زانای پایه‌به‌رز، مامۆستا مه‌لا مه‌حمود واوی، وتارخوێنی «نه‌ڵاس»ی سه‌رده‌شت، ڕۆژی سێ شەممه، ماڵئاوایی له ژیان کرد. به پێی ڕاپۆرتی پێگه‌ی ھه‌واڵنێری ئیسلاح، مامۆستا مه‌لا مه‌حمود واوی، کوڕی مه‌لا محه‌مه‌د له ساڵی 1317ی ھه‌تاوی له گوندی «بناوه«ی سه‌رده‌شت ھاته دونیاوه. له ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا باوکی له ده‌ست دا. پۆلی سه‌ره‌تایی له خوێندنگاکانی سه‌رده‌شتدا خوێندووه. ساڵی 1332ی ھه‌تاوی ده‌چێته حوجره‌کانی کوردستان و ده‌بێته ھاوڕێ و قوتابی مامۆستایانێک وه‌ک : مامۆستا نه‌جمه‌دین که‌وکه‌بی، مامۆستای شه‌ھید عه‌بدولکه‌ریم شاریکه‌ندی، مامۆستا مه‌لا سه‌ید سه‌لام سه‌لامی و مه‌لا ساڵح نه‌جیبی له گونده‌کانی «ئاڵواتان»ی سه‌رده‌شت، «خهلیفهلوو»ی نه‌غه‌ده، «نه‌ڵاس»ی سه‌رده‌شت و «گناو»ی کوردستانی عێراق. مامۆستا واوی لە ساڵی 1341ی ھه‌تاوی له خزمه‌ت مەلا محه‌مه‌دی بۆکانی ناسراو به مه‌لا محه‌مه‌دی ڕه‌ئیس، ئیجازه‌نامه‌ی فتوا و وانه‌گوتنه‌وه‌ی وه‌رگرتووه و له‌و ساڵه‌دا له گوندی «مامه‌زینه»ی سه‌رده‌شت به‌ناوی پێشنوێژ و مامۆستای وانه‌بێژ، ئیشی ئایینی ده‌ست پێکردووە. پاشان مامۆستا له ساڵی 1357ی ھه‌تاوی ده‌چێته گوندی «نه‌ڵاس» و له ساڵی 1372 ده‌چێته حه‌ج و له‌گه‌ڵ موفتی پێشووی عه‌ره‌بستان، شێخی بن باز و به‌رپرسانی «دار التوجیه و الافتا» دیدار و چاوپێکه‌وتنی کردوەه. مامۆستا «واوی» زانایێکی نوکتهبین، ده‌قیق و زانا بوو به تایبه‌ت له بواری مێژووناسی و فیقھ ده‌ستێکی باڵای بوو. مامۆستا ده‌رس ده‌گوته‌وه و ئیجازه‌ی فه‌قێشی ده‌دا. بۆیه زیاتر له ده‌یان که‌س له خزمه‌تیدا ئیزنی فتوا و وانه‌وتنه‌وه‌یان وه‌رگرتووه. پێگه‌ی ھه‌واڵنێری ئیسلاح، به بۆنه‌ی کۆچی ئه‌م زانا خواناسه، پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراسته‌ی خه‌ڵکی به‌ڕێزی سه‌رده‌شت، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و خوالێخۆشبووه، قوتابیان و لایه‌نگرانی ده‌کات و له خوای لێخۆشبوو‌ن و به‌ھه‌شتی به‌رینی بۆ ده‌خوازێ. إنا لله و إنا إليه را‌جعون
بۆچوونه‌کان