دواجار هەردوو بەرە لە میسردا قسەی خۆیان بردەسەر و رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، سوپا بەهێزی ئاگر و ئاسن و باروود، خۆپیشاندەرانیش بە دروشمی سلمی و پەیامی ئاشتیخوازی و (الله أكبر)ەوە، پاش (40) چل رۆژ سوپا و كودەتاچییەكانی میسر توانیان دوای كوشتنی هەزارەها خەڵكی سیڤیل توانی بەشێوەیەكی كاتی گۆڕەپانەكان لە خەڵكی خۆپیشاندەران خاڵی بكات.
خۆپیشاندەران ئەوەی لە دەستیاندا هەبوو، ئەوەی لە دەستیان هات كردیان، سوپاو دەسەڵاتی كاتیش دەستی بۆ هەموو شتەكانی خۆی برد، دیارە دەسەڵاتێكی دۆڕاو كاتێك دەست بۆ هەموو شتەكانی دەبات، كە یەكێك لەو شتانە هێزی ئاگر و ئاسنی سەربازی و پۆلیسی و داپڵۆسینە، چونكە هیچ شتێكی راستەقینەی خۆی نییە تا لە دەستی بدات، هەموو ئەوشتانەی دەستی بۆ دەبات بە موڵكی خۆی نازانێت، تا خەم بۆ لەدەستدانی بخوات.
بۆیە دەسەڵاتی كاتی و كودەتاچییەكانی میسر لە رەشترین و ناشیرین ترین پەڕەكانی مێژووی مرۆڤایەتیدا وڵاتەكەی خۆیان سەركردەی كودەتاكانیان تۆماركرد، ئەو دەسەڵاتە ئەوەندە بەسووك و كەم سەیری خەڵكی وڵاتەكەی دەكات، سەرۆكە دانراوە كاتییەكەی حكومەتەكەی باس لەوە دەكات، ژمارەی كوژراوەكانی پرۆسەی بڵاوپێكردنی خۆپیشاندەران لەچاو ژمارە و رێژەی خۆپیشاندەراندا زۆر كەمە، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، ئەو دەسەڵاتە بەنیازی كوشتاری گەورەتر و كوشتنی خەڵكی زیاترە لەو وڵاتەدا، رەنگە ژمارەی قوربانییەكانیش بگەیەننە رێژەی 10%ی خۆپیشاندەران، واتە بۆ نزیكەی (10) دە هەزار كەس، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لە رووی میدیاییەوە ئامادەسازی بۆ دەكەن، دەسەڵاتداران و كەناڵە میدیایییەكانی سەربەو دەسەڵاتە كودەتاچییە هەمیشە یەك لەسەر دەی قوربانی و ژمارەكان ئاماژە پێدەكات، ئەمەش ناشیرینترین فۆرمی سەیركردنی قوربانییەكانە، كاتێك لە قەبارە و ژمارەی زیان و قوربانییەكان كەم بكرێتەوە.
لە ماوەی (10) دە سەعاتی یەكەمی پرۆسەی چۆڵكردنی گۆڕەپانەكاندا هەردوولا چەكی خۆیان تاقیكردەوە، سوپا هێزی بەكارهێنا، جەماوەری خۆپیشاندەریش عەزیمەت و گۆڕەپانێكی ترو شەقامێكی تر، هەردوولا بەشی خۆیان لە زیانی ماددی و مەعنەویان بەركەوت، زیانی خۆپیشاندەران سوتانی چادر و دارو پەردوو، قوربانی و رژانی خوێنی هەزاران (كە ئەوان بە شەهادەت و سەركەوتنی دەزانن)، زیانی سوپاش قوربانی دانی گیانی ژمارەیك لە ریزەكانی و لە دەستدانی بێلایەنی لە نێوان پێكهاتەكانی ئەو وڵاتەدا.
زیانەكانی خۆپیشاندەران لە قازانج و بەرژەوەندی خەڵك و خۆپیشاندەران دەشكێتەوە، دەبێتە هۆی هەوێنی شۆڕشێكی جەماوەری و سەرتاسەری فراوانتر، كە ئێستا سەرەتاكەی لە ئاسۆوە دەركەوتووە، زیانی كودەتا چییەكان و سوپاش زیان لە خۆیان و لاوازی وڵات و بەرژەوەندی نەیارانی میسر بەتایبەت قەوارەی زایۆنی دەشكێتەوە.
بەبڕوای من گەورەترین زیان لە میسردا بەر سوپای ئەو وڵاتە كەوت، چونكە سوپا یەكەم هەرچەندە بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی ئیخوان سوپای میسر بێلایەن نەبوو بەرامبەر بەو تەوەژمە، بەڵام لە شۆڕشی 25ی یەنایەری 2011دا سوپا توانی باڵانسی هێز و بێلایەنی خۆی رابگرێت، كەچی لەم سەروبەندەدا ئەو بێلایەنییەی دۆڕاند، دووەم ئەو سوپایە پاشخانێكی گەورەی میسر بوو، وەلێ بەدەستی سەركردەكانی لاوازیان كرد، ئەمەش بەفیتی دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییەكانی سەردەمی موبارەك و دەورووبەر و دەرودراوسێی میسر.
دەكرێت دیارترین زیانەكانی سوپای میسر سەرەڕای لەدەستدانی میسداقییەتی زۆرینەی جەماوەری وڵاتەكەی دیاری بكەین، وەك شكست هێنانی پرۆژەی دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، كە لەگەڵ وڵاتێكی تری ناوچەكەدا پلانی بۆ دارشتبوو، زیانێكی تری ئەوەیە ئاواتی مێژیینەی قەوارەی زایۆنی هاتەدی، كە هەموو رێگە و بوودجەیەكی گەورەی بۆ لاوازكردنی میسر تەرخانكردبوو، هەمیشە لە بۆسە و مەڵاسدایە بۆ لاوازكردنی، چونكە ئەو سوپایە لەناو قوڵایی جەماوەرەوە پشتگیری تەواو دەكرا، هاوكات بە گەورەترین هێزی عەرەبی دادەنرا كە لە بەرلووتی قەوارەی زایۆنیدایە، زیانی گەورەی مەعنەوی لە سوپا لەوەدا بەرجەستە دەبێت، كە لە پرۆسەی سیاسیدا تێوەیان گلاند و دەستیان سووركرد بە خوێنی خەڵكی خۆیو، ئەفسەران و سەركردەكانی ئەو سوپایە بۆ هەتا هەتایە دەبێت چاوەڕوانی دادگای دنیا و قیامەت بن.
بۆچوونهکان