هاوسەری ئەزیز: - خۆت بۆ مێردەکەت بڕازێنەرەوە و سوریش بە لەسەر ئەوە، چونکە سووربوون لەسەر خۆڕازاندنەوە بۆ مێرد زۆر زۆر گرنگە. - ماڵەکەت پاک و تەمیز بکە و ڕێکی بخە، پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی ماڵ زۆر گرنگە بەهەند وەری گرە. - گوێڕایەڵی مێردەکەت بکە لە چاکەدا، گوێڕایەڵیکردنی مێرد لەهەر شتێکدا موخالەفەی شەرعی تیا نەبێ، کلیلێکە لە کلیلەکانی بەختەوەری. - نهێنی مێرد و ماڵە مێرد بپارێزە و هەر کێشەیەکیشتان هەبوو، بەخۆتان لە نێوان خۆتاندا و دووبەدوو دانیشن و چارەسەری بکەن، با نەگاتە ماڵەباوان. - ماڵ و مناڵی مێرد بپارێزە. پاراستنی ماڵی مێرد بەوە ئەبێ بەگوێرەی پێویست لێی خەرج بکەیت و دەست بڵاو نەبیت. پاراستنی مناڵەکانیشی بە سەرپەرستی کردنیان و شیرپێدانیان و چاودێری کەسایەتییان و گرنگیدان بە پەروەردەی ئەخلاقییان هەر لە مناڵییەوە و هەستانی بە واجبی دایکایەتی بەرامبەر مناڵ و نازپێدانی و یاری لەگەڵ کردنی و هەڵسوکەوت لەگەڵی بە لوتف و نەرمی و.. هتد. - ژیانت بەدەستی خۆت تاڵ و تاریک و لێڵ مەکە بە خولقاندنی کێشە و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ مێرد و هەرشتێک ببێتە هۆی تێکچوونی نێوانتان و جیابوونەوەتان. - گرنگی بە حەزەکانی و هیوایەتەکانی بدە وەک ئەوەی ئەو گرنگی بە حەزەکان و هیوایەتەکانی تۆ دەدا. ڕێگری مەکە لە سەرجێیی مەگەر بەهانە و عوزرێکت هەبێ. - ڕێزی هەستەکانی بگرە و بە ئەندازەی کافی و پێویست تەقدیری بکە. - دووربکەوەرەوە لە شتی هیچ و پووچ، چونکە زۆربەی ناکۆکی ژن و مێرد لە ژیانی هاوسەرێتیاندا لەسەر شتی هیچ و پووچە. - مێردەکەت قەبوڵ بکە هەرچۆن هەیە و وەک ئەوەی هەیە، هەوڵ مەدە تەبیعەتی بگۆڕی، چونکە ئەوە کارێکی ئاسان نییە ئەگەر موستەحیل نەبێ. - چاک بە لەگەڵ کەسەکانیدا. - گرنگی بە میوانەکانی بدە. - ناکۆکییەکانی هاوسەرێتی لەبەرچاو مناڵەکان ئاشکرا مەکە، بەڵکوو بیانشاراوە لێیان. - خێرا داوای تەڵاق مەکە لەگەڵ یەکەم ناکۆکیتاندا، یان بەبێ هۆیەک ئەوە بخوازێ. - سەیری لای خوارووی خۆت بکە، سەیری لای سەرووی خۆت مەکە. - بە وشکی مامەڵە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ مەکە. - لەگەڵ غەیرە مەحرەم خەڵوە مەکە، واتە: دووبەدوو لەگەڵ نامەحرەم مەبە بەوەی پێکەوە کۆببنەوە لە شوێنێکی چۆڵدا یان پێکەوە قسە بکەن. - یارمەتی بدە لەسەر تاعەت و گوێڕایەڵی خودا. - بێزاری ژیانی هاوسەرێتیت بە نوێژ دەفع بکە. - بە ئاشتی و خۆشی لەگەڵ هاوسێکانت بژی. پاشان تۆش مام پیاو: - بەجوانی مامەڵە لەگەڵ هاوسەرەکەت بکە. - هاوکاری هاوسەرەکەت بکە. - ڕێزی هاوسەرەکەت بگرە و شکۆی بپارێزە. - ڕژد و چروک مەبە. - ناوبەناو دیاری پێشکەش بکە، وەک چۆن لە سەردەمی دەزگیرانداریدا زۆر زۆر دیاریت پێشکەش ئەکرد. - دەخیل بەعەقڵی کەسانی تر مەژی، بەڵکوو بەعەقڵی خۆت بژی و بەعەقڵی خۆت بیر بکەرەوە و لاسایی کەسانی تر مەکەرەوە. - هەر بەتەنها بۆ خۆت مەژی، بەڵکوو خێر و سوودیشت بۆ خەڵک هەبێ، بەداخەوە زۆرێک لە خەڵک تەنها بۆ خۆی و ماڵ و مناڵەکەی ئەژی و بیر لە کەسانی تر ناکاتەوە. - دەست لە هاوسەرەکەت بەرز مەکەرەوە، جنێوی پێ مەدە. - خەونەکەت بکە بەڕاستی یان خەون بە ئاییندەیەکی باشترەوە ببینە بۆ خۆت و بۆ خێزانەکەت و هەوڵی هێنانەدی بدە بەڕێگەیەکی دروست، تۆش هاوسەری ئەزیز مانع نییە کە خەون بە شتێکەوە ببینی حەز ئەکەیت پێی بگەیت بەڕێگەیەکی دروست. - گاڵتە و گەپی لەگەڵ بکە و خەمەکانی بڕەوێنەوە بەشتێک لە لەهو و گەمە و یاری موباح لەگەڵیدا و - چونە دەرەوە بۆ پارک و گەشت و گوزار. - عادەت و نەریتی خۆتان ناوبەناو بگۆڕن. - تەبیعەت و سروشتی هاوسەرەکەت بناسە و سەبری لەسەر بگرە. - داوا لە هاوژینەکەت مەکە میسالیی بێت، بەواتای ئەوەی بتەوێ هیچ عەیب و کەم و کورتییەکی تیا نەبێ. - مەساحەیەکی زۆر و گەورە لەبیرکردنەوەت مەبەخشە بە خەڵک لە ژیاندا. - ئینسان ماندوو ئەبێ و هەست بە قەلەق و بێزارییەکی زۆر ئەکا کاتێک بیر لە قسەی زەید، یان عەمر ئەکاتەوە، یان لە قسەی خەڵک یان لە گلەییان ئەترسێ لە حاڵێکدا ئەوە ناهێنێ ئەوەندە کاتی خۆی پێیەوە بکوژێ یان گرنگی پێ بدات یان حیساب بۆ قسەیان بکات. - مەهێڵە غەیری خۆت دەست بخاتە ژیانتەوە. - بەرپرسیارێتی هاوسەرێتی بە سنگێکی گەورە و فراوانەوە قەبوڵ بکە. - زۆر هەستیار "حساس" مەبە بەهەر شتێک لە هاوسەرەکەتەوە دەردەچێ، بەڵکوو هێمن و لەسەرخۆ بە، چاوپۆشی لێ بکە، قال اللە تعالی: «فمن عفا واصلح فاجره علی الله». - مام پیاو تۆش دیسان ئەبێ گرنگی بە پاک و خاوێنی و جوانی و ڕازاندنەوەی خۆت بدەیت بۆ هاوسەرەکەت. - پیاوی بەڕێز: دوور بکەوەرەوە لە توند و تیژی. - نەرمونیان بە کاتێک ڕەخنە دەگریت لە هەڵەیەکی هاوسەرەکەت، بێگومان هەندێ هەڵە هەیە دوبارە و سێ بارە و چەندبارە ئەبێتەوە، باش نییە هەموو جار ڕەخنە بگری، چونکە بەوە ئازاری دڵی هاوسەرەکەت دەدەیت و بێزاری دەکەی، جا ئەگونجێ ئەوە سەر بکێشێ بۆ ئاژاوە و ناکۆکی و دەرەنجام بگا بە جیابوونەوە. - خۆت لە غیرەی شێتانە بپارێزە، چونکە دەردێکی کوشندەیە و ژیانی هاوسەرێتی وێران ئەکا کاتێک کە لە شوێنی خۆیدا نەبێ. - تەوافوق و هاوڕابوونی جنسی یەکەم و دووەم و ئەخیرە. ئیسلام گرنگییەکی زۆری بەلایەنی جنس داوە لە ژیانی هاوسەرێتیدا و زانایانی پێشین دەربارەی دواون و نەسیحەتی هاوسەرانیان کردووە بەوەی ئارەزووی یەکتر تێر بکەن و خۆیان لە گێلی نەدەن و پشتگوێی نەخەن یان خەمسارد نەبن تێیدا، بەڵکوو هەندێک بەدەوا و دەرمان وەسفیان کردووە و ئەفەرموون ئەبێ بەحیکمەتەوە وەربگیرێ. هاوسەران؛ تەقوای خودا بکەن و هەمیشە خودا بەچاودێر بزانن بەسەر خۆتانەوە. نووسهر: نووسینی: مامۆستا موستەفا موحهممهد جهعفهر المصدر: مفاتیح السعادة الزوجیة - للمؤلف: عادل فهمي، ترجمه واختصره: مصطفی محمد جعفر الگلپی
بۆچوونهکان