وا بڕیارە مانگی داهاتوو لە شاری ئەنقەرە بە بەشداریی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی سیمیناری کورد و تورک لە مێژوودا ساز بکرێ.

 

پڕۆفیسۆر محەمەد مەتین ھولاگو، سەرۆکی دەزگای مێژووی تورک TTK لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، وێڕای ستایشکردنی دامەزراندنی زانکۆی کوردی، کردنەوەی کەناڵی 6 TRT و پەخشی کوردی لە ئاژانسی ئانادۆڵو، لەبارەی ئەو سیمینارەی بڕیارە مانگی داهاتوو رێکیبخەن گوتی: "لەو کاتەی ئانادۆڵو بە کوردی ھەواڵ بڵاو دەکاتەوە، بۆ چی ئێمەش نەخوازین دەوڵەمەندی کەلتوور و مێژووی کوردی بڵاو نەکەینەوە، کێن ئەوانەی لە تورکیا دەژین؟ دەبێ ئەوانە هەموو بخوێنرێن، بۆچی نەیخوێنین. بۆیە ناتوانین ئەو پرسە لەبەر چاو نەگرین، بە ئاشکرا پرسێک ھەیە لە مێژوودا وەکو گۆشت و ئێسقان بە یەکەوە ژیاون، بەیەکەوە شەڕیان کردووە."

ھولاگو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "دەزگای TTK تەنیا ئەرکی  لە بەرامبەر مێژووی تورک نییە، بەڵکو بە مێژووی تورکیاوە خەریک دەبێ. کاتێ لە تورکیا سەیر دەکەین، رووبەڕوی ھەبوونی کورد دەبینەوە.  کوردەکانیش ھاووڵاتی ئێمەنە. ئەوانیش لەناو مێژووی تورکیا جێی خۆیان ھەیە. لەناو یەک دەوروبەر و لەسەر یەک خاک ژیاوین. لایەنی ھاوبەش و سەرکەوتنی ھاوبەشمان ھەیە. وەکو ئێسقان و گۆشت بەیەکەوە نووساوین. نابێ بەھیچ شێوەیەک مێژووی تورکیا فەرامۆش بکەین. بۆیە دەبێ ھەڵوەستە لەسەر تورک و کورد لەمێژوودا چییان کردووە بکەین. پێویستە بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە لێی بکۆڵینەوە. بۆیە ئەو سیمینارە دەبەستین و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەین. سیمینار دوورە لەھەر ھەستێکی سیاسی، پشت بە لێکۆڵینەوەی زانستی دەبەستێ."

سەرۆکی دەزگای مێژووی تورک جەخت دەکاتەوە ئەوان بە چڕوپڕی لەوبارەیەوە کاردەکەن و گوتی: "خولی فێربوونی زمانەکانی ئەرمەنی، عوسمانی، عەرەبیمان کردۆتەوە، ئێستا خەریکی کردنەوەی فەڕەنسی، یۆنانی و بولگارین، ئەگەر پێویست بکات خولی زمانی کوردیش دەکەینەوە. دوای ئەوەی خولی فێربوونی عەرەبی، فارسی و ئەرمەنیمان کردەوە، بۆچی کوردی ناکەینەوە. ئەگەر پێویستبێ دەیکەینەوە."