ناو:حەبیب
ناوی باوک: محەممەد
ژیاننامە
ناوی تەواو حەبیب محەممەد سەعید فەتتاح بەگی، لە ساڵی (١٩٤٨)ز لە گوندی (بەڵخەی هەورامان) لە خێزانێکی دیندار لە دایک بووە، کە دایکی مەنسووبی تەریقەتی نەقشیی بووە و وەرع و زوهدی ئافرەتانی پێشینی بیر دەخستینەوە. لە ساڵی (١٩٥٤ - ١٩٥٥)دا چووەتە قوتابخانەی گوندەکەیان و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لەوێ تەواو کردووە، پاشان ماڵیان بار دەکات بۆ هەولێر و پۆلی شەشەمی سەرەتایی و یەکەمی ناوەندیی لەوێ تەواو دەکات.
پۆلی دووەمی سێیەمی ناوەندییشی لە هەڵەبجە تەواو دەکات، پاشان لە (خانەی مامۆستایان) وەردەگیرێ لە (شاری سلێمانی) و لە ساڵی (١٩٦٨ - ١٩٦٩) خوێندن تەواو دەکات و بە مامۆستا دادەمەزرێ لە گوندەکانی: دەگاشێخان (لە هەورامان)، تاوێرە، سازان، ....سیروان، دواتر لە سلێمانی لە قوتابخانەکانی: سەیوان، بێکەس، هەورمان، مامەیارە، دەبێت تا خانەنشین بوونی لە (٠١-٠٧-٢٠١١) زایینی. هەر بە منداڵیی باوک و دایکی - خوا لێیان خۆشبێ – بایەخ بە خوێندن و پەروەردەکردنی دەدەن، بەتایبەتیی دایکی لەسەر پەروەردە و خوێندنی زۆر سوور دەبێت، بۆیە ماوەی نادا زۆر تێکەڵی منداڵان و یارییکردنیان ببێت، بەو بۆنەوە لە وانەکاندا سەرکەوتوو دەبێ و پۆلەکانی بە ئاسانیی دەبڕێت.
لە پۆلی دووهەمی خانەی مامۆستایاندا لە ڕێگەی چەند هاوڕێیەکی دڵسۆزەوە کە تێگەیشتنێکی چاکیان لە ئیسلام هەبوو، باشتر دەگەڕێتەوە بۆ لای دینداریی و موسڵمانێتیی و بە گەرمیی سەرقاڵی خوێندنەوە و ڕامانی پەڕاوە ئیسلامییە هاوچەرخەکانی ئەوکات دەبێت، ئەو برایانەش لەگەڵ (برایانی موسوڵمان)دا کاریان دەکرد.
ئەمیش لە ساڵی (١٩٧٠) و بە دواوە دەست دەکا بە وانەوتنەوەی قوتابییە زیرەک و چابووکەکانی گوندەکەیان و کۆمەڵێکی زرنگیان دەهێنێتە مزگەوت بۆ فێربوون و خوێندنەوەی قوڕئانی پیرۆز.
بەمە لە ساڵی (١٩٧٠) بۆ یەکەم جار قوتابیی دەستیان دایە قوڕئانخوێندن و بە ماوەیەکی کەم خەتمیان کرد و دەستەیەکی لاوچاکیان لێ پێ گەیشتن.
لەم کاتانەدا ناو بە ناو شتی جوان و هەڵوێستی ژیانی پیاوچاکان و خەلیفە ڕاشیدەکانی دەنووسینەوە و بە دەست نووس چەند دانەیەکی لێ دەگرتنەوە و دابەش دەکران بەنێو قوتابییەکانیدا. تا ساڵی (١٩٨٠) لە کۆمەڵگای زۆرە ملێی (سیروان)دا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر وانەکانی دادەنێتەوە بۆ گەنج و پیر و چینەکانی مزگەوت.
بە وتنەوەی تەفسیری قوڕئان و (ریاض الصالحین و احیاء علوم الدین) و سیرەی هاوەڵانی پێغەمبەری خۆشەویست (د.خ.) لە پاشنوێژی بەیانیان و عەسران و شەوانی ڕەمەزان بەردەوام دەبێ لە چەند مزگەوت و تەنانەت وانەی بۆ خوشکانی ناوچەکە لە ماڵی خۆیاندا دانابوو کە چین چین دەهاتن و وانەکانی تەجوید و لەبەرکردنی قوڕئانی پێ دەوتنەوە.
کە زۆرێک لە کاسێتەکانی ئەو وانانە بەهەر جۆرێک بێ و بە کۆمەکیی خوای گەورە ماون و ئێستە بە (mp3) هەن کە ئەمەش بەردەوام بوو تا کیمیابارانی هەڵەبجە و وێرانکرانی ناوچەکە. لە بواری نووسینیشدا لە کۆتایی شەستەکانەوە دەست دەداتە نووسین و وەرگێڕان، بەتایبەتی ژیاننامەی هاوەڵان(خوا لێیان ڕازیی بێ).
لە ساڵی (١٩٧٣) و لەو کاتەی کە لە دەورووبەری شاری هەڵەبجە مامۆستا دەبێ، لە پیاسەی ئێوارانی باخی گشتی شاردا یەکەم نامیلکەی حازر کرد بۆ چاپ بەناوی (منیش بوومە پشتیوانی!) بەڵام پاش سێ جار ڕەتکردنەوەی لە لایەن دەزگای چاپی حکومەتەوە و بە لابردنی پەردەی یەکەمی گفتوگۆکە ساڵی (١٩٨٠) چاپ کرا.
هەر لە ساڵی (١٩٨٠) دا یەکەمین ژیاننامەی هاوەڵانی چاپ کرد و تا ساڵی (١٩٨٨) نزیکەی (٣٠) کتێب و نامیلکەی بڵاوبوونەوە. دواتر بەردەوام بوو لە نووسین تا لە ساڵەکانی (٢٠٠٦ و ٢٠٠٧) دا جوانترین دیاریی خۆی پێشکەشی کتێبخانەی کوردیی کرد کە ژیانی پێغەمبەری ئازیزمان بوو(د.خ.) لە دووبەرگی گەورەی نزیکەی (١٦٥٠) لاپەڕەییدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی شوێنکەوتنی فیکر و قوتابخانەکەی مامۆستا سەعیدی نوورسیی یە، کە وەک پێشەنگێکی ئەو قوتابخانەیە دادەنرێ لە کوردستان، بەوەی کە وازی لە سیاسەت هێناوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەسەر ئەو فیکرە هاوچەرخەیەی.
مامۆستا حەبیب خاوەنی هەشت مناڵە (چوار کوڕ و چوار کچ) و لە سلێمانی (گەڕەکی مامەیارە) دادەنیشێ. لە ٢٧-٠١-٢٠٢٢ کۆچی دوایی کردووە.
بەرهەمەکانی:
أ- ژیانی ئازیزمان (د.خ.) بەرگی یەکەم/٢٠٠٦ز
ژیانی ئازیزمان (د.خ.) بەرگی دووەم/٢٠٠٧ز
ب. زنجیرەی ژیاننامەی خەلیفە ڕاشیدەکان:
١- ئەبوبەکری سددیق
٢- عومەری کوڕی خەتتاب
٣- عوسمانی کوڕی عەففان
٤- عەلی کوڕی ئەبوتالب
٥- عومەری کوڕی عەبدولعزیز
ج- کورتە ژیاننامەی خەلیفە ڕاشیدەکان بۆ مناڵان.
د- زنجیرەی بۆ کۆرپەکان:
١- دڵ فراوانیی
۲- فرمێسکی شادیی (١)
۳- فرمێسکی شادیی (٢)
٤- فرمێسکی شادیی (٣)
٥- چاوپۆشیی
ه- زنجیرەی زیکری خواناسان : (چوار بەرگ)
و- زنجیرەی هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ.):
١- عومەیری کوڕی سەعد
٢- نوسەیبەی کچی کەعب
٣- عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف
٤- عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود
٥- ئەبوئەییوبی ئەنساری
٦- خوبەیب و سەعید
٧- زەیدی کوڕی سەهل
٨- عەبدوڵای کوڕی حوذافە
٩- خەبابی کوڕی ئەرەت
١٠- بەڕائی کوڕی مالیک
١١- ئەبوسەعیدی خودری
١٢- عومەیری کوڕی وەهب
١٣تا ١٧ دەستەیەک لە شەهیدان
١٨- زەیدی کوڕی حاریسە
١٩- ڕەبیعەی کوڕی کەعب
٢٠- سەعیدی کوڕی زەید
٢١- سوراقەی کوڕی مالیک
٢٢- رەملەی کچی ئەبوسوفیان
٢٣- تەلحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا
٢٤- عەبدوڵڵای کوڕی سەلام
٢٥- سەلەمەی کوڕی قەیس
٢٦- عیکریمەی کوڕی ئەبوجەهل
٢٧- عەدیی کوری حاتەمی تەی
٢٨- سابیتی کوڕی قەیسی ئەنساری
٢٩-خەدیجەی کچی خوەیلید
٣٠- موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان
٣١- عائشەی کچی ئەبوبەکر
٣٢- عەبدوڵڵای کوڕی عومەر
٣٣-موسعەبی کوڕی عومەیر
٣٤- عەبدوڵڵای کوڕی عەبباس
ز - زنجیرەی وتووێژی قوتابیان:
١- منیش بوومە پشتیوانی!
٢- تاکەی دوورە پەرێز بم؟!
٣- بانگی ڕزگارییە!
ح- زنجیرەی لەگەڵ خواناساندا:
١- بەرهەمی خواناسیی
٢- لە دادگای ئیسلامدا
٣- سەرمەشقی بانگخوازان
٤- دەروونی موسڵمان
٥- پادشای خواناس
٦- لە ئەڵقەی وانە وتنەوەدا لەگەڵ خواناساندا/ بەرگی یەکەم
لەگەڵ خواناساندا/ بەگی دووەم
ط- زنجیرەی تیشکێ لە قوڕئانەوە:
١- ڕۆژان ڕۆژیان لە دوایە
٢- کۆمەڵی پایەدار (عباد الرحمن)
ی- زنجیرەی دەستی پەروەردگار: (چوار بەرگ) شەش جار چاپ کراوە
ک- چەند چەپکێ بیرەوەریی سەبارەت بە مامۆستا سەعیدی نوورسیی:
١- چەپکی یەکەم: بیرەوەری پیاوان
٢- چەپکی دووەم: بیرەوەری ئافرەتان
ل- زنجیرەی ناوازەیی بیری مامۆستا نوورسیی:
١- هاوبەشیی لە کاری قیامەتییدا
٢- پەیامەکانی نوور و یەکبوونی موسڵمانان
٣- حیکمەتی ژن نەهێنانی
٤- کارمەندانی پاکژیی
٥- هۆی ڕواڵەتی و هۆی ڕاستەقینە
٦- هەشت خاڵ
٧- فەڕو بەرەکەت (بڵاونەکراوەتەوە)
٨- سەربەستی راستەقینە (بڵاونەکراوەتەوە)
م- زنجیرەی لە ڕوانگەی پەیامەکانی نوورەوە:
١- نزا و پاڕانەوە
٢- ڕزق و ڕۆزی
٣- وازهێنانی (بدیع الزمان) لە سیاسەت.
بۆچوونهکان