سوننه‌ت وایه له‌دوای مانگی ڕه‌مه‌زان موسوڵمانان شه‌ش ڕۆژ له‌مانگی شه‌ووال به‌ڕۆژوو ببن كه پێی ده‌وترێ شه‌شه‌ڵان یان شه‌شه‌كان. به‌رۆژووبوونی ئه‌م شه‌ش ڕۆژه به‌رامبه‌ربه به‌رۆژووبوونی یه‌ك ساڵ وایه؛ پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه و سلم) فه‌رموویه‌تی: (مَنْ صَامَ رَمَضانَ ثُمَّ أَتَبَعَهُ سِتًّا مِنْ شَوَّالٍ كانَ كصِيَامِ الدَّهْرِ) موسلیم گێڕاویه‌تییه‌وه. واته: هه‌ركه‌سێك مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژوو بوو، پاشان شه‌ش ڕۆژ له‌دوای مانگی ڕه‌مه‌زان له‌مانگی شه‌ووال به‌ڕۆژوو بوو؛ وه‌ك به‌ڕۆژووبونی یه‌ك ساڵ وایه. بێگومان له ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا یه‌ك چاكه به ١٠ چاكه یان زیاتر حیساب ده‌كرێت؛ بۆیه مانگی ڕمه‌زان به ١٠ مانگ حیساب ده‌كرێ و شه‌ش ڕۆژی مانگی شه‌وال به دوو مانگ حیساب ده‌كرێت؛ هه‌ر ڕۆژێك به ١٠ رۆژ حیسابه؛ ٣٠ رۆژی مانگی ڕه‌مه‌زان به‌رامبه‌ر به 300 سێسه‌د ڕۆژه و شه‌ش رۆژی مانگی شه‌ووال به‌رامبه‌ر به ٦٠ ڕۆژه؛ كۆی گشتی ده‌كاته 360 سێ سه‌د و شێست ڕۆژ؛ كه ده‌كاته یه‌ك ساڵی ته‌واو. و له سووده‌كانی ڕۆژووی شه‌شه‌ڵان ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شه‌ش ڕۆژه ده‌بێته كه‌فاره‌تی كه‌موكوڕیه‌كانی رۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان؛ چونكه بێگومان هیچ ڕۆژووه‌وانێك نییه بێ كه‌موكوڕی و بێ تاوان بێت و له ڕۆژی دوایی سوننه‌ته‌كان ده‌بنه پركهرهوهی كه‌موكوڕی فه‌ڕزه‌كان. شێوازی به‌رۆژووبوونی ئه‌م شه‌ش ڕۆژه ... باشتروایه ئه‌م شه‌ش ڕۆژه ڕاسته‌وخۆ له‌دوای جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان –واته له دووه‌م ڕۆژی مانگی شه‌ووال- به‌دوای یه‌كدا بگیرێت؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆی نه‌كرا، ئه‌وا به‌جیا جیاش بێت دروسته و ئاساییه. ئایه ئه‌و كه‌سانه‌ی قه‌رزی ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانیان له‌سه‌ره، دروسته پێش گرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌یان شه‌شه‌ڵان بگرن؟ زۆرێك له‌زانایان –ڕه‌حمه‌تی خوایان لێ بێت– فه‌رموویانه: دروسته ئاساییه موسوڵمانان ڕۆژووی شه‌شه‌ڵان بگرن پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژووه قه‌رزه‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زانیان بگرنه‌وه. وصلی الله علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم. نووسینی: مامۆستا هه‌ڵگورد موسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی 6 / شوال / 1442 كۆچی .... 18 / 5 / 2021
بۆچوونه‌کان