هەواڵی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ژنان، بۆ گەلی کورد و ئەو کەسانەی دژی توندوتیژی دینیین هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو. لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆر لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان پیرۆزباییان ئاراستەی نادیە کردووە و وەکوو شانازییەکی گەورە بۆ کوردستان تماشای ئەو خەڵاتەیان کردووە. ئەگەر وابێ جێی خۆیەتی بپرسین ئایا ئەم ژنە مەزنە کە ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە چەندە لە کوردستان و لە ناو سەرکردە سیاسییەکان قسەکانی بڕەوی دەبێ؟ ئایا ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی خۆی لە کوردستانەوە دەست پێبکا چەندە کۆمەڵگای کوردی زەمینەی لەباری بۆ دەڕەخسێنێ هەتاکوو بتوانێ بە ئامانجەکانی بگا؟ 

 دیارە لەمەولا نادیە ئەتوانێ شێلگیرانەتر بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و دژایەتی لە گەڵ توندوتیژییدا تێکۆشانی ببێ و قسەی بڕەوی زیاتری هەیە. ئەگەرچی ئیتر نادیە ژنێکی بەناوبانگە لە جیهاندا بەڵام بەر لە هەموو شتێک باشتر وایە لە کوردستانەوە بەرنامەکانی بۆ ئایەندە دابڕێژێ و کارنامەی «ئان سانگ سووچی» لە بەرچاو بێ کە ئێستا چۆن لە بەر چاوی خەڵکی دونیا کەوتووە و ناوەندە جیهانییەکان یەک لە دوای یەک بەو باوەڕە دەگەن کە شایستەی ئەو نازناوە مەزنە نەبووە کە خەڵاتی نۆبڵی بەنسیب بێ. وەکوو کورد زیاتر لە تەواوی دونیا نیازمان بە ئاشتی هەیە و هەمیشە - بەر لە هەڵبژاردن بێ یان دوای ئەو بێ - ترسی شەڕی ناوخۆ تووشی دڵەڕاوکێی کردووین. لێرە زیاتر لە زۆر جێگەی دوونیا بەشخوراو هەیە، نابەرابەری و کپکردنی دەنگ و ڕەنگ یەکجار زۆرە، هێشتا زۆر مافمان هەیە کە دەستەبەر نەبووە. 

بۆ ئەوەی نادیە بتوانێ بەو ئارمانانەی بگا نابێ هەڵەی «سووچی» دووپات بکاتەوە. لە کۆمەڵگای مەدەنییەوە دەبێ کار بکا و خۆی بپارێزێ لە هاتنە ناو دەسەڵات و مەیدانیی سیاسەتەوە. لەوێوە کاریگەریی یەکجار زۆرتری هەیە و هەروایش کە هەیە پاک و بێگەرد دەمێنێ. بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی باشترین رێگەیە بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجانەیە کە لە پێناوییدا رەنج و زەحمەتی کێشاوە.