که بڕوانینه ژیانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌بینین که سازان و نه‌رم و نیانی له پێوه‌ندییه‌کانی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی تا چ ڕاده‌یه‌ک گرینگی هه‌بووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکاری سه‌ره‌کی له سه‌رکه‌وتنی بانگه‌واز و ڕاگه‌یاندنی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بۆ دروست کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی پڕ له ئاسایش و ئارامی بوو. پێوه‌ندییه‌کانی موسڵمانان و ناموسڵمانان ره‌نگی چاکسازی و ئاشته‌وایی به خۆ گرتبوو و خوای پایه‌به‌رزیش ستایشی ده‌کات و ده‌فه‌رموێت «به به‌ره‌که‌تی ڕه‌حمه‌تی ئیلاهی، له به‌رامبه‌ر خه‌ڵک دا نه‌رم و نیان و دڵۆڤان بووی، که ئه‌گه‌ر دڵ ڕه‌ق بوویتایه، ئه‌وه بڵاوه‌یان لێ ده‌کردی که واته لێیان خۆش به و داوای لێخۆش‌بوونیان بۆ بکه.» ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی سه‌روه‌ری مرۆڤایه‌تی به ڕاده‌یه‌ک په‌ره‌ی سه‌ندبوو که ته‌نانه‌ت چاو پۆشی له‌و دووژمنانه‌ی کرد که له زێد و نیشتمانی ده‌ریان کردبوو و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆری لێ دیتبوون، به‌ڵام ئه‌و لێیان خۆش بوو. چوونکه رحمه‌للعالمینه و ڕه‌حمه‌تی بێ خه‌وشی هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه، له موسوڵمان و نا موسوڵمان ڕا بگره تا ئاژه‌ڵ و گیا و بێ گیانان. پێغه‌مبه‌ری ئازیز(د.خ) وه‌ک باوکێکی به سۆز و میهره‌بان، هه‌موو ئینسانه‌کانی بێ جیاوازی به ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستی خۆی ده‌زانی و له‌وه‌یکه ڕێگه‌ی چه‌وت و به‌ره‌و فه‌وتان هه‌ڵبژێرن زۆر دڵته‌نگ و خه‌مناک ده‌بوو. بۆ سه‌رکرده‌ی ئاشتی و ئاشته‌وایی جیاوازییه‌ک نێوان کافر و موسوڵمان، خزم و غه‌واره، فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوو و وێنه‌ی هه‌وری ڕه‌حمه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو ده‌شت و سه‌وزه‌ڵاندا وه‌ک یه‌ک ده‌باری و سۆز و خۆشه‌ویستی بڵاو ده‌کرده‌وه. هه‌ر به هۆی ئه‌و ڕه‌وته ئاشتیخوازییه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) رێژه‌یه‌کی زۆر له مرۆڤه‌کان به تاک و به کۆمه‌ڵ سه‌ربه‌ستانه بۆ مه‌دینه کۆچیان ده‌کرد و پێغه‌مبه‌ر و موسوڵمانان پێشوازیان لێ ده‌کردن. کاتێک مه‌سێحی گه‌لی نه‌جران کۆچیان کرد بۆ مه‌دینه و بۆ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر(د.خ) چوون، پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بیر و باوه‌ڕی پووچی خوابوونی حه‌زره‌تی مه‌سیحی به ناراست زانی و ئامۆژگاری کردن و بۆ ئایینی ئیسلام بانگهێشتی کردن، به‌ڵام هیچ کات ئه‌وانی به زۆری ناچار نه‌کرد که موسوڵمان بن و ته‌نانه‌ت ئیزنی پێدان که بۆ عیباده‌ت و ڕێ و ڕه‌سمی ئایینه‌که‌یان که‌ڵک له مزگه‌وتی مه‌دینه وه‌رگرن. له کلتووری پێغه‌مبه‌رایه‌تی دا مرۆڤ ڕێزدار و ئازاده و مافی هه‌موو گه‌ل و هۆزێک به ته‌واوی پارێزراوه و جێگایه‌ک بۆ زۆرداری و به‌سه‌ردا سه‌پاندن نییه. بۆیه پێغه‌مبه‌ر (د.خ) زۆر خوازیاری په‌یمانی ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ گه‌له‌کانی ناموسوڵمان بوو و به‌رده‌وام موسوڵمانانی به وه‌فا به عه‌هد و په‌یمان ڕاسپارده ده‌کرد. تاکوو به‌ستێنێک بۆ ناته‌بایی پێوه‌ندییه‌کان و نه‌ریتی شه‌ڕ نه‌مێنێت. به‌م چه‌شنه موسوڵمان و ناموسوڵمان ژیانێکی پڕی ئاشته‌وایی و خێر خوازی له‌گه‌ڵ یه‌ک به‌سه‌ر ده‌به‌ن. پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌یفه‌رموو په‌یڕه‌وی هه‌موو ئایینه‌کان له به‌ڕێوه‌بردنی ڕێ و ڕه‌سمی ئایینه‌که‌یان ئازادن و هه‌رکات کۆمه‌ڵێک له یه‌هودییه‌كان و مه‌سیحییه‌كان ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه و له هه‌ر شوێنێک، نێو ئاوه‌دانی و کێو و بیابان سه‌رقاڵی عیباده‌ت و خه‌ڵوه‌ت بن و که‌نیسه و په‌رستگا دروست بکه‌ن ئه‌وه ئیمه له پشتییانه‌وه، پاسه‌وانیان ده‌که‌ین و من و موسوڵمانان به گیانمان به‌رگری له ماڵ و گیانیان ده‌که‌ین. چونکه ئه‌وان هاوپه‌یمان و به‌شێک له گه‌لی منن، بۆیه نابێ په‌لاماری په‌رستشگایه‌کانیان بدرێ یا ده‌ست به سه‌ر ماڵ و موڵکیان دا بگیرێ به‌ڵکو پێویسته له ده‌ڤه‌رێکی پڕی هێمنی و ئاسوده‌یی و میهره‌بانیدا ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن. بۆیه په‌یمانی ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستن و حه‌ق و مافی ده‌پاراستن که بۆ نموونه چه‌ند خاڵێک له په‌یمانی ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ یه‌هوودییه‌کان به‌م چه‌شنه‌یه: 1- یارمه‌تی یه‌هوودییه‌كانی هاوپه‌یمان بدرێت و سته‌میان لێ نه‌کرێ و یارمه‌تی دوژمنانیان نه‌درێ و هه‌رکات هه‌ر کام له موسوڵمان یا جوله‌كه‌یه‌ك یه‌کتر بۆ ئاشتی و پێکهاتن بانگهێشت بکه‌ن قبوڵی بکات. 2- له کاتی شه‌ڕدا یه‌هودییه‌کانیش وه‌ک موسوڵمانان بۆ ئامێر و که‌رسته‌ی شه‌ڕ خه‌رج بکه‌ن. 3- موسولمانان و یه‌هودییانی هاوپه‌یمان یه‌ک گه‌لن و موسوڵمانان ئایینی خۆیان هه‌یه و یه‌هودییه‌كانیش ئایینی خۆیان هه‌یه. 4- هه‌ر کامیان یارمه‌تی سته‌م لێکراوان بده‌ن. و..... به‌و حاڵه که هه‌موو مافێکی یه‌هودییه‌کان پارێزرابوو زۆر جار دوژمنایه‌تی موسوڵمانانیان ده‌کرد، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری میهره‌بان (د.خ) ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر بێ ڕه‌وشتی و ئازاره‌کانیشیان دا خۆڕاگر و به‌خشه‌نده بوو و وه‌ک موسوڵمانان چاوی لێده‌کردن و ڕێزی داب و نه‌ریتی ئایینه‌که‌یانی ده‌گرت. هه‌ر کات یه‌هودییه‌ک په‌یمان شکێنی کردبا ئه‌وه به‌س ئه‌و که‌سه‌ی به شێوه‌ی عادڵانه سزا ده‌دا. بۆ نموونه جارێکیان یه‌هوودییه‌کان ژنی یه‌کێک له گه‌وره‌کانی یه‌هود به نێوی زه‌ینه‌بیان فریو دا و فه‌رمانیان پێ کرد پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ژاراوی بکات. ئه‌ویش مه‌ڕێکی سه‌ر بڕی و گۆشته‌که‌ی هه‌موو ژاراوی کرد و به دیاری پیشکه‌شی پێغه‌مبه‌ری (د.خ) کرد، ئه‌ویش قبوڵی کرد، یه‌که‌م پارووی که خوارد هه‌ستی به ژاراوی بوونی کرد و زوو فڕێی دایه‌وه و هاوڕێکه‌ی که چه‌ند پارووی خواردبوو دوای ماوه‌یه‌ک به‌و هۆیه وه‌فاتی کرد، پێغه‌مبه‌ر (د.خ) زه‌ینه‌بی بانگهێشت کرد‌و هۆکاری ئه‌و کاره گڵاوه‌ی لێ پرسی، ئه‌ویش گووتی: تۆ باروودۆخی قه‌بیله‌ی ئیمه‌ت تێک داوه، لای خۆم بیرم کرده‌وه ئه‌گه‌ر به‌س پادشا بی ئه‌وه ئه‌و گۆشته ده‌خۆی و ده‌مری و ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر بی ئه‌وه نایخۆی و ڕزگارت ده‌بێ. پێغه‌مبه‌ر (د.خ) قینی لێ نه‌گرت و لێی خۆش بوو. ئه‌و ڕه‌وته ئاشتی خوازانه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌هلی کتێب که په‌یڕه‌وی ئایینه ئاسمانییه‌کانن (یه‌هود ، مه‌سیحی و سابئین) نه‌بوو، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو گه‌له‌کان بوو هه‌ر وه‌ک خوای گه‌وره‌ش فه‌رمانیان پێ ده‌کات: که له شه‌ڕ و ئازاردانی ناموسوڵمانان که دژ به ئیسلام شه‌ڕ ناکه‌ن ، خۆبپارێزن، ته‌نانه‌ت ئیزنیان بده‌ن له خواردنی ئیوه بخۆن و له گه‌ڵ ژنه‌کانی ئه‌هلی کتێب زه‌ماوه‌ند بکه‌ن و به جوانی و نه‌رم و نیانی ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. پێغه‌مبه‌ر (د.خ) له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی قوڕه‌یش، ده‌رگای میهره‌بانی و به‌خششی بۆ کردنه‌وه و له ڕۆژی فه‌تحی مه‌ککه دا که خۆی له لووتکه‌ي هێز و ده‌سه‌ڵات دابوو و قوڕه‌یش هیچ ده‌سه‌ڵاتی نه‌مابوو، که‌سێک له خه‌ڵکی مه‌ککه گووتی ئه‌وڕۆ ڕۆژی شه‌ڕ و کوشتار و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه، ئه‌وڕۆ حورمه‌ته‌کان ده‌شکێن و له وه‌ڵام دا پێغه‌مبه‌ری ڕه‌حمه‌ت گووتی: نا، به‌ڵکو ئه‌وڕۆ ڕۆژی ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانییه و هیچ که شه‌ڕی له‌گه‌ڵ نه‌کردن، ته‌نانه‌ت لێیان خۆش بوو و ئازادی کردن و به‌و شێوه ڕه‌حمه‌ت و سۆزی خۆی بۆ هه‌موو جیهان سه‌لماند.
بۆچوونه‌کان