بڕیاره‌ نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆی شاری ئامه‌د پاش دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌رانی پارته‌ کوردییه‌کان له‌ چیای قه‌ندیل چاوی به‌ سه‌رکرده‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان بکه‌وێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس له‌ ڕۆژنامه‌ی وه‌ته‌ن: له‌یلا زانا ڕۆژی ڕابردوو له‌ زیندانی ئیمرالی چاویکه‌وت به‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری په‌که‌که‌ و بڕیاره‌ بۆ گه‌یاندنی نامه‌ و په‌یامی ئۆجه‌لان بێته‌ هه‌رێمی کوردستان.

له‌یلا زانا نامه‌یه‌کی ئۆجه‌لان بۆ مه‌سعوود بارزانی ده‌بات و له‌سه‌ر کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و قه‌ناعه‌ت پێهێنانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌که‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌کات.

بڕیاره‌ دواتر له‌یلا زانا سه‌ردانی قه‌ندیل بکات و بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر دانوستانی ئاشتی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی په‌که‌که‌ چاوپێکه‌وتن و کۆبوونه‌وه‌ی ببێت.