منداڵ یه‌که‌مین خشتی بنیاتنانی مرۆڤی پێشکه‌وتووی داهاتووه.. هه‌ر ئه‌م منداڵه روحسووک و دڵپاک و چاوگه‌شانه‌ی ئه‌مڕۆمانن.. که له داهاتوودا ده‌بنه رابه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رکرده‌کانی گه‌له‌که‌مان.. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی راست و دروست په‌روه‌رده و رێنمایی و ئاراسته‌یان بکه‌ین.. ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌کانی پێشکه‌وتنیان بۆ دابین بکه‌ین.. زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ گه‌شه‌کردنی به‌هره و توانا و، بۆ حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانیان بڕه‌خسێنن.. ئه‌گه‌ر پاڵپشت و هانده‌ریان بین.. ئه‌گه‌ر دوور له کولتووری زه‌بر و توندوتیژی و چاوسوورکردنه‌وه، به هێمنی و به زمانێكی نه‌رم و شیرین له‌گه‌ڵیاندا بدوێین و.. به شێوه‌یه‌کی راست و دروستی په‌روه‌رده‌یی و زانستی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین.. بێگومان نه‌وه‌یه‌کی به‌هێز و دروستیان لێدێته کایه‌وه.. که متمانه و باوه‌ڕیان به خۆیان ده‌بێت و، له ئاستی به‌رپرسێتی و به‌ڕیوه‌بردن و سه‌رکردایه‌تیدا ده‌بن.. ده‌بنه نه‌وه‌یه‌کی هۆشیار و زرنگ و پێشکه‌وتووخواز.. که توانای داهێنان و به‌رهه‌مهێنان و، وه‌رگرتن و به‌خشینیان ده‌بێت.
پسپۆرانی بواری په‌روه‌رده، هه‌موو هاواڕان له باره‌ی گرنگی و هه‌ستیاریی قۆناخی منداڵی.. له دروست کردنی که‌سایه‌تی مرۆڤی داهاتوودا.
ئه‌گه‌ر به نابه‌ڵه‌دی و نادروستی و سه‌قه‌تی، منداڵه‌کانمان گۆش و په‌روه‌رده بکه‌ین و، ئاوڕیان لێ نه‌ده‌ینه‌وه و، بیان ده‌ینه ده‌ستی قه‌ده‌ر و چاره‌نووسێکی نادیاره‌وه.. هه‌ڵبه‌ت ئه‌نجامێکی خراپ و، داهاتوویه‌کی تاریک و، که‌سایه‌تی سه‌قه‌ت و بێ که‌ڵک و به‌دبه‌ختیان لێ دێته کایه‌وه.. ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی خراپیشیان له‌سه‌ر ژیانی تاک و گۆمه‌ڵگای کوردیمان ده‌بێت.. ئۆباڵ و گوناحی ئه‌م ئاکامه خراپه نه‌خوازراوه‌ش له ئه‌ستۆی هه‌موومان دایه.. چونکه کورد وته‌نی: (چی بچێنین.. ئه‌وه ده‌دوورینه‌وه..) وتراویشه: (شانازیی باخچه‌ی گوڵ گه‌ش و جوان.. بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونی باخچه‌وانه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه..)
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی باوکان و دایکان و مامۆستاکان.. نه‌بینه نموونه‌ی باشی و دروستی و راستی بۆ منداڵه‌کانمان.. که‌واته نابێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش له منداڵه‌کانمان بکه‌ین که به باشی و دروستی په‌روه‌رده ببن.. چونکه منداڵان تا راده‌یه‌ک چاولێکه‌رین و لاسایی گه‌وره‌کان ده‌که‌نه‌وه.. وه‌کو کورد ده‌ڵێ: " گه‌وره ئاو ده‌ڕێژێ و.. بچووکیش پێی تێ ده‌نێ.. "
دێینه سه‌ر سه‌رباسی بابه‌تی ئه‌مجاره‌مان.. منداڵی شه‌رمن و گۆشه‌گیر.
شه‌رم چییه..؟ به‌پێی قسه‌کانی شاره‌زایان و توێژێنه‌رانی شه‌رم کردنی مرۆڤ.. به‌م شێوه‌یه راڤه‌ی شه‌رم ده‌که‌ن: شه‌رم جورێکه له راڕایی و ترس و دوودڵیی کۆمه‌ڵایه‌تی، که ده‌بێته هۆی دروست بوونی هه‌ستێکی نێگه‌تیڤانه له نێوان دوو دڵی و پهشۆکاندا.. که‌سی شه‌رمن خۆی ته‌نگ به خۆی هه‌ڵده‌چنێ و تێکه‌ڵ به خه‌ڵکی نابێ و گۆشه‌گیر ده‌بێ.
هه‌ندێکی تر له شاره‌زایان، شه‌رم به نه‌خۆشییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی ده‌زانن، که به‌سه‌ر که‌سایه‌تی که‌سێکدا زاڵ ده‌بێ و، کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر بیر و هۆش و توانای داهێنانی ده‌بێ.. ناشتوانێ به باشی مامه‌ڵه و ره‌فتار له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی لێی ده‌ژی بکا.
که‌سانی زۆر شه‌رمن، که به‌جاری خۆیان پهراوێزدهکهن و تێکه‌ڵ به خه‌ڵكی و کۆمه‌ڵگا نابن.. به تایبه‌تیش سڵ له که‌سانێکی نامۆ ده‌که‌نه‌وه.. ئه‌م که‌سانه به (گۆشه‌گیر) ناوده‌برێن.
کۆمه‌ڵێکی تری توێژێنه‌ران، شه‌رم به هه‌ستێکی جیهانی ده‌زانن.. که پێویسته هه‌موو مرۆڤێک، ئه‌گه‌ر بۆ جارێکیش بێت.. له هه‌ڵوێستێکدا تاقی بکاته‌وه.
زۆرترین شه‌رم و، مه‌ترسیدارترین شه‌رم.. ئه‌و شهرمانهن که تووشی منداڵان ده‌بن.. له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه، که دایکان و باوکان هه‌ست به‌م کێشه‌یه نه‌که‌ن، یا به هه‌ندی نه‌زانن و گوێی پێ نه‌ده‌ن.
شه‌رمی منداڵان
منداڵان له قۆناخه‌کانی گه‌شه‌کردندا، به تایبه‌تیش له ساڵی یه‌که‌مدا، به سروشتی شه‌رم ده‌که‌ن، به زۆریش له که‌سانێکی نامۆ.. له ساڵه‌کانی دواتریشدا.. به رێژه‌یه‌کی جیاواز شه‌رم ده‌که‌ن.. تا زیاتریش ئاشنای ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ببن.. زیاتر ده‌گونجێن و که‌یی ده‌بنه‌وه و روویان ده‌کرێته‌وه و شه‌رمیان نامێنێت.
هه‌ندێ له منداڵان به سروشتی زۆر هه‌ستیارن و پتر تووشی شه‌رم ده‌بن.. که‌چی هه‌ندێ له منداڵانی تر هه‌ر له قۆناخی منداڵی‌دا، کراوه‌ن و کۆمه‌ڵایه‌تین.. ده‌توانین به ئاسانی ئه‌م جیاوازییه به‌دی بکه‌ین.. منداڵی کۆمه‌ڵایه‌تی، که که‌سانێکی نامۆ ده‌بینێ زه‌رده‌خه‌نه ده‌کا و، رووی خۆی خۆش ده‌کا و، هه‌ندێ جموجووڵی سه‌یر ده‌کا، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئه‌و که‌سانه به لای خۆێدا رابکێشێ.. که‌چی منداڵی شه‌رمن، که میوانێکی نه‌ناسراو، یا که‌سانێکی نامۆ ده‌بینێ.. ده‌ترسێ و راده‌کا بۆ باوه‌شی دایکی و، له سه‌ر سنگی دایکیدا، ده‌موچاوی خۆی ده‌شارێته‌وه، تا ئه‌و که‌سانه نه‌یبینن یا نه‌یان بینێ.
بێگومان منداڵی شه‌رمن، ده‌بێته کێشه بۆ خۆی و، بۆ خێزانه‌که‌ی و بۆ که‌سوکاریشی.. چونکه ناتوانێ به باشی ره‌فتار بکا و، ناشتوانێ به ئاسانی تێکه‌ڵ به هاوڕێ و کۆمه‌ڵ ببێت.. له‌وانه‌شه تووشی گۆشه‌گیری خه‌مۆکی ببێت.. گه‌لێ له هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کانی ژیانیشی له‌ده‌ست ده‌دا، که ده‌کرێ بیان قۆزێتهوه.. له‌وانه‌شه شه‌رم ببێته کێشه و گرێیه‌کی ده‌روونی و، به درێژایی ژیانی ئه‌و که‌سه لێی نه‌بێته‌وه.. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، که شه‌رم کردن سیمایه‌کی که‌سایه‌تییه و، خه‌وشێکی ره‌وشتی نییه.. ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری پێویست بۆ هۆیه‌کانی بکه‌ین.. نابێته پاشکۆی هه‌میشه‌ی مرۆڤ و لێی ده‌بێته‌وه.. چه‌ندین منداڵ که منداڵی شه‌رمن بوون.. به‌ڵام دوایی به‌ره‌به‌ره روویان کراوه‌ته‌وه و شه‌رمیان نه‌ماوه.
نیشانه‌کانی شه‌رمی منداڵان
نیشانه‌کانی شه‌رم زۆرن.. ئه‌مانه هه‌ندێ له نیشانه‌کانی شه‌رمی منداڵانن:
1ـ منداڵی شه‌رمن، که رووبه‌ڕووی که‌سانێکی نامۆ، یان مامۆستاکانی ده‌بێته‌وه شه‌رم ده‌کا و دهشهڵهژێ و.. ده‌موچاوی سوور
2 ـ له‌گه‌ڵ که‌سانی نامۆ و میوانی نه‌ناسراودا ته‌وقه ناکا.. له‌وانه‌یه له رووشی نه‌یا بێت به‌خێرهاتنیان بکا.. له شه‌رما ده‌چێته ژوورێکه‌وه و نایه‌ته ده‌ره‌وه.
3 ـ ئه‌و توانا و ئازایه‌تییه‌ی نییه.. که به ئاسنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا ببه‌ستێ.. به تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ منداڵانی هاوته‌مه‌نی خۆیدا.
4 ـ دوودڵه و ده‌ترسێ.. هه‌ست به ئاسووده‌یی و ئارامی و دڵنیایی ناکا.
5 ـ منداڵی شه‌رمن، که قسه له‌گه‌ڵ یه‌کێکدا ده‌کات به تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ که‌سێکی نامۆدا یان له‌گه‌ڵ مامۆستاکانیدا.. شه‌رم ده‌کا و به باشی قسه‌کانی بۆ نایه‌ن.. یا ده‌می تێک دهئاڵی و، لێدانی دڵی زیاد ده‌کا و، ده‌سته‌کانی ده‌له‌رزن.. هه‌ندێ جار ئاره‌قیش ده‌کا و، تفی خۆی قووت ده‌دا.. له کاتی قسه‌کردنیشدا چاو نابڕێته چاوی به‌رانبه‌ره‌که‌ی.
6 ـ حه‌ز به کۆگردی ناکا و.. له ماڵ ناچێته ده‌ره‌وه بۆ یاری کردن له‌گه‌ڵ منداڵانی تردا.. حه‌زی به ته‌ریکی و گۆشه‌گیرییه.
7 ـ هۆگری وه‌رزش و چالاکییه ههمهجورهکانی قوتابخانه‌که‌ی نییه و به‌شداریش له (تیپی سروود، شانۆ، تۆپێن، موزیک... هتد) ناکا.. ئه‌گه‌ر به‌شداریش بکات خاوه و شه‌رم ده‌کا و، به هه‌موو حه‌ز و توانایه‌کییه‌وه به‌شداری ناکا.
8 ـ له قوتابخانه‌دا، له کاتی پشووی نێوان وانه‌کاندا.. یا له پۆلدا ده‌مێنێته‌وه.. یا ده‌چێته گۆشه و په‌نایه‌کی قوتابخانه‌که‌ی و.. تێكه‌ڵ به قوتابییه‌کان نابێ.
9 ـ له تاقی کردنه‌وه‌کانی خوێندندا.. حه‌ز ده‌کات به نووسین تاقی کردنه‌وه‌کان بکات.. شه‌رم ده‌کا و ده‌ترسێ له‌وه‌ی، که راسته‌وخۆ و رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ مامۆستکانیدا دابنیشێ یا راوه‌ستی و، وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیان بداته‌وه.. بۆیه حه‌زی له تاقی کردنه‌وه‌کانی زاری نییه.
10ـ ئه‌و ئازایه‌تییه ئه‌ده‌بییه‌شی نییه، که ئه‌وانه‌ی نایانزانێ.. له پۆلدا له مامۆستاکانی بپرسێ.. به ده‌گمه‌نیش به‌شداری له دیالۆک و گفتوگۆکان ده‌کا.. حه‌زیش ناکا مامۆستا پرسیای لێ بکا.. یا بۆ سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش هه‌ڵی بستێنێ.. یا له به‌رده‌م قوتابییه‌کانی پۆله‌که‌یدا رای بگرێ.
11ـ زۆر جار که میوانی نامۆیان دێ.. به هه‌ردوو ده‌ستی چاوی خۆی ده‌گرێ.. یا گوێیه‌کانی ده‌گرێ.. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یان بێنی و گوێی له ده‌نگیان نه‌بێ.. چونکه وا هه‌ست ده‌کا که سه‌رنجی ده‌ده‌ن و ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرن.
12ـ که یه‌کێک پرسیارێکی لێ بکا.. به کورتی و به ده‌نگێکی نزم وه‌ڵامی ده‌داته‌وه.. زۆر جار ته‌نها به " به‌ڵێ " یان " نا " وه‌ڵام ده‌داته‌وه.. له‌وه ده‌ترسێ، که به‌هه‌ڵه وه‌ڵام بداته‌وه و شه‌رمه‌زار بێ.
13ـ که جلوبه‌رگێکی تازه له‌به‌ر بکا.. یا سه‌ری بتاشێ، قژی ببڕێ.. شه‌رم ده‌کا.. واهه‌ست ده‌کا که جله تازه‌که‌ی لێ نایه، یا جوان ته‌راش نه‌کراوه و.. خه‌ڵکی سه‌رنجی ده‌ده‌ن و گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن.
14ـ به‌شداری له زۆربه‌ی چالاکی و خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ناکا وه‌کو (شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ، چه‌پڵه‌لێدان، ئاهه‌نگی جه‌ژنی له دایک بوون، سروود و گۆرانی، و سه‌یرا ن و گه‌ڕان، به‌زم و ره‌زم و،...).
15ـ شێوازی به هه‌ڵه په‌روه‌رده‌کردنی، له لایه‌ن دایک و باوکییه‌وه، که زۆر وشه‌ی (شووره‌ییه) له رووی ده‌ده‌ن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کیژۆڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کوڕێکدا ببینن، که پێکه‌وه قسه یا یاری ده‌که‌ن.. یه‌کسه‌ر سه‌رزه‌نشتی ده‌که‌ن که ئه‌مه (شووره‌ییه) و نابێ دووباره‌ی بکاته‌وه و.. ده‌بێ له‌گه‌ڵ کچاندا یاری بكا.
16ـ ده‌توانین له میانه‌ی ئه‌و وێنانه‌ی که دهیانکێشێ.. منداڵی شه‌رمن بناسین.. بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر وێنه‌ی خانوویه‌ک بکێشێ.. له گۆشه‌یه‌کی لاپه‌ڕه‌ی ده‌فته‌ری وێنه‌کێشانه‌که‌یدا به بچووکی ده‌یكێشێ.. ده‌رگا و په‌نجه‌ره بۆ خانووه‌که ناکا.. ره‌نگاوڕه‌نگیشی ناکا، یا ره‌نگی که‌م به کار ده‌هێنێ.. ئه‌م نیشانه‌یه‌ش هه‌موو منداڵێکی شه‌رمن ناگرێته‌وه.. منداڵی واهه‌یه شه‌رمنه و وێنه‌کێشێکی باشه.
17ـ که گوزارشت له خۆشیش بکا.. زه‌ده‌خه‌نه ده‌کا و.. زۆر که‌م پێ ده‌که‌نێ.
هۆیه‌کانی شه‌رمی منداڵان
زۆر به کورتی و به چڕی، له‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه‌دا، باس له گرنگترین هۆیه‌کانی شه‌رمی منداڵان ده‌که‌ین:
1ـ شه‌رمی زکماکی، یه‌کێکه له هۆیه سه‌ره‌کییه‌کانی شه‌رمی منداڵان، منداڵ هه‌ر له‌دایک ده‌بێت شه‌رمنه.. هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که دایکی یا باوکی یا هه‌ردووکیان شه‌رمنن.. ئه‌م خهسڵهتهشیان ده‌گوازرێته‌وه بۆ منداڵه‌کانیان.. پزیشکه دهروونناسییهکانیش به شێوه‌یه‌کی زانستی و به به‌ڵگه و به‌راوردکردنه‌وه ئه‌م راستییه ده‌سه‌لمێنن.
2ـ ئه‌و منداڵانه‌ی به هۆی که‌م ده‌رامه‌تی خێزانییه‌وه، رووبه‌ڕووی نه‌بوونی ده‌بنه‌وه.. وه‌کو منداڵانی هه‌بووه‌کان، پۆشته و تێر و ته‌سه‌ل و نازدار ناژین و.. وه‌کو ئه‌وان پێداویستییه‌کانیان بۆ دابین نه‌کراوه.. وه‌کو ئه‌وانیش دڵخۆش و.. به‌خته‌وه‌ر نین.. که خۆیان به‌راورد به‌و منداڵانه ده‌که‌ن.. له رووی جلوبه‌رگ و خۆراک و جێی نووستن و چاره‌سه‌ری پزیشکی و، خه‌رجی و خه‌رجکردنیان..
دڵیان به خۆیان ده‌سووتێ و، هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن که له‌و هاوڕێیانه‌یان که‌مترن.. شه‌رم ده‌که‌ن که لێیان نێزگ ببنه‌وه و تێکه‌ڵیان ببن.
3ـ نابه‌ڵه‌دیی دایکان و باوکان و، شێوازی نادروستییان له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا كه رێزێکی ئه‌وتۆ له که‌سایه‌تی منداڵه‌کانیان ناگرن.. ده‌یانه‌وێ به توندوتیژی و، به چاوسوورکردنه‌وه هه‌موو شتێک به‌سه‌ر منداڵه‌کانیاندا بسه‌پێنن.. بیر له‌وه ناکه‌نه‌وه که سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ ئه‌و سه‌رده‌مه نییه که ئه‌وان تیا ژیاون.. به قسه‌ی زه‌ق و ره‌ق و ناشیرین و ره‌خنه و لۆمه رووشکێنیان ده‌که‌ن.. بێگومان ئه‌م قسه ناشایستانه کار له منداڵان ده‌که‌ن.. به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له به‌رده‌م هاوڕێکانیاندا پێیان بوترێ.
4 ـ پاراستن و چاودێری پتر له پێویستی منداڵان له لایه‌ن دایک و باوکیانه‌وه، له ترسی ئه‌وه‌ی تووشی هاوڕێی خراپ نه‌بن و، گوێیان له قسه‌ی سوک و چرووک نه‌بێ و، خووی ناشیرین و قێزه‌وه‌ن فێرنه‌بن.. راسته که چاودێری و ئاگاداریی منداڵان پێویسته.. به‌ڵام زیاده‌ڕۆیی.. وا له منداڵان ده‌کا که باوه‌ڕیان به خۆیان نه‌بێ و.. شه‌رم ده‌که‌ن و گۆشه‌گیر ده‌بن و، به گومان و دوودڵییه‌وه له مندڵانی تر ده‌ڕوانن.. شوێنی دڵنیاییش بۆ ئه‌وان ته‌نها ماڵه‌وه و په‌نای دایک و باوکیانه.
5 ـ به‌ناز به‌خێوکردنی منداڵ و، نازپێدانی زیاد له پێویست له لایه‌ن دایک و باوکییه‌وه.. بۆ نموونه هه‌موو شتێکی لێ ده‌که‌ن به (بڤه‌یه).. نایه‌ڵن خۆی ماندوو بکا و، ئه‌و کارانه بکا که ده‌توانێ بیان کا، یا خۆی تاقی بکاته‌وه له کردنیاندا.. هه‌موو داخوزییهکانیشی بۆ دابین ده‌که‌ن.. ئه‌م زیاد ناز پێدانه، وا له منداڵ ده‌کا که پشت به خۆی نه‌به‌ستێ.. کاتێ که هاوڕێکانی ده‌بینێ زۆر کاریان له ده‌ست دێ.. له به‌رده‌میاندا راده‌مێنێ و شه‌رم له خۆی ده‌کا و ته‌ریق ده‌بێته‌وه که ئه‌م ده‌سته‌وستانه و، ته‌نها سه‌یریان ده‌کا.
له لایه‌کی که‌شه‌وه، گوایه ئه‌م دایک و باوکانه منداڵه‌کانی خۆیان زۆر خۆش ده‌وێ، چاوپۆشی له هه‌ڵه‌کانیان ده‌که‌ن.. سه‌رزه‌نشتیان ناکه‌ن و.. سزاشیان ناده‌ن.. هه‌موو ئه‌م هه‌ڵوێستانه به زیانی ئه‌و منداڵه شه‌رمنانه ده‌شکێنه‌وه.
بۆ نموونه منداڵێکی به‌ناز به خێوکراو.. ئه‌گه‌ر له شوێنێکی تردا، داوی شتێ بکا و بۆێ نه‌که‌ن.. شه‌رم ده‌کا و ته‌ریق ده‌بێته‌وه.. چونکه هه‌موو شوێنێ ماڵێ خۆیان نییه و.. هه‌موو که‌سێکیش وکو دایکی و باوکی نازی راناگرن.
6 ـ بایه‌خ نه‌دان و پشتگوێ خستنی منداڵ و لێ نه‌پرسینه‌وه‌ی، که ئه‌مه‌یان به پێچه‌وانه‌ی خاڵی پێنجهمهوهیه.. ئه‌م منداڵه وا هه‌ست ده‌کا، بێ که‌سه و که‌س خۆشی ناوێ و، که‌سیش بایه‌خی پێ نادا و شایانی رێزگرتن نییه.. ئه‌م هه‌ست کردنه‌ش وا له منداڵ ده‌کا، بڕوا و متمانه‌ی به خۆی نه‌بێ و.. گۆشه‌گیر ده‌بێ و شه‌رم ده‌کا که تێکه‌ڵی منداڵانی تر ببێ.
7 ـ گاڵته پێ کردن و توانج لێ گرتن و ته‌ریق کردنه‌وه و شه‌رمه‌زارکردنی منداڵ. که قسه‌یه‌ک بکا و قسه‌کانی به دڵی گه‌وره‌کان نه‌بێ.. لێی توڕه ده‌بن و قسه‌که‌ی پێ ده‌بڕن و، گاڵته‌شی پێ ده‌که‌ن و پێی پێ ده‌که‌نن.. بۆ نموونه پێی ده‌ڵێن:
(فڵته‌فڵت مه‌که، له‌وچه له‌وچ مه‌که، چه‌نه‌بازی مه‌که. یا ده‌مت داخه،...)
به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه له‌به‌رچاوبگرن، که منداڵه و، زمانێکی منداڵانه‌ی هه‌یه..
راڵف بۆس ده‌ڵێ: " تا ته‌مه‌نی سیانزه ساڵیم وام ده‌زانی که ناوم ده‌مت داخه‌یه "
8 ـ ئه‌و منداڵانه‌ی له سۆز و خۆشه‌ویستی دایک و باوکیان بێ به‌شن (مردوون، یا له یه‌کتری جیابوونه‌ته‌وه).. کزۆڵه و مات و مه‌لوول و ههناسهساردن.. به زۆری شه‌رمن و گۆشه‌گیرن.
9 ـ زیاد نازدان به منداڵی تاقانه.. یا کوڕێک له نێوان چه‌ند خوشکێکدا.. یا خوشکێک له نێوان چه‌ند برایه‌کدا.. زیاده‌ڕۆیی له نازپێدان و خۆشه‌ویستی.. منداڵ شه‌رمن و گۆشه‌گیر و خۆپه‌رست ده‌کات.
10ـ هه‌ست نه‌کردنی منداڵ به ئاسووده‌یی و دڵنییای.. وا له منداڵ ده‌کا که متمانه‌ی به خۆی نه‌بێ و، ئازایه‌تی ئه‌نجامدانی کاری سه‌رکێشی نه‌بێ.
11ـ رێبازی سه‌قه‌تی سسته‌می فێرکردن.. تا ئه‌مڕۆش له زۆربه‌ی قوتابخانه‌کانی کوردستاندا، په‌یڕه‌ویی سسته‌می سه‌د ساڵ پێش ئێستا ده‌که‌ن.. به ته‌ڵقین کردن و تووتی فێرکردن منداڵان فێرده‌که‌ن.. وا له منداڵان ده‌که‌ن ته‌نها گوێ بگرن و وه‌ربگرن و، قسه‌کانی مامۆستاکانیان دووباره بکه‌نه‌وه.. رێک دابنیشن و نه‌جووڵێنه‌وه.. ئه‌م سسته‌م و رێبازه کۆنه ، زۆر له رۆڵ و تواناکانی منداڵان که‌م ده‌کاته‌وه.. به درێژایی وانه‌کان، هه‌ر مامۆستاکانن ته‌وه‌ره‌ی سه‌رکین و.. هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ و ده‌مه‌ته‌قێ و پرسیار و وه‌ڵام و دیالۆگ ناهێڵنه‌وه.. منداڵان وه‌رست و بێزار ده‌بن.. بواریان بۆ نامێنێته‌وه که له رێی گفتوگۆ و پرسیارکردن و وه‌ڵامدانه‌وه گوزارشت له توانا و بۆچوونه‌کانی خویان بکه‌ن و.. ترس و شه‌رمی خۆیان بشکێنن.. زۆربه‌ی مامۆستاکان گوێ به ره‌چاوکردنی جیاوازی تاکیش له رووی زیره‌کی و زه‌ین و هۆش و که‌مئه‌ندامیی جه‌سته‌ییه‌وه ناده‌ن.. وه‌ک یه‌ک له ئاستی توانای منداڵان ده‌ڕوانن.. به داخه‌وه یارمه‌تییه‌کی ئه‌وتۆ به منداڵی پێویست به یارمه‌تی ناده‌ن.
12ـ مامه‌ڵه نه‌کردنی دروستی ده‌ق گرتووی مامناوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵدا، له لایه‌ن دایک و باوکییه‌وه.. یا زۆر خۆشیان ده‌وێ و زۆر به ده‌وریا دێن و، زیاد له پێویست نازی پێ ده‌به‌خشن و.. زۆر نه‌رم و رووخۆش ده‌بن له‌گه‌ڵیدا و.. رۆژی سه‌د جار به ساقه‌ی ده‌بن.. که‌چی جاری واش هه‌یه به پێچه‌وانه‌وه، زۆر به توندوتیژی و به ره‌قی و به زه‌قی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و روویان لێی گرژدهکهن.. یا به جارێ پشتگوێی ده‌خه‌ن.. ئه‌م شیوازه مامه‌ڵه‌کردنه ناگیره.. منداڵ تووشی شۆک و دڵه‌ڕاوکی و بێ باوه‌ڕی و شه‌رم ده‌کا.
13ـ له روودانی هه‌ندێ ده‌سته‌واژه‌ی زه‌قی نه‌گونجاو به منداڵان.. بۆ نموونه:
(ژنت بۆ ده‌هێنم، ده‌تده‌م به شوو،...) ئه‌و منداڵانه‌ی که ئه‌م جۆره قسانه‌یان له روودهدرێ شه‌رم ده‌که‌ن و ته‌ریق ده‌بنه‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌و جێیه به‌جێ بهێڵن.
14ـ که‌مئه‌ندامی، وه‌کو: (شه‌ل و گۆجی، که‌ڕی، لاڵی، نابینایی، کورته‌باڵایی، لاوازی و قه‌ڵه‌وی، یا هه‌ست کردنی به‌وه‌ی که جوان نییه، لووتی ناشیرینه، یا چاوی یا گوێی یا لێوه‌کانی وان، یا گه‌نم ره‌نگه، ره‌ش پێسته،... هتد) هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه ئه‌وه‌ی لا دروست ده‌که‌ن.. که ناته‌وه و خۆێ له هاوڕێکانی به که‌متر ده‌زانێ.. بۆیه شه‌رم ده‌کا و گۆشه‌گیر ده‌بێ.. هێنده‌ش تێکه‌ڵ به منداڵان نابێ.. له‌وه ده‌ترسێ و شه‌رم ده‌کا، که به سووکه‌وه لێی بڕوانن و به ناوی که‌مئه‌ندامییه‌که‌یه‌وه ناوی به‌رن.. بۆ نموونه: (فڵانه کوێر، فڵانه شه‌ل، فڵانه درێژ، فڵانه لووته، فڵانه ره‌ش، فڵانه قه‌ڵه‌و،... هتد)
15ـ ناکۆکی و شه‌ڕی نێوان دایک و باوک و، ئاژاوه‌ی خێزانی.. منداڵێک له سایه‌ی خێزانێکی ناته‌بای وادا گه‌وره‌بێ.. هه‌ست به ژینگه‌یه‌کی ئاسووده و به ئارامی و شادی و به به‌خته‌وه‌ری ناکا و.. دووچاری شه‌رم و ترس ده‌بێ و.. کاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی خراپی له ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتووشیدا ده‌بێت.
16ـ زیاده‌ڕۆیی له چاودێری و تیشک خستنه‌سه‌ر منداڵ، له‌لایه‌ن مامۆستاکان و گه‌وره‌کانه‌وه.. منداڵ تووشی شه‌رم و ترس و نا ئارامی و نا ئازادی ده‌کا.
17ـ شه‌رم کردن، منداڵ تووشی ته‌نگه‌ژه و پاڵه‌په‌ستۆی ده‌روونی و، کێشه‌ی فسیۆلۆژی ده‌کا.. وه‌کو: سه‌ر ئێشه، سک ئێشه، هه‌ناسه سواری، نهرمهکۆکه، دڵه‌خورپێ، بێزاری، که‌م خواردن.
18ـ منداڵی شه‌رمن، هه‌ر به هۆی شه‌رمکردنه‌وه، رقی له قوتابخانه‌یه، چونکه بۆ ئه‌و شوێنی ترس و نائارامی و شه‌رمه‌زارییه.
19ـ به‌راوردکردنی منداڵ، له لایه‌ن دایک و باوکی و مامۆستاکانییه‌وه، به منداڵانی له‌و زیره‌کتر و پشکهوتووتر و به‌خته‌وه‌رتر هه‌ڵه‌یه و.. کار ده‌کاته سه‌ر ده‌روونی منداڵ و، تووشی شه‌رم و خۆبهکهمترزانین له‌و منداڵانه ده‌کا.
20 ـ زۆر ره‌خنه لێ گرتن و، زۆر لێپێچینه‌وه و، زۆر لۆمه‌کردن و، زۆر ته‌ریق کردنه‌وه و، زۆر تووڕه‌بوون لێی به تایبه‌تیش له به‌رده‌می هاوڕێکانیدا.. منداڵ تووشی شه‌رم ده‌بێ و.. ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست ده‌بێ که ناتوانێت کارێکی راست و باش بکا.. هه‌میشه له‌وه شه‌رم ده‌کا و دوودڵه، که کارێکی هه‌ڵه بکا و ره‌خنه‌ی لێ بگرن، یا پێی پێ بکه‌نن و توانجی لێ بده‌ن و شه‌رمه‌زاری بکه‌ن.
21ـ ئه‌و منداڵانه‌ی، که زۆر شوێنی نیشته‌جێ بوونیان ده‌گۆڕێ و.. تێکه‌ڵ به کۆمه‌ڵێک منداڵی نامۆ و نه‌سراو و، رووبه‌ڕووی مامۆستایانی تازه ده‌بنه‌وه.. شه‌رم ده‌که‌ن و ده‌ترسن.. ره‌نگه ئه‌مه‌یان شه‌رمێکی کاتی بێ و نه‌مێنێ.
چاره‌سه‌رکردنی شه‌رمی منداڵان
ئه‌و چاره‌سه‌ر و پێویستییانه چین.. بۆ ئه‌وه‌ی منداڵی شه‌رمن و گۆشه‌گیر بکه‌ن به مندالێکی ئاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی.. زۆر به کورتی له‌م خاڵانه‌دا باسی چۆنییه‌تی چاره‌سه‌رکردنی منداڵانی شه‌رمن ده‌که‌ین:
1ـ پێویسته جۆری ئه‌و شه‌رم کردنه بزانن که توشی منداڵه‌که‌تان بووه.. شه‌رمی تێکه‌ڵبوونه له‌گه‌ڵ که‌سانی نامۆدا، شه‌رمی به‌شداری کردنه له چالاکییه‌کانی پۆل و قوتابخانهکهیهیدا، شه‌رمی ترسی به‌شداربوونه له چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، شه‌رمی پۆشینی جلوبه‌رگی تازه‌یه، شه‌رمی ترسی قسه به هه‌ڵه‌کردنه به ته‌له‌فۆن، شه‌رمی خوێندنه‌وه‌یه له پۆلدا، شه‌رمی خۆبه‌که‌مزانینه،... هتد.
2 ـ به هیچ کلۆجێک نابێت دایک و باوک و مامۆستاکان، به منداڵی شه‌رمن بڵێن تۆ (شه‌رمن) ی، لای خه‌ڵکیش باسی شه‌رمکردنی مه‌که‌ن.
تۆژینه‌وه‌کانی تۆژێنه‌ران، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن.. خستنه پاڵی ئه‌م جۆره وشانه: (شه‌رمنۆک، گه‌مژه، لاسار، بێ ده‌سه‌ڵات، ترسنۆک، بێ که‌ڵک، ته‌مه‌ڵ، دهمردوو، گه‌لحۆ، خوێڕی،... هتد) کاردانه‌وه‌یه‌کی خراپیان له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روونی منداڵی شه‌رمن ده‌بێت و، شه‌رمنتر و گۆشه‌گیرتر ده‌بێت.
3 ـ پێویسته دایکان و باوکان و مامۆستایان، ببنه پێشه‌نگ و نموونه‌ی باشی کۆمه‌ڵایه‌تی و، خووجوانی و ره‌وشت به‌رزی.. چونکه منداڵان چاولێکه‌ر و لاساییکه‌ره‌وه‌ن، له ئه‌مانه‌وه گه‌لێ شت وه‌رده‌گرن و فێرده‌بن.. له‌م رووه‌شه‌وه پسپۆرانی په‌روه‌ده، ئامۆژگاریی دایکان و باوکان ده‌که‌ن، که په‌یڕه‌وی و به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و جۆره ره‌وشته کۆمه‌ڵایه‌تییانه بکه‌ن.. که منداڵه‌کانیان به‌ره‌و کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وشه‌رم نه‌کردن و تێکه‌ڵبوون ده‌به‌ن.. بۆ نموونه: با له
ئێوه‌وه فێربن و چاوتان لێ بکه‌ن، که به که‌سانێک ده‌گه‌ن، ده‌ست پێشکهربن له (رۆژتان باش) یا (ئه‌م کاته‌تان باش).. وا رابهێنرێن که به روویه‌کی گه‌ش و خۆشه‌وه، به زمانێکی نه‌رم و شیرینه‌وه پێشوازی له میوانان بکه‌ن و به گه‌رمی به‌خێرهاتنیان بکه‌ن.. به‌شداری له گفتوگۆ بکه‌ن و.. قسه به‌که‌س نه‌بڕن و، به هێمنی و به دروستی، داکۆکی له را و له بۆچوونه‌کانی خۆیان بکه‌ن.. ئه‌م جۆره هه‌نگاوانه باشانه.. گیانی به‌شداری کردن و له‌یه‌ک نێزگبوونهوه و تێکه‌ڵبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی، له بیر وهه‌ستی منداڵانی شه‌رمن و گۆشه‌گیردا ده‌ڕوێنێ.
4 ـ پێویست دایک و باوک یارمه‌تیی منداڵه‌که‌یان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به باشی له خۆی بڕوانێ و خۆی به‌که‌م نه‌زانێ، چونکه منداڵی شه‌رمن، متمانه و باوه‌ڕی به توانی خۆی نییه.. له‌وه ده‌ترسێ که له هه‌وڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا شکستی بهێنێ و ره‌تی بکه‌نه‌وه.
رۆڵی دایک و باوک و مامۆستاکان له‌م رووه‌وه، ئه‌وه‌یه که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ن، که شکستهێنانی جارێ یا دوو جار، کۆتایی ژیان و جیهان نییه.. به‌ڵکو رێگه‌یه‌که بۆ باوه‌ڕ به‌خۆبوون و درێژه‌دان به تێکۆشان و سه‌رکه‌وتن، پێویسته مرۆڤ له هه‌ڵه و له شکستییه‌کانی خۆی وانه و په‌ند وه‌ربگڕی و، راستیان بکاته‌وه.. ده‌توانن نموونه‌ی زیندووی میژووی چه‌ندین گه‌وره و کهڵهناودارنی جیهانیان بۆ بگێڕنه‌وه.. که هه‌رده‌م بێ هیوا نه‌بوونه و، له سایه‌ی بڕوایه‌کی به‌هێز و ئیراده‌یه‌کی پۆڵایین و کۆڵنه‌داندا، دوای چه‌ندین شکستی و.. له دوای چه‌ندین که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه.. توانیویانه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.
5 ـ نابێ دایک و باوک، له به‌رده‌م هاوڕێکانی و خه‌ڵکی تردا، له منداڵه‌که‌یان گرژ و توڕه ببن و، ره‌خنه‌ی لێ بگرن و سه‌رزه‌نشت و لۆمه‌ی بکه‌ن و، قسه‌ی زه‌ق و ره‌قی پێ بڵێن و هه‌ستی ئازاربده‌ن.. به‌ڵکو ده‌کرێ به شێوه‌یه‌کی راست و دروست وای لێ بکه‌ن که‌خۆی هه‌ست به هه‌ڵه‌کانی بکا و، لێیان په‌شیمان بێته‌وه و داوای لێبووردن بکا و، راستیان بکاته‌وه.
6 ـ یارمه‌تیی منداڵه‌که‌تان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی جار له دوای جار باشتر به لای باشیدا بگۆڕێت.. فشاریش مخهنه سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی کارێک بکا، که له توانای ئه‌ودا نییه، یا حه‌زی له‌و کاره نییه و، نه توانین و ئه‌نجام نه‌دانی ئه‌و کاره، ببێته هۆی شه‌رمه‌زاری و ته‌ریق بوونه‌وه‌ی .
له‌گه‌ڵیدا به‌و هه‌نگاوانه‌ش ده‌ست پێ بکه‌ن، که که‌متر رامان و دامانی ده‌که‌ن.. بۆ نموونه: هانی بده‌ن به زه‌ده‌خه‌نه و به رووخۆشییه‌وه پێشوازی و به‌خێرهاتنی میوانان بکا.. ئه‌گه‌ر له جاری یه‌که‌مدا شه‌رم بکا و، ئاره‌زووی قسه‌کردن و، دانیشتنی له‌گه‌ڵیاندا نه‌بێ، زۆری لێ مه‌که‌ن.. بابمێنێت بۆ جاری دووه‌م و جاری سێیه‌م.. به‌م شێوه‌یه هێدی هێدی شه‌رمی ده‌شکێ و رووی ده‌کرێته‌وه و، تێکه‌ڵ ده‌بێت و، له‌گه‌ڵ باری کۆمه‌ڵایه‌تیدا رادێ و ئاسایی ده‌بێته‌وه.
7 ـ منداڵه‌که‌تان هان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه به به‌هره و توانا و به حه‌ز و به ئاره‌زووه‌کانی بکا.. ئاره‌زووه‌کانی خۆتان مه‌سه‌پێنن به سه‌ریدا.. یارمه‌تیی ئه‌وه‌ی بده‌ن، که به‌سه‌ر هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانین و بێ ده‌سه‌ڵاتیدا زاڵ بێت.
8 ـ منداڵه‌که‌تان سه‌رپشک بکه‌ن، با به سه‌ربه‌ستی و ئازادی هاوڕێکانی خۆی هه‌ڵبژێرێ.. با جۆر و ره‌نگی جلوبه‌رگه‌کانیشی به دڵی خۆی بن.. نه‌ک ئێوه چیتان به دڵه ده‌بێ ئه‌وه‌ی بوێ و ئه‌وه لهبهربکا.. ئه‌وش ناڵێم نابێ شاره‌زایی و را و تاقی کردنه‌وه‌کانی خۆتان بۆی باس نه‌که‌ن.
9 ـ منداڵه‌که‌تان له‌سه‌ر وه‌رگرتن و به‌خشین رابهێنن.. هانی بده‌ن که په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵانی تردا ببه‌ستێ.. کۆمه‌ڵایه‌تی بێ و رووحی یارمه‌تیدان و هاوکاری هه‌بێ.. به کۆمه‌ڵ ژیان و پێکه‌وه کارکردنی هه‌نگ و مێرووله‌ی به نموونه بۆ بهێننه‌وه.. هانی بده‌ن هه‌رده‌م گه‌شبین بێ و ره‌شبین نه‌بێ.. هه‌موو ئه‌م جۆره بیرۆکانه ، ده‌بنه هانده‌ره‌ی و، ده‌بنه هۆی متمانه و باوه‌ڕبه‌خۆبوونی.
10 ـ که منداڵه‌که‌تان کار و سه‌رکه‌وتنێکی باشی به ده‌ست هێنا.. ستایش و ئافه‌رین و ده‌ستخۆشیی لێ بکه‌ن و پێخۆشحاڵیی خۆتانی بۆ ده‌ربڕن و.. خه‌ڵاتی بکه‌ن.. به‌ڵام خه‌ڵاته‌که‌تان له هه‌مان کاتدا بێ.. چونکه منداڵ له کات تێ ناگا و ئارامی نیيه و، ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌ک چاوڕێ بکات.
11 ـ منداڵه‌که‌تان هان بده‌ن، که باوه‌ڕی به شه‌رم نه‌بێ.. با تێکه‌ڵی که‌سانێکی نامۆ ببێ.. تا که‌سانی نامۆ بناسێ و بدوێنێ ترسی ده‌شکێ و شه‌رمی نامێنێت.
12 ـ با دایک یا باوک، سه‌رگوزشته‌ی ژیانی خۆی بۆ منداڵه‌که‌ی باس بکا.. که چون به منداڵی شه‌رمی ده‌کرد و.. دواتر شه‌رمی شکاوه و، بووه به که‌سێکی ئاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی.. به هۆی به‌شداری کردنیشی له چالاکییه وه‌رزشی و هونه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی قوتابخانه‌که‌یان و له ده‌ره‌وه‌دا.. چه‌ندین ده‌سکه‌وت و سوودی له سایه‌ی کرانه‌وه و شه‌رم شکاندنهکهیدا به ده‌ست هێناون.
13 ـ له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌تاندا، شانۆگه‌ریی (میوان و خانه‌خوێ) ساز بکه‌ن.. با منداڵه شهرمنهکهتان، ڕۆڵی خاوه‌ن ماڵ وه‌ربگرێ.. ئێوه‌ی دایک و باوکیشی رۆڵی میوانتان هه‌بێ.. با شه‌رمی بشکێ و فێری ئه‌وه‌بێ، که به زه‌رده‌خه‌نه و به روویه‌کی گه‌ش و خۆشه‌وه.. پێشوازی و به‌خێرهاتنی میوانه‌کان بکا.. ئه‌گه‌ر هه‌مان شانۆگهریتان دووباره کرده‌وه.. رۆڵه‌کان بگۆڕن.. با ئه‌م جاره‌یان منداڵه‌که‌تان رۆڵی میوانێک بنوێنێت.. ئه‌مه رێگایه‌کی زۆر باش و ئاسانه بۆ کرانه‌وه و چاره‌سه‌رکردنی شه‌رم و ترس و گۆشه‌گیریی منداڵه‌که‌تان.
14 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن، ئه‌و ئازاییهته ئه‌ده‌بییه‌ی هه‌بێ، که به‌بێ ترس و شه‌رم به راشکاوی گوزارشت له هه‌ست و نه‌ست و، له را و بۆچوونه‌کانی خۆی بکا، توانای خۆشی بسهلمێنیێ و.. ئه‌و هه‌لانه‌ش له ده‌ستی خۆی نه‌دات که بۆ پشکه‌وتنی بۆی ره‌خساون یا ده‌ره‌خسێن.. له‌وه‌ش دڵنیابێ که دایک و باوکی و مامۆستاکانی.. گوێی ڵێ ده‌گرن و رێز له را و بۆچوونه‌کانی ده‌گرن.
15 ـ منداڵه‌که‌تان، به شێوه‌یه‌کی خراپ له‌گه‌ڵ منداڵانی له‌و باشتر و زیره‌کتر و به تواناتر و به‌خته‌وه‌رتر به‌راورد مه‌که‌ن.. بۆ نموونه له رووی مه‌ده‌ن که:
(دیلان له تۆ باشتره، جوان له تۆ زیره‌کتره، نمره‌کانی شڤان له نمره‌کانی تو به‌رزترن، تۆش چاو له گه‌شبین ی خوشکت بکه،... هتد) ئه‌م به‌راوردکردنانه ده‌بنه هۆی شه‌رمکردن و خۆبه‌که‌مزانی و هه‌ست کردنی که‌متوانیی منداڵه‌که‌تان.
16 ـ خۆشه‌ویستی و سۆزبه‌خشین و رێزگرتن له که‌سایه‌تیی منداڵه‌که‌تان.. زۆر گرنگ و به‌سوودن.. رێخۆشکه‌رن بۆ زانینی هۆکاره‌کانی شه‌رم و گۆشه‌گیریی منداڵه‌که‌تان و.. رێگاکانی چاره‌سه‌رکردنیشیان ئاسانتر و کورتر ده‌که‌نه‌وه.
17 ـ پێویسته دایک و باوک، لایه‌نه به‌هێز و بێ هێزه‌کانی منداڵه‌که‌یان بزانن.. پاڵپشت و هانده‌ری خاڵه به‌هێزه‌کانی بن و به‌رده‌وام بێ لێیان و زیاتریش گه‌شیان پێ بکا.. چاره‌سه‌ری پێویست و دروستیش بۆ خاڵه لاوازه‌کانی بدۆزنه‌وه.
18 ـ منداله‌که‌تان هان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له قوتابخانه‌که‌ی و، له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانهکهشیدا له چالاکییه وه‌رزشی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌شداری بکات.. واش بکه‌ن که له چالاکییه ته‌نیاییه‌کانی دووری بخه‌نه‌وه، وه‌کو دانیشت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆندا، یاری کردن بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به ڤیدیۆ و ئه‌تاری و پله‌یستێشن.. ئه‌گه‌ر کرا له ماڵه‌وه فێری هه‌ڵپه‌ڕکێ یا گۆرانی یا هه‌ر چالاکییه‌کی ترێ کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ن.. به مه‌به‌ستی رووکرانهوه و شه‌رم شکاندن و، هاوکاری و ئه‌نجامدانی کاری به کۆمه‌ڵ.
19 ـ هێنده له پارێزی منداڵه‌که‌تان مه‌بن و، زیاده‌ڕۆیی له وریابوونیدا مه‌که‌ن و هه‌موو کاتێکتان به ئه‌وه‌وه به‌سه‌ر مه‌به‌ن.. وریاش بن که له منداڵانی خه‌ڵکی به جیاوازتر و به زیاتری مه‌زانن.. مه‌ڵێن له دڵمان نایه‌ت و تاقانه‌یه و نابێ هیچ بکات.. ئه‌گینا له دابین کردنی هه‌موو پێداویستییه‌کانیدا پشت به ئێوه ده‌به‌ستێ..
پێویسته وا رای بهێنن که ئه‌و کارانه‌ی بۆێ ده‌کرێ با بیکا.. بۆ نموونه خۆی جلوبه‌رگه‌کانی لهبهربکا و خۆی خۆی بڕازێنێته‌وه و خۆێ جله‌کانی هه‌ڵواسێ..
پاره‌ی بده‌نێ با بچێ له فرۆشگاکه‌ی نێزگ ماڵتان کیلۆیه‌ک په‌تاته یا ترێ بکڕێ.. با خۆشی ره‌نگی جلوبه‌رگه‌کانی هه‌ڵبژێرێ.. ئه‌م کاره بچووکانه، بڕوای به توانای خۆێ پێ ده‌به‌خشن و.. سه‌ربه‌ست ده‌بێ له بنیاتنانی که‌سایه‌تی خۆیدا.
20 ـ پێویسته به چاوی یه‌کسانییه‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کچه‌که‌تان و کوڕهکهتاندا بکه‌ن و.. جیاوازی مه‌که‌ن له نێوانیاندا.. وشه‌ی (شووره‌یی) ش، مه‌که‌ن به کۆسپ و به‌ربه‌ست له رێی خواست و ئاره‌زووه‌کانی کچه‌که‌تان.. یا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که مێینه‌یه، هه‌موو شتێک لێ بکه‌ن به نابێ و به (بڤه) یه.
21 ـ به ته‌نیای و به په‌نهانی، منداڵه‌که‌تان له هه‌ڵه‌کانی ئاگادار بکه‌نه‌وه.. به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ که رووشکێنی مه‌که‌ن و، ئازاری هه‌ست و ده‌روونی مه‌ده‌ن.
22 ـ ناکۆکی و کێشه‌کانی نێوان دایک و باوک و، مشومڕ و هاواریان له به‌رده‌م منداڵه‌که‌یاندا.. کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر ده‌روونی منداڵه‌که‌یان ده‌بێت و له ژیانی داهاتوویدا به خراپی ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه.
23 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن که به‌شداری له (ئاهه‌نگی جه‌ژنی له دایکبوون)ی هاوڕێکانیدا بکات و دیاری‌یان پێشکه‌ش بکات.. ساڵانه‌ش له یادی جه‌ژنی ساڵڕۆژی له دایکبوونی خۆیدا.. ئاهه‌نگ سازبکات و بانگی هاوڕێکانی بکات..
به‌شداری کردنی له‌م بۆنانه‌دا زۆر به‌سوودن و، ده‌بنه هۆی ترس ره‌وانه‌وه و کرانه‌وه سارێژکردنی شه‌رم وگۆشه‌گیریی و. تێکه‌ڵ بوونی به منداڵانی تر.
24 ـ که دایک و باوک بۆ میوانی ده‌چن، پێویسته منداڵه‌که‌شیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌رن، به‌بێ ئه‌وه‌ی که پێش وه‌خت هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بکه‌ن و، کۆمه‌ڵێک مه‌رجی بۆ دابنێن.. وه‌کو (له شوێنێک دابنیشه و هه‌ڵمه‌سته، ده‌ست بۆ هیچ مه‌به، قسه نه‌که‌یت،... ).. له جیاتیی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه.. با دایک و باوکی به زه‌رده‌خه‌نه‌وه چه‌ند ئامۆژگرییهکی بکه‌ن، مه‌به‌ستیان له سه‌ردانه‌که‌یان بۆ روون بکه‌نه‌وه.. ئه‌م سه‌ردانانه شه‌رمی منداڵ ده‌شکێنێ و، تێکه‌ڵ به خزم و ئاشنا و هاوڕێکانی دایک و باوکی ده‌بێت و، تێکه‌ڵی منداڵه‌کانیان ده‌بێت.
25 ـ پێویسته ژینگه‌ی ماڵه‌وه‌ی منداڵ، زه‌مینه‌یه‌کی پڕ له سۆز و خۆشه‌ویستی و خۆشی و ئاشتی و ته‌بایی و نه‌رم و نیانی و رێزگرتن و لێبوورده‌یی بێ له نێوان ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یدا.. منداڵی شه‌رمن له ماڵێکی وه‌هادا گه‌وره ببێ.. هه‌ست به دڵنیای و ئاسووده‌یی ده‌کا و، شانازی به خێزانه‌که‌یانه‌وه ده‌کا.
26 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن، له ئاهه‌نگێکی قوتابخانه‌که‌یدا، یا له بۆنه‌یه‌کدا وته‌یه‌ک پێشکه‌ش بکات، بۆ نموونه: له رۆژی دایکدا، له رۆژی مامۆستادا، به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه، له رۆژی جیهانی منداڵاندا، له یادی ساڵرۆژی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد دا، یا له هه‌ر بۆنه‌یه‌کی تردا بێت..
ده‌ستخۆشی و ئافه‌رینی لێ بکه‌ن و.. دیارییهکشی پێشکه‌ش بکه‌ن.
27 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن، له کاتی قسه‌کردن له‌گه‌ڵ یه‌کێکدا، ئاسایی بێت و شه‌رم نه‌کات و، چاوی ببڕێته چاوی.. به‌م شێوه‌یه رووی ده‌کرێته‌وه و ترس و شه‌رمی نامێنێ.
28 ـ کاتێ که منداڵه شهرمنهکهتان، له‌گه‌ڵ خوشک و براکه‌یدا، گرژی ده‌که‌وێته نێوانیانه‌وه.. لێی گه‌ڕێ و، بزانه خۆی چی ده‌کا و، چۆن چاره‌سه‌ری ده‌کا.
29 ـ پێویسته دایک و باوکی منداڵی شه‌رمن و گۆشه‌گیر، په‌یوه‌ندییه‌کی باش و راگۆڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ گه‌ڵ پسپۆری ده‌روونی و له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌که‌ی و مامۆستای رابه‌ری پۆله‌که‌یدا هه‌بێت.. تا پێکه‌وه و به هاوکاری له هۆکاره‌کانی شه‌رم کردنی منداڵه‌که‌یان بزانن و.. چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ دابنێن.
30 ـ بێگومان رۆڵی قوتابخانه و مامۆستاکان.. له رۆڵی ماڵه‌وه و دایک و باوکی منداڵ که‌متر نین و، هه‌ردووکیان ته‌واکه‌ری یه‌کترین.. پێویسته مامۆستاکان به‌بێ جیاوازی کردن له نێوان قوتابییه‌کاندا، به دڵێکی گه‌وره‌وه و، به هه‌ست کردن به‌و په‌یام و ئه‌رکه گرنگ و پیرۆزه‌ی له ئه‌ستۆیاندایه.. به خۆشه‌ویستی و سۆزێکی دایک و باوکانه‌وه بیان لاوێنن، به زه‌رده‌خه‌نه‌ی ناسک و به زمانێکی شیرین و به روویه‌کی گه‌ش و خۆشه‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قوتابییه‌کانیاندا بکه‌ن.. به منداڵی خۆیان، یا به خوشک و برا بچووکی خۆیانیان بزانن.. ئه‌م منداڵانه ئامانه‌تن له به‌رده‌ست مامۆستاکاندا.
پێویسته هه‌موو ساڵێک رۆژی یه‌که‌می ده‌ست پێ کردنی خوێندن.. وه‌کو رۆژێکی جه‌ژن بێت.. چه‌ند چالاکییه‌کی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی کۆمه‌لایه‌تیی خۆش پشکه‌ش بکرێن.. منداڵه تازه‌کانی پۆلی یه‌که‌مینیش، که یه‌که‌مین رۆژی هاتنیانه بۆ قوتابخانه.. یه‌ک یه‌ک خۆیان بناسێنن وچهپڵهیان بۆ لێ بده‌ن.. شیرینیشیان پێ بده‌ن.. تا ئه‌وه‌ی قوتابییه تازانه، قوتابخانه به‌شوێنی ترس و بێزاری نه‌زانن.
نابێ مامۆستاکان منداڵانی شه‌رمن پشتگوێ بخه‌ن و په‌راوێزیان بکه‌ن.. به‌ڵکو پێویسته زیاتر لێیان نێزگ ببنه‌وه و زیاتر هانیان بده‌ن و یارمه‌تیان بده‌ن.. وایان لێبکه‌ن که ترس و شه‌رمیان نه‌مێنێ و.. به‌شداری له چالاکییه هه‌مه‌جۆره‌کان و له تیپ وگرووپه‌کانی پۆله‌که‌یان و قوتابخانه‌که‌یان بکه‌ن و.. رۆڵیان هه‌بێت.. تا ئه‌و هه‌سته‌یان لا دروست بێت که مامۆستاکان خۆشیان ده‌وێ و بایه‌خیان پێ ده‌ده‌ن.. گۆشه‌گیرییان نامێنێ و لهتیپ و گرووپه‌کان و له ناو پۆلهکهشیاندا، ئازایه‌تی و حه‌زی خۆده‌رخستن و خۆبردنهپێشهوهیان لادروست ده‌بێت، په‌یوه‌ندی هاوڕێتی دروست ده‌که‌ن و.. بناغه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بنیات ده‌نێن.
پێویسته ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ش بکه‌ین، که ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه.. ته‌نها چاره‌سه‌رن.. مه‌رج نییه هه‌موو منداڵێکی شه‌رمن، پێویستی به هه‌موو ئه‌و چاره‌سه‌رانه هه‌بێت.. چونکه هه‌ر منداڵێک تایبه‌تی مه‌ندیی خۆی هه‌یه.. له‌وانه‌یه شه‌رم کردن له منداڵێکه‌وه بۆ منداڵێکی تر جیاوازی هه‌بێت.. بۆ نموونه له‌وانه‌یه منداڵێک له خوێندنه‌وه‌دا شه‌رم بکا.. به‌ڵام له قسه‌کردن و له گفتوگۆدا ئاسایی بێ و شه‌رم نه‌کا.. شه‌رم بکا هه‌ڵپه‌ڕێ.. به‌ڵام له یاری دا شه‌رم نه‌کا.
باشییه‌کانی شه‌رمی منداڵان:
سه‌ره‌ڕای لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی شه‌رمی منداڵان.. هه‌ندێ لایه‌نی به‌سوود و باشیشی هه‌یه:
1ـ منداڵی شه‌رمن، له قوتابخانه‌دا، له کاتی وتنه‌وه‌ی وانهکانهکان له پۆلدا.. گوێگرێکی باشه و به وردی سه‌رنج ده‌دا و هۆش و بیری لای مامۆستاکه‌یه‌تی.
2ـ منداڵی شه‌رمن، زۆر به که‌می تووشی کێشه و گرفت و ئاریشه ده‌بێ.
3ـ منداڵی شه‌رمن، له لای گه‌وره‌کان خۆشه‌ویسته.. چونکه مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵیدا ئاسانتره.
4ـ منداڵی شه‌رمن، له‌لای هاوڕێکانیشی خۆشه‌ویسته.. چونکه بێ وه‌یه و شه‌ڕانی نییه.
له کۆتاییدا، ده‌مه‌وێ ئه‌وه دووپات بکه‌مه‌وه.. که هاوکاری کردن له نێوان ماڵ و قوتابخانه‌دا، له نێوان دایکان و باوکان و مامۆستاکاندا زۆر گرنگه و پێویسته.. بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه پلانێکی یه‌کگرتوو دابنێن و نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی باشی کارکردنیان هه‌بێ.. بۆ چاره‌سه‌رکردنی شه‌رم و گۆشه‌گیریی منداله‌کانیان.
بۆچوونه‌کان