سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكانی تورکیا رایگەیاند بە گۆڕینی دەستوور و سیستمی ئێستا فیدراڵیەت دێتە کایە و پرسی كورد چارەسەر دەکرێ.

 

سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكانی تورکیا كەمال بوركای بە سەردانێک گەیشتە شاری مانیسا.

كەمال بوركای بەشداری كۆنفرانسێكی کرد بە ناوی "پرسی كورد و دیموكراسی لەژێر رۆشنایی دوایین گۆرانكاریەكان"دا، كە لەلایەن پارتەكەی لە بەشە ناوخۆیی مامۆستایان ساز کرا.

بوركای جەختی لەوە كرد كە كورد و تورك ناچارن لەسەر پێكەوە ژیان رابێن و گوتی" ئێمە ناچارین دەبێ لەسەر پێكەوە ژیان رابێین. تاكە رێگای ئەمەش دیموكراسییە. واتە پێیویستە ماف و ئازادییەكانی ھەموو كەسێ قبوڵ بكەین، پێكەوە ژیانێكی ئاشتییانە دروست بكەین و ئەم وڵاتە بكەین بە وڵاتێكی دیموكراسی، دەتوانین سەربكەوین. ئێمە وەكو HAK-PAR ئەمە لە فیدڕاڵیەتدا دەبینین. واتە لەو شوێنانەی زۆربەی دانیشتوانی كوردن و ئەو جوگرافیایە كوردستانە، دەتوانن بە سستێمێكی فیدڕالی خۆ بەڕێوە ببەن."

بوركای گوتیشی "دەتوانین بە گۆڕینی دەستوور و سیستمی ئێستا فیدراڵیەت بێنین و پرسی كورد چارەسەر بكەین. بۆ ئەمە پێویست بە گۆڕینی دەستوور ھەیە، ئەگەر توركیا دەیەوێ دیموكراسی بێ پێویستی بە دەستوورێكی تازە ھەیە، دەبێ ئەو دەستوورە فیدراڵ بێ، پەروەردە بە زمانی دایك پەسەند بكرێ، پێناسەیەكی تازە بۆ چەمکی ھاوڵاتی بكرێ. بڕوام وایە توركیا رۆژێک ھەر ئەو شتە دەكا."

بوركای سەبارەت بە ھاتنی مەسعود بارزانی و شڤان پەروەر بۆ دیاربەكر گوتی "مەسعود بارزانی پێشتر ھاتوچۆی بۆ توركیا كردبوو، بەڵام شڤان پەروەر 38 ساڵە وڵاتی خۆی نەبینیبوو. بۆیە ھاتنی بارزانی و گەڕانەوەی شڤان پەروەر ئەرێنی و گرنگە."

بوركای ئاماژە بە نزیكبوونەوی كاتی ھەڵبژاردنە ناوچەییەكانی توركیا كرد و گوتی "مەبەستمان ناساندنی پارتەكەمانە بە خەڵك، بڕوام بەوەیە پارتەكەمان زۆر گرنگە."