عەبدولمحەمەد زاهیدی، لە لایەن دەوڵەتی رووحانییەوە وەک پارێزگاری سنە دیاری کرا.
سەرەڕای پێداگری و داخوازیی سێ مانگەی نوێنەرانی کورد لە پارلەمانی ئێران و چالاکانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چوارەم کورسیی پارێزگاری لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش درایە بە کەسێکی لۆڕ.
ئەمڕۆ یەکشەممە[١٠ی سەرماوەز]، پاش کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتی حەسەن رووحانی، "عەبدولمحەمەد زاهیدی"، وەک حەفدەیەمین پارێزگاری سنە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دیاری کرا.
بە گوێرەی راگەیاندنەکانی ئێران، زاهیدی پێشووتر هەمان پۆستی لە پارێزگاکانی ئیسلام، مەرکەزی و سیستان و بەلووچستان لە ئەستۆ بووە و بۆ ماوەی حەوت ساڵیش جێگری سیاسیی پارێزگای کرماشان بووە.
دیاریکرانی کەسێکی ناخۆجێی بۆ پارێزگاری سنە، کرماشان، ئیلام و ورمێ سەرەڕای ئەو بەڵێنییانەیە کە حەسەن رووحانی لە رۆژانی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردندا بە چالاکانی کوردی دابوو.
رێفۆرمخوازانی کورد و فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە پارلەمانی ئێران لەم سێ مانگەی دواییدا، لە چەندین پلاتفۆڕمی جیاوازەوە، بەردەوام پێداگرییان لەسەر ئەمە دەکرد کە بە هۆی دەنگی باڵای کوردان بە رووحانی، پێویستە ناوبراو پۆستە گرینگەکانی ئەو هەرێمە بە خۆی کوردەکان بسپێرێ.
داخوازییەک کە بە دیاریکرانی کەسانی ناکورد، بە پێشینەیی سەربازی و ئەمنییەتی، بۆ وێنە تورکێک بۆ پارێزگاری ورمێ، ئابادانییەک بۆ کرماشان، مەشهەدییەک بۆ ئیلام و لوڕێک بۆ سنە، لە لایەن دەوڵەتی رووحانییەوە وەڵام درایەوە.
...
بۆچوونهکان