ئاماژه: مامۆستا سه‌ید موسته‌فا مه‌حموودیان له مامۆستایانی به‌ناوبانگی وانه‌بێژی زانستییه‌کانی ئایینی، شاعیر، نووسه‌ر، وه‌رگێڕ و موفتی فیقهی ئیمام شافعی له ناوچه‌ی کوردستانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایه که تا ئێستا ده‌یان خوێندکاری زانستی ئایینی له خزمه‌تیدا شاگرد بوون و له زانست و زانیاری ئه‌و پیاوه مه‌زنه به‌هره‌یان وه‌رگرتووه. ئه‌و جگه له ئیجازه‌نامه‌ی سوننه‌تی وانه‌بێژی و فتواده‌ری، خاوه‌ن زانستنامه‌ی ماستیری فیقهی شافعی له زانکۆ تارانه. ئه‌و زیاتر له 32 ساڵه، که وه‌ک وانه‌بێژی ئایینی و پێشنوێژ، سه‌رقاڵی وانه گووتنه‌وه و په‌روه‌رده‌ی خوێندکارانی زانستی ئایینی و هه‌روه‌ها ئامۆژگاری خه‌لکییه. له‌و وت و وێژه‌دا مامۆستا مه‌حموودیان باس له کێشه و گرفتی کۆمه‌ڵگای زانایانی ئه‌هلی سوننه‌ت له کوردستان ده‌کات، که سه‌ره‌نجتان بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی ئه‌و وت و وێژه ڕاده‌کێشین: -مامۆستای به‌ڕێز وێڕای سڵاو ڕێز، کورته‌یه‌ک له ژین نامه‌ی گشتی خۆتان باس بکه‌ن و بفه‌رموون له چ ساڵێک و له کوێ له دایک بوون و چ شتێک بوو به هۆکاری ئه‌وه‌ی که ڕێبازی «حوجره» هه‌ڵبژێرن و خوێندکار و شاگردی کام یه‌ک له مامۆستایانی ناوچه بوون؟ دوای سڵاو ماندوو نه‌بوونه‌وه، پرسیاری ئێوه سێ به‌ش له‌خۆی ده‌گریت: ئه‌لف) من سه‌ید موسته‌فا مه‌حموودیان کوڕی سه‌ید عه‌بدولکه‌ریم، کوڕی شێخ حه‌سه‌ن، کوڕی شێخ که‌ریم کوڕی ... ناسراو به زمزیرانی، که به پێی ناسنامه له بواری 29 گوڵانی 1341 هه‌تاوی له گوندی بێورانی سۆفلا(خوارێ) له میره‌دێی به‌ریاجی سه‌ربه شاری سه‌رده‌شت له شاره‌کانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا وه‌ک کات و شوێنی له دایک بوونم تۆمار کراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا؛ له ده‌ورووبه‌ر ساڵه‌کانی 61-1960 زایینی له یه‌کێک له گه‌ڕه‌که‌کانی شاری ڕانیه‌ی کوردستانی عێڕاق، له بنه‌ماڵه‌یه‌ک که بۆ کار و کاسبی بۆ وێ چووبوون، له دایک بووم. دوای تێپه‌ڕاندنی دوو ساڵ له ته‌مه‌نی مناڵیم له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌م بۆ گوندی زمزیرانی سه‌ر به شاری سه‌رده‌شت گه‌ڕاینه‌وه و ساڵه‌کانی مناڵیم له‌وێ تێپه‌ڕاند. تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وا پێ ده‌چیت که له ته‌مه‌نی 8-9 ساڵیدا هات وچۆی مزگه‌وتی گونده‌که‌مان ده‌ست پێ کرد و لای مامۆستای مزگه‌وت، فه‌قێ و خوێنده‌وارانی گوند بۆ نموونه بابم، که له سه‌رده‌می گه‌نجیدا چه‌ند مانگێک فه‌قێ ببوو و فێری قوڕئان و هێندێک له کتێبه‌کانی سه‌ره‌تایی ئایینی ببوو، شاگرد بووم و به‌تایبه‌ت له وه‌رزی بێ کاری و زستانه‌کان به شێوازێکی به‌ربڵاو قوڕئان، قامووسی ئه‌حه‌دی، «ئاقیده‌ی شێخ سه‌میع»، مێهدی نامه، گوڵستانی سه‌عدی، دیوانی ئه‌حمه‌د کوێر و ... م خوێند تا ئه‌وه‌ی که توانیم له به‌هاری 1353 له حوجره‌ی بێورانی سۆفلا(خوارێ) له خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د حه‌فیدی شوێنی خوێندنم دابین بکه‌م و به فه‌ڕمی به پله‌ی فه‌قێیاتی گه‌یشتم و بۆ یه‌که‌م جار چوومه نێو باسی جاڕڕ و مه‌جڕوڕی جڕجانی. ب) هۆکاری ڕۆیشتنم بۆ نێو فه‌قێیان ئه‌وه‌بوو که بنه‌ماڵه‌ی ئێمه و له سه‌رووی هه‌مووان دایک و بابم دیندار بوون و زۆر حه‌زیان به دینداری و خزمه‌ت به ئایین ده‌کرد و هه‌روه‌ها له لایه‌ک بابم پێشینه‌ی ته‌له‌به‌یی هه‌بوو و له لایه‌کی تر، به هۆی بڕواگه‌لێکی که هه‌یبوو چوونه قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌تی په‌سند نه‌ده‌کرد و له ڕۆیشتنم بۆ قوتابخانه به‌رگری کرد. به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا به‌ڵێنی پێ دام که به هه‌ر شێوازێک بێت بمنێریت بۆ مه‌کته‌به‌کانی زانستی ئایینی و له حوجره‌کانی کوردستان فێری زانستی ئایینی بم که به‌ڵێنی خۆشی برده سه‌ر. ج) ئه‌و مامۆستا به‌ڕێز و لێهاتووانه‌ی که زۆرتر له‌خزمه‌تیاندا مامه‌وه و له زانست و گه‌وره‌ییان به‌هره‌مه‌ند بووم بریتین له: به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا سه‌ید ڕه‌زا حوسێنی، خوا لێخۆش‌بوو مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڕڕه‌حمان سیسێری، خوا لێخۆش‌بوو حاجی مامۆستا مه‌لا ڕه‌سووڵ مه‌عروفی زێوه‌ی، خوا لێخۆش‌بوو حاجی مامۆستا مه‌لا شێخ عه‌بدوڕڕه‌ئوف نه‌قشبه‌ندی بێژوه‌یی، خوا لێخۆش‌بوو مامۆستا خدری عه‌بباسی سارتکێ، خوا لێخۆش‌بوو حاجی مامۆستا مه‌لا مه‌حموود واوی نه‌ڵاس و مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڕڕه‌حمان حاجی زاده‌ی گه‌رور، که هه‌موویان له سه‌رده‌شت و ده‌ورووبه‌ری وێن. خوا لێخۆش‌بوو حاجی مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌ممه‌دی عه‌زیزی به‌رده‌ڕه‌شی له ناوچه‌ی بانه، به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌ممه‌د سادق میرزایی ئه‌حمه‌د که‌ڕ له ناوچه‌ی دیوانده‌ڕڕه، خوا لێخۆش‌بوو مامۆستا مه‌لا ڕه‌سووڵ سه‌عیدی له مه‌هاباد. تا ئه‌وه‌ی که دوای تێپه‌ڕاندنی هه‌وراز و نشێوی زۆر له سه‌رده‌می فه‌قێیی و ململانێ له‌گه‌ڵ کێشه و گرفتی سه‌ر ڕێگا و به‌تایبه‌ت گرفته‌کانی سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕی ناوخۆیی و شه‌ڕی ئێران و عێڕاق، له پاییزی ساڵی 1362 له گوندی نه‌ڵاسی سه‌رده‌شت له خزمه‌ت خوا لێخۆش‌بوو حاجی مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌موود واوی ئێجازه‌نامه‌ی زانستیم وه‌رگرت. هه‌ڵبه‌ت دوای ماوه‌یه‌ک به هۆی ئه‌وه‌ی که کاتێکی زۆرتر له خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌ممه‌د عه‌زیزی «به‌رده‌ڕه‌شی» دا مابوومه‌وه و به هۆی پله‌ی زانستی به‌رزی ئه‌و به‌ڕێزه و هه‌روه‌ها به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا حێیده‌ری نجنێی عۆلیا(سه‌رێ)، داوای ئیجازه‌نامه‌م له هه‌ردووکیان کرد و خۆشبه‌ختانه ڕازی بوون و ئیجازه‌نامه‌ی زانستی ڕه‌سمی ناوچه‌یان به‌بێ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ڕاسیم پێ دام. -مامۆستا، سه‌باره‌ت به کێشه و گرفت و له‌مپه‌ڕی سه‌رده‌می خوێندنتان بڵێن؟ گه‌وره‌ترین کێشه‌ی سه‌رده‌می خوێندنی من ــ که به ڕای من گرفتی زۆربه‌ی ته‌له‌به‌کانی تریش بوو ــ کێشه‌ی هه‌ژاری و نه‌داری بوو که زۆری ئازار ده‌دام؛ چونکه به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی که مناڵه‌کانیان بۆ حوجره‌ی فه‌قێیاتی ده‌نارد هه‌ژار بوون، بۆ نموونه بابم –خوا لێی خۆش بێت- که نه سه‌رچاوه‌یه‌کی باشی بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان هه‌بوو و نه هیچ که‌ره‌سه‌ی پێویستی کاری جگه له ته‌مشوێ و بیور و پاچ و پێمه‌ڕه و ... هه‌بوو و له هه‌مان کاتدا به قه‌ناعه‌ت و به‌رزه‌مژی ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد و جگه له په‌نا بردن بۆ خوای گه‌وره و ڕۆژی ده‌هه‌نده هیچ سکاڵای نه‌بوو، هه‌ر چه‌ند هێندێک جار سه‌باره‌ت به ڕاستی و پاکانه‌ی دۆخی ژیان ده‌یگوت: «مرۆثی هه‌ژار ده‌بێ هه‌ر وه‌ک مه‌نگا له یه‌ک پێستدا پیر بێت.» له کێشه‌کانی تر ده‌کرێ ئاماژه به نه‌بوونی مامۆستایانی دڵسۆز به تایبه‌ت له قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌له‌به‌یی «سووخته‌یی»، نه‌بوونی به‌رنامه‌ی ده‌رسی ڕێک و پێک و شێوازی وانه گوتنه‌وه‌ی به‌که‌ڵک و پاراو، داخران و پشوو دانی زۆری خوێندنگا، نزم بوونی ڕاده‌ی به‌که‌ڵک بوونی کتێبه‌کانی وانه له ڕوانگه‌ی چاپ و ناوه‌ڕۆک، نه‌بوونی ڕاثه و په‌راوێز به زمانی سانا، که‌م بوون و ناله‌بار بوونی شوێنی خوێندن، لاساری و زۆره‌ملێی ته‌له‌به‌کانی دوایی هاتوو «موسته‌عید» له‌مه‌ڕ ته‌له‌به‌کانی سه‌ره‌تایی «سووخته» و... بکرێت. -تایبه‌تمه‌ندی چاکی و خاسی وانه‌گوتن له حوجره‌کانی نه‌ریتی له چیدا ده‌بینن؟ له حوجره‌ی نه‌ریتی، ته‌له‌به‌کان باشتر کۆنتڕۆڵ ده‌بن، پێوه‌ندی خوێندکاران له‌گه‌ڵ خه‌ڵک زۆرتره، په‌روه‌رده و ڕاهێنان و ڕوون کردنه‌وه ئاسانتره و له کۆتاییدا له حوجره‌کانی نه‌ریتیدا هه‌سته‌کانی نه‌یاران و دژ به‌یه‌ک که‌متر هان ده‌دات. -تایبه‌تمه‌ندی چاکی و خاسی وانه گوتن له خوێندنگاکانی نوێ له چیدا ده‌بینن؟ پێشکه‌وتنی، گونجاو له‌گه‌ڵ زه‌مانه؛ مافی هه‌ر که‌سێک و هه‌ر چینێکه، به‌ڵام به‌داخه‌وه خوێندنگاکانی زانستی ئایینی ئه‌هلی سوننه‌ت له ناوچه‌کانی کوردستان له‌و بابه‌ته بێ به‌ش ماونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی که له‌مه‌ڕ سه‌رده‌می ڕابردوو گۆڕانکارییه‌کی به‌سه‌ردا هاتووه ته‌نیا له شوێنی خوێندن، ڕاده‌ی باشی و ڕێژه‌ی کتێبه‌کانی ده‌رسی و چۆنییه‌تی خواردن دا ده‌بیندرێت و ئه‌گه‌ر بکرابا که حوجره‌کانی نه‌ریتیش وه‌ک قوتابخانه‌کانی نوێ یا نیوه نوێ به‌ڕێوه چووبان دۆخی ته‌له‌به‌کان زۆر جیاواز ده‌بوو. له تایبه‌تمه‌ندیه باشه‌کانی قوتابخانه نوێکان ده‌کرێ ئاماژه به‌و خاڵانه بکرێت: 1-په‌روه‌رده و ڕاهێنان و فێرکاری قوتابی زۆرتر به سوود وه‌رگرتن له مامۆستایانی که‌متر. 2-که‌ڵک وه‌رگرتن له شێواز و به‌رنامه‌ی نوێ و به‌کار هێنانی ئامراز و که‌ره‌سه‌ی فێرکاری نوێ. 3-که‌ڵک وه‌رگرتن له به‌رنامه‌کانی به‌سوودی وه‌ک وه‌رزش، شاخه‌وانی، ئوردوو و به‌رنامه‌کانی فه‌رهه‌نگی و سه‌رگه‌رمی. 4-پێکهێنانی کارگای گونجاو له‌گه‌ڵ پیشه‌ی داهاتووی ته‌له‌به وه‌ک کارگای ڕاهێنانی وتاربێژی، لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه، نووسین و وه‌رگێڕان و... 5-که‌ڵک وه‌رگرتن له کۆمه‌ڵه وانه‌ی لاته‌کی و به‌قازانجی وه‌ک که‌مپیوته‌ر، ئاخافتنی عه‌ڕه‌بی، زمان ئینگلیزی و... 6-به‌ڕێوبردنی ناوخۆیی و به‌رنامه‌ی ڕێک و پێکی کاتی وانه، کۆنتڕۆڵی ئاماده بوون و نه‌بوونی مامۆستایان و خوێندکاران. 7-ڕاکێشانی زۆرتری یارمه‌تییه‌کانی خه‌ڵک بۆ لای خۆی و له‌ده‌ره‌نجامدا، په‌ره‌سه‌ندنی چه‌نیه‌تی و باشی کار. 8-متمانه به خۆیی زۆرتری خوێندکاران و زۆرکردنی ئه‌نگیزه بۆ خوێندن تا گه‌یشتن به ئامانجی کۆتایی. -ئایا دوای ته‌واو کردنی وانه‌کانی حوجره، درێژه‌ت به خوێندنی زانستی ئایینی و یا زانستییه‌کانی تر داوه؟ هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێ کرد له خوێندن له قوتابخانه فه‌رمیه‌کان بێ به‌ش بووم به‌ڵام له سه‌رده‌می ته‌له‌به‌ییمدا، بۆ پێنجوم سه‌ره‌تایی و قۆناغی ناوه‌ندی به شێوازی نافه‌رمی له تاقی کردنه‌وه‌کاندا به‌شداریم کرد. له تاقی کردنه‌وه‌کانی ڕاگه‌یه‌ندراو له لایه‌ن زانکۆ ئیلاهیات و مه‌عاریف ئیسلامی له ژێر ناوی «ئه‌زموونی دیاری کردنی ئاستی زانستی زانایانی ئایینی ئه‌هلی سوننه‌ت» به‌شداریم کرد و تا قۆناغی 3 «به‌رانبه‌ر به ماستیری»م به سه‌رکه‌وتووی تێپه‌ڕاند؛ نامیلکه‌ی دوا نامه‌م له‌سه‌ر ته‌وه‌ری «آرایش و پیرایش در اسلام(ڕێک و پێکی و هه‌ڵپه‌رتاوتنی ئیسلام)» نووسی و به پله‌ی به‌رزه‌وه به‌رگریم لێ کرد، خوازیاری ئه‌وه بووم تا قۆناغی دکتۆڕا بچم که له‌ناکاو کۆمه‌ڵێ به‌رچاوته‌نگ به‌رنامه‌ی زانکۆیان تێکدا و ئێمه‌ش له درێژه دان به خوێندن بێ به‌ش ماینه‌وه. ـ مامۆستا، سه‌باره‌ت به به‌رهه‌م و نووسینه‌کانتان بڵێن، تاکوو ئێستا چه‌ند کتێب و نامیلکه‌تان نووسیوه یا ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌م یا کۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێکتان ئاماده‌ی چاپ هه‌یه؟ من هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست پێ کردن به پێش نوێژی و وانه گوتنه‌وه له ساڵی 1363، حه‌زم له نووسین و وه‌رگێڕان بوو. ئه‌وه بوو که له‌و بواره‌وه هه‌نگاوم هه‌ڵێنایه‌وه و به یارمه‌تی و تۆفیقی خوای مه‌زن توانیم له به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و نووسینانه سه‌رکه‌وتوو بم: 1-وه‌رگێڕانی کتێبی «وجود الله (بوونی خوا)»، نووسراوه‌ی دکتۆر یوسف قه‌رزاوی له عه‌ڕه‌بی بۆ فارسی له ژێر ناوی «شناخت خدا (ناسینی خوا)» چاپی نه‌شری ئیحسان له ساڵی 1379 2-نووسینی کتێبی «فه‌قێ و فه‌قێیه‌تی له کوردستان» به زمانی کوردی چاپی نه‌شری ئیحسان ساڵی 1382 3-وه‌رگێڕانی کتێبی «توتن کێشان ناڕه‌وایه»، نووسراوه‌ی خوا لێخۆش‌بوو مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌ممه‌د عه‌زیزی به‌رده‌ڕه‌شی له کوردی بۆ فارسی به ناوی «ایا سیگار کشیدن حرام است؟ (ئایا جگه‌ره کێشان حه‌رامه؟)» چاپی نه‌شری ئیحسان ساڵی 1385 4-نووسینی هۆنراوه‌ی کوردی «سفره‌ی سه‌فه‌ر» چاپی په‌خشانگای هیوای مه‌هاباد ساڵ 1389 5-وه‌رگێڕان و کۆکردنه‌وه‌ی کتێب «تقوی در فتوی (پارێزگاری له فتوا داندا)» که له ژێر چاپه 6-نووسینی کتێبی «المنظومة البهیة فی القواعد الفقهیه» به زمان عه‌ڕه‌بی، چاوه‌ڕوانی ناردنه بۆ چاپ 7-نووسین کتێبی «آرایش و پیرایش در اسلام (ڕێک و پێکی و هه‌ڵپه‌رتاوتنی ئیسلام)» له سه‌ر ئه‌ساسی چوار ئایینزاکان، چاوه‌ڕوانی ناردنه بۆ چاپ 8-و کۆمه‌ڵێک نامیلکه و مه‌قاله له بواره‌کانی جۆراوجۆر که هێندێکیان چاپ بوون و هێندێکیان چاپ نه‌بوون. ـ مامۆستا، وه‌ک دیاره جه‌نابتان له شێعریش دا شاره‌زایی و لێهاتووییتان هه‌یه، تکایه ئاماژه به‌و زه‌وقه ئه‌دیبانه و شاعیرانه‌تان بکه‌ن! شاره‌زا که نا، به‌ڵام زۆر حه‌ز له ئه‌ده‌بیات و به‌تایبه‌ت شێعر و په‌خشان ده‌که‌م و خۆم توانای ئه‌وه‌م هه‌یه که هۆنراوه‌یه‌ک بنووسم؛ هێندێک کات هه‌ستی خۆش و ناخۆشی ناخم وه‌ک هۆنراوه‌یه‌ک ده‌رده‌بڕم و سه‌باره‌ت به بابه‌تی جۆراوجۆری ئایینی، کۆمه‌ڵایه‌تی، رامیاری، دڵته‌نگی و... شێعرم نووسیوه، هێندێک کاتیش هۆنراوه‌ی دیتران به پێنج خشته‌کی ده‌ردێنم و چه‌ند به‌شی تر به هه‌ڵبه‌سته ڕازاوه‌یه‌که‌یان زۆر ده‌که‌م. هۆنراوه و شێعره‌کانم زۆرتر به زمانی کوردی نووسراون، له نێو په‌ڕاو و لاپه‌ڕه‌ی به‌ربڵاو جێیان خۆش کردووه و تا ئێستا چاپ نه‌کراون. ـ باس له کێشه‌کانی زانایان و ته‌له‌به‌کانی زانستی ئایینی له کوردستانی ئیران بکه‌ن و بفه‌رموون بۆچی مه‌کته‌به‌کانی زانستی ئایینی له هێندێک به‌شی کوردستاندا داخراون؟ زانایان و ته‌له‌به‌کانی کوردستان جگه له کێشه و گرفته‌کانی گشتی که یه‌خه‌ی هه‌موو خه‌ڵکی گرتووه، ده‌رد و ئازاری تایبه‌تی خۆشی هه‌یه. به‌ڕای من سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ئازار و گرفته‌کانی زانایانی کوردستان، له «نه‌بوونی ڕێبه‌ری» دا کورت ده‌بێته‌وه و چونکه یه‌ک سه‌رچاوه و ناوه‌ندێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و یه‌کده‌ست ئه‌و چینه به‌ڕێوه نابات، تووشی هه‌موو جۆره گرفت و ئازار بووه و له زۆر لاوه خه‌ساری پێ گه‌یشتووه. بۆ نموونه، تووشی په‌ڕش و بڵاوی بوون و قسه له یه‌کتر وه‌رناگرن، له‌و ئه‌رکانه‌ی که پێیان ده‌سپێردرێت به شێوه‌ی چاوه‌ڕوان کراو به جێی ناگه‌یه‌نن، سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌کانی ڕۆژ وه‌ک کێشه‌کانی سیاسی هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتوویان نییه، له فتوا ده‌رکردن و وه‌ڵام دانه‌وه‌ی گشتی پرسیاره‌کانی خه‌ڵک هاوده‌نگ نین، له ڕێکخستنی کاتی شه‌رعی بانگه‌کان ئێستاش به یه‌ک ڕای هاوده‌نگ و یه‌کڕیز نه‌گه‌یشتوون، له به‌ڕێوه‌بردنی جێژن و ئاهه‌نگه‌کانی ئایینی یه‌کڕا و هاوده‌نگ نین و ته‌نانه‌ت هێندێک جار ڕۆژێک یا دوو ڕۆژ له یه‌کتر وه‌پێش ده‌که‌ون یا وه‌دوا ده‌که‌ون، به‌ڕێوه‌بردنی مزگه‌وته‌کان به ته‌واوی له‌ده‌ست ئه‌واندا نییه و که‌سانێکی سه‌رباری ئازارده‌ر ده‌ست له کاریان وه‌رده‌ده‌ن، له گواستنه‌وه و هه‌ڵبژاردنی شوێنی خزمه‌تیان ئازاد نین و شانسی زۆرتر به که‌سانێکه که شایانی پله‌ی مامۆستای ئایینی نین، له بابه‌تی بژێوی ژیان هیچ بیرۆکه‌یه‌ک بۆ ئه‌و چینه بێ به‌شه نه‌کراوه و ئێستاش چاو له‌ده‌ست خه‌ڵک ماونه‌ته‌وه. ته‌واوی ئه‌و کێشانه و که‌م و کورتی دیکه‌ش که لێره‌دا جێی ئاماژه پێ کردن نین، بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که زانایانی ئایینی کوردستان له مه‌زنایه‌تی و پێگه‌ی ڕابردوویان که‌م بێته‌وه؛ ئه‌و بابه‌ته‌ی که زه‌ره‌ر و قازانجی ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ هه‌ر بۆ خه‌ڵک ده‌گه‌ڕێته‌وه. له کورته‌ی قسه‌کاندا، ئه‌و چینه هێژایه تا کاتێک که له پێنیژه‌ی یه‌کگرتووی نه‌چنه سه‌ر و ئاڵای یه‌کده‌نگی له سه‌ربانی سه‌رفرازی به‌رز نه‌که‌نه‌وه، ناتوانن له ڕێی به‌ده‌ست هێنانی مافی له‌ده‌ست چوویان هه‌نگاوێک هه‌ڵێننه‌وه و داری ئاواتیان تێخه‌ن، به‌ڵێ ئه‌و کاته‌یه که هه‌موو گرفته‌کانی ئاماژه پێ کراو چاره‌سه‌ر ده‌کرێن و پێگه و مه‌زانه‌یه‌تی له‌ده‌ست چوو، جارێکی تر به‌ده‌ست دێته‌وه. ـ مامۆستای به‌ڕێز، ئێوه گرفتی زانایانی ئایینیتان بۆ لێک دابڕان و نه‌بوونی یه‌کگرتوویی گه‌ڕانده‌وه، به‌ڵام به بۆچوونی ئێوه ئه‌و لێک دابڕان و نه‌بوونی هاوده‌نگی و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌یه‌کی تاک، به هۆی چییه؟ شی کردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره کات و ئاخافتنی زۆری پێویسته و له چوار چێوه‌ی ئه‌و دیمانه‌یه‌دا ناگونجێت، به‌ڵام به کورتی هۆکاره‌که‌ی بۆ دوو بابه‌تی سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه: 1.که‌مترخه‌می زانایان. 2.کاریگه‌ری چالاکیه‌کانی شه‌و و ڕۆژی نه‌یارانی ئایین و دژ یه‌کگرتوویی زانایان. ـ چ ڕێگه‌چاره‌یه‌ک پێشنیار ده‌که‌ن که بۆ جارێکی تر حوجره و خوێندنگاکانی زانستی ئایینی ئاوه‌دان بکرێنه‌وه و ده‌ست به‌کار بنه‌وه؟ سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌و خوێندنگایانه‌ی که هه‌ن، به‌تایبه‌ت له ڕوانگه‌ی ماڵی به‌هێز بکرێن که ئه‌وه‌ش ئه‌رکی ڕۆشنبیرانی موسوڵمان و خێرخوازانی کۆمه‌ڵگایه که هه‌نگاوی بۆ بنێنه‌وه و دوای به‌هێز کردنی خوێندنگاکانی که هه‌ن، ئه‌و مه‌کته‌بانه‌ش که داخراون دوباره ئاوه‌دان بکرێنه‌وه. به سه‌رنج دان به‌وه‌ی که زۆربه‌ی قوتابخانه‌کان به هۆی کێشه‌ی ژیان ناتوانن به شێوازێکی شیاو خه‌ریکی ڕاهێنان و فێرکاری زانستی ئایینی بن، بۆیه ئه‌گه‌ر کێشه‌ی ماڵی چاره‌سه‌ر بکرێت ئه‌و ده‌م ده‌کرێت به‌ڕاده‌ی پێویست بۆ وه‌رگرتنی ته‌له‌به حه‌ول بدرێت. له هه‌نگاوه‌کانی دواییدا ده‌کرێت مه‌کته‌به نه‌ریتییه‌کان به‌ره‌و قوتابخانه‌ی نوێ به‌رز بکرێنه‌وه و هه‌روه‌ها له به‌رنامه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا ده‌کرێت گرینگ‌ترین و کاریگه‌رترین ڕێگه‌چاره بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی دوباره‌ی خوێندنگاکانی ئایینی کوردستان، حه‌ولی به‌رده‌وام بۆ لابردنی ئه‌و جیاوازی دانان و هه‌ڵاواردنانه بێت که له نێوان بنکه‌کانی شیعه و ئه‌هلی سوننه‌ت هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ش ده‌بێ له لایه‌ن زانایان، هه‌ڵکه‌وتووان، ڕۆشنبیران، نوێنه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌ت و... حه‌ولی بۆ بدرێت، به‌و شێوه‌یه که: 1.خوێندنگاکانی زانستی ئایینی ئه‌هلی سوننه‌ت و به‌تایبه‌ت کوردستان هه‌روه‌ک بنکه‌کانی ئه‌هلی شیعه له بودجه‌ی حکومه‌تیان پێ بدرێت. 2.تێڕوانینی ئه‌منییه‌تی له‌سه‌ر خوێندنگا و حوجره‌کانی کوردستان هه‌ڵگیرێت. 3.بڕوانامه‌ی خوێندکاری ته‌له‌به‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت به فه‌ڕمی بناسرێت و بایه‌خی زانستی پێ بدرێت و بۆ دامه‌زراندنی فه‌ڕمی که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێت. له کۆتاییدا یه‌کێک له ڕێگاچاره‌کانی کاریگه‌ر بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی خوێندنگاکان، به‌ڕێوه‌بردن و چاودێریان به فه‌رمانگه‌ی ئه‌وقاف بسپێردرێت، هه‌روه‌ک له زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی باوه. ـ مامۆستا ئێوه یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی ئایینی سۆزی میحڕابن، فه‌رموون هۆکاری ئه‌وه‌ی که ئێوه و چه‌ند مامۆستای به‌ڕێز و نووسه‌ر به بیری دامه‌زراندنی ئه‌و ماڵپه‌ڕه که‌وتن چی بوو؟ که له‌وانه‌یه پرسیاری زۆربه‌ی خوێنه‌رانی ئه‌و دیمانه بێت؛ و ئایا له کارکرد ماڵپه‌ڕ و هاوکاری هاوڕێیان ڕازین؟ ئاشکرایه که بنه‌ڕه‌تیترین و گرینگ‌ترین ئه‌رکی زانایانی ئیسلام، ڕاگه‌یاندن و بانگه‌وازی بۆ ئایینی ئیسلامه و چونکه به‌داخه‌وه له ئامرازی ڕاگه‌یاندنی شیاوی ڕۆژ وه‌ک ته‌له‌ویزیۆن تا ئاستێکی زۆر بێ به‌شین،بڕیار درا که ماڵپه‌ڕی سۆزی میحڕاب بکه‌ینه‌وه و وه‌ک میحڕاب و مینبه‌ر که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێت، که خۆشبه‌ختانه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا زۆر به باشی جێی خۆی کرده‌وه و ڕێژه‌ی سه‌ردانه‌کانی له‌سه‌رێیه و ئه‌ویش یه‌که‌م: به لوتف و تۆفیقی ئیلاهی بووه و دووهه‌م: هه‌موو هاوکاران له مامۆستایان و دۆستانی تر که دڵسۆزانه و ماندوونه‌ناسانه هاوکاریان کردووه. خوای مه‌زن به هه‌موو بانگخوازانی ڕاسته‌قینه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلام سه‌رکه‌وتنی زۆرتری پێ ببه‌خشێت. ئامین
بۆچوونه‌کان