كارگه‌ی فێركاری «به‌وره‌یی» به‌ ئاماده‌بوونی دلێر عه‌بباسی شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ی ٢٢ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٠ به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح له‌ سیلوانا به‌ڕێوه‌ چوو.

دلێر عه‌بباسی كارناسی باڵای فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق و به‌رپرسی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی نووسینگه‌ی سه‌رده‌شت به‌ باس له‌وه‌یكه «به‌وره‌یی» پێویسته له‌ سه‌ردێڕی كار و به‌تایبه‌ت كاری ده‌عوه‌ت دانرێت، وتی: «بێ‌وره‌یی له‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی و له‌ كۆسپه‌كانی ده‌عوه‌ت هه‌ژمار ده‌كرێ. مرۆڤی به‌وره‌ كه‌سێكه كه هه‌ست، بڕوا و بۆچوونی خۆی به‌ڕوونی و ڕاشكاوی ده‌رده‌بڕێت».

ئه‌و وێڕای باسكردن له‌ ڕێگاكانی نیشاندانی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌، ئاماژه‌ی به‌ قازانجه‌كانی وره‌ كرد و بردنه‌سه‌ری متمانه‌به‌خۆیی له‌ گرینگترین ده‌سكه‌وته‌كانی وره‌ی نێو برد.

ئه‌و له‌ درێژه‌دا، باسی له‌ شێوازه‌كانی فێركردنی هه‌سته‌كانی جۆراوجۆر به‌ منداڵان و شێوازه‌كانی كارامه‌كردنی ئه‌وانی كرد و وتی: ئێمه پێویسته هێزی «نه» وتنمان فێری مناڵه‌كانمان بكه‌ین.

عه‌بباسی له‌ كۆتاییدا باسی له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وره‌به‌خشی له‌ جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح كرد و "ئیمان"ی وه‌ك گرینگترین هۆكاره‌كانی به‌هێزكردنی وره‌ نێو برد.

عه‌بباسی له‌ كۆتاییدا وێڕای باس له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سه‌ به‌وره‌كان، هێندێ نموونه‌ی له‌ قوڕئانی پیرۆز سه‌باره‌ت به‌ وره‌ی پێغه‌مبه‌ران هێنایه‌وه‌ و نه‌فس‌به‌رزی له‌ گرینترین سه‌مه‌ره‌كانی وره‌ی هه‌ژمار كرد.

له‌ كۆتایی كارگه‌ی فێركاریدا، موحه‌ممه‌د ئیرانخاهـ به‌رپرسی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی نووسینگه‌ی سیلوانا دوای به‌خێرهاتنی میوانان، به‌ بۆنه‌ی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕه‌بیعولئه‌ووه‌ل، مانگی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئازیز(د.خ) پیرۆزبایی له‌ هه‌موو لایه‌ك كرد. ئه‌و له‌ درێژه‌دا باسی له‌ هێندێ له‌ بابه‌ت و چالاكییه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌و مانگه كرد. زیندووكردنه‌وه‌ی سوننه‌ت، شێوه‌ و ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و گرینگیدان پێی و كاركردن به‌و له‌ گرینگترین به‌شی وته‌كانی ئه‌و بوو.

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و كارگه‌یه‌ مامۆستا خه‌لیل تیباش له‌ پێشه‌نگانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح له‌ به‌شی سیلوانا، له‌ وتارێكی كورتدا به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد.