"بەناوی خوای مێهرەبان"

مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری

وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری

بەتیشک تێک شکا سوپای کڕێوە

هاواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە

                         "هەژار"

 تەمەنی قورسی کاروانی زستان، بەرەو هەگبەدانانە و ئاخر هەناسەی دەکێشێ. سوپای کڕێوە و سەهۆڵبەندانیش، بە هەموو هێز و توانای خۆی و ملئەستووری زریانی شڕودڕ، لە بەرامبەر هەست و سۆزی نەورۆز، خۆی دۆڕاند و پاشەکشەی کرد.

 وا ئەوساڵیش نەورۆز بە پاڵپشتی بەهارێکی نوێ ، بەجلوبەرگی سەوزەوە،  لەشی دونیای پڕ لە مەینەت و زامداری داپۆشی و بۆ ڕزگاری سروشتی دیل و بەندکراو، ڕاپەڕی.  بە هێرشێک بەرگی سپی و سڕی بەفری لێ داماڵی و تیشکی سەوزایی خسته سەر لاشەی بێ گیانی.

نەورۆز،  ئەو وشە پڕمانایە و هەست بزوێنەیە کە بۆتە پێشەنگ و پاڵەوانی زستان بەزێن. هەموو ساڵێ لەناو جەرگە و هێزی ڕەشەمەددا، گورزی خۆی دەوەشێنێ و بە هەناسەی پڕ لە ئاوەدانی و ژیانەوە، بڵێسەی شۆڕش هەڵداییسێنێ و بارەگای بەفر و سەرمای داگیرکەر، دەلەرزێنێ.

ئەو شۆڕەسوارە دەبێتە ئاڵاهەڵگری ئازادی و کۆت و زنجیرپسان و تەخت و توناکردنی بەندیخانەکان.

هەربۆیە بۆهەموو گەلانی جیهان، بۆتە هێمای  چەخماخەی شۆڕشلێدان و دەربازبوون لە دیلی و کۆیلایەتی. 

گەلانی ئازادی خوازی ئێران و جیهان!

ئێستا لەو کات و چاخە ناسکەدا کە بۆن و بەرامی نەورۆز و هەناسە ڕوحبەخشەکەی، بالای وڵات و سرووشتی داگرتووە و لەوپەڕی سەروەریدایە. ئاواتە خوازین کە وەیشوومە و سێبەری نەگبەتی و نەهامەتی و چەوسانەوە و هەژاری و نەداری، لەسەر گشت مرۆڤەکان لاچێ  و   دونیایەکی ئاوەدان، بەپێکەوە ژیانی ئاشتییانەی هەموو ئایینەکان و گەلان بەهەر جورە فکر و زمان و کەلتوورێکەوە،  ڕەنگین و جوان  بێت. هەر کات دانیشتوانی گۆی زەوی، بەرگی تەباییان پۆشی و ئاگری فیتنەیان، خنکاند ئەوجار مروڤایەتی دەپشکوێ.

یاسای سروشتی دونیایە کە خۆرەتاوی هەر زۆردارێک، ئاوابوونێکی بەدوادایە، ئەوەی کە چەقەرەدەدا و ڕیشەی نافەوتێ و تووشی مەرگ و نەمان نابێ،  پیاوەتی و جوامێری و پێکەوەژیان و تهبایی و ڕێز و حورمەته.

نەورۆز، وانەیەکی پر لە ئەزموون و ئامۆژگارییە. گەر حکوومەتێک و فکرێک و گەلێک، لە سەدەی سەروەری و دێموکڕاسی ویاساسەروەریدا نەتوانێ، ئاڵاهەڵگری دروشمە ڕەنگینەکانیان بێ هزر و بیریان، نەزۆک و بێ بەهارە.

 پێوقەدەمی نەورۆز و چاوپشکووتنی ساڵی ۹٨ بە هەموو خەڵکی جیهان بەگشتی و هاونیشتمانانی خۆشەویشت و بەتایبەتی گەلی کورد  پێرۆزبایی دەڵێین .

ئاواتەخوازین کە ئەوساڵ بتوانین دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، بەباوەڕێکی بەهێزتر و مەچەکێکی پۆڵایین و ورەیەکی بەرزتر، ڕەوڕەوەی ژیان، وەگەڕ خەین. 

مەزرا و کێڵگەی مرۆڤایەتی تینووی ئاوی خوشەویستییە. با ئاودێری دڵی سیسبووی یەکتر بین و باقە باقە سۆز و ئەمەگ، پێشکەشی یەکتر بکەین.

هەربژین و سەرکەوتوو بن و خوای ئازیز یاوەر و پاڵپشتی ژیانتان بێ.

 

ناوەندی پێوەندیە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح ـ ئازەربایجانی رۆژاوا