سەر لە بەیانى ڕۆژى یەک شەممە (6/1/2013)ى زایینى، سەرۆکى پێشووى (کۆمەڵەى ئیسلامى پاکستان)و سەرکردەى دیارى جیهانى ئیسلامى، پاش چەندین ساڵ نەخۆشى و بە هۆى جەڵدەى دڵەوە کۆچى دوایى کرد.

سەرچاوەیەک لە (کۆمەڵەى ئیسلامى پاکستان)ەوە هەواڵى کۆچى دوایى زاناى بەناوبانگ و کەسایەتى لێهاتوو و مێژوویى و سەرۆکى پێشوو کۆمەڵەکەى (قازى حوسێن ئەحمەد)ى  تەمەن (74) ساڵى  لە شارى (ئیسلام ئاباد) ڕاگەیاند، کە پێش سێ ڕۆژ تووشى جەڵدەیەکى دڵ بووبوو و لە نەخۆشخانە خەوێنرابوو.

 قازى حوسێن ئەحمەد عەلى، ساڵى (1938)ى زایینى لە شارى (پیشاوەر)ى پاکستان لەدایکبووە، بڕوانامەى (ماستەر)ى لە بوارى (جوگرافیا)دا لە زانکۆى هەمان شار بەدەستهێناوە و بووەتە مامۆستاى جوگرافیا لە کۆلێژى حکومیدا تا ساڵى (1965)، پاشان خۆى یەکلایى کردووەتەوە بۆ کارى بازرگانى و سیاسى، لە ساڵى (1978)دا هەڵبژێردراوە بە ئەمیندارى گشتى (کۆمەڵەى ئیسلامى پاکستان) و پاشان و لە ساڵى (1987)دا هەڵبژێردرا بە سەرۆکى هەمان کۆمەڵە تا ساڵى (2009)، واتە بۆ ماوەى (22) ساڵ و بۆ  سێ خولى یەک لەدواى یەک سەرۆکایەتى ئەو کۆمەڵەیەى لەدەستدا بوو، پاشان ـ وەک دەستپێشخەرى و داهێنانێک ـ لە ساڵى (2009)دا وازنامەى خۆى پێشکەشى حیزبەکەى کرد، بۆ ئەوەى دەرفەت و بوار بڕەخسێنێ بۆ کەس و خوێنى تازە بۆ هاتنە پێشەوە و گرتنە دەستى ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە، هەر بۆیە (مونەووەر حەسەن) هەڵبژێردرا بە سەرۆکى کۆمەڵەکە.

شایانى باسە کە (کۆمەڵەى ئیسلامى پاکستان) یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵە و حیزبەکانى پاکستان، کە خاوەنى باکگراوندێکى ئیسلامى میانەڕەوە و یەکێکیشە لە گەورەترین بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە شیبهە قاڕەى هیندیدا، هەروەک کاریگەرترینیشیانە لە گۆڕەپانى سیاسى پاکستاندا و درێژکراوەى فیکرى (کۆمەڵەى برایانى موسڵمان)ە لە جیهان و وڵاتە عەرەبییەکاندا.

ئەمەو (قازى حوسێن) لە نێوان ساڵەکانى (1985ـ1996)دا  بوویە ئەندامى (ئەنجوومەنى پیرانى پاکستان) و هەر لە ساڵى (1996)یشدا و وەک ناڕەزایى لەبەرامبەر حکومەتەکەى (بێ نەزیر بۆتۆ)ى سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتەى پاکستان، خۆپیشاندانى ملیۆنى سازکرد و وازنامە (استقالە)ى خۆى پێشکەش کرد، هەر ئەوەش بوویە یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانى شکستى حکومەتەکەى (بێ نەزیر بۆتۆ).

قازى حوسێن چەند جارێک سەرۆکایەتى (ئەنجوومەنى کارى یەکگرتوو)ى لە پاکستان گرتووەتە دەست و چەندین جاریش بەهۆى جیاوازى بیر و باوەڕ و چاڵاکییە سیاسییەکانیەوە دەستگیر کراوە، جیهانى ئیسلامى ئیسلامى (قازى حوسێن ئەحمەد)ى وەک زانایەکى ئایینى و چالاکوانێکى سیاسى و بەرگریکارێک لە دیموکراسییەت ناسیووە و هەژمار کردووە، هەروەها ناوبراو یەکێک بووە لە تێکۆشەرەکان دژ بە داگیرکارى ئەمریکى بۆ سەر وڵاتى ئەفغانستان، بە پاساوى چەنگى دژە تیرۆر، ئەمە وێڕاى دژایەتى و نەیارى بۆ چالاکییەکانى سوپاى ئەمریکا لە ناوخۆى وڵاتى پاکستاندا.

هەروەها ناوبراو ڕۆڵێکى دیار و بەرچاوى هەبووە لە دژایەتى کردنى غەزوى سۆڤیەتى جاران بۆ سەر وڵاتى ئەفغانستان، هەروەک ڕۆڵێکى کاریگەر و دیارى هەبووە لە خزمەتکردن و بە هاناوەچوونى ئاوارەکان و نەخۆش و هەژار و هەتیووان و نەخۆشخانەکان و گەیاندنى دەستى هاوکارى ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بە جەماوەر و ناوچە نیازمەندەکان.

شیاوى وتنە کە (قازى حوسێن) زانایەکى ئایینى بە توانا و توێژەر و لێکۆڵەرێکى هەڵکەوتوو بووە و لە دیارترین بەرگریکارەکانى پرۆژەى ئیسلامى بووە، بەتایبەت لە بیست ساڵى ڕابردوودا.

ئەمە و بۆ دواجار و لە سەر لەبەیانى ڕۆژى یەک شەممە(6/1/2013)ى زایینى، پاش چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشى و لە تەمەنى (74) ساڵیدا و لە نەخۆشخانە و لە شارى (ئیسلام ئاباد)ى پاکستان و بە هۆى جەڵدەى دڵەوە کۆچى دوایى کرد و سەر لە ئێوارەى هەمان ڕۆژ تەرمى ناوبراو گوازرایەوە بۆ شارى (پیشاوەر) و نوێژى لەسەر کراو و مەراسیمى پرسەکەشى لە ناوچەى (نەو شەهرە)ى زادگەى بەڕێوەچوو.

خواى گەورە و میهرەبان بە بەهەشتى بەرین شادى بکات و جێگەى بە کەسێکى باشتر پڕ بکاتەوە، کە بێگومان لەدەستدانى کەسایەتییەکى لەم شێوەیە کەلێنێکى گەورەیە بۆ ڕابوونى ئیسلامى هاوچەرخ و دروستبوونى زانا و سەرکردەى لەم چەشنە هەروا کارێکى سانا نییە.

***

کۆکه‌ره‌وه‌: مودریک عەلى عارف