نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی بۆ كاروباری سوریا ئەخزەر ئیبراهیمی لیستی وڵات و رێكخراوانی نێودەوڵەتی كە بەشداری كۆنفڕانسی جنێڤ 2 لەبارەی سوریا ئاشكرا كرد.

ئیبراهیمی لە نووسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكانی جنێڤ دوای ژمارەیەك كۆبوونەوی لە بارەی جنێڤ 2 كە بڕیارە رۆژی 22ی كانوونی دووەمی 2014 ببەسترێ، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ئیبراهیمی رایگەیاند لە بارەی بەشداربوووان تەنیا بڕیاری ئێران نەدراوە و گوتی: "وەكو نەتەوەیەكگرتووەكان خوازیارین ئێران بەشداربێ‌، بەڵام ئەمریكامان رازی نەكردووە بۆ بەشداربوونی ئێران. كۆبوونەوەكانمان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبێ."

ئیبراهیمی ئاشكراشیكرد بێجگە لە نەتەوەیەكگرتووەكان، گروپی وڵاتانی ١+٥ كە لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێكدێ‌، كۆمكاری عەرەبی، رێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی، جەزاییر، بەڕازیل، كەنەدا، دانیمارك، میسر، ئەڵمانیا، هندستان، ئیندۆنێزیا، عێراق، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوردەن، كووێت، لوبنان، مەغریب، نەرویج، عومان، قەتەڕ، عەرەبستانی سعودی، ئەفریقیای باشوور، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، توركیا و میرنیشینە عەرەبییەكان بەشداری دەكەن.

ئیبراهیمی لە بەشی بەیانییەكەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ هەردوو جێگرانی وەزیری دەرەوی ئەمریكا و روسیا و لە بەشی دوای نیوەڕۆش لەگەڵ ئەندامانی دیكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان، نوێنەڕانی دراوسێكانی سوریا، یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبی كۆبووەتەوە.

لەمبارەوە لە سەر ناوی توركیا شاندێكی بەسەرپەڕشتی راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا فەریدون سنیرعۆغڵو بەشداری كۆنفڕانسی جنێڤ دوو بكا.

بڕیارە كۆنفراسەكە 22ی كانوونی دووەم لە شاری مۆنترۆی سویسرا بە بەشداری وڵات و رێكخراوانی داوەتكراو دەبەسترێ‌ و دوای دوو رۆژ لە 24ی ئەو مانگە لە جنێڤ بە بەشداری ئیبراهیمی و لایەنە سوریەكان بەردەوام دەبێ