چوارشەمۆ ڕێکەوتی (۱٨جۆزەردانی۱٤۰۲)هەتاوی، هاوڕێ لە گەڵ نوسەر و لێکۆڵەری مێژووی ناوچەی موکریان، کاک فەرەیدوونی حەکیم زادە و بەڕێز کاک شێرکۆ سەباتی، دوای نوێژی نیوەڕۆ بە جادەی پەسوێ، واتە سەری مەیدانێ دا و بە لادان لە ڕێی فەرمی (لەبەر چاڵ و چۆڵی زۆر، بەرەژوور و سەربەرەوژێری پەسوێ) بە ڕێی“خورینجێ”دا،  بەڕەو پەسوێ درێژەمان بەڕێگەدا، سەرەتا لەگەڵ کاک فەرەیدوون، هێندێک باسمان لە کەسایەتی و نوسراوە و  بیرەوەرییە دەست نووسەکەی”مامۆستا عوبەیدوڵڵای ئەییوبیانی مەرکەزی” کرد کە لە نزیکانی ئەم خوالێخۆشبوویە بووە. دوایە کاک شێرکۆ سەبارەت بەم نوسراوەی کاک فەرەیدوون بە نێوی “هەژار لە لووتکەدا” باسی کرد، کە بۆ دو سێ بابەتی تر کەئی مامۆستا بوونەو نەخراونەتە ناو کتێبەکە، کاک فەرەیدوون گوتی خۆم لەبواری شێعری مامۆستا هەژار نەداوە، چۆن ئەو بەشە، زۆر بڵاو بۆتەوە. هەر بەدەم ڕێوە باسمان لە هێندێک کەسایەتی ئەدەبی و سیاسی باکورو و باشووری کوردستان کرد؛ کە یەکێک لەوان “برایم ئەحمەد” و بیرو بۆچوونەکانی بوو.  دوایە کاک فەرەیدوون باسی لەم کۆنە ڕێیە کرد کە ئێستاش، شوێنەوارەکانی ماوە، کە ساڵی ۱۹۲٨زایینی و دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە لایەن وڵاتی ئینگلیزه‌وه‌ و بەدەستی “هامیلتۆن” ساز کراوە. کە  هەمان ئەو ڕێگەیەیە کە لە “هەولێر” دەست پێ دەکاو بە چوارساڵان دەگاتە”حاجی ئۆمەران” کاتی خۆی “کاپیتان حەمەدی مەولودێ” لەوێ کرێکار بووە.  ئەم ڕێگایە(سەری مەیدان ـ یا جاددەی مەهاباد پەسوێ) ئێستاش بەناوی ئەم ئەندازیارەی “نیوزلەندی” بەناوبانگەیە. دیتنی بەردەکانی خورینج و لێدانی لەغم(تونل)ئاوێ، ئێمەی بردە دونیایەکی خۆش و ناخۆش کە لێرە ناگونجێ باسی لێوەبکەین. جێی ئاماژەیە لە دیمەنی سرنج ڕاکێشەری بەردی خورینج ئەوسانەیی، تەنیا ئەم شوێنە، لەم بەردانەی لێنە، بەر لەوەی بگەینە پەسوێ بارانێکی ڕژد باری و گوتم خوایە نبێتە سێڵاوی ئەوێ ساڵێی پەسوێ! واتە (۴جۆزەردانی۱۳ ۹۷هەتاوی)کە لافاوی گەڕەگێکی دێی وەبەرە خۆدا و منداڵێکی دومانگەی کوشت. بەقسەی گوتوان، ئەگەر لەخۆ بردوویی شوانێک بەناوی (کاک کامل قوربانی)نەبا، ڕەنگ بوو زیاتر لە (۱۰۰)کەسی خنکاندباو خەسارێکی یەگجار زۆری لێدەکەوتەوە.  بەڵام شوکر بۆ خوا! هێندەی دەوام نەبوو. کاتژمێر ۳و چل خولەکێک چووینە ماڵی حاجی مامۆستا نورەددینی واژی. نازانم بڵێم چی؟ حاجی مامۆستا تەواو پشتی چەماوەتەوە! دەنا تەمەنەکەی بۆ وەی نابێ ئاوا پشت چەماوە بێ، دیارە هەڵگری بارێکی قورسی خزمەت و لەخۆ بردویی و کەسایەتیی ئەم زانا گەورە دەگەیەنێ.

زۆری بەخێر هاتن کردین. جا ئەدەبیاتی وایە یاڕەببی بەخێر بێن زۆر بەخێرێن، ئەوکاتە خۆشحاڵە کە دەورو بەری ئاوەدانە. دوای پێناساندنی کاک فەرەیدوون و کاک شێرکۆ، جەنابی “مەلا سەیید جەماڵ”ی کوڕیشی تەشریفی هێنا. کاک شێرکۆ لە دەرفەت کەڵکی وەرگرت و هێندێک لەبارەی کەسایەتی و ڕاددەی زانستی “مامۆستا مەلا محەممەدی سەباتی” باوکی، لە حاجی مامۆستا پرسیار کرد. کاتی خۆی خوالێخۆشبوو مامۆستا سەباتی دو ساڵ لە گەڵ “مامۆستا مەلا سەیید ڕزا حوسەینی”لە “گەڵاڵە”ی شینکایەتی ئەودیوو و ماوەیەکیش لە “سینگان”ی شنۆ فەقێی حاجی مامۆستا بوونە. وەبیر مامم(حاجی مامۆستا سەیید نورە) هێناوە کە مامۆستا سەباتی گەلێ جار دەیگێڕاوە کە حاجی مامۆستا بەیانی زوو بۆ نۆێژی بەیانی هەڵی دەستاندین و دەیفەرمو: فەقێ  محەممەد فەقێ سەیید هەستن درەنگە. گوتمان ئێمە ئەوە کتێبەکانی سەرێ دەخوێنین و تەمەنن وەژێڕڕا کەوتووە بۆ ناڵێ: مەلا محەممەد، مەلا سەیید. ئەوجار هەتا وا نەڵێ هەر خۆن دەخەو دەکەین و هەڵناستین. گوتی بەیانی هاتەسەرمان فەرمووی فەقێ محەممەد فەقێ سەیید! دەنگ لە دیواری هاتبا لەمە نەدەهات. ئەوجار گوتی مەلا محەممەد مەلاسەیید! یەک پێ قیت بووینەوە ئیدی لەوێ ڕۆژێ ڕا خودا وەتحەسێنێ، حاجی مامۆستا فەرموی: مەلا محەممەد مەلا سەیید. بەم قسە گەلێک پێکەنین.

لە دوایەش لەگەڵ کاک مەلا سەیید جەماڵ باسی هێندێک شتمان کرد وەک بیرەوەریەکانی مامۆستا هەژار، شێرکۆی کوڕی مامۆستا هەژار، کەسایەتی خوالێخۆشبوو “سەیید قوتب” کە کاک موستەفای شەڕەفکەندی زیاتر لە ۱۷جوزئی لێ وەرگێڕاوە بە زمانی کوردی. پاشان کاک مەلا سەیید جەماڵ هەندێ لە دەستنووسەکانی خەتی پیشانداین کە بۆ کاک فەرەیدوون زۆر سرنج ڕاکێش بوو. کاتی خۆی پەڕتووکخانەی مامۆستاکانی کوردەواری پڕ لە دەستنووس بوون و لەبەر هەژاری و لەبەر ئەوە بایەخی ئەم دەست نوسانە چەندەن، زۆریان لە کتێبخانەکان، هاتنەدەرێ و سەریان لە مۆزەخانەکانی وڵاتانی دەرەکی دەرهێناو هێندکیشیان فەوتان. هێندێک وێنەمان لەم  دەستنووسانە کێشان و بە مەلا سەیید جەماڵم پێشنیار کرد ئیسکێنیان بکات. هیوادارم ئەم کارە بکاو وەپشت گۆی نەدات.

کاتژمێڕ ۴ونیوی بانگی ئێوارێی گوت کاک فەرەیدوون پێی سەیر بوو کە لەگەڵ ئاسۆی شاری مەهاباد ئەو هەمووە مەودای هەیە! گوتم ئەمڕۆکە لە مەهاباد کاتژمێر ۴و۱۷خولەک دەبێ کە لە مەهاباد بە پێی بەرنامەی”سەڵاتوک” بانگ دەفەرموێ. کە بەڕایتی جێی داخە ئێمەی ئەهلی سوننەت نەمانتوانیوە لە یەک تۆمار ساعەت کەڵک وەرگرین.

دوایە ە۷چووینە مزگەوتی پەسوێ و نۆێژمان بەکۆمەڵ کرد و مەلاسەیید بۆ پێشنوێژی منی وەپێشدا کە لە دڵدا پێمخۆشە زۆرتر مەئموم بم، نە پێشنوێژ. دوای نۆێژ هێندێ وێنەی جوانمان لە ناوەوەی مزگەوتەکە کێشان کە بەناوی دایکی بڕواداران “دایکە "عائیشە” ناونراوە. لە مێحڕابەکەشی ئەم ئایەتە پیرۆزە نوسراوە” ٱدۡعُونِيٓ أَسۡتَجِبۡ لَكُمۡۚ" جێی خۆیەتی ئەوەش بڵەم دەوراندەری مزگەوت (۱۱)ئایەی سوڕەی نوریش کە لەپاکی حەزەتی عائیشە هاتوتەتە خوارێ نوسراوە و لەبنەوەش بەزبانی کوردی بە کەڵک وەرگرتن لە وەرگێرانی مامۆستا هەژار بەخەتێکی خۆش نوسراوە. پێشنیار دەکەم سەردانی ئەم مزگەوتە  بکرێ.

بە دوایی هاتینەوە ژورێ و هێندک قسەی پێکەنین کرا، ئەگەر مۆڵەت ببێ، یەک دویەکیان دەگێڕمەوە: لە کێوی ڕوبەڕوی قەڵای پەسوێن پرسی... گوتی... ئەوەیان سروشتییە. گوتم ساڵێک، دۆستێک، ماوەیەک گیرابوو و ماوەیەکیش لە زیندانی ئینفڕادی دابوو. یەکێک دەیویست بڵێ من بەکوردی پەتی قسان دەکەم گوتی: فڵانی زۆر مایەوە لە بەندیخانەی تاکەکەسی؟ گوتی ئاخر لەسەر ئەو قسانە گیرام!

گوتم هەر لەسەر فارسی گوتن و کوردی گوتن جارێک(فڵانی) لەمێژ بوو لە ناخونگیری دەگەڕا، لەو دەمەی دا نەفەڕێکی عەجەم زەنگی لێدا و ماوەیەک لەگەڵەوی قسەی کرد و خوا حافیزیان لێکتر کردوو دیسان بەدوی ناخونگیرێ دەگەڕا!!! دیتی لەکەلێنی کتێبەکان لە قەفەسەی کتێبخانەکەی دایە. هەرای هاوسەرەکەی کردوو گوتی (....)پیداش کردم. پێی وابوو هەرلەگەڵ عەجەمەی قسە دەکات. کاک فەرەیدوون گوتی: مامۆستایەک لە بانە لەسەر کار دەرکرابوو و منداڵی هەبوون. هیچی نەبوو، شەش مانگ حقوقیان نەدابۆیە، کوتی دەچمە تاران یا دەمهێننەوە سەر کاری دەرسوتنەوەکەم یا شتێکم لێدەکەن.

کوتی چوومە ژووری مودیری کول، کابرایەکی ڕیش درێژی نێوچاوان ناخۆش خەریکی قورعان خوێندن بوو، سەری هەر هەڵنەدەبڕی، دوای ماوەیەکی زۆر سەری بڵیند کرد، زۆر زگم بە خۆم سووتا، کوتم مەگەر لەو کتێبەدا نەتخوێندۆتەوە:

هەلوور بەلوور تەکامە

زەرد و سوور و شەمامە

باربارنجی سلێمان قنجی

ئاوەخۆرە

دەمچەپەرە

پێ لا بەرە.

کابرای مودیرکول ئەوەی لە هیچ کوێک نەخوێندبۆوە و یەکجێ هەستا سەر پێ و داوای چای بۆ کردم و حقوقی شەش مانگەم لەوێ لە گیرفانی ناو و هەر لەوێش حوکمی هاتنە سەر کارم وەرگرتەوە.

دوای میوەو چایی بەسەری مەیدانێ داهاتینەوە بەداخەوە لەکلکەی ڕوکاری گوندی خەلیفە ماشێنێکی سەمەند دەی ویست وەپێش ئێمە کەوێتەوە کە وەپێش کەوتن لەوێ قەدەغە(سبقت ممنون)بوو. بەرامبەریش پرایدێک دەهات، ئەگەر پرایدە هەڵانەهاتبا شاخ بە شاخ لێکیان دەدا. بەڵام بەتووندی لە قەبڕخەی پڕایدەکەی ڕاکێشا، شکوری خوا، کوشتەی لێنەکەوتەوە دەنا سێ لاوی تێدابوو تەنیا یەکیان خوێنی لە کەپۆی هات.  ئەم جاددەیە هەم تەسکە هەر قۆڕت و لەمپەری زۆرە... برادەرێک ئاوی دانێ و زەنگ لێدرا بۆ (110) بەرلەنۆێژی شێوان گەیشتینەوە مەهاباد.

دیارە کاک فەرەیدوون هەریەکەی کتێبێکی بە یادگاری بە ناوی”سردشت در آینه اسناد تاریخی” داینێ.

تاسەفەرێکی تر و دیدارێکی تر هەمووتان بەخوای بانی سەر دەسپێرم.

 

سەیید محەممەد ئەمین واژی/مەهاباد

۲۱جۆزەردانی۱٤۰۲هەتاوی