فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی، بە زۆرینەی دەنگ فێرکردنی زمانی زگماکی لە ئێرانی رەتکردەوە و ئەو مەسەلەی وەک پیلانێک دژ بە زمانی فارسیی لەقەڵەم دا.
"محەمەدعەلی موەحید"، ئەندامی "فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی"، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دامەزراوەکەدا، دژکردەوەی توندی بەرانبەر بە بەڵێنی دەوڵەتی رووحانی بۆ رێگەدان بە فێرکردنی زمانی زگماکی نیشان دا و گوتی کە "ئێمە زمانێکی ستانداردمان هەیە کە زمانی فەرمییە[مەبەست فارسی]، با دەوڵەت دەست لە مەسەلەی فێرکردنی زمانە خۆجێییەکان وەرنەدات".
بە گوێرەی هەواڵدەری مێهر، "محەمەد دەبیر موقەدەم"، ئەندامێکی تری فەرهەنگستانی ئاماژەپێکراو، وێڕای رەتکردنەوەی پڕۆژەی فێرکردنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، تەنیا توێژینەوە ولێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر زمانە "خۆجێییەکان"ی بە گرینگ وەسف کرد و وتی کە "ئەوەندە بەسە".
"فەتحوڵا موجتەبایی"، ئەندامێکی تری فەرهەنگستان، مژاری "فێرکردنی زمانی زگماکی" بە پیلانێک دژ بە زمانی فارسی لەقەڵەم دا و "غوڵامعەلی حەداد عادڵ"، سەرۆکی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسیش، زمانی فارسی وەک سەرمایەی نەتەوەیی پێناسەکرد و هۆشداری بە دەوڵەت دا کە نەکا ئەو سەرمایە نەتەوەییە بۆ سەرکەوتنی کاتی و بێ سوود، سەرف بکات.
دژایەتیکردنی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی سەبارەت بە ئەگەری رێگەدان بە خوێندنی زمانی کوردی، تورکی و باقی زمانە نافەرمییەکانی ئێران لەکاتێکدایە کە هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا کۆمەڵێک بەرنامە بۆ پەرەپێدانی هەرچی زیاتری زمانی فارسی خرایە بەر باس.
بۆ وێنە فەرهەنگستان بە نیازە، چەند کاتژمێری تر لە بەرنامەی هەفتانەی قوتابیان بە فێربوونی باشتری فارسی لە رێگەی خوێندنەوەی کتێب و نووسینی ئینشا تەرخان بکات، سەدان وشەی بە گوتەی ئەوان "بێگانە" لە ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان بسڕێتەوە و وشەی "فارسی"یان لەجێگە دابنێ و لە رێگەی دامەزراوەیەکی تر بەناوی "بنیادی سەعدی"یەوە پەرەی زیاتر بە فێرکردن و گەشەسەندنی زمانی فارسی لە دەرەوەی ئێران بدات.
ئەو هەڵوێستەی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی دژ بە زمانی زگماکی باقی نەتەوەکانی ناو ئێران لەکاتێکدایە کە کاربەدەستانی دەوڵەتی حەسەن رووحانی، لەم دواییانەدا، باسیان لە ئەگەری ئیزندرانی سنوورداری پەروەردە و فێرکردنی زمانە زگماکییەکان دابوو.
بەڵێنییەک کە سەرەڕای گونجێندرانی لە دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا، لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی پشتگوێ خراوە و بگرە هەر کەس ئەو خواستەی هێنابێتە سەر زمان وەک "جیاییخواز"، "قەومپەرست" و هتد لەقەڵەم دراوە.
بۆچوونهکان