ئه‌و شوناسه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ ئیسلامخوازان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان جۆرێكه‌ له‌ مۆدێلبازی؛ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌‌ له‌ مۆدێلێك و كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م مۆدێله‌كانی تری شوناسه‌ له‌ بازنه‌ی ئیسلام، له‌كاتێكدا گه‌وهه‌ری ئیسلام چ به‌ تیۆری (له‌نێو ده‌قی ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌كان و فه‌رمووده‌ دروسته‌كاندا)و چ به‌ پراكتیكی (پراكتیزه‌كردنی ده‌ق و فه‌رمووده‌كان له‌ لایه‌ن خودی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و هاوڕێ به‌ڕێزه‌كانیه‌وه‌) له‌ بواری شوناسدا كار له‌ سه‌ر مۆدێلسازی ده‌كات نه‌ك مۆدێلبازی!! ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی سه‌ره‌كیترین سیفات و ئه‌دگاره‌كانی ئیسلامه‌، به‌ تایبه‌ت هه‌ردوو سیفه‌تی خواییبوون و جیهانیبوونی ئیسلام، خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی:

( إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الْإِسْلَام)آل عمران:19

 (مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ) الفتح 29

(وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا كَافَّةً لِلنَّاسِ بَشِيرًا وَنَذِيرًا وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ) (سبأ:28)

 به‌ڵكوو له‌وه‌ش زیاتر سه‌رچاوه‌ی ئیسلام كه‌ په‌روه‌ردگاری جیهانیانه‌ ته‌نها مه‌به‌ستی له‌ ناردنی دواین په‌یام و دواین پێغه‌مبه‌ر، گه‌یاندنی ئیسلام نییه‌ به‌ سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان، به‌ڵكوو گشتاندنی ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یی و میهره‌بانیه‌ به‌ هه‌موویان؛ قال تعالی: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِين) الأنبياء 107)

یه‌كێك له كه‌ناڵه‌كانی گه‌یاندنی ئه‌م سۆز و میهره‌بانییه‌ خواییه‌ به‌ مرۆڤه‌كان كه‌ناڵی مۆدێلسازییه‌ له‌ بواری شوناسدا، مه‌به‌ست له‌ مۆدێلسازی له‌م بواره‌دا داننانه‌ به‌ دابونه‌ریت و كلتووری گه‌لانی مسوڵماندا به ‌مه‌رجێك له‌گه‌ڵ هێڵه‌ پانه‌كانی گه‌وهه‌ری ئیسلامدا پێچه‌وانه ‌و دژ نه‌بن و هه‌روه‌ها به‌جێهێشتنی مه‌ودایه‌كی پێویست و گونجاوه‌ بۆ تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و میلله‌ته‌كان، به‌ شێوه‌یه‌ك شوناسه‌ ئیسلامیه‌كه‌یان له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م گشتی بێت و هه‌م تایبه‌تیش بێت!! گشتیيه،‌ چونكه‌ تایبه‌ت نیه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، به‌ڵكوو بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تيیه‌، تایبه‌تیشه،‌ چونكه‌ هه‌رگیز سیمای نه‌ته‌وه‌یه‌ك (بۆ نمونه‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب) ناسه‌پێنێت به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تردا و هیچ تایبه‌تمه‌نديیه‌كی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ناكات به‌تایبه‌تمه‌ندی شوناسه‌ ئیسلامییه‌كه‌، ڕاسته‌ لێره‌و له‌وێ هه‌ندێك ویستویانه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ له‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ری ئیسلامدا یه‌ك ناگرێته‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌م بواره‌دا جیا كراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر ده‌بوو مه‌به‌سته‌ خواییه‌كان له‌ فۆرمێكدا بگه‌یه‌نرێن به‌ مرۆڤه‌كان و كۆتاییش به‌ پرۆسه‌ی ڕه‌وانه‌كردنی پێغه‌مبه‌ر بهێنرێت بۆ مرۆڤه‌كان، ئه‌ویش به‌ ناردنی دواین پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، له‌و بواره‌شدا له‌ زمانی عه‌ره‌بی گونجاوتر و شیاوتر نه‌بوو كه‌ هه‌م توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت مه‌به‌سته‌ خواییه‌كان له‌خۆ بگرێت و هه‌م له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی دواین پێغه‌مبه‌ردا بگونجێت كه‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی نه‌خوێنده‌وار و عه‌ره‌ب بوو و جگه‌ له‌ زمانی دایكی هیچ زمانێكی تری نه‌ده‌زانی، له‌مه‌ زیاتر هیچ شتێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ عه‌ره‌ب بۆ نموونه‌ پۆشاك، نابێت تێكه‌ڵ به‌ شوناسه‌ ئیسلامیه‌كه‌ بكرێت و مۆركی ئایین و پیرۆزی ببڕدرێت به‌ باڵایدا.‌

به‌م شێوه‌ ده‌رفه‌تی یه‌كسان ده‌خاته‌ به‌رده‌م سه‌رجه‌م میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌ مسوڵمانه‌كان هه‌تا مۆدێلێك له‌ شوناسی تایبه‌ت به‌ خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن و خاوه‌نی مۆركی نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆشنبیری و كلتووری خۆیان بن و له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ چوارچێوه‌ی شوناسه‌ ئیسلامییه‌كه‌دا بمێننه‌وه‌ و هیچ یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌وی تردا نه‌ساز و دژ و پێچه‌وانه‌ نه‌بێت‌.