لێره‌دا له‌ چوار گۆشه‌وه‌ له‌ ڕه‌حمه‌ت یان میهره‌بانی ده‌ڕوانین، به‌هیوای ئه‌وه‌ى له‌ ئایینده‌دا بتوانین زیاتر له‌سه‌ری بوه‌ستین.

 

پەیامی قوڕئانە:

پەیامی (ڕەحمەت/میهرەبانی) بەهایەکی بنەڕەتییە لە قوڕئاندا، خودای ئێمه‌ (الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ)ـه‌ بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە سیفەتی ڕەحمەتی بۆ خۆی لەپێشتر داناوە (كَتَبَ رَبُّكُمْ عَلَىٰ نَفْسِهِ الرَّحْمَةَ)، پێغه‌مبه‌رمان ڕەحمەتێکی خەڵاتکراوە (إنَّما أنا رحمةٌ مُهداةٌ) پوختەی په‌یامەکەشی بریتیە لە ڕەحمەتێک بۆ جیهانیان (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ).

تایبەتمەندییه‌كی شەریعەتە:

زانای ناودار (ئیبنی قه‌يیم) چوار تایبەتمەندی سەرەکی بۆ (شەریعەت) تۆمار دەکا کە بریتین لە (دادپەروەری، رەحمەت، بەرژەوەندی و دانایی)، لە کتێبی (إعلام الموقعين عن رب العالمين)دا دەنووسێت: (وَهي -الشَّرِيعَةُ- عَدْلٌ كُلُّهَا، وَرَحْمَةٌ كُلُّهَا، وَمَصَالِحُ كُلُّهَا، وَحِكْمَةٌ كُلُّهَا). ئەم وەسفانەش پێکەوە وەک تام و بۆن بەنێو باسەکانی (بیروباوەڕ، پەرستن، مامەڵە و ئەخلاق)دا پڕشنگدەدەنەوە، بێگومان لە مێژووی ئیسلامدا بۆچوون و ئاراستەی جیاوازیش دەبینرێن، بەڵام هەمیشە وەک تەرزێک لە پەڕگیری و لادان لە پەیامی ڕاستەڕێ ئەژمار کراون.

چەمکێکی فیكرییه‌:

لە جیهانی فیکر و سیاسەت و ئابووریدا گفتوگۆ و مشتومڕێکی فراوان هەیە لە نێوان چەند دروشم و بەهایەکدا، بۆ نموونە پوختەی ململانێی فیکریی سەدەی بیست لە نێوان سۆشیالیزم و لیبرالیزم لەوەدا چڕ دەبێتەوە، ئایا (یەکسانی و ئازادی) کامیان لە پێشترن، سەرەنجام هەندێک لە ئاراستە پەسەندکراوەکانی هەردوو قوتابخانەکە وەک (سۆشیال دیمۆکراتەکان و لیبرالیزمی یەکسانیخواز) گەشتنە بەهای سێیەم یان ڕێگەی مامناوەند کە بریتییە لە (دادپەروەری) وەک بەهای کۆکەرەوەی (ئازادی و یەکسانی)، بەڵام ئەگەر جیهانبینی ئیسلامی زیاد بکەین بۆ بەشداری لەم گفتوگۆیەدا، بێگومان هاوشانی (دادپەروەری) بەهای (ڕەحمەت) پێشکەش دەکات، وەک تەواوکەری وێنە گەورەکە و هەڵقوڵاوی ڕەهەندی مرۆیی.

كاریگه‌ریی لە بواری گشتیدا:

ڕەحمەت وەک بەهایەکی ئەخلاقی لە ناخی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بەخێرایی بەهۆی ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتاری مرۆڤدا دەگوێزرێتەوە بۆ ئاستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بواری گشتی کۆمەڵگا و لەگەڵ چەندین کرداری دروستی وەک (خاکەڕایی و چاوپۆشی و لێبوردن و چاکسازی) خۆی نمایش دەکات، لەوەش زیاتر وەک ئامرازێکی مرۆیی پەسەندکراو لەگەڵ بوارەکانی (بەڕێوەبردن و ئابووری و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی)دا ئاوێزان دەبێت. بە پوختی لە جیهانبینی ئیسلامیدا ڕەحمەت لە پەیوەندی خوێن و خزمایەتی و خێزانەوە (صلة الرحم) ڕەگی داکوتاوە و لە بواری گشتیدا سایە و بەرهەمەکەی دەردەکەوێت، قوڕئانی پیرۆز ئەم دوو ئاستە پێکەوە گرێ دەدات، بچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتی دەبەستێتەوە بە لادان و خراپەکاریی لەسەر زەویدا (الفساد في الأرض): (وَ الَّذِينَ يَنْقُضُونَ عَهْدَ اللَّهِ مِنْ بَعْدِ مِيثاقِهِ وَ يَقْطَعُونَ ما أَمَرَ اللَّهُ بِهِ أَنْ يُوصَلَ وَ يُفْسِدُونَ فِي الْأَرْضِ أُولئِكَ لَهُمُ اللَّعْنَةُ وَ لَهُمْ سُوءُ الدَّارِ).