كارگه‌یه‌كی فێركاریی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان به‌ به‌شداری عوسمان عه‌بباسی ڕۆژنامه‌وان و به‌ به‌شداریی به‌رپرسانی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی لق و نووسینگه‌كانی فارس شه‌وی ٢٣ی ڕێبه‌ندان به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ به‌شی یه‌كه‌می ئه‌و كارگه‌یه‌، عوسمان عه‌بباسی فێركاریی كارگه‌، مێژوویه‌ك له‌ پێوه‌ندیی گشتیی له‌ جیهان و ئێران و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێوه‌ندیی گشتیی، شێوازی پێكهاتن، بیردۆزه‌كانی جۆراوجۆری ئه‌و بواره‌ و شێوازی به‌رنامه‌ڕێژی ستراتژیكی له‌ پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی تاوتوێ كرد.

ئه‌و هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تی پێوه‌ندیی گشتیی ئانلاین و گۆڕانكاریی دونیای نوێ كرد.

به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح باسی له‌ كاریگه‌ریی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان له‌ ناساندنی جه‌ماعه‌ت كرد و گرفت و ڕێكاره‌كانی كرداریی ئه‌و بواره‌ی شی كرده‌وه‌. ئه‌و هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌ سه‌ر هاریكاری و هاوكاری پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی لقه‌كان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناییه‌كانی پێوه‌ندیی گشتیی بۆ كارناسانی ئه‌و بواره‌ی به‌ پێویست زانی.

له‌ كۆتایی كار‌گه‌كه‌دا، فێركاری كارگه وێڕای ناساندنی سه‌رچاوه‌ی پته‌و و به‌ڕۆژ له‌ بواری پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان و هه‌وره‌ها تاتوێی گرفته‌كان، وه‌ڵامی پرسیاری به‌شداربووانی دایه‌وه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ كه ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌شێوه‌ی ئانلاین به‌ڕێوه‌ چوو.