سێشەممە، ڕێکەوتی (۳۰چۆزەردانی ۱٤۰۲هەتاوی) کاتژمێر ۷وپەنجاخولەک، بەبۆنەی بەشداری لە کۆڕی پرسەوسەرەخۆشی باوکی “مامۆستا مەلا ڕەسووڵی ئەبولموحەممەدی” هاوڕێ لەگەڵ ڕێزدار کاک جەلالی مەعڕوفیان لە مەهابادەوە، بەرەو سەقز وەڕێ کەوتین. بەدەم ڕێگاوە هەندەک باسمان هێنانە گوڕێ. کاک جەلال بەهۆی موتاڵای زۆر و ئاخافتنی لەگەڵ فرە کەسان، دایمە شتی نوێی پێیە. باس لە مامۆستایانی وڵاتی کوردەواری کرا. بەڕێزیان هەندەک گازەندەی لە بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی بوو کە لە بەڕێوبەرایەتی(مدیریت) و کارگێڕی مزگەوتەکان لاوازن. فەرمووی: مودیرییەت زانستێکە کە زۆرێک لە مامۆستایان تێیدا شارەزا نین، مامۆستا لە پانتاییەکی چکۆلەی حوجرە دێتەدەرێ و هیچ ئەزمونێکی نییە، دێتە فەزا و کەش و هەوایەکی بەربڵاوتر، دەبینین تا ماوەیەکی زۆر دەستوپەنجەی لەگەڵ زۆرێک لە گرفتەکان نەرم دەکا و بەشێک لە هێز و وزەی دادەبەزێ و لەدەستی دەدا. زانستی بەڕێوەبەرایەتی، زانستێکی سەردەمیانەیە کە بەداخەوە لە فێرگە ئایینییەکانی کوردوستان وانەوێژ(تدریس) ناکرێ. دیسان دەڵێم، مامۆستاکان دەبێ زیاتر ڕاوێژیان لەگەڵ خەڵک و دەستەی کارگێڕیی مزگەوتەکان بێ، دەبێ مامۆستایانی ئایینی خۆیان کارگێڕی مزگەوت بن، بۆ ئەم مەبەستە لانیکەم دانیشتنێکی مانگانەیان لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی مزگەوت؛ سەبارت بە کاروباری مزگەوت، شێوازی بانگەوازی، هەڵسوکەوت لەگەڵ تاقمە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و بابەت گەلی تر هەبێ. مامۆستاکانی قەدیم، بەهۆی پتەوبوونی زانستی و گەڕانی گەرمێن و کوێستان هەر لەسەردەمی فەقێیەتی، ئەم تێکەڵاوییەیان زیاتر بوو، کەشوهەوای ئەوکات وەک ئێستا نەبوو، ئەوان ببوونە ژێدەر و مەڕجەع.

خوێنەری بەڕێز! باسمان لە زۆر شتی تر کرد بۆ وێنە خەسارەکانی کۆمەڵگا، کە خەساری بەناوبانگ خوازی(شهرت طلبی) و پوڵ خۆشەویستی، بۆتە دوو خەساری گەورەی کۆمەڵگەکەمان.

هەتا لە پۆمپی بەنزین، بەنزینمان لێدا، بوو بە نزیک ۹ و گەیشتینە بۆکان و چوینە گەڕەکی عەشایر و بەردەم مزگەوتی (حاجی مەحموود و حاجی حەسەن ئیفتیخاری) ئەمانە، مام و برازا بوون؛ واتە حاجی مەحموود، مامی حاجی حەسەنە. مام و برازا ئەم مزگەوتەیان پێکەوە ساز کردووە. کاک موحەممەدی سولەیمانی دۆستی قەدیم و سەردەمێ کە لە بۆکان بووم، تەشریفیان هاوڕێ لەگەڵ خێزانیان هاتنە بەر دەرگای ئەم مزگەوتە و تا سەقز بۆ بەشداری لە کۆڕی پرسە، هاوڕێیەتیان کردین. لەگەڵ کاک موحەممەد چەند بیرەوەری ساڵانی ۷۷ و ۷٨ی هەتاوین گێڕانەوە. قسە، قسە دێنێ؛ من ئەوکات ماڵم لە مەجبوراوای بۆکان بوو. دوو ساڵ بوو دەستم لە مەلایەتی هەڵگرتبوو بە قەول، دوکانی بەققاڵیم هەبوو کە ئەمڕۆکە پێی دەڵەن سوپێرمارکێت. بابم خوا لەگەڵ مردووی ئێوە لێی خۆش بێ، فەرمووی: گەردنت ئازا نەبێ ئەگەر نەگەڕێیەوە مەلایەتی، بەڕەحمەت بێ لەگەڵ خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی بداغی میوانم بوون و داویان لێ کردم ببمەوە مەلا و دوایە چوومە گوندی “ئازاد” لە مەحاڵی مەهاباد.

جا ئەوەم دەگوت: ماڵێ کاک موحەممەدی لە بۆکان وەک خانەقایە وابوو، یەک دەهات و یەک دەڕۆیشت. پیاو لەم ماڵە دڵی دەحەسایەوە. خودا جەزای بەخێری خۆی و خێزانی داتەوە کە ماڵی وان وەک خانەی ئومید وابوو.  بەڵێ! ۹و۳٥ خولەک گەیشتینە بەردەرکی مزگەوتی حەزرەتی عومەر(رض) لە سەقز کە لەنێو قەدی شاخی هەڵکەوتووە. خەڵکی ئەم شارە خوێنگەرم و کاتێ ناوی مزگەوتەکەمان پرسی بە زاراوەی خۆیان گوتیان هەها لەم بلوارەیەڕا مەنارەکەی دیارە. زۆر جوان ڕێنوێیان کردین. شتێک کە لە دوو شەقامی ئەم شارە چاوم پێی کەوت، نووسرابوو شەقامی حەزرەتی عومەر و شەقامی حەزرەتی ئەبووبەکر کە چاوەڕوان دەکرێ لە شارەکانی باشوری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاواش ئەم بەستێنە بڕەخسێندرێ، ناوی ناودارانی ئەهلی سوننە بکرێتە ناوی شەقام و قوتابخانەکان. لەبەر دەرگای مزگەوت تووشی دوو دۆستی قەدیمی بووین کە زیاتر لە دەساڵ دەبوو نەمدیبون، ئەویش کاک هیوا راشیدی و کاک موحسین مەحمودی زادە بوون لە شاری مەریوان کە بۆ پرسە هاتبون. ئەگەر سەرەخۆشی گرفتی خۆی هەیە هەلی دیداری نەخوازراوی دۆستانیشت بۆ دەرەخسێ.

پێمناخۆش بوو لەبەر دەرگای  مزگەوت، سواڵکەر و چەند کەسی تر هەر یەک کارخوانێک بەدەستەوە بەدەنگێکی بەرز هەرایان دەکرد ئەوە پوڵی کۆ دەکەینەوە بۆ فڵا مزگەوتەی فڵان دێ و شوێنە و فڵان کەسە، خەڵکیان بەشەرمان دادەکەوان. دەبوو شارەداری مودیرییەتی ئەم گرفتەی شار بکات. ئەم کلتوورە نامۆیە لە شاری مەهاباد نییە و ڕێخراوییەکی دژی سواڵکەری(مبارزە با تکدی گری) هەیە.

چوینە ژورێ لە خوارێ دانیشتین یەکێک فاتیحای دادەدا و جارجار چەند ئایەتی لە قوڕئانی پیرۆز دەخوێندەوە. قوڕئانخوێندنەکە کەم و خۆش بوو. جەنابی مامۆستا مەلا "موحەممەدی خیاڵی" پێشنوێژی مزگەوتی حەزرەتی ئیسماعیل هەڵکەوتوو لە گەڕەکی نەشیملان هاتەلامان و بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین، گوتم پرسە لێرە چۆنە؟ فەرمووی: دوای کڕۆنا کۆڕی پرسە لە سەقز بۆتە ڕۆژێک و هەروەها، فرەتر لە جیاتی مامۆستا، یەکێک دێ فاتیحا دادەدات، گوتم لە مەهاباد زۆرتر هەر کەسە بۆخۆی فاتیحای خۆی دادەدات. کاک جەلال گوتی: بە بڕوای من دەبێ مامۆستایان بۆخۆیان فاتیحەیە دادەن، یا یەکێک مودیرییەتی بکات و فاتیحا دابدات با هەر کەس هەرکەس نەبێ.

لە پرسەی سەقز، چا خوارنەوە نەبوو، تەنیا مێرمناڵێک ئاوی دەگێڕا و داوام لێ کرد وێنەیەکمان لەگەڵ کاک ئەمجەد لێ بکێشێ. مامۆستا مەلا ڕەسوڵ ئەبولمحەممەدی تەشریفی هێنا و ڕووی لە کاک جەلال هەڵێنا کە وتارێک پێشکەش بکات. بەڕێزیان چۆ پشتی میکڕۆفۆن و بابەتی باسەکەی که «ڕۆڵی بنەماڵە لە کوردوستان دا» بوو، ئاراستەی کرد. باسەکە زۆر سەردەمیانە و لە ئاتاجی کۆمەڵگا بوو.

کورتە وتاری کاک جەلال

هیچ کارێک (سیاسی بێت یان ئایدۆلۆژیک) ناتوانی وه‌کوو خێزان و بنەماڵە ببێته هۆکاری زیندووڕاگرتنی گه‌ل و ئایین و نه‌ته‌وه‌. 

مه‌عڕوفیان ئاماژه‌ی به‌ بابه‌تێک به ‌نێوی شێوازی ژیان کرد که یه‌کێ له فه‌یله‌سووفانی ئێرانی به‌نێوی ”سیدحسین نصر”، له یه‌کێک له کتێبه‌کانی خۆیدا ئه‌و بابه‌ته‌ی ورووژاندووه. 

نەسر ده‌ڵێ: جاران کومونیست و مولحیده‌کان ڕاسته‌وخۆ هێرشیان ده‌کرده سه‌ر بیر و باوه‌ڕی ئێمه‌ی ئیماندار و ئێمەش به دڵگه‌رمی و به هێزه‌وه وه‌ڵاممان ده‌دانه‌وه؛ به‌ڵام له‌ ڕۆژگاری ئێستادا ڕۆژاوا به تێکدانی شێوازی ژیان (لایف ستایل) به‌بێ ده‌نگی و به‌بێ ئه‌وه‌ی سۆز و عاتیفه‌ی ئیمه هه‌ستیار بکات، خزیوه‌ته ناو ماڵەکان و هه‌موو په‌یوه‌ندییەکان‌ و هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتی ژیانی لێ گۆڕیوین. 

مه‌عڕوفیان گوتی: خێزان و بنەماڵە، ته‌نیا جێگایه‌که که له‌وێدا مۆرک و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی دایکی لێ فێر ده‌بین.  هه‌ر له‌ خێزان و بنەماڵە دایە که ئێمه شێوازی ژیانێکی ڕەسه‌نی کوردی و ئایینی فێر ده‌بین. به‌ڵام ئێستاکە بەداخەوە شتەکان لەجێی خۆیان نەماون ‌و وای لێهاتووە کە ڕێژەی تەڵاق وەپێش ڕێژەی هاوسه‌رگیری واته ئیزد‌واج کەوێ. 

وتەی کاک جه‌لال، سەبارەت به‌ پێناسە و ڕۆڵی بنەماڵە لە کۆمەڵگای کورده‌واریدا بە کورتی لە چەند خاڵێکدا:

الف) شێوازی ژیان لە بنەماڵەی کوردەواری، لەگەڵ شێوازی ژیان لە کومەڵگەکانی‌تر جیاواز بووە؛ بۆ وێنە: نووستن‌و‌هه‌ستان‌، خواردن‌ و خواردنه‌وه‌، چوونه ناو بازاڕ و هه‌رجۆره کار و که‌سابه‌تێک، به‌پێی بانگ(اذان)ەکان بووە. 

ب) کومه‌ڵگای کوردەواری له‌سه‌ر بنه‌مای خێزان‌ و بنەماڵه زۆرترین هاوکاری‌ و تێکگرێدراویان هه‌بووه. بۆ وێنه شتێک به‌نێوی کاسه جیرانه‌تی لەنێو ماڵەکانماندا هه‌بوو که جیرانی به کاسه‌ و جامێکی بچووک له‌و خواردنه‌ی بۆ دراوسێکەی بردووه که بۆخۆیان خواردوویانه. 

میوان که هاتون‌ و بنەماڵەیەک کە ئامراز و که‌ره‌سه‌ی چێشت‌لێنان یان پێخەف و ڕایەخیان نه‌بووه، هه‌ر خێرا له ماڵی دراوسێکانیان وه‌رگرتووه. ئه‌وه له‌کاتێکدایە که ئێستا له‌و هاوکاریانه نه‌ته‌نیا هیچ ده‌نگوباسێک نییە؛ بەڵکوو هه‌ر یه‌کتر ناناسن‌ و دراوسێ ئاگای له مان و نه‌مانی دراوسێکه‌ی خۆی نییه. 

ج) ئاماژەی بە جێگه‌وپێگه‌ی باوک و دایک له‌ناو خێزاندا کرد و گوتی:  من باوە گەورەیه‌کم هه‌بوو که ۶۰ ساڵ بوو شەونۆژی نەچوبوو. ئه‌و موریدی شێخەمینی بێژوێ بوو. کاتێ که باپیره‌م له مزگه‌وت ده‌هاته‌وه، به هاندان‌ و داوای دایه‌پیره‌م(نه‌نکم) هه‌ر هەموومان (کوڕ و کچ و نه‌وه‌کان) بەپێوە ڕادەوەستاین وەک ژێنێڕالێک بێتە ژورێ وابوو. لەگەڵ ئەوە‌یدا که زۆر پیر و کەنەفت بوو؛ بەڵام هیچکات بێقەدر چاوی لێنەدەکرا و زۆر جار باپیرم دەیکوت ڕێزی خۆم لە هاوبەشم واته دایکی منداڵه‌کان دەزانم. ئەمە کلتوور و شێوازی ژیانی کۆمەڵگای کوردەواری بوو. لە هەموو ماڵەکان ئەم فەرهەنگە هەبوو. به‌داخ‌وکه‌سه‌رێکی زۆره‌وه، له‌وکاته‌وه‌ که باپیر و دایه‌گه‌وره‌ و پوور و مام‌ و خاڵ و… له‌ناو ماڵەکاندا بوونیان نه‌ماوه‌ و منداڵەکان بێبه‌شن له سۆز و به‌زه‌یی خزم‌ و که‌سوکار، ڕوویان کردۆته ئاژه‌ڵه‌کان‌ و خو‌‌ویان به‌وانەوە گرتووه، یان کایه‌ و قومار به موبایل ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه زۆر زوو، حه‌وسه‌له‌ی که‌سیان نامێنی و دایک و باوکیشیان ده‌نێرنه ماڵی پیره‌کان(خانه‌ی سالمندان) که هیچکات له کولتوور و داب و نه‌ریتی‌ کورده‌واریدا‌، شتێکی‌ ئاوامان نه‌بوه.

د) بنەماڵە نە پادگانە کە یه‌کێک‌ ببێته سه‌رۆک و فه‌رمانده‌ و کەس وستی لەبەر نەبێت و نە پارکیشه کە هە‌ر‌کەس چۆن‌ و چ کات‌ و ساتێک پێیخۆش بێ، هاتوچۆ بکات‌ و نابێ که‌سیش لێی بپرسێ و دیارنه‌بی کێ به‌ڕێوەبەری ئه‌و ماڵەیه‌وو به‌و به‌هانه‌ش، بوون و ده‌وری‌ پیاو لە ماڵی بسڕێتەوە و حەزف بکرێ. دەبێ لە ماڵ و خانه‌واده‌دا، یەکێک مودیر و کارگێڕ بێ‌ و ئەوەی‌تر جێگر بێ. پێشنیار دەکەم کتێبی «مردان در اعتصاب» نووسراوەی «هلن اسمیت» بخوێندڕێتەوە کە دەڵێ هەندەک بە بەهانەی فمنیسم دەیانهەوێ پیاوان لە گۆڕەپانی چالاکی بەرنەدەرێ.

مه‌عڕوفیان له کوتا‌یی وتاره‌که‌یدا، له دێڕێکی قوڵ و پڕمانادا، گوتی:

«ئێره کوردستانه؛ نه ئه‌ورووپایه‌ و نه عه‌ڕه‌بستانه»!! مه‌به‌ستی ئه‌و له‌و باسه، ئه‌وه بوو که دوو تاقمی هه‌ڵسوڕ و چالاکڤانانی گوڕه‌پانی‌ سیاسی و کومه‌ڵایه‌تی‌‌ بیانهه‌وێ یان نه‌یانهه‌وێ، ده‌وروو شوێنکی کاریگه‌ریان ده‌بێ لهسه‌ر گۆڕین‌ و تێکدانی شێوازی ژیان و سه‌قامگیری خێزان و خانه‌واده. تاقمی یه‌که‌م، ئه‌ویندارانی ئایین‌ و تاقمی دووهه‌میش، نه‌ته‌وەخوازانن.

تاقمی یه‌که‌م له‌وانه‌یه له خۆشه‌ویستی ئایین، به‌شیک له کولتوور و داب‌ونه‌ریتی عه‌ڕه‌ب‌ بەنێوی شێوازی ژیانی ئیسلامی له‌ناو کومه‌ڵگەی کورده‌واریدا بڵاو بکه‌نه‌‌وه و تاقمی دووهه‌میش‌ شێوازی ژیانی ئه‌ورووپایی‌ و ڕۆژاوایی بەنێوی پێشکه‌وتن و شارستانییه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنن‌‌. 

من هه‌ردوو بۆچوونه‌که‌‌‌ به هه‌ڵه داده‌نێم و داواکارم بیرمه‌ندان‌ و دڵسۆزان، به که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌مو‌و شته باش و جوانه‌کانی ژیار و شارستانییه‌تی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی، نه‌خشه‌یەکی له‌بار و گونجاو، ده‌گه‌ڵ بیر و هزر و داب‌ونه‌ریتی ڕه‌سه‌نی کورده‌واری بکێشنه‌وه‌وو له چاولێکه‌ری‌ و خۆبه‌که‌م‌زانین خۆ بپارێزن.

ئه‌و گوتی: پێشنیار دەکەم لاوەکانی ئێمە هه‌روه‌ک نووسراوەکانی نووسەرانی ڕۆژاوا ده‌خوێننه‌وه، ئاوڕدانەوەیەکیان هەبێ لە سەر نووسراوەکانی بیرمه‌ند‌ و شاعران و نووسه‌رانی کورد.

هه‌روه‌ها مامۆستاکانمان لەجیاتی ته‌نیا کەڵک‌وەرگرتن لە نووسەرانی وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ڕه‌بی، ئاوڕدانەوه‌یان هەبێ لەسەر نووسراوەکانی مامۆستایانی کورد وه‌کو مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەرریس  مامۆستا زه‌ڵمی، مامۆستا خاڵ و….

داواکارم مامۆستایانی ئایینی زۆر نەچنە پانتایی ئایدئۆلۆژی و سه‌رقاڵی داڕشتنی نه‌خشه‌ ڕێگای شێوازی ژیانی خه‌ڵک بن. 

و) لە کۆتایی وتارەکەدا گوتی: دەبێ قەدر بگیرێ لە مامۆستایانی ئایینی کە لەهەموو کاتێکدا پاڵپشتی خەڵک بوون و پشتی خەڵکی خۆمانیان بەرنەداوە. داواکارم ڕەوتە ئیسلامییەکان زۆر تینوی دەسەڵات نەبن. چونکه دینداری کوردەوای لەگەڵ شوێنانی‌ تر جیاواز بووە، ئێمە ده‌بێ خوێندنەوەیەکی خۆماڵیمان له ئایینی پیرۆزی ئیسلام هه‌بێ.

دوای وتارەکە خواحافیزیمان کرد و گەڕاینەوە بەرەو بۆکان. لە ڕێگەدا باس لە نالەباری ئەم جاددەیە کە مەوداکەی ۳۶کیلۆمەترە و دەبوو دوو باندە با، چونکه ڕێی هاتوچۆی دوو شاری گەورە و دوو پاڕێزگایە، کاک جەلال گوتی جاددەی نێوان بانە و سەردەشت کە (66) کیلۆمیترە،  (700) پێچی تێدایە کە دەکرا چاکرابا.

کاک موحەممەدمان بردەوە ماڵەکەی خۆی و لە میراوا لامان دا «فروشگاە یارن 5» کە دەبێ ئی برایانی مەکتب قوڕئان بێ کە وادیارە لە هەموو شارەکانی کوردوستان، لەم جۆرە فڕۆشگەیانەیان هەبێ.

سەرت نەیەشێنم کاتژمێر ۱۲ و چارەگ گەیشتینەوە مەهاباد، کاک جەلال گوتی ئەوەش سەرەخۆشی پێنج ساعەتن پێ چوو. گوتم کاکە بێگومان، سەرەخۆشی مەعایب و مەحاسینی خۆی هەیە. 

تا دیدارێکی تر و سەفەرێکی تر بەخواتان دەسپێرم

نووسەر: سەیید موحەممەد ئەمین واژی

پێنجشەممە

۶ی خەرمانانی ۱۴۰۲ هەتاوی