سه‌رۆک کۆماری تورکیا سه‌ره‌ڕای ئاماژه به گرینگایه‌تی ڕۆڵی ناوچه‌یی ئێران رایگه‌یاند که له نیۆیۆرک له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران دیدار ده‌کات.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به گێڕانه‌وه له که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنیی CNN Turk، عه‌بدوڵڵا گویل له کاتی سه‌فه‌ر بۆ نیۆیۆرک به هه‌واڵنێرانی وت: وه‌ک دوو وڵاتی دۆست و دراوسێ بڕیاره دیدار و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوتا ئێرانیه‌که‌ی بکات.
وتیشی: پێشتر له نووسراوێکدا به تیروته‌سه‌لی باسی له‌وه کردووه که ئێران توانایی ناوچه‌یی به‌رزی هه‌یه و ناکرێت بۆ چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی سووریا ڕێکارێک بگرینه پێش که ڕۆڵی ئێرانی تێدا له به‌رچاو نه‌گیردرێت.
گویل زیادی کرد: سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای گرینگ داڕێژراوه و دیپلۆماته ئێرانییه‌کان، کارامه، عاقڵ و تێکنۆکراتن و بێ گومان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 ده‌بێت که‌ڵک له تواناییه‌کانی ئێران وه‌ربگیردرێت.
ڕاشیگه‌یاند: به هه‌ڵبژاردنی ڕۆحانی وه‌ک سه‌رۆک کۆمار، خولێکی نوێ له ئێران کراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی نابێت چاوه‌ڕوان بکه‌ین که سه‌رجه‌م سیاسه‌ته گشتییه‌کانی کۆماری ئیسلامی بگۆڕدرێت، به‌ڵام هه‌ر له‌م ماوه کورته‌شدا ده‌بینین که هاوکێشه سیاسییه‌کانی ئێران سه‌رده‌مێکی سازێنه‌ر و شه‌فافی ده‌ستپێکردووه.
عه‌بدوڵڵا گویل به ئاماژه به ئازادبوونی ژماره‌یه‌ک زیندانی ده‌ستگیرکراوی پاش ڕووداوه‌کانی ساڵی 88 له ئیران وتی: ئه‌و هه‌نگاوانه نیشان ده‌دات که ئێران ده‌توانێ له هاوکێشه‌کانی ناوچه‌که به باشی ڕۆڵ بگێڕێت.
بۆچوونه‌کان