاسایش لە خەونیدا هەموو شتێك دەبینێت كە لەكاتی بێداریدا توانای پێڕاگەیشتنیانی نیە.
بوراق چیە؟
دوای كۆتایی هەردوو گەشتەكەی, پێغەمبەر(د.خ) بۆ زێدو ماڵەكەی خۆی لە مەككە گەڕایەوە، ئەوی ڕویدابوو بۆ خەڵكی گێڕایەوە، لەنێو ئەوەی فەرموی: (بوراق)ێكی بۆهاتو فەرمانی پێكرا كە سەركەوێتە سەری، ئەو بوراقە ئامرازێكە لە مەككەوە بۆ قودس لەگەشتە زەمینیەكەیدا گواستیەویەتەوە(د.خ).
ئەی بوراق چیە؟
پسپۆڕانی زمان ئەوە دەڵێن كە بوراق ئاژەڵێكی لە هێستر بچوكترو لە گوێدرێژ گەورەترە، هەندێك لە ڕاڤەكانی فەرمودەكانی پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموون: وشەی بوراق لە(بریق)وە داتاشراوە، ڕەنگەكەی سپیە، یا دەڵێن كە بوراق ئەو بروسكەیەیە كە پێغەمبەری(د.خ) لە مەككەوە بۆ قودس بە خێرایی ڕوناكی بردو هێنایەوە.
لەبەكارهێنانی ئەو دیاردە سروشتیەدا، پاراستنی پێغەمبەر(د.خ) لەكاریگەریە لەناوبەرو پاراستنی لە زەرەرەكانی، موعجیزەكە شاراوەتەوە.
پێش ئەوەی بچینە سەرباسی بەشی دووەمی موعجیزەكە(میعراج)، پێمان باشە بەوانەی كە ڕودانی ئیسراو هەروەها میعراج بەدوور دەزانن بڵێین: پێویستە لە ڕوداوەكانی پێش ئەم مێژووە بڕواننو لەسەرچاوە باوەڕپێكراوەكاندا بخوێننەوە، دیارە باشترینو بەهێزترینیان پەرتوكی خودای كاربەجێیە كە قورئانی پیرۆزە، ژمارەیەك لە ڕوداوی وەك گواستنەوەی عەرشەكەی بەڵقیسی شاژنی سەبەو بۆ زەوی شام لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە سولەیمان پێغەمبەری(علیە السلام) تێدا نیشتەجێ بوو. بێگومان ئەوەی خودا زانستو توانای پێدابوو عەرشەكەی بەڵقیسی لە كەمتر لەچاوتروكاندنێكدا گواستەوە، هەتا ئێستا كەس نازانێت چۆن ئەو موعجیزەیە ڕویداوە.
ئەو گەردونەی كە مرۆڤ دەتوانێت هەندێك لە چمكەكانی ببینێت، گەردونێكی بەرینە، لەگەڵ هەموو ئەوەش كە تێیدان تەنها ئاسمانی یەكەم دەنوێنن.هیچ كەس، هەرچەند زانستیشی هەبێت، جگە لەم ئاسمانە لەبارەی ئاسمانێكی ترەوە هیچ نازانێت، مەگەر پێغەمبەر(د.خ) بەهۆی نیگاوە ئەمە بزانێت. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە،بیرۆكەی ئەوەی خودا شوێنێكی دیاری لە گەردوندا هەیە، بیرێكە لەگەڵ ژیریی دروستدا نایەتەوە، چونكە خودای گەورە، خودای تەنهاو خاوەنو كاربەجێ، هێزێكی ڕەهای بێسنوری هەیەو كەس توانای دیاریكردنی شوێنو كاتی بۆ نیە-پاكیو بێگەردی بۆخودا- بەڵكو خودای پاكو بەرز پێش ئەوەی كاتو شوێن هەبن ئەو بووە.
لە پێشدا خەڵك واتێدەگەیشتن ئەوەی لەبان سەریانەوە دەیبینن ئەو ئاسمانانەیە كە مەلائیكەی تێدا نیشتەجێن، بەڵام زانستی نوێ ئەوەی دەرخست كە ئەوە جگەلە دیاردەیەكی ڕوناكی هیچی دی نیە كە بەهۆی پەرشبوونەوەی تیشكو دەركەوتنی تیشكی شین بەڕێژەیەكی زۆر تێیدا، دەردەكەوێتو دوای دەرچون لەبەرگە هەواو گەڕان بە ئاسمانی گەردووندا ئەوە ئاشكرا بوو، كە زەوی جگەلە هەسارەیەكی نێو كۆمەڵەی خۆر چیتر نیەو، ئەستوری بەرگەهەوای ئەو هەسارەیەش لە 1000 كیلۆمەتر تێناپەڕێتو ئەو گومەزە شینەش -كە پێشتروا دەزانرا شوێنگەی مەلائیكەیە- كە ئەستوریەكەی لە 200 كیلۆمەتر زیاتر نیە، دیاردەیەكی ڕوناكیەو لە چینێكی بەرگەهەوای زەویدا ڕودەدات.
لایەنی سێیەم، گۆڕینی مادە بۆ ووزەو بە پێچەوانەشەوە، لەئێستادا كارێكی زانراوە بەهۆی دەرخستنە زانستیە نوێكانەوە، ئەمە هەرچەند كارێكی تیۆریە، بەڵام ئەستەمە كرداریانە جێبەجێ بكرێت.
ئەمە دەروازەیەكە بۆ چوونە ناو بابەتی (میعراج)، كە بڵندبوون یاخود(ئامرازی بڵند بوونە) لە ڕووی زەویەوە بۆ چینە بەرزەكانی ئاسمانو لەوێشەوە بڕینو تێپەڕاندنی زەویو هەسارەو ئەستێرەكانی تر تا ئەو شوێنەی كە مرۆڤ، تا ئێستا نایزانێت.
بەڵام باشترە كە ئایەتەكانی (میعراج)ی قورئانی پیرۆز بخوێنینەوە كە بە ڕاشكاوی باسی میعراج ناكەن بەڵكو لێیانەوە ئەو مانایە تێدەگەین [وَالنَّجْمِ إِذَا هَوَى. مَا ضَلَّ صَاحِبُكُمْ وَمَا غَوَى. وَمَا يَنْطِقُ عَنْ الْهَوَى. إِنْ هُوَ إِلاَّ وَحْيٌ يُوحَى. عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَى. ذُو مِرَّةٍ فَاسْتَوَى. وَهُوَ بِالأُفُقِ الأَعْلَى. ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّى. فَكَانَ قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى. فَأَوْحَى إِلَى عَبْدِهِ مَا أَوْحَى. مَا كَذَبَ الْفُؤَادُ مَا رَأَى. أَفَتُمَارُونَهُ عَلَى مَا يَرَى. وَلَقَدْ رَآهُ نَزْلَةً أُخْرَى. عِنْدَ سِدْرَةِ الْمُنْتَهَى. عِنْدَهَا جَنَّةُ الْمَأْوَى. إِذْ يَغْشَى السِّدْرَةَ مَا يَغْشَى. مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَى. لَقَدْ رَأَى مِنْ آيَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَى] النجم 1-8
بەمجۆرە سورەتی(النجم) بەباسكردنی بەرزبونەوەی پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) دەست پێدەكات، واتە ئەو موعجیزە گەورەیە بۆ ڕێزلێنانی پێغەمبەر(د.خ) فەراهەم هێنرا، كە لەو گەشتەدا, بەدیهێنراوە سەرسوڕهێنەكانی لە مەلەكووتی خودای گەورەدا بینی. ویستو حیكمەتی خودای جیهانیان ئەوەیە كە یەكەم ووتەی سورەتەكە تەنێكی ئاسمانی بێت كە ئەستێرەیە (النجم) ئەویش یەكێك لە ئایەتە گەردوونیە دروستكراوەكانی پەروەردگارە، خودای باڵادەست بە كەوتن یا ئاوابوون یا تەقینەوە یا سوتانی ئەستێرە سوێند دەخوات، ئەمەش سوێندێكی زۆر گەورەیە گەر مرۆڤ، بیری لێبكاتەوە. ئایەتی دووەم بۆ ئەوە هات، تا خەڵكی ئەوسای مەككە كە قورئانیان لەناودا هاتۆتە خوارەوە, دڵنیا بكاتەوە، كە پێغەمبەر(د.خ) گومڕاو تێكچوو لاڕێ نەبووە، چونكە نێرراوی هەڵبژاردەی خودای موتەعالە، كەواتە هەر دەبێت ڕاست ببێژێتوهەواڵی ئەوە بدات كەبینیویەتیو ئەوەی بیستویەتی بیگێڕێتەوەو ئەوەش بگەیەنێت كە دەبێت بیگەیەنێت.
چۆن ئەو پێغەمبەرە(د.خ)گومڕاو لاڕێ دەبێت لە كاتێكدا كە ئەو ئەمینی كتێبی خودایە بۆ گشت خەڵكی، كە وەحی خودای باڵادەستە بۆ پێغەمبەرەكەی(د.خ) كە جبریل(علیە السلام) بۆی دەیخوێندەوە؟! “جبریل”یش (علیە السلام) ئەو خاوەن هێزە مەزنەیە، وە ئەو خاوەن جوانیو پاكیەیە [ذو مِرَّەٍ فَاسْتَۆی]النجم:6. واتە لەسەر شێوەی ڕاستینەی خۆی بۆ پێغەمبەر(د.خ) دەركەوت[ ۆهُۆ بِاڵاُفُقِ اڵاَعْڵی]النجم:,7 لێك نزیك بوونەوەو خەریك بووە بەریەك بكەون، بەڵام جبریل(علیە السلام) پێغەمبەری(د.خ) لە جێیەكدا كە مەلائیكە بۆیان نیە تێپەڕێنن، جێهێشتو پێی فەرمو گەر پێشكەویت(واتە ئەی پێغەمبەر(د.خ) تێدەپەڕیتو گەر پێش بكەوم دەسوتێم. وە دوای تێپەڕاندنی ئەو شوێنە خودای مەزن بە بەخشینو بەسەردا ڕژاندن تەجەلای بۆ پێغەمبەرەكەی(د.خ) كرد، وەڕاستەوخۆ نیگای بۆناردو، نوێژ بەو شێوە زانراوەی ئێستای لەوێدا بۆی نیگا كرد.
خودای كاربەجێ سوێند دەخوات كە ئەوەی پێغەمبەر(د.خ) دوای گەڕانەوەی لەو گەشتە باسی دەكات، ڕاستو تەواوەو درۆ نیە، چونكە ئەو پێغەمبەرە(د.خ) هەرگیز بە درێژایی ژیانی ناڕاستی نەگوتووە… پێغەمبەر(د.خ) نیشانە مەزنەكانی گەورەییو توانایی ڕەهای خودای جیهانیانی بینی.
لەگەڵ ئەوەشدا كە (إسراو ومعراج) لەهەمان شەودا ڕویانداوە، لە قورئاندا پێكەوە نەهاتوون، بەڵكو(إسراو) لە پێشد لە(سورەتی الإسراو)دا هاتووەو باسی (میعراج) بۆ سورەتی(النجم) دواكەوتووە، كە دوای سورەتی (الإسراو)ە لە ڕیزبەندی سورەتەكانی قورئانی پیرۆزدا.
ڕەنگە حیكمەتی ئەمە لەوەدابێت كە (ئیسرا) پێشەكی یە بۆ هەواڵدان بە(میعراج) كە گەشتی بەرزبوونەوەیەو خەڵكانی ئیمان لاواز لەكاتی بیستنی هەواڵەكەدا، لە دین وەرگەڕان، بەڵام ئیمان بەهێزان بەچەسپاوی لەسەری مانەوە.
ئەوانەی ئەمە بەڕاست نازانن، دیارە تێگەیشتنیان نیە، دەنا گەر مێژویان بخوێندایەتەوە، دەیانزانی پێش ئەم ڕوداوە ڕوداوی تر ڕویداوە، وەك ڕوداوی گواستنەوەی عەرشی بەڵقیس، لەچاوتروكانێكدا، لە یەمەنەوە بۆ شام, كەواتە چۆن گەشتی میعراج بەدرۆدەزانن؟ گەر وان مێژوویان بخوێندایەتەوە دەیانزانی پێشتر ڕوداوی وا ڕویداوە وەك: بەرزكردنەوەی ئیدریس پێغەمبەرو ئیلیاس پێغەمبەرو هەروەها بەرزكردنەوەی عیسا پێغەمبەر(سەلامی خوایان لێبێت) بۆ ئاسمان، ئەمانە هەموو ڕوداوی پێش بەرزكردنەوەی محمد پێغەمبەرن(د.خ).
ئەمە لەلایەكو لەلایەكی دیكەوە، ئەوانەی ئەم ڕووداوە بەڕاست نازانن، گەر مێژوویان بخوێندایەتەوە دەیانزانی كە نێردراوو پێغەمبەران موعجیزەو كاری دەراسا لەسەر دەستیان ڕویداوەو, خودای پەروەردگار یاساكانی سروشتو ڕێساكانی گەردونی بۆ وەستاندون و گۆڕیون، تا ئەوانە ببنە بەڵگەی ڕاستی بانگەوازەكەیان، نمونەش لەمجۆرە زۆرن، وەك ئاگرەكەی كە ئیبراهیم پێغەمبەر(علیەالسلام)یان فڕێیاندایە ناوی، بەڵام خودای پەروەردگار خەسڵەتی سوتاندنی تێدا وەستاندو ساردو بێزیان بوو بۆ ئیبراهیم پێغەمبەر، یان لەتكردنی زەریا بۆ موسا پێغەمبەر هەتاكو دەركەوتنی وشكانیو, پەڕینەوەی موسا پێغەمبەرو گەلەكەیو پاشان خنكاندنی فیرعەونو سوپاكەی، وە گۆڕینی گۆچانەكەی موسا پێغەمبەر بۆ مارێكی گەورە كە گوریسو گۆچانەكانی جادوگەرانی قوتداو, ئەوانیش یەكسەر بۆ ژیری گەڕانەوەو باوەڕیان هێناو بوونە شوێنكەوتەی موسا پێغەمبەر… وەیان ڕامكردنی دیاردە گەردونیەكان بۆ سولەیمان پێغەمبەر، هەروەها جنۆكەو باڵندەو ئاژەڵاو هی تریش… هەروا زیندوكردنەوەی مردو لەسەر دەستی عیسی پێغەمبەر… ئەمانە هەموو كاری موعجیزەو دەراسا بوون، خودای جیهانیان بۆ نێردراو پێغەمبەرانی خۆی (علیهم السلام) فەراهەم كردوون، تا خەڵكی باوەڕیان پێبهێننو شوێن ئەو ڕێنماییانە بكەون كە هێناویانن.
مەبەستو ئامانجەكانی “ئیسراو میعراج”
ئێمە كە قسە لە” میعراج” دەكەین، جگەلە گۆڕینی مادە بۆ وزەو بە پێچەوانەوە، مرۆڤـ هیچ شتێكی دانەهێناوە كە بەهۆیەوە نا موسڵمانەكان لە تێگەیشتنی ئەو ڕوداوە نزیك ببنەوە، لێرەدا ئەوە دووبارە دەكەینەوە
ئەگەر ئیسراو میعراج موعجیزەن، ئەوا بۆ بەرەنگاری-تحدی- نین بەڵام بۆ چەند مەبەستو ئامانجێك ڕویانداوە(فەراهەم هێنراون كە لێرەدا گرنگترینیان باسدەكەین:-
1– پێش ڕووداوی ئیسراو میعراج چەند بارێكی ناخۆش بەسەر پێغەمبەردا(د.خ) هات، جگەلەسەر سەختیو ئازاردانی لەلایەن كافرانو بەرەنگاری بانگەوازەكەی، پشتیوانێكی گەورەی لەدەست دا كە ئەبوتالیبی مامی بوو، هەروەها مرۆڤێكی ئازیزی تریشی لەدەستدا، كە ئەویش خەدیجەی خێزانی بوو، كە پشتو یارمەتیدەری بوو لەبەرگەگرتنی ناخۆشیو گرفتەكانی ڕێی بانگەوازە بەرزەكەیدا، هەردووكیان لەچەند ڕۆژێكی پێش ڕووداوی ئیسراو میعراج دا كۆچیان كرد، هەر بۆیە ئەو ساڵە بەساڵی ناخۆش(عام الحزن) ناونرا. لێرەوە نیعمەت پێدانی خوای گەورە بۆ بەندەو بێردراوەكەی” محمد(د.خ) بەو موعجیزە گەورەیە دەردەكەوێت، تا دڵنەوایی بكاتو ئازارو خەمەكانی لەسەر سوك بكات.
2- كاتێك ئیسراو هەروەها میعراج بەزاندنی سنوری كارە ئاساییەكانە كە خەڵك لەسەریان ڕاهاتوون. ئەوكات خەڵكی بە مانگێك لە مەككەوە دەچوون بۆ شامو مانگێكیشیان دەویست تا بگەڕێنەوە، بەڵام پێغەمبەر(د.خ) بەڕۆشتنو بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمانو هەروا گەڕانەوەشی، هەموو ئەمانەی لە كەمتر لە دوولەسەر سێی شەوێكدا ئەنجامداوە… دیارە ئەوە شتێكی سەرسوڕهێنەو تاقیكردنەوەی هەموو خەڵك بووە، بەتایبەتی ئەوانەی باوەڕیان بە پەیامەكەی هێنا بوو. ئێمان بەهێزان بەڕاستیان زانی، ئێمان لاوازانیش بە ناڕاستو هەندێكیشیان لە ئیسلام پاشگەز بوونەوە، بەو جۆرەش ڕیزی موسڵمانەكان پاك دەبێتەوەو ئەو موسڵمانانەی پەروەردگار بۆ كۆچ(هجرە) ئامادەیان دەكات كەسانی لەخواترسو پاڵفتەو بەهێزنو ویستیان پتەوە، چونكە كۆچ هەموو ئەو خەسڵەتانەی، پێویستە.
3- لەنێوان ئەو فەرمودانەی پێغەمبەر(د.خ) فەرمونی: ئەو كاتێك گەیشتە(بیت المقدس) هەموو پەیامبەرو نێردراوانی خودا لە دەروری كۆبونەوە، ڕیزبونو، پێغەمبەریان(د.خ) بۆ نوێژكردن پێشخست.. ئەوەش بە ئاهەنگێك دەژمێردرێت بەبۆنەی گواستنەوەی پێغەمبەرایەتیەوە بۆ كۆتا پێغەمبەرو نێردراو كە ئەویش محمدی كوڕی عبدالله یە(د.خ)، هەروا ئەوەش بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر جیهانی بوونی پەیامی ئیسلامیو، ئیسلام ئەو ئاینە گشتگیرەیە كە هەموو دەستورو بیروباوەڕە ئاسمانیەكانی پێش خۆی تێدایە، بۆیە كۆتا پەیامە كە خودای گەورە بۆ مرۆڤایەتی دابەزاندوە تاڕێنمایی وەربگرن، جیا لەوەش كۆبونەوەی پێغەمبەر(د.خ) لەگەڵ هەموو پەیامبەرو نێردراواندا(د.خ)و نوێژ بۆ كردنیان، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەموو دەستورە ئاسمانیەكان بۆ ئەنجامدانی یەك ئامانج هاتوون، ئەوەش پەرستنی خودای تەنهاو بێ هاوتایە.
4- بەرزبونەوەی پێغەمبەر(د.خ) لە (بیت المقدس)وە نەك لە مەككەوە، هەڵگری چەند نیشانەیەكە، یەكێیان فەرمانە بە بڵاوكردنەوەی ئیسلامو فراوانكردنی سنورەكەی، ئەوەش لەبەر ئەوەی ئیسلام دینێكی كۆتاو تەواوو گشتگیرە كە خودای جیهانیان ڕازی بووە كە ببێتە ئاینی هەموو خەڵك بە جیاوازی ڕەگەزو ڕەنگو نەتەوەو زمانەكانەوە.. هەروا فەرمانێكی شاراوەشی تێدایە بە لادانی ناكۆكی لە نێوان موسڵماناندا، بگرە فەرمان بە یەكگرتنو یەكبونی ئامانجمانی تێدایە.
5- واجب بوونی نوێژ لەسەر موسڵمانان لە گەشتی میعراج دا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی نوێژ پێوەندی بەندەو پەروەردگارە، واتە “نوێژ” میعراج ی موسڵمانە كە بە ڕۆح بۆلای پەروەردگاری بەرزدەبێتەوە، ئەو كاتەیە كە بەندە لەگەڵ پەروەردگاریدا موناجات دەكات.
كەواتە نوێژ ڕاگری دینە، ئەوی وازی لێبێنێتو فەرامۆشی بكات ئەوا ئاینی ڕماندوە.
لەكۆتاییدا: ئێمە توانای ئەژماردنی سودو چاكەكانی “ئیسراو میعراج” مان نیە، بەڵكو بەكورتی هێندەی خودای باڵادەست پێیدابین، ڕامانگەیاندووە، دەبێت جارێكی دی ئەوە دووپات بكرێتەوە كە موعجیزەی”ئیسراو میعراج” موعجیزەیەكە خودای گەورە تەحەددای مرۆڤی پێنەكردووە، چونكە مرۆڤـ هەرچەند توانایان بێتو ئاستی ژیریان بەرزبێتو پەرەیان بەداهێنراوەكانیان دابێت. هەرگیز بیریان لە هێنانی ڕووداوێكی وا نەكردۆتەوە..
بەڵكو ئەوە موعجیزەیەكە بۆ تاقیكردنەوەی هێزی عەقیدەو پاڵفتەكردنی دڵی بڕواداران، ئەوی ئیمانی بەهێز بێت بەڕاستی دەزانێتو ئەویش وانەبێت بە ناڕاستی دەزانێت…
بۆچوونهکان