د.عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەدوایین گۆڕانكارییەكانی ناوخۆیی توركیا و هەنگاوەكانی حكومەت، لەگەڵ هەڵوێستی ڕێكخراوەكەی بەرامبەر هاوكارینەكردنی گەلی سوریا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەكا.
عەلی قەرەداغی كە زانایەكی كوردی عێراقییە و ساڵی 2010 بەئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان دەستنیشانكراوە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستای توركیاوە ئاشكرا كر و گوتی: "ئەوەی لەو ڕۆژانەدا لەتوركیا ڕودەدات بەشێكە لەو پلانە نێودەوڵەتییەی دژی ئەزمونی سەركەوتووی توركیا ئەنجام دەدرێ كە لەسەر ئاستی جیهان پڕۆژەیەكی سەركەوتووە."
قەرەداغی گوتی: "توركیا لەماوەی ئەو 12 ساڵەدا هەنگاوی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ناوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ دەستی بەكرانەوە و چارەسەری كێشەی كورد و هەنگاونانی گەورەی ئابوری كردووە، بەجۆرێك لە 111 هەمین دەوڵەتی جیهانەوە لەسەر ئاستی ئابوری توانیویەتی بگاتە نۆیەمین دەوڵەت ، كەئەوەش بەشێك لەووڵاتانی تری نیگەران كردووە و نایانەوێ توركیا بەو شارستانییەت و مێژووەی كەهەیەتی بەو شێوەیە پێشكەوتوو بێ. توركیا بەشێكە لەووڵاتانی جیهان و لەهەموو وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپاش گەندەڵی هەیە، ئەوەش مانای ئەوە نییە لەسەر ئاستی دەوڵەتدا گەندەڵی و هیچ كەموكوڕییەك نەبێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە چارەسەری گەندەڵی لەڕێگەی یاساو پەرلەمان و حكومەتەوە بێ".
لە بەردەوامی قسەكاندیدا گوتی: "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو لێپرسینەوەكان بەبێ ئاگاداری ئەنجومەنی وەزیران دەستی پێكرد وەك ئەوەی دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتدا هەبێ، ئەو ڕێگەیەش هەڵەبوو كەبەشێوەی ئیستیفزازی و لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە كرا و ئامانج لێی شكاندنی حكومەت بوو، بەڵام حكومەت سەركەوتوو بوو لەوەڵامدانەوەی".
بەبڕوای ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان وەڵام و هەنگاوەكانی حكومەت سەركەوتوو بووە و دەڵێ: "حكومەتی توركیا لەماوەی 12 ساڵی ڕابردودا ئەزمونێكی سەركەوتووی هەیە و بەو پێشكەوتن و دەستكەوتانەی لەو ماوەیەدا هەیەتی دەتوانێ ئەو تاقیكردنەوەیەش بەسەركەوتویی تێپەڕێنێ، گەلی توركیاش متمانەیان بەئەردۆغان هەیەو دەنگی پێ دەدەنەوە."
لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا قەرەداغی نیگەرانی ڕێكخراوەكەی لەهەڵوێستی حكومەتی عێراقی بەرامبەر گەل و ئاوارەكانی سوریا دەربڕی و گوتی: "ئێمە ناڕازین لەو هەڵوێستەی حكومەتی عێراقی هەیەتی، داواكارین حكومەت پشتیوانی گەلی سوریی بكات نەوەك هاوهەڵوێست بێ لەگەڵ ڕژێمەكەیدا، لەكاتێكدا پێشتر شیعەكانی عێراق لەسەر دەستی حزبی بەعسی عێراق هاوشێوەی تاوانەكانی ئێستای حزبی بەعسی سوری بەرامبەر گەلەكەی ڕوبەروی تاوانی گەورە بونەتەوە."
بۆچوونهکان