كۆبوونه‌وەی یه‌ك ڕۆژه‌ی ڕاهێنه‌رانی جه‌ماعه‌ت له‌ پارێزگای كوردستان ڕۆژی پێنج‌شه‌ممه‌ی ٧ی گوڵان له‌ شاری بانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا حه‌سه‌ن ڕه‌ببانی، «به‌رپرسی جێگری په‌روه‌رده‌ی جه‌ماعه‌ت له‌ پارێزگای كوردستان» له‌ وته‌كه‌ی‌دا، به‌ گرنگی پێوه‌ندی نێوان ڕاهێنه‌رانی جه‌ماعه‌ت ئاماژه‌ی كرد و گوتی: ئێمه‌ له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌ دوای پێكهاتنی پێوه‌ندی پته‌وتر‌ و نزیكتری نێوان ڕاهێنه‌ران دایین و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌كه‌ ڕاهێنه‌ران له بواری زانستی، فكری، مه‌عنه‌وی و جه‌سته‌یی به‌ ئاستێكی شیاو و ئامانجێك كه مه‌به‌ستی ستراتێژی جێگری په‌روه‌رده‌ییه بگه‌ن. هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی‌تری قسه‌كانی‌دا گوتی: ڕاهێنه‌ران پێویسته‌ به‌ شوێن كه‌وتن له‌ پێغه‌مبه‌ری ئازیز(دروود و سه‌لامی خوای لێ بێت) و هاوه‌ڵانی به‌ڕێزی(خوا لێیان ڕازی بێت)، خۆڕاگری و پشوودرێژی و هیوا، بكه‌نه‌ توێشووی ڕێگای دژوار و پڕچه‌رمه‌سه‌ری بانگه‌واز و په‌روه‌رده‌یان و بۆ ڕاهێنانی قوتابییه‌كانیان ته‌واوی هێزی خۆیان ده‌كار بكه‌ن و تێبكۆشن. ڕه‌ئوف ئیسلاح‌جوو، «به‌رپرسی زانایان و فه‌قێیانی جه‌ماعه‌ت له‌ پارێزگای كوردستان» له‌ وته‌یه‌ك‌دا، ئاماژه‌ی به‌ گرنگی نزا و پاڕانه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوای مه‌زن و هه‌روه‌ها له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا كرد و گوتی: نزا و پاڕانه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئامرازی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌یه‌ و به‌ درێژایی مێژووی ئینسانی، مرۆڤ له‌ نزا و په‌رستش و په‌رستگا بێ‌نیاز نه‌بووه‌. ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندی پته‌وی ڕاهێنه‌ران له‌گه‌ڵ خوای مه‌زن، جه‌ختی كرد كه‌: كاری ڕاهێنه‌ر پێكهێنانی پێوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌یه‌؛ بۆیه پێویسته‌ سه‌ره‌تا خۆی پێوه‌ندییه‌كی پته‌و و كاریگه‌ری له‌گه‌ڵ خوای باڵاده‌ست هه‌بێت. هیوا ڕاشێدی، «به‌رپرسی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی جه‌ماعه‌ت له‌ مه‌ریوان»یش له‌ قسه‌كانی‌دا سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ گوتی: بنه‌مای كاری ئێمه –وه‌ك ئه‌ندامی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح- له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ پێك هاتووه و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه مه‌زنه‌كانی په‌روه‌رده‌، ڕاهێنه‌رانی ئێمه‌ پێویسته‌ خۆیان له‌ قسه‌ و ئاخاوتن و ڕه‌وشت‌دا سه‌رمه‌شق و نموونه بن كه پێشه‌نگانی نموونه‌، خۆیان به‌ستێنی گۆڕانكاری له‌ قوتابییه‌كانیان‌دا ده‌ڕه‌خسێنن. ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی كه‌: ئێمه‌ پێویستیمان به‌ په‌روه‌رده‌ی هاوسه‌نگ و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه‌ كه بواره‌كانی جۆراوجۆری هزری، مه‌عنه‌وی و جه‌سته‌یی له‌ خۆی بگرێت و له‌ زێده‌ڕۆیی و كه‌مایه‌سی له‌و بوارانه‌دا خۆمان بپارێزین كه به‌م چه‌شنه‌ ده‌ستكه‌وتی كۆتایی، چاكسازی تاك و كۆمه‌ڵگا ده‌بێت‌. له‌و كۆنگره‌یه‌دا، له‌ لایه‌ن جێگری په‌روه‌رده‌ی جه‌ماعه‌ت له‌ پارێزگای كوردستان، ڕێز له‌ ڕاهێنه‌رانی سه‌ركه‌وتوو گیرا. له‌ به‌رنامه‌كانی تری ئه‌و كۆنگره‌یه‌، به‌ڕێوه‌ چوونی تریبوونی ئازاد بوو كه له‌ودا ڕاهێنه‌ران، ئه‌زموون و ئامۆزه‌ و بیره‌وه‌رییه‌كانی ڕێبازی بانگخوازی و په‌روه‌رده‌ی خۆیان خسته‌ ڕوو. جێی ئاماژه‌یه‌ كه ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی پا‌رێزگایی ڕاهێنه‌رانی په‌روه‌رده‌ی جه‌ماعه‌ت له‌ پارێزگای كوردستان له‌ خولی چواره‌م بوو كه به‌ مه‌به‌ستی ناساندن و زۆرتر كردنی پێوه‌ندی نێوان ڕاهێنه‌ران، ڕاگوێزی ئه‌زموون و بردنه‌ سه‌ری هاوكاری نێوانیان به‌ڕێوه‌ چوو.