نازناوی "ئایشە خانم" کچی "حاجی عوسمان بەگ" خەڵکی "ئاندیرین" سەر بە پارێزگای قارەمان مەرعەش و سەرۆکی یەکێک لە گەورە عەشیرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئانۆتۆڵییە کە پاش گیران و زیندانیکرانی هاوسەر و سەرۆک عەشیرەکەی لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆتە سەرۆک عەشیرە و بۆ دەربڕینی ئەمەگداری بەرامبەر سوڵتانی عوسمانی و بە هیوای ئازادکردنی هاوسەرەکەی، لەگەڵ نزیکەی ٣٠٠ کوردی شەرڤان بەشداریی شەڕی کریمەی کردووە و ئازایەتییەکی بێوێنەی لەم شەڕەدا نواندووە.
سەرەڕای ئەوەی لە بەشێک لە کتێب و گۆڤارەکاندا بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی لە "پال مال گەزت" بڵاو بۆتەوە بە کورتی باس لە "فاتێ ڕەش" کراوە، بەڵام تورکەکان و تورکەمەنەکان حاشا لە کوردبوونی فاتێ ڕەش دەکەن. بەشداریی ئەم ژنە شەرڤانە لە شەڕی "کریمە" لە پێناوی ئازادکردنی هاوسەرەکەیدا پیشاندەری کارەساتی مێژوویی گەلێکە، کە بێ ویست و ڕزامەندیی خۆی کراوە بە بەشدار و قوربانیی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان.
بابەتی "قەرە فاتمە" ڕێکەوتی ٨ی نوامبری ١٨٨٧ لە ڕۆژنامەی "پال مال" لە لەندەن چاپ و بڵاو بۆتەوە، بە داخەوە ناوی نووسەرەکەی نادیارە.
ئێستا بوونی قەرەفاتمە لە ئەستەموڵ سەرنجی خەڵکیی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە، ژنە شەرڤانێکی بە شەوکەت لە کوردستانەوە کە بۆ سەردانێکی کورتخایەن هاتۆتە پایتەختی تورک [ی عوسمانی]. مێژووی ئازایەتی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دەستپێکی شەڕێ کریمە، کە ئەو ڕێبەری ژمارەیەکی گەورە لە خۆبەخشەکانی کورد بوو، کەسێک کە بە ئازایەتییەکی بێوێنە شەڕی بۆ تورکیا کرد. دەوڵەتی عوسمانی بە لەبەر چاوگرتنی خزمەتەکانی، مانگانە ٥٠٠٠ قروشی وەک پارەی خانەنشینی بۆ بڕیەوە، بڕی پارەیەکی کەم کە ئیجازە دەدا بە ئاسوودەیی پێی بژی.
ئەو کەسێکی باڵابەرز، باریکەڵە، دەم و چاو ڕەشتاڵەی هەڵۆ ئاسایە، کۆڵمەکانی لە ڕەنگی پێستەیە و شوێنی برینی بەسەرەوە دیارە. بە جلوبەرگی نەتەوایەتی خۆیەوە کە هی ڕەگەزی سەخت [پیاوان]ە، نەک ژن، بەڵکوو وەک پیاوێکی٤٠ ساڵە دەنوێنێت کە هەرگیز تەمەنی ٧٥ ساڵان بەخۆیەوە نابینێت. بە شێوەی قازاقەکان شمشیرێکی درێژ بە دەسکی سەنگدارەوە، بە شانیەوەیەتی؛ میداڵیاکانی سەر سینگی دەدرهوشێنەوە و بریقەیان دێ و زێواری سەرقۆڵەکانی وا پیشان دەدەن کە دەبێ کاپیتانێکی سپای عوسمانی بێ.
چاودێری ئەم کەسایەتییە سەرنجراکێشە کە بە شەقامەکانی ئەستەمبوڵدا تێدەپەرێ، وەبیرهێنەری یەکێک لە دیمەنەکانی هێرشی سپایی "جەنەڕال لێسپیناس"ە لە دۆبرودیا کەمێک پێش گەیشتنی سپای هاوپەیمان بۆ کریمەیە. ڕۆژێک جەنەڕال کاتی جگەرەکێشان و قسەکردن لەگەڵ چەند کەس لە برادەرە ئەفسەرەکانیدا لەناو خێوەتەکەی، دەنگی مۆسیقایەکی نامۆ، هەمەڕەنگی تێکەڵاو لە دەهۆڵ و کەڕەنای و تەپڵۆکە و زریکەی قیژاندنی مرۆڤی لە دوورەوە ژنەفت. ئەم بەزمگێڕییە سەیر و سەمەرەیە لە کوێوە دێ؟ تەواوی پیاوەکانی نێو خێوەتەکە کاتێک ئاوڕیان دایەوە بۆ ئەوەی گوێ بدەنێ و سەرچاوەی دەنگی ئەو مووزیکە دیاری بکەن، دەستەیەکی نزیک بە ٣٠٠ پیاوی ئەسپسواریان دی کە بە تەقڵەکوت لە گردێکەوە دێنە خوارێ و لەوان نزیک دەبنەوە. لە پێشیانەوە ژنێکی دەموچاو ڕەشتاڵەی ئەندام توندوتۆڵ بوو، کە بریقە لە چاوانی دەهات.
ئەمە دیمەنی شێرەژنێکی بە تەواوی مانا کورد بوو. ئەو پاش دابەزینی لە زینی ئەسپەکەی، بە شانوشکۆوە سڵاوی سەربازیی لە جەنەڕال لێسپیناس کرد و بە یاریدەی وەرگێڕەکەی پێی ڕاگەیاند کە بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان هاتووە و خۆی و کوردە دلێرەکانی سەرجەم لە خزمەتی ئەو دان. ئەو شەوە، لەنێو دەستەی سپای سوارە فەڕەنسییەکان جێگەوڕێگە بە پیاوەکانی درا، بەڵام ئەوان لەوەی بەوشێوازە حاوێنراونەتەوە نارازی بوون. ئەوان خوازیاری سەربەخۆیی خۆیان بوون، کە تەنانەت بەڕێوەبەر و ڕێبەرەکەشیان نەیدەتوانی لێیانی زەوت بکا. کەڕەی بەیانی هەموو چوونە سەرپشتی ئەسپەکانیان و بەسەر گردەکەدا سەرکەوتنەوە هەتا بەو موزیکە سەیر و تیژ و ناسازە کە ئاگاکەرەوەی نزیکبوونەوەیان بوو، بەرەو پیری گزینگی بەربەیان بچین.
کۆکردنەوە: عەبدۆڵڵا حەمزە
بۆچوونهکان