إِنَّا أَنزَلْنَاه‌فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ(1) وَمَا أَدْرَاكَ مَا لَيْلَةُ الْقَدْرِ ‏(2) لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِّنْ أَلْفِ شَهْرٍ ‏(3)

 

واته: به‌ڕاستی ئێمه‌ ئه‌و (قورئانه) مان له‌شه‌وی قه‌در نازڵ کردووه(1) وه‌ تۆ چوزانی که‌شه‌وی قه‌در چی یه!؟(2) شه‌وی قه‌در باشتر له‌ هه‌زار مانگه (3)

 

سوپاس و ستایشی هه‌میشه‌و به‌رده‌وام بۆخودای گه‌وره‌و دلۆڤان .

له‌خوای گه‌وره‌ ده‌پاڕێمه‌وه‌ نوێژ و  ڕۆژوی ڕه‌مه‌زانمان قه‌بوڵ بکات و به‌ر عه‌فواتی ڕه‌مه‌زانمان بخات، ئه‌و ڕه‌مه‌زانه‌ی  که‌ ورده‌ورده‌ خه‌ریکه‌ ته‌واو ئه‌بێت و  له‌10 ڕۆژی کۆتایی و شه‌وانی پیرۆزی قه‌در داین. شه‌وی قه‌در چاکترین شه‌وی مانگی ڕه‌مه‌زان و باشترین شه‌وانی هه‌موو ساڵێکه‌. ئه‌م شه‌وه‌، شه‌وێکه‌ که‌ خوای گه‌وره‌ قورئانی تیا دابه‌زاندووه، وه‌ک ده‌فه‌رموێ: (إنا أنزلناه‌ في ليلةٍ مباركةٍ  إنا كنا مُنذٍرين) واته: به‌ڕاستی ئێمه‌ ئه‌م قورئانه‌مان له‌شه‌وێکی پیرۆز (شه‌وی قه‌در)دا نازڵ کردووه‌، به‌ڕاستی ئێمه‌ ترسێنه‌ر بووین. له‌و شه‌وه‌دا هه‌موو کارو کرده‌وه‌یه‌ک بژار ئه‌کرێن و لێک جیا ئه‌کرێنه‌وه‌ (دخان4).

شه‌وی قه‌در شه‌وی غوفران و په‌شیمانی و تۆبه‌یه، هه‌ر وه‌ک پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رموێت : (من قام ليلة القدر إيماناً وإحتساباً، غًفر له‌ماتقدم من ذنبه‌). واته‌: هه‌ر كه‌سێكی ئه‌م شه‌وه‌ هه‌ڵسێته‌وه‌و به‌باوه‌ڕێكی چاك و ئومێدێكی زۆره‌وه‌، ئه‌وا خوا له‌ تاوانی پێشووی خۆش ئه‌بێت.

له ‌شه‌وی قه‌دردا ملائیکه‌ته‌کان له‌گه‌ڵ جبریل (د) داده‌به‌زنه‌ سه‌ر زه‌وی و خێر و به‌ره‌که‌ت و ڕه‌حمه‌ت ده‌بارێنن به‌سه‌ر موسڵمانان.

هه‌ر وه‌ک خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: «تَنَزَّلُ الْمَلَائِكَةُ وَالرُّوحُ فِيهَا بِإِذْنِ رَبِّهِم مِّن كُلِّ أَمْرٍ» واته‌: له‌و شه‌وه‌دا مه‌لائیکه‌ و ڕۆح (جبریل) به‌ فه‌رمانی په‌روه‌ردگار یان بۆ ئه‌نجام دانی کارگه‌ل نازل ئه‌بن.

له‌م شه‌وه‌شه‌یتان ده‌به‌سرێته‌وه‌و که‌له‌بچه‌ ده‌کرێت و هه‌موو شه‌ڕو فیتنه‌یه‌ له‌م شه‌وه‌دا دوور ئه‌کرێته‌وه‌. وه‌ک خوای گه‌وره‌ده‌فه‌رموێ : «سَلَامٌ هِيَ حَتَّى مَطْلَعِ الْفَجْرِ» واته‌: ئه‌و شه‌وه‌کاتی ئاشتی و سلامه‌تیه‌تاکو هاتنی به‌ربه‌یان .

خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌ر موێ: «لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِّنْ أَلْفِ شَهْرٍ» واته‌: شه‌وی قه‌در له‌هه‌زار مانگ پـڕ خه‌یر تره‌.

هه‌زار مانگ نزیکه‌ی عومری بنیاده‌مێکه‌.که‌متر که‌س 83 ساڵ و چوار مانگ ته‌مه‌ن ئه‌کا. ئه‌گه‌ر که‌سێ ئه‌و شه‌وه‌ به‌ عیباده‌ت و شه‌و نوێژ و خواپه‌رستی و قورئان خوێندن زیندوو ڕابگرێ وه‌کوو که‌سێ که‌، که ‌83 ساڵ و چوار مانگ هه‌ر له‌ عیباده‌ت به ‌سه‌ری بردوو بێت.

پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان درود و سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێ خۆزگه‌ی خواست که‌: «يارب ، جعلت أمتي أقصر الأمم أعماراً، و أقلها أعمالاً» واته:‌ خوای په‌روه‌ردگار ئوممه‌ته‌که‌م ته‌مه‌نیان کورته‌و ته‌مه‌نی کورتیش که‌م کاری چاکه‌ی پێ ده‌کرێت. بۆیه‌خوای گه‌وره‌ش ئه‌م شه‌وه‌موباره‌که‌ی به‌خشی به‌"رسوال الله" سڵاو و درودی خوای له‌سه‌ر بێ و ئوممه‌ته‌که‌ی.

 

مانای ووشه‌ی «قدر»

ووشه‌ی قه‌در دوو سێ مانای هه‌یه‌ :

۱- قه‌در به‌مانی ڕێزه‌، وه‌کو ده‌ڵێن له ‌فڵانه‌که‌س قه‌در ده‌گرن، یانی ڕێزی ده‌گرن.

2- مانای دووه‌می ته‌قدیره‌و سه‌رنویشت.

3- مانای سێهه‌می ئه‌ننازه‌یه.

 

شه‌وی قه‌در کام شه‌وه‌یه‌؟

هه‌ندێک له‌زانایان ده‌ڵێن شه‌وی قه‌در ده‌که‌وێته‌ شه‌وه ‌تاکه‌کانی ده‌شه‌وی کۆتایی مانگی ڕه‌مه‌زان.

ده‌ڵێن له‌وانه‌ی هه‌ندێ جار له‌شه‌وی بیست و یه‌ک بێت یان بیست و سێ یان ... . 

به‌ڵام زۆربه‌ی زانایان ڕایان وایه ‌شه‌وی قه‌در، شه‌وی بیست و حه‌وتمی ڕه‌مه‌زانه‌و بۆچوونی جیاوازی بۆ کراوه‌: ئیمامی موسلێم ڕیوایه‌تی کردووه‌ له‌ (اًبی کوری کعب) که ‌گوتویه‌تی  : «سوێند به‌و خوایه‌ که‌ هیچ شتێک نیه ‌شایسته‌ی په‌ره‌ستن  بێت جگه ‌له‌و، من ده‌زانم  که ‌ئه‌م شه‌وه‌کام شه‌وه‌یه‌، شه‌وی قه‌در ئه‌م شه‌وه‌یه‌ که‌وا پیغه‌مبه‌ر (د.خ) فه‌رمانی پێ داین که‌وا خه‌ریکی شه‌و نوێژ بین تیایا، ئه‌‌ویش شه‌وی بیست و حه‌وته». زانایانی زانستی ته‌فسیر ئه‌و شه‌وه‌یان کردووه‌ که ‌ده‌ڵێن سووره‌تی "قدر" 30 ووشه‌یه‌، ووشه‌ی "هی" که‌ مه‌به‌ست لێی شه‌وی قه‌دره ‌له‌ بیست و حه‌وته‌مین ووشه‌یه.

هه‌ر وه‌ها عه‌باس خوای لێ ڕازی بێت ته‌ئکید ئه‌کات شه‌وی قه‌در له‌شه‌وی بیست و حه‌وتدایه‌، چونکه‌ ئاسمان و زه‌وی حه‌وتن و له‌ حه‌جدا ژماره‌ی به‌رده‌کانی ڕه‌جم و ته‌واف و هاتوچوی سه‌فا و مه‌روه‌حه‌وت حه‌وته.

هه‌ر وه‌ها ژماره‌یه‌ک له‌زانایان ووشه‌کانی "لیله‌القدر" یان هێناوه‌که‌ده‌کاته‌نۆ پیت(حرف) و سێ جاریش له‌سووره‌تی قه‌در  هاتووه‌، به‌شێوه‌ی بیرکاری لێکیانداوه‌ته‌وه‌که‌9 که‌ڕه‌تی 3 ده‌کاته‌27.

به‌ لای زۆربه‌ی بۆچوونه‌کانه‌وه‌شه‌وی قه‌در، شه‌وی بیست و حه‌وتی ڕه‌مه‌زانه‌. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌که‌ئه‌و شه‌وه‌پیرۆزه ‌له‌10 شه‌وی کۆتایی ئه‌م مانگه‌ پڕ به‌ره‌که‌ته‌یه‌.

ئه‌و شه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌10 شه‌وی کۆتایی ڕه‌مه‌زان بێ جیاوازی عیباده‌ت و خواپه‌ره‌ستی تێدا بکرێت به ‌ته‌واوی دیاری نه‌کراوه. له ‌کۆتاییدا داوا ده‌که‌م له‌ خوای گه‌وره‌ هێز و توانمان زۆر کا بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی ئه‌م شه‌وانه‌و له‌ گوناهی هه‌موولایه‌کمان خۆش بێت.