بەر لەوەى کە بەڕێز (موحەممەد خاتەمى) مەسەلەى گفتوگۆى کلتوور ء شارستانییەتەکانى لە بەرامبەر تێز ء تیۆریاى (پێکدادانى شارستانییەتەکان)ى سامۆئیل هینتگتۆنەوە پێشکەش بکات و بخاتە ڕوو، گوتەزاى (حیوار ء گفتوگۆ) لەناو وڵاتدا زۆر جێى گرنگى و بایەخپێدان نەبوو، هەرچەندە لە گوتارەکانى بیرمەندان و سیاسەتوانەکاندا ئاماژەیەکى لەم چەشنە هەبوو،..

بەر لەوەى کە بەڕێز (موحەممەد خاتەمى) مەسەلەى گفتوگۆى کلتوور ء شارستانییەتەکانى لە بەرامبەر تێز ء تیۆریاى (پێکدادانى شارستانییەتەکان)ى سامۆئیل هینتگتۆنەوە پێشکەش بکات و بخاتە ڕوو، گوتەزاى (حیوار ء گفتوگۆ) لەناو وڵاتدا زۆر جێى گرنگى و بایەخپێدان نەبوو، هەرچەندە لە گوتارەکانى بیرمەندان و سیاسەتوانەکاندا ئاماژەیەکى لەم چەشنە هەبوو، بەڵام یەکەمجار (سەیید موحەممەد خاتەمى) بەشێوەیەکى ڕاشکاوانە ئەم مەسەلەیەى وەک زەرورەتێک لە ئاستى جیهان و نێوان گەل و نەتەوە و شارستانییەتەکاندا ڕاگەیاند، بۆ ئەوەى لە بەرامبەر (دەوڵەتمەردان) و پیاوانى حکومەت و خوازیارانى توندءتیژى و پێشەنگانى شەڕ و ئاژاوەوە ـ کە بەرژەوەندى خۆیان لە لێدانى تەپڵ و دەهۆڵى شەڕ و جەنگدا دەبینییەوە ـ دەنگ و ئاوازێ کە دەکرێت و دەتوانرێت لە بەرامبەر نییەت و مەبەستە شوم و خراپەکانى هەندێک کەسى ستەمکار و دونیا ویستەوە، کە ئامادەن هەزاران کەس بکەنە قوربانى مەبەست و ئامانجەکانیان ـ بانگهێشتى جیهان بکات بۆ بەها باڵا ئەخلاقییەکان و خواستە فیترى و سرووشتییە هاوبەشەکانى مرۆڤەکان، وەک: (دادپەروەرى و ئازادى و لێبوردەیى و ئاسانکارى و ڕەچاوکردنى ڕێز و حورمەتى کەسانى دیکە.) هەرچەندە جوانتر و شایستەتربوو کە لەناو وڵاتیشدا ـ وەک شانازى و دەستکەوتێک ـ بەرگرى پێویست لە پێشکەشکردنى تێز و تیۆریایەکى لەم شێوەیە بکرایە.

لەگەڵ قبوڵکردنى نێودەوڵەتى و پێشوازى کەس و لایەن و گروپەکان، ئەدى بۆچى ئەم تیۆریایە نەیتوانى جێگیر ببێت و ببێتە شتێکى دامەزراوەیى؟

هەم بە هۆکارە ئیجابییەکان و هەم لە لایەنە سەلبییەکانەوە دەتوانرێت (نەبوونى ئامادەسازى و کەرەستە  پێداوویستى  فاکتەرە پێویستەکان، یاخود هەبوونى کۆسپ و لەمپەرەکان) بە هۆکارى ئەو جێگیر نەبوونە هەژمار بکرێن.

لە لایەنى ئامادەسازى و کەرەستە و پێداویستییەکانەوە، یەکەم کارێک کە پێویستە ئەنجام بدرێت: (ڕاهێنانى حیوار و گفتوگۆ)یە لەناو وڵاتدا و بە دامەزراوەیى کردنیەتى لە هەموو ئاستەکاندا، وەک قوتابخانە حکومى و قوتابخانە ئاینییەکان و زانکۆ و بازاڕ وهتد...

پێویستە وەک واقیعێکى تاڵ، ئەوە قبوڵ بکەین کە ئێمە لەناو وڵات و لە ناوخۆدا ئەهلى حیوار و گفتوگۆ نین، عادەت و خوومان بەوەوە گرتووە کە لە هەر مەسەلە و بابەتێکدا شانازى بە ڕابردوومانەوە بکەین و لە هیچ شتێکدا هەست بە کەموکورتى نەکەین، هەر کاتێکیش کە باسى حیوار و گفتوگۆ بێتە ئاراوە، هەر زوو پشت بە سەدان ئایەت و فەرموودە و ڕیوایەت دەبەستین و بەڵگەیان پێ دەهێنینەوە لە مەڕ پێویستى گفتوگۆوە، یاخود ئەگەر لە بارەى مافەکانى مرۆڤەوە قسە و باس بکرێت، ئەوە خێرا ئاماژە بۆ بڵاوکراوە و ڕاگەیەنراوەکانى (کۆرش) دەکەین، بە دەربڕینێکى دیکە لە ئاستى بانگەشەکردندا تا دەتوانین قەناعەت بە ڕکەبەر و نەیارەکانمان دەکەین، بەڵام لە ئاستى کردەوە و پراکتیکدا هیچین.

گرفتى کارەکە هەر لێرەدایە و تا ئەم مەسەلەیە چارەسەر نەکرێت و ئەم کێشەیە لانەبرێت، سەرکەوتوو نابین.

نووسەرى ئەم بابەتە لەو باوەڕەدایە کە تاوەکو ئەو کاتەى کە لە ناوخۆى وڵاتدا پایەکانى ئەم تێز و تیۆریایە مکۆم و بەهێز نەبێت و ئەندێشەکانى درەختى ئەم تیۆریایە ڕیشکەکانى دانەکوترێن و ڕۆ نەچن، ئەوا کەسانى دیکە لە گەڵا و بەرهەم و میوەکانى ئەم درەختە بەهرەمەند نابن.

بۆچى هەندێک کەس و لایەن لە پەیڤین و گفتوگۆ دەترسن؟! مەگەر لە دەقە ئاینییەکاندا جەختى لەسەر نەکراوەتەوە؟ ئەى ئایا مەگەر دیکتاتۆرییەت و بە تەنیایى بیرکردنەوە و کارکردن و خۆبەهەموو شتێک زانین و ئەنانیەت، سەرزەنشتکراو نیین؟

لەبارەى نەبوونى گفتوگۆى  ناوخۆیى، یاخود نەبوونى گفتوگۆى نێوان نەتەوە و ئاینزاکانەوە، پێویستە ئەوە بگوترێت کە ئەمڕۆ و لەم سەردەمەدا، پێشکەوتن و گەشەسەندنى وڵات لە هەموو بوار و ڕەهەندەکاندا، ئاتاج و نیازمەندى خستنەڕووى بیر و بۆچوون و ئەندێشە جیاوازەکانە، کارێک کە دەتوانێت لە چوارچێوەى حیوار و گفتوگۆدا لایەنى پراکتیکى لەخۆ بگرێت.

ئەم کارە بۆ هەرکەسێکى نیشتیمانپەروەر لە نانى شێوان پێویستترە، لەوانەیە جۆرى مامەڵە و موداراکردن و هەڵسوکەوتێک کە لە نێوان سەران و سەرکردە ئێرانییەکاندا بوونى هەیە، وەک قبوڵکردنى گفتوگۆ و ڕێگەچارەى مەسەلەکە بخرێتە ڕوو.

ئەم مەسەلەیە ـ گفتوگۆ ـ هێشتا لە وڵاتى ئێمەدا بە شێوەیەکى شێلگیرانە نەخراوەتە ڕوو ء هەست بە گرنگى و بایەخى نەکراوە، دواجار بەرهەم و کاریگەرى و جێکەوتە پۆزەتیڤەکانیشى ئاشکرا نەکراوە.

کەش و بارودۆخى هەنووکەیى،  جۆرێکە لە بەناچارى و بە تۆبزى تەحەمولکردن و سەپاندن، نەک ڕەزامەندى و دڵخۆش بوون، ئەم کەش و بارودۆخە وەک کارنامەى دەستنیشانکردنى سودى بانکییە، کە وادەزانرێت بە بێ کارى پسپۆڕانە و تەنها لە سۆنگەى گومانى باشەوە گرفتى ئابوورى چارەسەر دەکرێت.

نەتەوە و گەل و ئاینزاکانى ئێران پێویستییان بە گفتوگۆیە، هەمووان حەز دەکەن گوێ لە قسەکانیان بگیرێ و بیر  و بۆچوونى خۆیان دەربڕن و شوناسى خۆیان بخەنەڕوو، هەمووان حەز دەکەن کەسانى دیکە ڕێز و حورمەتیان لێ بگرن و حساب بۆ پێگە و پلە  و پایەى واقیعییان بکەن، نەتەوەکانى ئێران تا ئەمڕۆ ـ چ لە ناوخۆیاندا و چ لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ حکومەت ـ دەرگایەکى لەم چەشنەیان نەکردووەتەوە.

ئەوەى کە چەندین ساڵە هەموو ئێرانییەکان ـ بە سەرجەم نەتەوە و نەژاد و ئاینزاکانەوە ـ لەژێر چەترى ئێرانیبوون و گەلى ئێرانیدا دەژین، قسەیەکى ڕاستە، بەڵام ئەم چەترە نەیتوانیوە هەمووان بخاتە ژێر سایەى خۆیەوە، تاوەکو هەموویان وەک یەک لە تایبەتمەندییەکانى ئەو چەترە سود و بەهرە وەربگرن.

ئەگەر مامەڵە و هەڵسوکەوتى کارمەندێک لەگەڵ کەسێکدا کە پۆشاکى ڕەسمى دەوامى لەبەر کردووە و لەگەڵ کەسێکى دیکەدا کە پۆشاکى ناوچەیى پۆشیوە یەکسان بێت، ئەوا دەتوانرێت بگوترێت کە پێوەرەکانى گفتوگۆمان قبوڵکردووە.

هەروەها ئەگەر ڕێز لە داب و نەریت و مێژوو و کلتوور و مۆسیقا و هونەر و کەسایەتى و تایبەتمەندییەکانى نەتەوەکانى دیکە بگرین، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم مەسەلەیە چارەسەر کراوە.

ئەگەر لە چاپەمەنى و میدیا و دەزگاکانى ڕاگەیاندندا، تێڕوانین و دیدگا و گوفتارمان بەرامبەر هەموو هاووڵاتیان یەکسان بێت، ئەوا دەتوانرێت بگوترێت ڕازى بووین و قایلین بە حیوار و گفتوگۆکردن.

ئەڵبەتە نابێت کە گفتوگۆ بە نیشانەى جیاوازى و دووبەرەکى بزانین، بەهەر حاڵ گفتوگۆ ڕێگەچارە و پێویستى و نیشانەیەکە، نیشانەى تەکامول و تەواوکارى ئەخلاقى و ئینسانییە، هۆکار و فاکتەرێکە بۆ گەیشتن بە بەها و ئامانجە باڵا مرۆییەکان، نیشانەى زیندوویەتى گۆمەڵگەیەکە وەک یەک جەستە و پەیکەر، هەروەها نیشانەى هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییە و شتێکى بزوێنەر و داینەمۆى کۆمەڵگەیە، پێکهێنەر و داینەمۆى وزەى کۆمەڵ و هۆکارى تەبایى و پێکەوەژیان و هاوکارى و تەواوکارییە.

وا دێتە پێش چاو  هەل و مەرجێک کە لە وڵاتى ئێمەدا هەیە، بەهۆى پابەندبوون بە داخوازییەکانى گفتوگۆوە نییە، کاتێک کە لە ڕۆژنامەیەکدا سوکایەتى بە یەکێک لە نەتەوەکان دەکرێت، یاخود لە شارێکدا ڕێگرى لە دروستکردنى پەیکەرى یەکێک لە زانایان و شاعیرانى ئەو شارە دەکرێت، یان ڕێگرى لە سازکردنى کۆنفرانس و کۆنگرەیەک  دەکرێت کە بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتییەکى ئەو شارە ساز دەکرێت، یان کاتێک بنەماکانى دەستوورى سەرەکى پەیوەست بە مافى کەمینەکانەوە جێبەجێ ناکرێت، یاخود سود لە خوێندکارانى نەتەوەکان وەرناگیرێ بۆ پۆست و بەرپرسیارییەتییەکان، ئەوا هەموو ئەمانە نیشانەى هەژارى حیوار و گفتوگۆیە.

پێویستە پرسیار بکرێت کە: ئایا ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانەى کە لە نێوان زانایانى ئاینزا جیاوازەکاندا لە (هەفتەى وەحدەت ـ یەکگرتن)دا ئەنجام دەدرێن، چ ئامانجێکیان هەبووە؟ ئایا ڕێگەچارە و میکانیزمێک بۆ ستراتیژیەتێکى دیار لە بەرامبەر قەیران و کێشە فراوانەکانى ڕۆژدا لەپێشچاو گیراوە؟

لەبەر ئەمەیە کە درووشمەکەى بەڕێز (موحەممەد خاتەمى) ـ مادام لە ناوخۆى وڵاتدا ئەزموون و تاقى نەکرایەوە ـ لە دەرەوەش کاریگەر نەبوو و کاردانەوەیەکى ئەوتۆى نەبوو.

خۆزگە بەڕێز (خاتەمى) بەر لە پێشکەشکردن و خستنەڕووى درووشمى: (گفتوگۆى شارستانییەتەکان) بەرنامەى گفتوگۆى ناوخۆیى ـ گفتوگۆى نەتەوە و ئاینزا و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگەى ـ دەخستەڕوو، هەروەها لە خولى هەشت ساڵەى دەسەڵاتى سەرۆک کۆمارییەکەى خۆیدا جەختى لەسەر دەکردەوە، کە بە دڵنیاییەوە دەبوویە پشتیوانێکى بەهێز بۆ پرۆژەیەکى گەورەى لەم شێوەیە، بەڵام مەخابن کە پرۆژەى (گفتوگۆى شارستانییەت و کلتوورەکان) وەک زۆرێک لە درووشم و پرۆژە بەنرخەکانى دیکە ـ کە پێویستى و نیازى مرۆڤایەتین ـ نەک تەنها لە لایەن نەیارەکانى دەرەوە، بەڵکو بە لە فەرمان دەرچوونى هەندێک لە کۆنخواز و بەرژەوەندیخوازانى ناوخۆییەوە لەبار برا، ئەو کەسانەى کە لەناوخۆدا تەبەڕڕایان دەکرد لە گفتوگۆ و لەم پەیامە ئیلاهییە غافڵ و بێئاگا بوون کە خواى گەورە هەر لە سەرەتاى دروستبوونى گەردوونەوە (گفتوگۆ)ى بە پێشەنگ بۆ هەمووان دانا و تاکە ڕێگەى پێشکەوتن و بەختەوەرى و ئازادى و ڕزگاربوون و بە کورتى و لە یەک ڕستەدا (گەیشتن بە لوتکەى بڵندى ئینسانییەت، گفتوگۆیە.)

ئەوان بێئاگابوون لەوەى کە نابێت لە گفتوگۆکردن بترسیت، هەمیشە و بەردەوام دەبێ لە بارەى گفتوگۆوە قسە بکرێت و لە هەر سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکیشدا پێویستە باسى بکرێت، بۆ ئەوەى وەک واقیعییەت و زەرورەتێک ـ لە لایەن هەمووانەوە ـ پەسەند بکرێت، ئا لەم کاتەدایە کە دەتوانرێت لەسەر بە جیهانیبوونى جەخت بکرێتەوە و شانازى پێوە بکرێت.

گفتوگۆ هێندەش سەخت و دژوار نییە، هەر هێندە بەسە کە خۆمان ڕابهێنین و پابەندبین بە یاسا و ڕێساکانیەوە.

ئەگەر بانگەشەى ئەوە دەکەین کە لەو دەستە مرۆڤانەین کە قسەکان دەبیستن و چاکترینەکەیان هەڵدەبژێرین و بە جیدال و موناقەشەى باش و جوان لەگەڵ کەسانى دیکەدا مامەڵە دەکەین و پابەندین بە ئامۆژگارى جوان و حیکمەتەوە، ئیتر بۆچى لە ئاستى کردەوە و پراکتیکدا بەم شێوەیە نین؟!

قورئان لەبارەى گەشت و گەڕان بە سەر زەویدا، زۆر ئامۆژگارى و ڕاسپاردەى داوە، ئێمە هێشتا وڵاتەکەى خۆمان ناناسین، لەوانەیە بەو شێوەیەى کە لە وڵاتەکانى دیکەدا هەست بە ئارامى و ئاسودەیى دەکەین و ڕێزمان لێ دەگیرێ، لەناو خۆماندا هەستێکى لەم چەشنەمان نییە و بۆ دروست نەبووە.

بەرپرسە ناعەشائیرییەکانى ناوچەکان، تا چ ئاستێک باوەڕیان بە گفتوگۆکردن هەیە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقوڵ و کەسایەتییە ناوچەییەکاندا و چەنێک گرنگى و بایەخ بە نەهێشتنى کێشە و داخوازییەکان دەدەن؟

تا هەنووکە چەندین کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لە نێوان نەتەوە و ئاینزاکاندا سازکراوە و چەندین هەوڵ بۆ نەهێشتنى حەساسییەت و تێگەیشتنە هەڵەکان خراوەتە گەڕ، بەڵام ئێمە هێشتا لە ناو وڵاتێکدا یەکتر ناناسین، چونکە لەگەڵ یەکدى دانەنیشتووین و گفتوگۆمان نەکردووە.

بەر لە دەستپێکردنى حیوار و گفتوگۆیە کە کەموکورتى و ناتەواوى و چاکى و جوانییەکان لە سەنگى مەحەک دەدرێن، چەپ و ڕاست و ڕەش و سپى لەیەکدى جیا دەکرێنەوە، ئاکارە نێگەتیڤە کلتوورییەکان و داب و نەریتە ناڕەواکان دەگۆڕدرێن بە ئاکار و داب و نەریت و بەها باڵا ڕاست و دروستەکان، ئێمە ئەم هەل و دەرفەتەمان لە دەستداوە و هێشتاش بە چاویلکەى تاکگەرایى و فەردانییەت و خۆشباوەڕییەکى سەرچاوەگرتووەوە تەماشاى مەسەلە و بابەتەکان دەکەین، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە گیرۆدەى وەهم و خەیاڵ و تەسکبینى و دید و تێڕوانینى موتڵەقگەرایانەین، خۆمان بە خاوەنى هەق و کەسانى دیکەش بە ناڕەوا و مایە پوچ دەزانین، لەکاتێکدا کە بەم شێوەیە نییە.

هەمووان خۆیان بە کامڵ و تەواو دەزانن، بەڵام کەماڵ لاى هەمووان وجودى هەیە، چەند کارێکى باشە کە هەق و ڕاستى لە سەرووى هەموو کاروبارەکاندا  دابنێین و بیر و بۆچوون و تێڕوانینەکانمان لەسەر (هەق سەروەرى) و(هەق سالارى) بونیات بنێین.

ئەگەر ئەزموونگەلێکى لەم شێوەیە لەژیانى خێزانى و لە نێوان وردە کلتوورەکان و هەموو دانیشتوانى وڵاتێکدا بەکار بهێنین و پەیڕەوەى لێ بکەین، ئەوا لە ئاستى جیهانیشدا قسەیەکمان بۆ وتن دەبێت، چونکە چەندین ساڵە کە (تاک گۆیى) پێگەى خۆى لەدەستداوە.

پێویستە گروپە پێکهاتووەکانى چالاکوان و بیرمەندان لەناو نەتەوە و ئاینزاکاندا ـ بە ئامانجى دەرکەوتن و سەرکەوتنى هەق و ڕاستى و ڕوونکردنەوەى حەقیقەت و نەهێشتنى چینایەتى و بەرپاکردنى دادپەروەرى و جێبەجێکردنى ماددە فەرامۆشکراوەکانى دەستوور پێکبهێنرێن، چەند کۆڕ و کۆنفرانسێک لەمبارەیەوە ساز بکرێن، بۆ ئەوەى ئەم پرۆژەیە ـ گفتوگۆى شارستانییەتەکان ـ وەک شێواز و ڕێباز و سیرە و ژیانێکى پراکتیکى بگۆڕدرێت بە پێشەنگ و نموونەیەک بۆ وڵاتەکانى دیکە، کە بێگومان ئاکارێکى لەم شێوەیە، چاکترین دەستپێشخەرییەکە بۆ گەیشتن بە دیموکراسى.

لە وڵاتى ئێمەدا، تەعەددودیەت و فرەیى و گەشەسەندنى ڕۆشنبیرى و جیاوازى زمان و ئاینزا و پۆشاک و داب و نەریت و ڕێژەى هۆشیارى و بەشدارى سیاسى و چالاکییە ئابوورییەکان، حەز و سەلیقە و خواستەکان، ئاستى خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دیدى قوڵ و گشتى بۆ مەسەلەکان و گرنگى و بایەخدان بە پاراستنى شوناس و چەندین شتى دیکە، وجود و بوونیان هەیە.

لە هەموو ئەم بوارانەشدا دەتوانرێت ئاماژە بە خاڵى جیاواز و دژ یەک بکرێت، هەرچەند لە چەند خاڵێکى گرنگیشدا خاڵى هاوبەشى زۆر هەیە، بەڵام پێویستە مەسەلە و بابەتى (حیوار و گفتوگۆ) وەک فاکتەرێکى گرنگى نزیککەوتنەوە لە یەکدى ـ لە ئاست و پێگەى دید و تێڕوانین و قسەکردنەوە ـ ڕاکێشینە بازنەى کار و کردەوەوە و بیخەینە بەر ئەزموون و تاقیکردنەوەوە.

ئەگەر ڕۆشنبیران و سیاسەتوانە خاوەن دید و تێڕوانینەکان ـ لە هەل و مەرجێکى لەم شێوەیەدا ـ جەخت لەسەر ئەم مەسەلەیە بکەنەوە، ئەوا لە ئەنجامدا چاکترین دەوا و دەرمان بۆ ساڕێژکردن و چارەسەرکردنى برین و دەردەکانى ڕابردوو، چاکترین ڕێگەچارە بۆ زیادکردنى بەشدارى و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى لە پاراستنى یەکپارچەیى و سەربەخۆیى وڵات و ئاسایش و ئاسودەیى و پێکەوەژیان و تەبایى و ئینتیما بۆ کلتوور و ڕۆشنبیرى نەتەوەیى گشتگیر و بە شادى ژیان لە وڵاتاندا ـ کە ماڵى هەموومانە ـ فەراهەم دێت، کەوابوو چەند باشە کە لەسەر بنەماى پەیڤین و گفتوگۆ، ماڵێکى لێوانلێو لە باش لەیەکگەیشتنمان هەبێت و بەم هۆیەشەوە لە هەر جۆرە مەترسییەک ـ کە ئەگەرى ڕوودانى هەیە ـ ڕێگرى بکەین.

نابێ پەیڤین و گفتوگۆ بە نیشانەى لاوازى بزانین، چونکە گفتوگۆ واتە قبوڵکردنى واقیعیەت و باوەڕبەخۆبوون، لایەنى گفتوگۆ یان هەر کەس و لایەن و گروپێک کە لە گفتوکۆکردن هەڵدێت، ئەوا دانى ناوە بە ڕاستى و دروستى لاوازى خۆیدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلە و بابەتەکاندا، دانى ناوە بە قبوڵنەکردنى مافى گشتى و شوناس و وجودى کەسانى دیکەدا، کە ئەم کارە لە دونیاى ئەمڕۆدا ـ لە لایەن ڕۆشنبیران و بیریاران و کۆمەڵگەى مرۆییەوە ـ پەسەندکراو نییە.

لە لایەکى دیکەوە، قبوڵکردنى گفتگۆ بە ماناى بەهەق زانینى بەرامبەریش نییە، بەڵام لەم ڕووبەڕووبوونەوە و بە یەکگەیشتنانەدایە کە زۆرێک لە ژەنگ و ژار و تەم و مژەکان لادەچن و دەڕەوێنەوە، مسى وجودى هەردوولا دەگۆڕدرێت بە کیمیا و زێڕ و کۆمەڵگەش دەگۆڕدرێت بە ئاوێنەیەکى پاک و بێگەرد، کە هەموو کەسێک خۆیى تێدا دەبینێتەوە، کە ئەمەش کۆمەڵگەیەکى ئایدیاڵ و خوازراوە.

***

سەرچاوە/ گۆڤارى آیین، ژمارە: (21)