مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان، کەسایەتی زانا و توانا و ئیسلامناس و بیرمەند و شوناسخواز و ڕووناکبیری کورد، ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە ئاوایی «دەرمان» لە ڕۆژهەڵاتی مەهاباد هاتۆتە دنیا، ژیانی مامۆستا بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە:
هەوەڵ: «خوێندن و فەقێیەتی»
دووهەم: «مەلایەتی و تەدریس»
سێهەم: «ئەو ماوەی لە مەهاباد ژیاوە، زۆرتر سەرقاڵی نووسین و لێکۆڵینەوە بووە»
قۆناغی هەوەڵ: ساڵی ١٣١٨ لە لای مامۆستای ئاوایی «کانێڕەش» مەلا سەید هاشمی حوسێنی سەرەتای خوێندنی دەست پێ کردووە، ساڵی ١٣٢٤ هاتۆتە مەهاباد، ئەو کاتە تەمەنی سێزدە ساڵ بووە لە مزگەوتی هەباساغا بۆتە فەقێ لە لای مامۆستا مەلاسادق، ئەو ساڵە لە مەهاباد کۆماری کوردستان دامەزراوە، بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بە زمانی کوردی تاقەی حوجرەی فەقێکانی مەهاباد دادەگرێ، بە بەر خوێندنی حوجرە، بڵاوکراوە کوردییەکان دەخوێنێتەوە، فەقێ عەبدوڵڵای تامەزرۆی خوێندن و خوێندنەوە لەو دەرفەتە بەباشی کەڵک وەردەگرێ، ئەو بارودۆخە شوێن لەسەر بیر و هەستی دادەنێ، دوایە ڕوو لە حوجرەکانی تری ناوچە دەکا، سەرەتا دەگەڕێتەوە کانێڕەش و دوایە لە تازەقەڵا و بۆکان و بالکی مەریوان و حەمامیان لەلای زانایانی ئەوکات، وەک: مامۆستا شێخ عیزەددینی حوسێنی لە کانێرەش/ ساڵی ٢٨ تا ٢٩، لە لای مەلامحەممەدی وەڵزی لە تازەقەڵا/ ساڵی ٣٠، لە لای مامۆستا مەلاعیسامەددینی شەفیعی لە بۆکان/ ساڵی ٣٠، لە لای مامۆستا مەلاباقر لە بالک/ ساڵی ٣١، لە لای مامۆستا مەلاعەلی وەڵزی لە حەمامیان/ ساڵی ٣٢ بەرنامەکانی خوێندنی حوجرە وەک مەنتیق و بەیان و مەعانی و بەدیع و کەلام و فەلسەفە و ئوسوول و تەفسیر و هەیئەت و ئەستێرەناسی و ڕیازیات دەخوێنێ، تەنانەت زانستی ڕوبع و ئوستوڕلاب، کە ئەوکات کەمتر دەخوێندرا، ئەو زانستەش بە باشی فێر دەبێ.
سەبارەت بە فێربوونی ئەو زانستە مامۆستا ئەحمەدیان نووسیویە: «در سال ١٣٣٢ قواعد استعمال جعبەی اسطرلاب و ربع را در محضـر استاد عصــر ملاعلی ولزی حمامیان یاد گرفتم» (احمدیان، عبداللە، قبلەی محمد، ١٨)
ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی «ساڵی موسەددیق» لە خزمەت مامۆستا «مەلاعەلی وەڵزی» لە «حەمامیان» ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێ، هەر ئەو ساڵە مامۆستا مەلاباقر ئیجازەنامەی تایبەتی بۆ دەنووسێ، لە ئاخری ئەو ساڵە سەفەری بەغدا دەکا، لە بەغدا دەچێتە خزمەت زانا و ڕووناکبیری ناوداری کورد مامۆستا «مەلامحەممەدی قزڵجی»، ماوەیەک لە زانستی ئەو زانایە کەڵک وەردەگرێ و دەگەڕێتەوە بۆ موکریان. قۆناغی دووهەم: لە ساڵی ٣٢ تا ساڵی ٥١ی هەتاوی مامۆستا ئەحمەدیان لە گوندەکانی کوردستانی ئێران خەریکی تەدریس و ئەرکی مەلایەتی بووە، ماوەی بیست ساڵ بە هێز و توانایی و ورەی تەواو لە گوندەکانی «زەنبیل/ ٣٣، بــاغڵووجە/ ٣٤، شێخاڵی/ (جاری هەوەڵ) ٣٥ – ٣٧، قۆزلوێ گەورک/ ٣٨- ٤٦، شێخاڵی/ (جاری دووهەم ٤٦- ٥١) ئەرکی مەلایەتی و تەدریسی لە ئەستۆ بووە.
پێویستە ئاماژە بەو خاڵە گرینگە بکەین، ئەو کاتە و ئەو سەردەمە مامۆستا ئەحمەدیان لەو گوند و دێهاتانە مودەڕڕیس بووە، بە «مەلا عەبدوڵڵای بۆکانی» و «مەلا عەبدوڵڵای ڕەهنوما» ناسراوە، ئەو ماوە مامۆستا ئەحمەدیان لە بواری تەدریسی ئەو زانستانەی ئەوکات مەلاکان دەیانخوێندن زۆر چالاک بووە و تەواو خۆی ماندوو کردووە، زۆری شایی بە حوجرە و فەقێکانی بووە، لەو قۆناغەدا خۆی لە هەر ئیش و ئەرکێکی تر بواردووە، قورسایی ئەرکەکانی خستۆتە سەر تەدریس و تا ڕادەیەک تەئلیف، تەدریسی زانستەباڵاکان وەک ئوسووڵ و کەلام و فەلسەفە و حیکمەت و هەیئەت و تەفسیر. بیست ساڵ تەدریس هەر مەلایەکی ئاسایی ئاڵوگۆڕ دەکا، چ بگا بە مامۆستا ئەحمەدیان کە هەر لە سەردەمی فەقێیەتی زانایی و ئازایی و توانایی پێوە دیار بوو، بێ زیادەڕەوی لە بواری تەدریسی عولوومی دینی لە ناوچەی موکریانی ئەوکات هاوتای زۆر کەم بووە، دەسکەوتی ئەو بیست ساڵە بەرهەمهێنان و پێگەیاندن و ئیجازەدانی دەیان مەلای زانا و توانا و خۆپارێز وەک مەلامحەممەدی بانەیی، دوکتۆر محەممەدی فازیلی، مەلا محەممەدی شێخولئیسلامی (بانە) مەلاسەیدسەلامی عەزیزی، مەلاعەزیزی داشبەندی (عەزیزپوور)، مەلاعەلائەددینی نەبیزادە، مەلاسەعیدی ڕەسوولی و مەلاعەبدوڕڕەحمانی ناسری بووە، ئەو ماوە لەگەڵ تەدریس توانی چەند بەرهەمی وەک «تاریخ مقدسات اسلام»، «تعیین اوقات شرعیە»، «اوزان الشـرعیە و العرفیە»، «جدول مشکلات بیضاوی» بنووسێ.
ئەو تێکۆشان و لێهاتوییە بوو بە هۆی ئەوە لەو کاتەدا کە مامۆستا ئەحمەدیان تەمەنی سیوسێ ساڵ بووە «تاریخ مشاهیر جهان اسلام» بەو چەشنە سەبارەت بە مامۆستا بنووسێ: «حاجی مهلا عوبدوڵڵا ئهحمهدیان کوڕی عهبدولقادر که له «راهنما» بهنێوبانگ بوو، زانایاکی مهزن، بیرمهندێکی لێهاتوو و وشیار و جواننووس، بهتایبهت لهبواری فهننی میقات و ڕێوڕهسم و کێش و وهزنی شهرعی و ڕاڤه و شهرح و بهیان و جهوازی پێشهکی عیلم، هێندێ کتێبی به نێوی «مقدسات اسلام، مناسک حج به زمانی فارسی، الاوقات ااشرعیة، الاوزان ا
بۆچوونهکان