سه‌یرانێكی گه‌شتیاری په‌روه‌رده‌یی ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی سه‌رده‌شت به‌ ئاماده‌بوونی به‌شێك له‌ بنه‌ماڵه‌كانی جه‌ماعه‌ت و به‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه‌گه‌لی جۆرواجۆر ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ٢٩ی بانه‌مه‌ڕی ١٤٠١ له‌ داوێنی دارستانه‌كانی ڕه‌به‌ت به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ مه‌ودای به‌رنامه‌دا به‌رپرسی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی سه‌رده‌شت، ڕێزی له‌ ڕه‌ئووف ئازه‌ری تێكۆشه‌ری ئاشتیی و چالاكوانی ژینگه‌پارێزی و براوه‌ی خه‌ڵاتی خۆڕاگری گلووپی ئێران گرت.

ڕه‌ئووف ئازه‌ری له‌ كۆڕی ڕێزنان به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌یكه «ئه‌وین و خۆشه‌ویستی و ئاشته‌وایی كه له‌ ناوه‌ندی سۆزی دایكانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا» وتی: «له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای ژیاندا له‌گه‌ڵ شه‌ڕ و ئاواره‌یی و تونوتیژی كه هیچ ئاسووده‌ییه‌كمان له‌ ژیاندا نه‌بوو، به‌ڵام بوونی سۆز و ئارامی و ئاشتی‌خوازیی دایك، ئاسووده‌یی و جوانڕوانی بۆ ده‌روونمان گه‌ڕانده‌وه‌ و جێگیری كرد».

ئه‌و له‌ به‌شێك له‌ وته‌كانیدا ڕۆڵی ئه‌رێنی و ئاسانكاریی بنه‌ماڵه‌، هاوڕێیان، جه‌ماعه‌ت و گرووپ و ئه‌نجوومه‌نه‌كان، شارۆمه‌ندان، به‌رپرسانی ئه‌ركدار و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانێك كه ئه‌ركی خۆیان به‌ باشی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ و بوونه‌ به‌ربه‌ستی ڕێگا و ته‌نانه‌ت كه‌سانێكیش كه تۆمه‌ت و بوختیان لێ داوه‌، له‌ جێگیركردنی بیر ئاشته‌وایی و دڵۆڤانی خسته به‌رباس.

براوه‌ی خه‌ڵاتی خۆڕاگریی گلووپی ئێران له‌ به‌شێكی تری وته‌كانیدا وتی: «هۆكاری سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ی ئێمه‌ له‌نێو ٣١١ پڕۆژه‌ی گه‌نجان ئه‌وه‌ بوو كه پڕۆژه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا پڕۆژه‌یه‌ك بوو كه ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیخوازانه‌ی تاوتوێ ده‌كرد و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ توانیمان له‌گه‌ڵ ته‌واوی دژواری و بێ‌میهرییه‌كان به‌رده‌وام بین، ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ بوو كه توانیمان به‌ پشتیوانی بنه‌ماڵه‌، هاوڕێیان و به‌رپرسانی دڵسۆز شنه‌ی ئاشتیی و دڵۆڤانی بۆ مناڵه‌كان له‌ قوتابخانه‌كان هه‌ڵكه‌ین، چونكه ئه‌و مناڵه‌‌ به‌رده‌وام و خۆڕاگرانه‌ن كه ده‌توانن ئه‌و شنه‌ی ئاشتیی و دڵۆڤانییه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیك له‌ دونیادا بڵاو بكه‌نه‌وه‌.»

جێی ئاماژه‌یه‌ هاونشینی به‌كۆمه‌ڵ، سه‌ردان و چاوپێكه‌وتی خێزانی، به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه‌ی وه‌رزشی بۆ ته‌واوی ته‌مه‌نه‌كان و گه‌ڕان له‌ سروشتدا له ‌به‌رنامه‌كانی تری ئه‌و سه‌یرانه بوو.