ناوی "فایق" كوڕی "عبدالله به‌گ"ی كوڕی "كاكه حه‌مه"ی كوڕی "ئه‌لیاسه قۆجه"یه. بنچینه‌ی بنه‌ماڵه‌یان له قه‌ڵاچوالانه‌وه هاتووه‌ته سلێمانی و خۆی له 1905دا له سیته‌ك هاتووه‌ته ژیانه‌وه، ئه‌و دێیه‌ش بیست كیلۆمه‌تر‌ه‌یه‌ك له باكووری ڕۆژهڵاتی سلێمانییه‌وه دووره و ئه‌و ئه‌وساته‌ش سیته‌ك سه‌نته‌ری "شارباژیر" بووه. عبدوڵڵا به‌گی باوكی له‌وێ "تابوور ئاغاسی" بووه. له دایكیشیه‌وه له بنه‌ماڵه‌ی ئاغه‌له‌ره‌كانی سلێمانییه. ساڵی یه‌كه‌م و دووهه‌می ته‌مه‌نی له سیته‌ك به‌سه‌ربردووه‌و، پاشان ماڵیان هاتووه‌ته‌وه سلێمانی و له ته‌مه‌نی سێ ساڵایدا ئاوه‌ڵه‌ی ده‌رداوه. هه‌ر به مناڵی باوكی له حوجره‌ی فه‌قێ خستوویه‌تیه به‌ر خوێندن. له 1911دا باوكی به ئیشی میری نێرراوه بۆ خانه‌قی و له‌وێوه بۆ به‌غدا. له به‌غداوه ئه‌نێرێ به دوای ماڵ و مناڵه‌كه‌یدا و ئه‌یانباته ئه‌وێ. پاش ساڵێك خۆی چووه بۆ توركیا و ئه‌وانی له به‌غدا به‌جێهێشتووه. ئیتر فائق باوكی نه‌دیوه‌ته‌وه. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا حه‌مه سه‌عیدی برا گه‌وره‌ی له ئاوی ده‌جله‌دا ئهخنكێ و دوابه‌دوای ئه‌و دایكیشی كۆچی دوایی ده‌کات و فایق ئه‌كه‌وێته لای خاڵی. ئه‌ویش پاش چه‌ند مانگێك ئه‌مرێ و فایق و تاهیری برای بچووكی به بێكه‌سی ئه‌مێننه‌وه. ئه‌و ساته‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهان هه‌ڵده‌گیرسێت، ڕێی هاتوچۆی نێوان به‌غدا و سلێمانی ده‌گیرێت. "حاجی ئه‌مینی كاكه حه‌مه"ی مامی له سلێمانییه‌وه ئه‌نێرێته لای "حاجی عه‌لی ئاغا"، ئه‌وه‌ی له به‌غدا بووه، كه چاودێری فایق و براكه‌ی بكات و هه‌ر میراتێكیان له باوك و دایكیانه‌وه بۆ مابێته‌وه بۆیان خه‌رج بكا. ئه‌ویش ئه‌یانداته ده‌ستی "حه‌به‌خان" ناوێك، ئه‌وه‌ی خێزانی ئه‌فسه‌رێكی خه‌ڵکی سلێمانی بووه و له به‌غدا دانیشتووه. ژنه‌كه‌ش مه‌ردانه ئه‌یانخاته ژێر باڵی به‌زه‌ییی خۆی و ورده ورده پێیشیان ئه‌خوێنێ. دوو سێ ساڵێك به‌م جۆره ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. له 1917دا كهساسییهكی زۆریان تووش ده‌بێ. له 1918دا حه‌به خان ئه‌یانباته‌وه بۆ سلێمانی بۆ لای "حاجی ئه‌مین"ی مامیان. فایق له سلێمانی ئه‌خرێته قوتابخانه و له پۆلی سێهه‌مدا وه‌رئه‌گیرێ و تا ساڵی 1923 له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌موو ساڵێ به یه‌كه‌م ده‌رئه‌چێ. له‌و ساڵه‌دا له‌سه‌ر ئاره‌زووی مامی ئه‌چێته قوتابخانه‌ی "علمیه" له كه‌ركووك. به‌ڵام بۆی ڕێناكهوێ له‌وێ بخوێنێ، ئه‌چێته به‌غدا و ساڵی 1924 - 1925 له "دار العلوم" به‌سه‌رئه‌با. له‌وێش له‌به‌رده‌م بژێوی بژی و له ساڵی 1926 - 1927دا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی. له‌وكاته‌دا سلێمانی ته‌نها پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیی تیا بووه، ناچار تێی ئه‌چێ. له‌و ساڵانه‌دا ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ژیان ناچاری ئه‌كا دوكانێكی جگه‌ره‌چێتی بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش سه‌رناگرێ و ده‌ستده‌کات به جگه‌ره و شقارته فرۆشتنی ده‌ستگێڕی و پاشان په‌نا ئه‌باته به‌ر "ئه‌شغاڵ" و به ڕۆژانه له ڕێگای عه‌ربه‌ت ئیش ئه‌كاو چه‌ند مانگێك له‌سه‌ر ئه‌م ئیشه ده‌بێت. له 1928دا بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له هه‌ولێر ژیاوه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوالێخۆشبوو "قاله‌ی ئایشه خان" ئه‌ندازیاری ئه‌شغاڵ بووه و سه‌رپه‌رشتی كردنه‌وه‌ی ڕێگای هه‌ولێر - ڕه‌واندز - ڕایاتی كردووه. بێکه‌س دۆستی له ئه‌شغاڵ دامه‌زراندووه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بێكه‌س ئه‌بێ به مامۆستای "زانستی" و له 1929دا ئه‌بیستێ باوكی له مه‌رعه‌ش له توركیا مردووه. له ساڵی 1930دا به هه‌ر ده‌ردی سه‌ریه‌ك بووه به‌دوای میراتی باوكیا ئه‌چێ بۆ توركیا، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به نائومێدی ئه‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بوو ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شه‌شی ئهیلوول له دژی ههڵبرژادنه ساخته‌كه‌ی ده‌زگای پادشایه‌تی ڕوویدا. بێكه‌س یه‌كێك بوو له‌و نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی سه‌ركرده‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌یان كرد و تێیدا برینداریش بوو. له‌ئه‌نجامی ئه‌و ڕۆڵه‌دا ئه‌یگرن و ئه‌یخه‌نه به‌ندیخانه‌وه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م به‌شداربوون و سهركردهیییهی له‌سه‌ر کاریش لایئهبهن. هۆنراوه به‌ناوبانگه‌كه‌ی "ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتوونی تۆم..."ی له ناو به‌ندینخانه‌دا نووسیوه‌ته‌وه: ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتوونی تۆم‌و شێوه‌تم بیركه‌وته‌وه وه‌ختی بهندیییو ئه‌ساره‌ت، پێ به ته‌وق و كۆته‌وه من له زیكر‌و فیكی تۆ غافڵ نه‌بووم، وا تێنه‌گه‌ی ــ ــ حه‌پس و تێهه‌ڵدان و زیلله‌ت تۆی له بیر بردۆته‌وه به‌و خودایه‌ی بێشهریك و لامهكان و واحیده: عه‌شقی تۆ نه‌وعێ له دڵما ئاگری كردۆته‌وه؛ ئاگرێكی وا هه‌زار ساڵ ئاوی بڕژێنیته سه‌ر قه‌ت گڕو كڵپه‌و بڵێسه‌ی تا ئه‌به‌د نه‌كوژێته‌وه باسی مه‌حزوونی و كهساسیی خۆت نه‌كه‌ی توخوا وه‌ته‌ن چونكه به‌و باسه برین‌و زامهكهم ئهكولێتهوە ماته‌مینی تا به كه‌ی؟ ده‌ی پێكه‌نه‌و سه‌ر هه‌ڵبڕه موفتهخیر به، شوهرهتت وا عاله‌می گرتۆته‌وه نه‌گبه‌تی لاچوو، سه‌عاده‌ت بۆته پشتیوانی تۆ كه‌وكه‌بی بهختو فریشته‌ت به‌رزه، ئه‌دره‌وشێته‌وه گه‌رچی بهینێكه زه‌لیل و دیلی ده‌ستی زاڵمی نۆبه‌تی شادیته ئه‌مجا ناحه‌زت لێك‌بێته‌وه لافی میللیییهت به ده‌م له‌م عه‌سره‌دا كهڵکی نییه ڕۆژی هه‌وڵه، هه‌ر به هیممه‌ت گۆی هونه‌ر ئه‌برێته‌وه بێقوسووره، چه‌ند جه‌سووره صه‌د شوكر ئهولادهكهت وا له ڕێی تۆدا له خوێنا سه‌یری چۆن ئه‌تلێته‌وه به‌سیه، ته‌عنه‌م لێ مه‌ده، هه‌ر ڕۆڵه‌كه‌ی جارانتم هێنده حیلمت بێ هه‌تاكو دهستو پێم ئه‌كرێته‌وه شه‌رته شه‌رتی پیاوه‌تی بێ گه‌ر خودا ده‌ستم بدا: دوژمنت پهتكهم وه‌كوو سه‌گ بیخه‌مه ژێر پێته‌وه ئه‌و ساته‌ی له به‌ندینخانه دێته ده‌ره‌وه، قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ی تێدا بڵێته‌وه و پێی بژی. له 1933دا میری وه‌رئه‌گرێ به مامۆستا و ئهینێرێته مۆرتكهی بازیان و پاشان ئهینێرێته ته‌وێڵه. له هاوینی 1935دا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه مامۆستایه‌ك، له‌وانه‌ش یه‌كێكیان مامۆستا گۆرانی شاعیری به‌ناوبانگ بووه، به‌شداری له کۆرسێکدا كردووه له به‌غدا بۆ مامۆستایان ئاماده كراوه. بێكه‌س له‌و سه‌رده‌مه‌دا مامۆستای قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بازیان بووه. له ساڵی 1937دا له وزه‌ی میریدا نامێنێت. مامۆستایه‌كی نه‌ترسی وه‌ها له سلێمانیدا هه‌بێ گیانی خه‌بات و كوردایه‌تی بڵاوبكاته‌وه، دووری ئه‌خاته‌وه بۆ حیلله و پاش ساڵێك ئه‌ینێرێ بۆ عه‌ماره. به‌ڵام بێكه‌س ڕازی نابێت بچێ و ده‌ست له ئیشه‌كه‌ی هه‌ڵئه‌گرێ و دێته‌وه سلێمانی. له‌وێش قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌كاته‌وه تا 1941 وانه‌ی تێدا ئه‌ڵێته‌وه. ئه‌نجا ئه‌یكه‌نه‌وه به مامۆستای قوتابخانه‌كانی میری و تا دوایی ساڵی 1948دا له قه‌ره‌داغ و سلێمانی و سورداش و هه‌ڵه‌بجه مامۆستا ئه‌بێ. له 1948.12.18دا بۆ یه‌گجاری سه‌ر ئه‌نێته‌وه. بێكه‌س جگه له زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی و تاڕاده‌یه‌ك ئینگلیزیشی زانیوه. به‌تایبه‌تی له عه‌ره‌بیدا ده‌سێكی باڵای هه‌بووه. هۆنراوه‌یه‌كی زۆری عه‌ره‌بی له‌به‌ربووه. هه‌روه‌ها بڵاوه، كه "معلقاتی سبعه" به‌ته‌واوه‌تی له‌به‌ربووه. بێكه‌س دووژنی هێناوه: یه‌كه‌میان له ساڵی 1935دا، به‌ڵام پاش ساڵێك به نه‌خۆشی ده‌رده‌باریکه كۆچی دواییكردووه و مردنه‌كه‌ی كارێكی زۆری كردۆته سه‌ر ده‌روونی بێكه‌س و وای لێكردووه ماوه‌یه‌ك گۆشه‌گیری ببێت. له‌م ژنه‌ی كچێك و له ژنی دووهه‌می دوو كچ و كوڕێكی بووه. کوڕه‌که‌شی شاعیری گه‌وره‌ی كورد "شێرکۆ بێکەس" ه.
بۆچوونه‌کان