"پەنابەرێکی کورد بەنوسینی ڕۆمانێک لە زیندانەوە بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوستراڵیای وەرگرت" **** پەنابەرێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ ئەوەی خۆی ئامادە بێت لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکە، بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوسترالیای وەرگرت. ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە "بێهرووز بووچانی ڕۆژنامەنووس و نووسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە دوورگەی مانووس لە ئوسترالیا پەنابەرە، بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبی ئوسترالیای پێ بەخشراوە". ماڵپەری گاردیان ئاماژەی بەوە داوە " بێهرووز بووچانی، کە ماوەی شەش ساڵە وەکوو پەنابەر ڕووی لە ئوسترالیا کردووە، بەڵام ئوسترالیا ڕەتی کردوەتەوە وەری بگرێت، هەر بۆیە وەک زیندانییەک لە دوورگەی مانووس زیندانی کردوون، سەرەڕای ئەمە بێهرووز ڕۆمانەکەی خۆی بە مۆبایل نووسیوە و بەم هۆیەوە دوو خەڵاتی ڤیکتۆریای وەرگرتووە، کە بریتین لە بردنەوەی بڕی ٢٥ هەزار دۆلار، وەک خەڵاتی ئەدەبیاتی ناداستانیی و هەروەها خەڵاتی ١٠٠ هەزار دۆلاری، وەک خەڵاتی بەشی ئەدەبیاتی ڤیکتۆرییەن". بێهرووز بووچانی بە گاردیانی وتووە "ئەو لە وەرگرتنی خەڵاتەکە هەستێکی دژبەیەکی هەیە و کتێبەکەی بە مەبەستی خەڵات نەنووسیوە، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی ئەوە بووە کە خەڵکی ئوستراڵیا و تەواوی جیهان تێبگەن کە ئەو سیستمە چۆن خەڵکە بێگوناحەکان لە دوورگەکانی مانووس و نائور بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە دەدات، هاوکات هیوادارە کە ئەو خەڵاتە ببێتە هۆکاری ئەوەیکە سەرنجی زیاتر بچێتە سەر ئەو بابەتە و سیاسەتی دڕندانەش بەرامبەر پەنابەران گۆڕانکاریی بەسەردا بێت". لە هەواڵەکەی گاردیاندا ئەوەش هاتووە "ئومێد تەوفیقیان، بە هاوکاری موونس مەنسووبی، ڕۆمانەکەی بووچانیانیان لە فارسییەوە کردۆتە ئینگلیزی، هاوکات خەڵاتەکەشیان لە جیاتی ئەو وەرگرتووە". بێهرووز بووچانی، لە ڕۆژی ٢١ تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ لە شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، ئەندامی ناوەندیPENی کوردە، شەش ساڵ لەمەوبەر بە مەبەستی پەنابەری ڕووی کردووەتە ئوسترالیا و لە دوورگەی مانووس گیرساوەتەوە. خەڵاتی ئەدەبیی ڤیکتۆریا پریمییێر کە بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبییە، بەهۆی نوسینی ڕۆمانی "جگە لە چیاکان دۆستی دیکەمان نەبوو"، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، پێشکەشی ڕۆژنامەنووس و نووسەری کورد بێهرووز بووچانی کراوە. ---------------- هـ ـ ر