گردی حه‌سه‌نلو هه‌ڵکه‌وتوو له 7 کیلۆمیتری شاری نه‌غه‌ده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، یه‌کێ له‌و شوێنه مێژوویی و کۆنانه‌یه که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌شت هه‌زار ساڵ به‌ر له ئێستا. دیارترین ئاسه‌واری دۆزراوه له‌و شوێنه دا جامی زێڕی حه‌سه‌نلویه که سه‌ر به سه‌رده‌می ئاسنه و له موزه‌خانه‌ی کۆنینه‌ناسی ئێرانی ڕاگیراوه. ده‌وران ده‌وری ئه‌م ته‌پکه مێژووییه به چه‌ندین ته‌پکی تر گه‌مارۆ دراوه و دیاره سه‌رجه‌میشیان که‌وتوونه‌ته ده‌شتی سندوسی ناوچه‌ی موکریان. بوونی ئه‌م تهپکانه ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستییه‌ن که ئه‌م شوێنه خاوه‌نی شارستانییه‌تێکی له مێژینه و گه‌وره‌یه، چونکه 14 گردی باستانی تا ئڵستا له‌م ناوچه‌یه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه. حه‌سه‌نلیان، ته‌پکێکی گه‌وره و خڕه که کۆته‌ر و به‌رینایی ده‌گاته 250 تا 285 میتر و تا 20 میتر له ڕوبه‌ری چۆمی گاده‌ر به‌رزایی هه‌یه، ئه‌م ته‌پکه که‌وتۆته نێوان دوو گوندی ئه‌مینلو و حه‌سه‌نلیان له ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاته‌وه. دانیشتووانی سه‌ره‌تایی ئه‌م شوێنه دیرۆکییه نه‌ته‌وه‌ی ماناییه‌کان بوونه که شارستانییه‌تێکی گه‌وره و پڕشنگداریان له خۆیان جێ هێشتووه. ده‌رده‌که‌وێ که ماناییه‌کان له ناوچه‌کانی باشووری گۆمی ورمێ نیشته‌جێ بوونه و له ته‌وڕاتیش دا ناوێک له نه‌ته‌وه‌ی مانا هاتووه. به پێی بڕوای دوکتۆر دایسون لێکۆڵه‌ری ئه‌مریکایی و به‌رپرسی شاندی هاوبه‌شی ئێرانی و ئه‌مریکایی نزیک به 10 سه‌رده‌می لێک جیاواز له گردی حه‌سه‌ن لو به‌دیار که‌وتووه و له ڕابردوو تا ئیستا، واته له چاخی ده‌هه‌م تا یه‌که‌م که کۆتا سه‌رده‌می گرده‌که‌یه، درێژه‌ی هه‌بووه – دایسون مێژووی چاخی ده‌هه‌م ده‌گه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر شه‌ش هه‌زار ساڵ به‌ر له زایین- چاخی سێهه‌می نیشته‌جێ بوون له گردی حه‌سه‌نلوو سه‌ر به سه‌رده‌می ماده‌کانه و که‌مێک به‌ر له‌وانیش و نیوه‌ی سه‌رده‌می ههخامهنێشیان ده‌به‌ر خۆی ده‌گرێ. چاخی یه‌که‌م که توێژێکی زۆر لاوازه داگری کۆتایی ساسانییه‌کان و سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلامه که ئاسه‌وارێکی لێ به‌دی ناکرێ و سه‌رجه‌می شوێنه‌واره‌کانی فه‌وتاون. له ناوه‌ندی ئه‌م قه‌ڵایه‌دا حه‌وشێکی پان و به‌رین به درێژایی 29 میتر و به‌رینایی 19 میتر داندراوه. له سووچی باشووری حه‌وشه‌که شوێنێک بۆ قوربانی کردن تیێدا به‌دی ده‌کرێ و له سووچی باکووری حه‌وشه ناوه‌ندییه‌که‌دا چه‌ند کۆڵه‌که‌ی به‌ردینه به‌رز بوونه‌ته‌وه که چه‌ند میتر لێک مه‌ودایان هه‌یه و بڵینداییان ده‌گاته 3 میترو زۆرتر وه‌ک به‌رده‌نووس ده‌چن که به دیواری باکووری حه‌وشه‌که‌وه هه‌ڵواسراون، به‌ڵام هیچ نه‌خش و نوسراوێک تێ‌یان دا نابیندرێت –، ژوور و هۆبه‌ی بچوک و گه‌وره و ته‌لاری کۆڵه‌که‌دار و ههیوانگهلی دوور و درێژ له ده‌وران ده‌وری حه‌وشه‌ی ناوه‌ندی بیناکراون که شوێنه‌وارییان ئێستاش هه‌ر وه‌کو پێشوو ماوه‌ته‌وه. جامی حه‌سه‌ن لو له مانگی سێی ساڵی 1958 زایینی له لایه‌ن شاندێکی هاوبه‌شی ئیرانی و ئامریکایی دۆزرایه‌وه و وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی گرینگ بۆ سه‌لماندنی شارستانییه‌ت له‌م به‌شه له کوردستان دا جێی ئاماژه پێ کردنه. کاتێ شار هێرش ده‌کرێته سه‌ری، خه‌ڵکی ناو قه‌ڵا تووشی سه‌ر لێشێواوی ده‌بن. سێ که‌س به‌ره‌و ژوورڵک ڕاده‌که‌ن که جامی زێڕینی تێدایه و جامه‌که‌ی که میراتی نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌و شوڵنه هه‌ڵده‌گرن تا نه‌که‌وێته ده‌ستی دوژمن. هه‌ر له‌و کاته دا شار ئاور ده‌گرێت و بانی دار و ئاڵاشی ئه‌و ژووره‌ش ده‌سوتێت و به سه‌ر ئه‌و سێ که‌سه دا ده‌ڕوخێت، هه‌ر به‌م شێوازه‌ش گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و تا ئه‌وه‌ی که له ڕۆژی 29 گه‌لاوێژی 1337 هه‌تاوی کرێکارانی شاندی ئیرانی و ئه‌مریکایی سێ سه‌ربازی مانایی به جل و به‌رگی نیزامی ئه‌و کات و کڵاوی مسی له ژێر مشکی و خاک و خۆڵ ده‌کێشنه ده‌رێ و دوای 2833 ساڵ جامی زێڕین له ده‌ستی کابرای سووتاو ده‌هێننه ده‌رێ. به‌رزایی جامی زێڕی حه‌سه‌ن لو 21 سانتی میتره و ریس و کۆته‌ری 25 سانتی میتره و 950 گڕه‌م کێشی هه‌یه. له به‌رگی یه‌که‌می کتێبی کۆنی دیار که به‌شێک له ئاسه‌واره مێژووییه‌کانی ئێرانی تێدا به وێنه کێشاوه و ناساندونیهتی، هاتووه که: له ریزی سه‌رووی جامه‌که، ئیزه‌دێکی باڵدار سواری فهیتوونێک بووه که جوانه‌گایه‌ک ڕایده‌کێشێت و به‌ره‌و کاهینێک به‌ڕێوه‌یه که جامێکی له ده‌ست دایه و هه‌ر له‌و حاڵه‌ش له ده‌می جوانه‌گا ڕووبارێک دێته ده‌رێ که ڕه‌نگه نیشانه‌ی ژیان و داهات بێت. له ڕیزی خوارووی جامه‌که و له ژێر گه‌ردوونه‌ی ژیان و ڕوباره‌که پاڵه‌وانێک له شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوون دایه له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌رێکی نیوه مرۆڤ و نیوه ئه‌ژدیها. له ڕوویه‌کی تری جام، ئیزه‌دی شاخدار که سواری ئاڕهبه بوونه، کاهین گه‌لێک که له حاڵی بردنی قۆچی قوربانی دان پاڵه‌وانێک که گورز و که‌وانی له ده‌ست دایه و پیاوێک که خه‌ریکی ڕام کردنی شێرێکه و باب و دایکێک که له حاڵی یاری کردن له‌گه‌ڵ مناڵهکهیانن ده‌توانین ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین. به پێی به‌ڵگه مێژووییه‌کان نێوێکی دیاری کراو بۆ ئه‌و شوێنه مێژووییه نه‌دیتراوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه هه‌ر سه‌رده‌مه‌ی نێوێکی تایبه‌تی لێ نرابێت به‌ڵام ئه‌وه‌یکه جێی ئاماژه پێدانه ئه‌وه‌یه که یه‌کێ له گرینگ‌ترین سه‌رچاوه‌کان بۆ لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی نیشتمانی ماده‌کان هه‌ر ئه‌و شوێنه‌یه و جێی توێژینه‌وه‌ی زیاتریشه.
بۆچوونه‌کان