دکتور مه‌قسوود فه‌راسه‌تخاه وه‌رگێڕانی ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده ژیانی خوێندکاری هه‌ڵگری که‌شێک له ئه‌زموونه ژیاوه‌کانی خوێندکاران له خولی خوێندنی زانستگادایه و لایه‌نی جۆراوجۆری فێرخوازی، فیکری، زانستی، وه‌رزشی، پیشه‌یی، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، هونه‌ری و خه‌وگه‌یی له‌خۆی ده‌گرێ. ئه‌م جۆره ژیانه سروشتێکی سه‌رووـ ده‌رسی هه‌یه واته ئه‌گه‌رچی چالاکیی ڕه‌سمیی پێوه‌ندیدار به کاروباری خوێندن و فێرخوازیش ده‌گرێته‌وه به‌ڵام بارته‌قای ئه‌م کاروباره‌ش به‌رته‌سک نابێته‌وه و کۆمه‌ڵێک چالاکی و هه‌ڵسووڕانی فه‌وقی به‌رنامه و کلووپ و تیم و ده‌مه‌ته‌قه و کۆڕوکۆمه‌ڵ و هاوپێوه‌ندیی خوێندکاری له ناوه‌وه یا ده‌ره‌وه‌ی زانستگاش له‌خۆی ده‌گرێ. تیۆییهکانی پێوه‌ندیدار به ژیانی خوێندکاری: ۱ـ زانستگا دامه‌زاروه‌یه‌کی مۆدێرن بوو و تێکه‌ڵاوی کێشه‌ی نه‌ریت و نوێخوازی بوو. ئه‌و گۆڕانکارییه بهرایییانهی ئه‌نجامی گوورانی زانستگایان لێکه‌وته‌وه ڕیشه‌یان له‌ناو پێکهاته شاری و بازرگانییه‌کانی تازه‌باودا بوو و به بزووتنه‌وه‌ی شارنشینییه‌وه گۆش ده‌دران. له یه‌که‌مین زانستگاکانی ڕۆژئاوادا وه‌ک بۆلۆنیا، پاریس، ئاکسفۆرد، که‌مبریج، سالامانکا، لیۆن، ئۆپسالا، کۆپنهاگ، گلاسکۆ و ئۆبردین، چه‌مکی نه‌ریتیی زانست و فێرکردن و فێربوون به هۆی ناوه‌رۆکێکی پیشه‌ییتر و پسپۆرانهتری ئه‌وتۆوه جێگای پێ لێژ بوو که قۆڵی له قۆڵی بزووتنه‌وه‌یه‌کی فیکری و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ‌دا بوو و ئه‌و لاوانه‌ی بۆ زانستگا ده‌هاتن له‌م پرۆسه مه‌عریفی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا به‌شدار ده‌بوون. فێربوونی زانست له به‌رانبه‌ر بایه‌خه نه‌ریتییه‌کاندا بووبوو به بایه‌خێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی تازه‌باو. خوێندکارانی نوێ، پێكڕا و وێڕای مامۆستاکانیان شوناسێکی پیشه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیی تازه‌یان پێک ده‌هێنا و له‌ڕاستیدا وه‌ک ئه‌ندامی کۆمه‌ڵ و یه‌کیه‌تیه‌ک هه‌ژمار ده‌کران. ئه‌م مانایه له وشه‌ی "کۆلێژ"یشدا خۆی حه‌شار داوه. ژیانی زانستگایی له‌خۆگری یه‌کتر له هه‌ڵمه‌ت گرتنی نه‌ریت و نوێخوازی له پانتاییه‌کانی پیشه‌یی و پێگه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا بوو. ئه‌م یه‌کتر له هه‌ڵمه‌ت گرتنانه هه‌ر به ته‌نیا خاوه‌نی لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوو و سازده‌ری فیکری و مه‌عریفه‌ناسانه و فه‌رهه‌نگی قووڵیشی له‌خۆی ده‌گرت؛ وه‌ک ئه‌م سازده‌رانه: ئوومانیسم، ئاگاداری مرۆڤ له بایه‌خی خۆی و ئاوه‌زمه‌ندێتی خودبونیاد که به‌هۆیه‌وه مرۆڤ ده‌بێ ژیانی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی زه‌ینی و هزر و زانستی خۆی ڕۆبنێ و ڕاسته و پاستهی بکا. به تایبه‌ت له هه‌ندێک ناوچه‌ی وه‌ک ئیتالیا، باشووری فه‌ڕانسه و ئیسپانیادا، مۆدێلی "خوێندکار ـ زانستگا" ڕمێنی هه‌بوو. خوێندکاران که له‌و سه‌رده‌مدا به‌شێک له چینه‌کانی سه‌رووی کۆمه‌ڵگا بوون و خاوه‌نی یه‌کیه‌تی و کۆمه‌ڵی خۆیان بوون و ئه‌م کۆمه‌ڵه وه‌ک کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی زانستگا چاوی لێده‌کرا. زانستگای بۆلۆنیا هه‌ر له‌جێدا له کۆمه‌ڵێک له یه‌کێتییه خوێندکارییه‌کان پێکهاتبوو و کۆی ئه‌م یه‌کێتییانه هاوپێوه‌ندییه‌کی پته‌ویان له‌گه‌ڵ ناوه‌نده پێگهییکانی کۆمه‌ڵگا[به‌گشتی] و شار [به‌تایبه‌تیدا] هه‌بوو. وشه‌ی universiat به‌مانی یه‌کێتی، زیادتر ڕووی له ده‌وری زانستگا وه‌کوو کۆمه‌ڵێک[ی پیشه‌یی] بوو. ۲ـ گرینگ‌ترین ڕاسپێردراویی زانستگا چییه؟"برۆباکێر"، به‌هێنانه‌گۆڕی باسی شه‌رعییه‌تی زانستگا، سێ کۆمه‌ڵگای بریتانیا و ئاڵمان و ئه‌مریکای پێکه‌وه هه‌ڵسه‌نگاند. له کۆمه‌ڵگایانه‌دا به‌ڕیز فێرکاری، لێکۆڵینه‌وه و خزمه‌تگوزاری، قورساییی مه‌نتیقی ڕاسپێردراویی زانستگا پێک ده‌هێنن و هه‌ر کام له‌م ڕه‌هه‌ندانه، تێکه‌ڵاوی کۆمه‌ڵه پێداویستییه‌کی فیکری و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت به خۆیان بوون. ئه‌م باسه له ڕاسپێردراوییه فیکرییه‌کانی زانستگادا به گه‌ڵاڵه کردنی ئه‌م پرسیاره خۆی ده‌رده‌خا که: ئایا په‌روه‌رده کردنی هێزی ئینسانیی پسپۆر ته‌واوه یا ئه‌م چاوه‌ڕوانییه له زانستگا ده‌کرێ که شارۆمه‌ندی مۆدێرن و ڕێککه‌وتوو له‌گه‌ڵ چاوهڕوانیگهلێکی ئوومانیستی په‌روه‌رده بکا. ئه‌گه‌ر وابێ زانستگا به‌رپرسیارێتی "هه‌میسان به کۆمه‌ڵایه‌تی کردنه‌وه‌ی" خوێندکارانی له ئه‌ستۆیه و ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێ نه‌ک هه‌ر فێرکارییه‌کانی زانستگا بارته‌قای فێرکاری پسپۆرانه و پیشه‌ییی تایبه‌ت به لقه‌کانی خوێندن به‌رته‌سک نه‌بێته‌وه و "فێرکاریی گشتی و لیبرالیش" بگرێته‌وه، به‌ڵکوو ژیانی خوێندکاریش له لایه‌نی فهوقیبهرنامه و چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و به‌شداربوون له په‌روه‌رده کردن و ڕۆنانی که‌سایه‌تی و هه‌ڵسوکه‌وتی ئینسانی جمه‌ی بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێکۆڵینه‌وه وه‌ک قورسایی [ئه‌رکی] زانستگا چاوی لێ بکرێ، ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕێ که ئایا زانستگا ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌خۆ ده‌بێ هه‌تا به‌رگه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی بگرێ و له‌وه‌ش گرینگتر ئایا هه‌و هێنده ئازادییه زانستییه بوونی هه‌یه که بکرێ بڵیێن لێکۆڵینه‌وه زانستگاییه‌کان به‌دوای ڕاسته‌قینه‌وه‌ن و خاوه‌نی ڕه‌وابوون و ئیعتباری مهعریفهناسانهن؟ ئه‌گه‌ر بێت‌و کاروباری زانستگا له ده‌ره‌وه‌ڕا له‌باری سیاسی و ئایینییه‌وه ده‌ستی تێوهردرێ یا له ناوه‌وه‌ڕا له ژێر گوشاری دیار و نادیاره‌وه به‌ڕێوه بچێ و ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له ژێر کاریگه‌رێتی ئه‌م گوشارانه‌وه هه‌ڵهێنجرابن، ئه‌م لێکۆڵینه‌وانه له ڕه‌وابوونی مه‌عریفی بێبه‌ری ده‌بن و متمانه‌ی پێویستیان پێ ناکرێ و به‌م شێوه‌یه به گشتی شه‌رعییه‌تی زانستگا بۆ به‌رهه‌م هێنانی زانست و پشکنین و پێمل بوون به ڕاسته‌قینه ده‌چێته ژێر پرسیار. که‌وایه ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌بردنی ڕاسپێردراویی توێژکارانهش پێویستی به هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی فیکری و سیاسی هه‌یه. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئازادیی زانستی په‌ره‌ی پێ ده‌درێ و خوێندکاران به‌ره‌به‌ره فێری نه‌ریتی بێلایه‌نیی توێژکارانه و وه‌فادار بوون به ڕاستی و ڕاسته‌قینه ده‌بن و له‌ناو خۆیاندا ڕیشه‌ی پێ داده‌کوتن. کاتێک قورسایی ڕاسپێردارویی زانستگا برێتی بێ له خزمه‌تگوزاری، بابه‌تی چۆنیه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زانستگا به داواکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌م وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌ش دێته گۆڕێ. بێ‌شک زانستگا له ڕێگای تێوه‌گلان له پرس و پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌توانێ شه‌رعییه‌تی خزمه‌تگوزارییه‌کی دروست بۆ کۆمه‌ڵگا له‌ناو خۆیدا په‌ره پێ بدا. ئه‌مه‌ش به مه‌رجێک ده‌کرێ زانستگا نه‌بێ به لووتکه‌ی دووره‌ده‌ستی ڕووناک‌بیری و [به پێچه‌وانه به‌پانه‌وه] خۆی ده چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بگلێنێ و مامۆستایان و خوێندکاران له ڕێگای [سازدانی] هاوپێوهندیگهلی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسانه ئاشنا بن. ۳ـ له باسوخواسی که‌لتووری خوێندکاری‌دا، مۆدێله‌کانی ژیان و بایه‌خه ڕه‌فتارییه‌کانی خوێندکاران له زانستگادا قسه‌یان لێ ده‌کرێ.(مردمنگاری پردیس)، تاقمبهندی خوێندکاری( وه‌ک تاقمی زانستی، وه‌رزشی، سیاسی و هونه‌ری) و ورده‌فه‌رهه‌نگی خوێندکاری به‌شێک له‌م باسوخواسانه پێک ده‌هێنن. هاوپێوه‌ندی خوێندکاریی به "برایه‌تی سه‌ره‌تایی" شوبهێندراوه و هه‌ڵبه‌ت تیپ‌ناسیی جۆراوجۆر له مه‌ڕ که‌لتووری خوێندکارییه‌وه به‌ده‌سته‌وه دراوه؛ وه‌ک : خۆمانه‌کان، ناخۆمانهکان و یاخییه‌کان. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بزووتنه‌وه خوێندکارییه‌کان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ورده‌فه‌رهه‌نگی خویندکارین. ۴ـ چه‌مکی "جیهان ـ ژین" له باسه ڕه‌خنه‌ییه‌کانی هابێرماسدا له به‌رانبه‌ر چه‌مکی "سیسته‌م"دا په‌ره‌ی پێدراوه. ژیانی خوێندکاری که‌شێک له جیهان ـ ژین ده‌گرێته‌وه که سیستمه فه‌رمییه‌کانی فێرکاریی زانستگا، به ته‌نیا ناتوانن ڕووماڵی بکه‌ن. جیهان ژین برێتییه له پانتایی ڕۆڵه‌کان و کرده‌کان؛ کرده‌گه‌لی ڕووه‌و پێوه‌ندی، ڕووه‌وه تێگه‌یشتن و ڕووه‌و ڕه‌خنه له جیهان ـ ژین دا بوونیان هه‌یه. جیهان ـ ژین پانتایی به‌رهه‌م هێنانی مانایه. لێک نزیک بوونه‌وه له‌ناو جیهان ـ ژین‌دا به‌گوێره‌ی ڕاسپاردنی نۆرماتیڤ و بکه و مه‌که‌ی ڕاگهێیندراو به‌هۆی سیستمه‌کان و به‌رنامه‌کانه‌وه سه‌رناگرێ. به‌ڵکوو له‌سه‌ر بنه‌مای کۆده‌نگی یا شێوه‌کانی تری ڕێککه‌وتن سه‌رده‌گرێ. جیهان ـ ژین به هۆی سروشتی ژیانه‌کی خۆی هۆگری ئه‌وه‌یه تێکه‌ڵاوی سیستمه‌کان بێ، به‌ڵام له‌وه‌ی گوێڕایه‌لی سیستمه‌کان بێ، خۆی ده‌بوێرێ. هابێرماس ئه‌م گوێڕایه‌ڵ بوونه وه‌ک چه‌وسانه‌وه‌ی جیهان ـ ژین به هۆی سیستمه‌وه ته‌عبیر ده‌کا. کاتێک ده‌سته‌ڵاتی سیستمێک له به‌رنامه‌کان، یاساکان، ڕێوشوێن و پێڕه‌و و پرۆگرامه‌کاندا به‌سه‌ر ژیانی خوێندکاری‌دا زاڵ ده‌بێ، ئه‌م ژیانه له ڕدادهبهدهر ڕه‌نگێکی قه‌زایی و سزاده‌رانه به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ. به‌رته‌سک نه‌بوونه‌وه‌ی جیهان ـ ژینی خوێندکاری بارته‌قای پرۆگرامه فه‌رمی و فێرکارییه‌کانی زانستگا، پێوه‌ندی به باسێکه‌وه هه‌یه که هابێرماس له ژێر سه‌ردێری "هۆگریی مه‌عریفیی سێ چه‌شن" باسی لێ ده‌کا. له ڕوانگه‌ی هابێرماسه‌وه هۆگرییه مه‌عریفییه‌کان، سێ ئاستی جوداواز ده‌گرنه‌وه: ۱ـ هۆگریی ته‌کنیکی که ڕووی له ئامرازی کار دایه و عاده‌ته‌ن به‌هۆی زانستی ته‌جره‌بی و ته‌کنیکی و فێرکارییه فه‌رمییه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌مانه‌وه دابین ده‌بێ. ۲ـ هۆگریی کرده‌یی که ڕووی له هاوپێوه‌ندی و زمان و تێگه‌یشتنی به‌کۆمه‌ڵ و نێوانزهینیدایه و پێویستی به هێرمنۆتیک و ڕاڤه و لێکدانه‌وه هه‌یه. ۳ـ هۆگریی ڕزگار کردن که ڕووی له خودئاگایی و ڕه‌خنه‌دایه. پرۆگرامه فێرکارییه فه‌رمییه‌کان زیادتر به‌شوێن دابین کردنی هۆگرییه‌کانی جۆری یه‌که‌من و ته‌نانه‌ت له لقه‌کانی ئینسانیشدا فێرکارییه فه‌رمییه‌کان زیادتر به هۆگرییه‌کی ئامرزاییهوه پێڕه‌و ده‌کرێن. به‌ڵام له چالاکیی خۆبه‌خشی خوێندکارانه‌دا باوه‌ش بۆ دابین کردنی هۆگرییه‌کانی جۆری دووه‌م و سێیه‌م کراوه‌تره. هاوپێوه‌ندییه خۆڕسکه خوێندکارییه‌کان له هه‌ناوی چالاکییه‌کانی فهوقیبهرنامهدا و له‌سه‌ر به‌ستێنی کۆمه‌ڵێک کرده‌ی نێوانزهینی و لێکحاڵی بوون و کارلێک کردن، پێداویستی و هۆگرییه‌کانی ئاستی دووه‌می خوێندکاران دابین ده‌کا. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش چالاکی به‌شدارانه‌ی فیکری،زانستی، فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی، پیشه‌یی و سیاسیی خوێندکاران به‌ناوه‌رۆکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه بۆ دابین کردنی پێداویستییه‌کانی ئاستی سێیه‌م واته ئاستی ڕزگار کردن شوێندانه‌ره. ژیانی خوێندکاری له ئێرانی هاوچه‌رخدا ئه‌گه‌ر دامه‌زرانی زانستگای تاران به سه‌ره‌تا بزانین، ده‌کرێ ژیانی خوێندکاری له ئێران‌دا به هه‌شت ده‌وره/خول دابه‌ش بکه‌ین. ئه‌و پرسیارانه‌ی له دیاری کردنی خوله‌کاندا ده‌ور ده‌گێڕن ئه‌مانه‌ن: ۱ـ کامه چینی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستی به زانستگا ڕاده‌گه‌یشت؟ ۲ـ پارادایمی زاڵ به‌سه‌ر ژیانی خوێندکاری چ پارادایمێک بوو؟ ۳ـ خوێندکاره‌کان، چ یۆتۆپیا/شارهخهونێکیان هه‌بوو؟ ۴ـ چ چه‌مکگه‌لێک کاری ده‌کرده سه‌ر ژیانی خوێندکاری؟ ۵ـ پرسه [باوه‌کان] چ بوون؟ ۶ـ شوناسه به‌رچاوه‌کان کامانه بوون؟ و ۷ـ مۆدێلی خۆ ده‌ربڕین له هه‌ر ده‌وره‌یه‌کدا چۆن بوو؟ خولی یه‌که‌م: به‌ر له ده‌یه‌ی بیستی هه‌تاوی، زۆربه‌ی خوێندکاران له چینه‌کانی سه‌روو و هه‌ڵکه‌وته‌ی کۆمه‌ڵگا بوون و ژیانیان له زانستگادا زیادتر لایه‌نی پیشه‌یی و زانستی هه‌بوو. خولیای سه‌ره‌کی له‌م ده‌وره‌یه‌دا برێتی بوو له نوێخوازی و پێشکه‌وتن. نوخبه‌یه‌کی نوێخوازی نادیار کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر خوێندکاران هه‌بوو. ئه‌و پرسانه‌ی به گشتی خوێندکاران لێیان ده‌کۆڵینه‌وه ئه‌وانه بوون که ئیمکانات و ده‌ره‌تانه‌کانی فێرکارییان چۆن و چه‌نده‌یه و دوای ته‌واو بوونی خوێندن، له کوێ داده‌مه‌زرێن و شتی له‌گوێن ئه‌مانه. جوداوزای شوناسی خوێندن له‌م ده‌وره‌یه‌دا زیادتر له‌جۆری شوناسی پێوه‌ندیدار به لقی خوێندنه‌وه بوو. مۆدێلی خۆده‌ربڕین به‌شێوه‌ی مانگرتنی خوێندکاری له کۆلێژه‌کانی ته‌کنیکی و پزیشکی و ... ده‌رده‌که‌وت. خولی دووه‌م: له ده‌یه‌ی بیستدا ڕێگای چینه‌کانی نێونجی (زیادتر توێژه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م چینه) بۆ زانستگا خۆش ده‌بێ. له‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تیی دوای خه‌رمانانی 1320 [له‌سه‌ر کار لابردنی ڕه‌زاشای په‌هله‌وی] پاڕادایمی پیشه‌یی و پاڕادایمی سیاسی تێکه‌ڵ ده‌بن. ته‌یاری چه‌پ و زیادتر حیزبی تووده وێڕای ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، شوێن داده‌نێنه سه‌ر خوێندکاران و شارهخهونی سۆسیالیستی، لاوان عه‌وداڵی خۆی ده‌کا. پرسه‌کان له ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له هه‌ڵبژاردندا، کێشه‌ی نه‌وت و پرسی پێوه‌ندیدار به خهوگهوه سه‌رچاوه ده‌گرن. جیاوازی شوناسه‌کان سروشتێکی ئایدۆلۆژیکی هه‌یه و شوناسه‌کان به‌سه‌ر سێ شوناسی چه‌پ و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی‌دا دابه‌ش ده‌بن و ئه‌نجومه ئیسلامییه خوێندکاریه‌کان بۆ ڕکه‌به‌رایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌په‌کان و نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان له کۆلێژه‌کانی پزیشکی و ته‌کنیکی داده‌مه‌زرێن. خوێندکاران له‌پاڵ مانگرتن و کۆبوونه‌وه‌کانی پیشه‌ییی و خوێندکاری، بۆ لای سیاسه‌تی سه‌ر شه‌قامیش ڕاده‌کێشرێن، ئه‌مما ڕاکێشران! خولی سێیه‌م: له چڵه‌پۆپه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی میللی [ی دکتۆر محه‌ممه‌دی موسه‌ددیق]یشدا توێژه‌کانی خوێندکاران هه‌ر له پاوانی چینی نێونجی و چینی سه‌رتر دایه. ژیانی خوێندکاری شوێنوهرگرتوو له مۆدێلی سیاسی، پیشه‌یی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و له ژێر کاریگه‌رێتی سه‌یری داخوازییه ناسیۆنالیستییه‌کان و سه‌ربه‌خۆییخوازی و ویستی به‌نه‌ته‌وه‌یی بوونی نه‌وت بوو. دیسان هه‌ر ئه‌وه پیاوانی سیاسه‌ت بوون که سێبه‌ریان قورسایی ده‌خسته سه‌ر زانستگایه‌کی پیاوانه. پرسه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی زانستگاوه و له ناته‌بایی و پێکهه‌ڵپڕژانی به‌شه‌کانی ناوه ده‌سته‌ڵات (ده‌ربار له لایه‌ک و حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی [ی دکتۆر موسه‌ددیق] له لایه‌کی تره‌وه) دانگهڕێزهی ده‌کرده ناو زانستگاوه و مه‌یلی خوێندکاران بۆ به‌شداری کردن له به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی سیاسی و به‌رنامه‌داڕشتن و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، به سیاسه‌تی سه‌ر شه‌قام زیاد ده‌بوو. خولی چواره‌م: پاش ڕووخانی حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی [ی دکتۆر موسه‌ددیق] هه‌تا سه‌ره‌تای چله‌کان به هۆی گه‌شه‌ی ئابووریی وڵات، توێژه‌کانی ناوه‌ڕاستی چینی نێونجیش ده‌رگای زانستگایان بۆ خرایه سه‌ر پشت. شارهخهونهکه/یۆتۆپیاکه هه‌ر ئه‌م حکوومه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه سه‌رکوتکراوه بوو که ڕێبه‌ره خۆشه‌ویسته‌که‌ی له سوووچێکی ته‌ریک، بێده‌نگ کرابوو. له‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی (جه‌بهه‌ی میللی) خاوه‌نی زیادترین نفووز بوو. پرسه‌کان زیادتر له‌جۆری پرسی سیاسی بوون؛ وه‌ک: کووده‌تا، ئه‌و خوێنانه‌ی له 16ی سه‌رماوه‌زی 1332دا ڕژان و لابرانی موسه‌ددیق له گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت. جوداوازیی شوناسه‌کان هه‌ر وه‌ک پێشوو سروشتێکی ئایدلۆژیکی هه‌بوو و مۆدێلی خۆده‌ربڕین برێتی بوو له به‌رخۆدان/ خۆڕاگری. خولی پێنجه‌م: له چله‌کان و په‌نجاکاندا به‌هۆی گه‌شه‌ی زیادتری ئابووری که له مۆدێرنیزاسیۆنی ده‌وڵه‌تیی دامه‌زراو له‌سه‌ر نه‌وته‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت توێژه‌کانی خوارووی چینی نێونجیش ده‌ستیان به زانستگا ڕاگه‌یشت. پارادایمی ژیانی خوێندکاری، پارادایمێکی پیشه‌یی ـ سیاسی و فه‌رهه‌نگی ـ کۆمه‌ڵایه‌تی بوو و شارهخهونهکهی له‌سه‌ر شۆڕشی سیاسی و گۆڕینی ڕێژیم ساغ ده‌بووه‌وه. پرسگهڵێکی وه‌ک ملهوڕی، گه‌نده‌ڵی، ناسه‌ربه‌خۆیی، هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کان (وه‌ک ئه‌شکه‌نجه، ئیعدام، به‌رزه‌فت کردنی زانستگا، گاردی زانستگا و ..) ڕووداوگهڵیکی وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی سیاهکه‌ل له ئاستی ناوخۆدا و [گۆڕانکارییه‌کانی] ڤییه‌تنام و کووبا و ئه‌لجه‌زایر له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا بوون به هۆی گه‌شه کردنی ڕادیکالیسم له ژیانی خوێندکاری‌دا و پێکهاتنی ڕێکخراوه‌کانی فیداییان [ی خه‌ڵق] و موجاهیدین و هه‌ندێک تاقمی چکۆڵه‌ی دیکه. هه‌ڵبه‌ت مۆدێله‌کانی ژیانی خوێندکاری جۆراوجۆر بوون. بۆ نموونه له‌پاڵ په‌یوه‌ست بوونی هه‌ندێک خوێندکار به به‌ربه‌ره‌کانی حیرفه‌یی (سیاسه‌تی پارتیزانی) به‌شێكی به‌رچاو له خوێندکاران یا ئه‌وه‌تا خه‌ریکی داهێنانی پیشه‌یی، فیکری، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بن یا به شوێن باسه‌کانی ئالیئهحمهد و شه‌ریعه‌تی و که‌سانی تره‌وه‌ن یا خه‌ریکی کاروباری کۆچ و درێژه‌دان به خوێندن و چالاکی ترن. خولی شه‌شه‌م: دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش [ی 1357] ژیانی خوێندکاری له ده‌یه‌ی شێستدا زۆر ئاڵۆز و شێواوه. هه‌ندێک له خوێندکاران، هێشتا هه‌ر له هه‌ڵپه‌ی شۆڕشی فهرههنگیدان و هه‌ندێکیش تووشی هه‌ڵاواردن به‌ناو ناتۆره‌ی سیاسی و ئایدۆلۆژیک قان و پشک[ی تایبه‌تی هه‌ندێک که‌س بۆ چوونی زانستگا]ن. پاڕادایمی زاڵ، پارادایمی پیشه‌یی ـ سیاسییه. خوێندکاران و زانستگا ده‌بن به یه‌که‌مین قوربانیی شۆڕشێک که سه‌رده‌مایه‌ک وه‌کوو شارهخهونێک بۆیان ده‌ڕوانی. ڕه‌نگه بکرێ بڵێین ده‌یه‌ی شه‌ست برێتی بوو له ده‌یه‌ی دوایین ئه‌فسوونه‌کانی ئارمانگهلێکی شۆڕشگیڕانه و ئایدۆلۆژیکی زانستگا و ده‌یه‌ی ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌مین به‌روبووه‌کانی تێکشکانی خولیا و شارهخهونهکان. ڕه‌وته سیاسییه‌کانی زاڵ، ده‌ستیان به‌سه‌ر زانستگادا گرتووه و پرسه‌کان برێتین له گرتنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا، بهخۆجێی کردن، به ئیسلامی کردن، پشوو پێدان/ته‌عتیل کردنی زانستگا، ڕوانینی ئه‌منییه‌تی و ئایدۆلۆژیک، سیاسه‌تی به‌رزه‌فت کردن/کۆنترۆلی زانستگا و شه‌ڕی نێوان ئێران و عه‌راق. له‌ڕاستیدا دابڕانه‌کانی ناو ده‌سته‌ڵات و چۆنیه‌تی هه‌لسوکه‌وتی ده‌سته‌ڵات، شوناسه‌کانیش لێک جودا ده‌که‌نه‌وه و دیارده‌ی وه‌ک وه‌رگرتنی قان و پشکی تایبه‌تی بۆ چوونه زانستگا (سه‌همیه)، خوێندکاری سیاسیی ده‌رکراو یا مهرجبۆداندراو و کێشه‌ی خۆمانه بوون و ناخۆمانه بوون و شتی له‌م چه‌شنه خۆ‌یا ده‌بن.مۆدێله‌کانی خۆده‌ربڕین بریتین له کۆبوونه‌وه‌ی خوێندکاری، سیاسه‌تی سه‌رشه‌قام، چوون بۆ به‌ره‌ی شه‌ڕی ئێران و عه‌راق و به‌رخۆدانی بێده‌نگ. خولی حه‌وته‌م: دوای شه‌ڕی داسه‌پاو، وێڕای مانه‌وه‌ی دیارده‌ی قان و پشک شاهیدی ئه‌وه‌ین که چینه‌کانی خوارووی شار و لادێ، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕێگایان بۆ زانستگا بۆ ده‌کرێته‌وه. سیاسه‌ته‌کانی سازکردنه‌وه و دوایێش چاکسازی و به‌رنامه‌کانی گه‌شه‌ی سیاسی، ئابووری و فه‌رهه‌نگی که‌شوهه‌وایه‌کی تازه‌ی داوه به ژیانی خوێندکاری؛ به‌شێک له‌م که‌شوهه‌وایه له به‌ربڵاو بوونه‌وه و به‌هه‌ڕه‌مه‌کی بوون و به‌ژنانه بوون[ی که‌شی خوێندکاری]دا ده‌رده‌که‌وێ. له لایه‌کی تره‌وه به هۆی جۆراوجۆریی پارادایمه‌کان، مۆدێلی جێگره‌وه‌ی دیکه‌ش وه‌ک بازاری خوێندکاری، به‌سیجی خوێندکاریش پێک دێن. هێشتا شارهخهونێک هه‌ر له‌گۆڕێدا بوو که خوێندکاران عه‌وداڵی خۆی بکا: لیبراڵ دێموکراسی. ناته‌باییه‌کانی ناودهستهڵات هه‌ر وه‌ک جاران کاری ده‌کرده سه‌ر ژیانی خوێندکاری و پرسگه‌لێکی وه‌ک ئازادیی مه‌ده‌نی، ئازادیی چاپه‌مه‌نی و به‌شداری کردنی سیاسی شوێنیان له‌سه‌ر پرسه‌کانی ئه‌کادیمی داده‌نا و ئه‌م پرسانه بووبوون به ته‌وه‌ری ناته‌باییه‌کان و چاکسازی و دژهچاکسازی. هه‌روه‌ها له‌م خوله‌دا شاهیدی جۆراوجۆریی به‌رچاوی شوناسه خوێندکارییهکانین: وه‌ک شوناسی ئێتنیکی، شوناسه‌کانی پێوه‌ندیدار به شێوازه‌کانی ژیان، شوناسی فیکری و فه‌رهه‌نگی و شوناسی جینسی. هه‌ربۆیه‌ش مۆدێله‌کانی خۆ ده‌ربڕینی خوێندکارانیش جۆراوجۆر بوونه: وه‌ک شۆڕشی بێده‌نگی ژنان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی (پردیسهای دانشجویی)، سیاسه‌ته‌کانی پێوه‌ندیدار به شێوازه‌کانی ژیان، ناوه‌نده زانستی و فه‌رهه‌نگییه‌کان، چالاکی فه‌وقی به‌رنامه و مهعنهوییهتخوازیهکی نوێ، هه‌ڵبه‌ت سیاسه‌تی سه‌رشه‌قام و کۆبوونه‌وه‌کانیش هه‌ر به‌رده‌وامن. خولی هه‌شته‌م: له هه‌شتاکاندا توێژ توێژ بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی خوێندکاران گه‌یشتووه‌ته ئه‌وپه‌ڕی جۆراوجۆری خۆی و هه‌ڵبه‌ت چه‌شنێک جێ‌گۆرکێی چینه‌کانیش ڕوویدا و هه‌ندێک چینی تازه هه‌ڵکشان. له‌م خوله‌دا پاڕادایمی زاڵ، برێتی بوو له پارادایمی سیاسی و فه‌رهه‌نگی ـ پیشه‌یی و ئارمانهکانیش جۆراوجۆر بوون: گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌کسانیخوازی،گۆڕانخوازی دووباره‌ی چه‌پ و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی. هه‌روه‌ها له‌م ده‌وره‌یه‌دا درێژه‌ی ده‌ستڕۆیشتوویی ڕه‌وته سیاسییه‌کان و ناته‌باییه‌کانی ناو ده‌سته‌ڵات، ڕیز بوونه‌کانی ئالۆزتر کرد و په‌ره‌ی به پرسی جۆراوجۆر دا. له ڕووی مۆدێله‌کانی خۆدهربڕینیش، تێکنۆلۆژی زانیاری و هاوپێوه‌ندی، وێبلاگ و ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به شێوازه‌کانی پیشوو واته سیاسه‌تی سه‌رشه‌قام و کۆڕ و کووبوونهوهوه زیاد بوون. سه‌رچاوه: اندیشه پویا، سال دوم، شماره ده‌م، ص‌ص 69ـ68
بۆچوونه‌کان