به‌ ئامانده‌بوونی سه‌لاح قاسمیانی و به‌شداری ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا كارگه‌ی «مافی مرۆڤ و پابه‌ندی پێی» به‌ڕێوه‌ چوو.

شه‌وی چوارشه‌ممه‌ی ٣١ی خه‌رمانانی ١٤٠٠ له‌ دانیشتنێكی مه‌جازیدا، سه‌لاح قاسمیانی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناوه‌ندیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌كانی مافی مرۆڤ و گیرۆده‌یی تیۆره‌كی و پابه‌ندی كرداری به‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا وتووێژیان كرد.

ئه‌و وێڕای شیكردنه‌وه‌ی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی مافی مرۆڤ، ئاماژه‌ی به‌ كورته‌مێژووی مافی مرۆڤی كرد و له‌ ٣ وه‌چه‌ی «مافی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری»، «مافی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری» و «مافی هاوپێوه‌ندی»دا تاوتوێی كرد. ئه‌و له‌ درێژه‌دا ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی وه‌چه‌ی چواره‌میشی ئاماژه‌ پێ كرد كه بیوئیتیك یا ئه‌خلاقی ژیان و پشتیوانی له‌هه‌مبه‌ر مه‌ترسییه‌كانی ڕایانه و... له‌خۆ ده‌گرێت.

ئه‌و له‌ شیكاری وه‌چه‌ی یه‌كه‌م ئاماژه‌ی به‌ بابه‌تگه‌لی وه‌ك سه‌ربه‌ستییه‌كانی تاكی، كۆمه‌ڵایه‌تی، بیری و سیاسی و هه‌روه‌ها بابه‌تی هێمنی دادوه‌ری و دادپه‌روه‌ری كرد و سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌ستییه‌كانی تاكی باسی له‌ لقه‌كانی وه‌ك مافی ژیان، مافی كه‌ڕامه‌تی مرۆیی، مافی خاوه‌نداریه‌تی، ئازادی هاتوچۆ، پارێزران له‌ هه‌مبه‌ر درسدرێژیكردنه سه‌ر سنووره‌ تایبه‌ته‌كان، ئازادی شوێنی نیشته‌جێبوون و ده‌سدرێژی نه‌كردنه سه‌ری، مافی هاوسه‌رگیریی سه‌ربه‌ستانه و پارێزراوی نامه‌نووسین و گوفتوگۆ كرد.

قامسیانی مامۆستای زانكۆ به‌ جه‌ختكردنه‌ سه‌ر «مافی ژیان» وتی: به‌فیڕۆدانی مافی ژیان گه‌وره‌ترین سته‌م له‌ حه‌ققی مرۆڤه‌ و هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد كه حكوومه‌ته‌كان پێویسته دوو په‌یمانی جیهانی «مه‌ده‌نی، ڕامیاری، كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی» ڕه‌چاو بكه‌ن و ناوه‌ند و ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كان چاوه‌دێری مافی مرۆڤ بكه‌ن.

قاسمیانی له‌ به‌شێك له‌ وته‌كانیدا سه‌ربه‌ستییه‌كانی به‌كۆمه‌ڵ، مافی پێكهێنانی لایه‌ن و بزووتنه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی ڕوون كرده‌وه‌. ئه‌و وه‌چه‌كانی دووهه‌م و سێهه‌می مافی مرۆڤ و لقه‌كانی وه‌ك: مافی ئابووری، مافی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و هه‌روه‌ها مافی سه‌ربه‌خۆیی، مافی دیاریكردنی چاره‌نووس، قه‌ده‌غه‌بوونی شه‌ڕ، مافی گه‌شه‌سه‌ندن و پاراستنی ژینگه‌ی باس كرد و ته‌نانه‌ت باسی له‌ وه‌چه‌ی چواره‌میش كرد كه باس له‌ پارێزراوی مرۆڤ له‌هه‌مبه‌ر مه‌ترسییه‌كانی ده‌ستێوه‌ردان له‌ ژێنێتیك و ڕایانه‌كان و... ده‌كا.

كارناسی ئه‌و دانیشتنه له‌سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا بابه‌تی «سه‌رچاوه‌ی مافی مرۆڤی له‌ ئاوێنه‌ی مێژووی ئورووپا»دا شی كرده‌وه‌ و له‌وه‌دا مێژووی مافی مرۆڤی به‌ چوار خولی دێرین، سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، نوێ و سه‌رده‌م دابه‌ش و به‌راورد كرد

. جێی ئاماژه‌یه‌ كه له‌ كۆتایی ئه‌و دانیشتنه‌دا وه‌ڵامی پرسیاری به‌شداربووان درایه‌وه‌.

ئه‌و دانیشتنه‌ له‌ درێژه‌ی زنجیره‌ باسی مانگانه‌، به‌ هه‌وڵی جێگری فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ماعه‌تی، لقی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا به‌ڕێوه‌ چوو.