به درێژایی ٢٥ی ساڵ كه ماوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی هه‌ردوو توێژه‌ر له زانستی سه‌ركردایه‌تی (كۆریس و بوزنه‌ر)ه، (صادق الامین) سیفاتى ئه‌و سه‌ركرده‌یه كه داواخوازی زیاتر له یه‌ك ملیۆن و نیو مرۆڤه له هه‌ر شه‌ش كیشوه‌ره‌كه‌ی جیهاندا.
بێگومان هیچ كه‌س مه‌به‌ستی پێشه‌وامان موحه‌ممه‌د(د.خ) نه‌بووه، به‌ڵكو هه‌مووان سیفه‌تى( ڕاستگۆییان) وه‌ك سیفاتی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ (٥) سیفاتهكهی تری سه‌ركرده داناوه كه پێویسته سه‌ركرده خاوه‌نى بێت. دوای ڕاستگۆیی خاوه‌نى سیفاتی دووربینی و زیره‌كی و لێهاتوویی و شاره‌زایى، بێت.
بۆ زیاتر دووپاتكردنه‌وه‌ی (كۆریس و بوزنه‌ر) لێكۆڵینهوههكهیان له‌سه‌ر هه‌زار و پێنج سه‌د به‌ڕێوبه‌ر دووباره كرده‌وه، پرسیاریان لێ كردن له سیفاتی یه‌كه‌م كه گرنگ له سه‌ركرده‌دا هه‌بێ، به‌بێ دیاریكردنی هه‌ڵبژاردن و گریمانه، دوای لابردنی دووباره‌كان له‌و سیفاتانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێدابوو (٢٥٠) سیفات بوو. خاوه‌ن لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان جارێكی تر لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان دووباره كرده‌وه له‌گه‌ڵ دانانی هه‌ڵبژارده، ئه‌و كات سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌ره‌كان (المصداقیه) یان هه‌ڵبژارد. لێره‌دا بینیمان كه سیفاتى (سه‌ركرده) كه باشترین و چاكترین سه‌ركرده‌ی سه‌ر ڕووی زه‌وییه كه خۆشه‌ویستمان (محمد المصطفى)یه.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی كه ئاماژه‌مان پێدا له سه‌ره‌وه، شاره‌زا و و پسپۆڕ له زانستی سه‌ركرده‌دا، دكتۆر تارق سویدان له وانه‌یه‌كیدا به ناونیشانی (القیاده و النجاح)دا، كه به‌شێكی وانه‌كه‌ی قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ی نموونه‌یی، به‌ڵام به جۆرێكی جیاواز له‌وانى تر ئاماژه‌ى بۆ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه جێگر بكا و ده‌ریبخات كه پێغه‌مبه‌ری خودا ئه‌و سه‌ركرده نموونه‌ییه یه‌كه‌مه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان...
سویدان، دووپاتی ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌ی پێشكه‌شى ده‌كات نموونه‌یه‌كى وه‌عزی نیه، به‌ڵكوو نموونه‌یه‌كی وه‌سفی سه‌ركرده‌یه به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنه‌كانی زانستی سه‌ركرده كه سیستمێكی زانستی ڕووت به‌كارهێنراوه له نموونه‌كه‌دا.
یه‌كێك له‌و شه‌ش كتێبه‌ی هه‌ر دوو لێكۆڵه‌ر (كۆریس و بوزنه‌ر) بڵاویان كرده‌وه له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان به دڵنیاییه‌وه (المصداقیه) بوو، مانای ڕاستگۆی و ده‌سپاكى، وه‌ك د. سویدان واده‌ڵێ..، ئه‌و دووسه‌د و په‌نجا سیفاته‌ی تر كه به‌ڕێوبه‌ره‌كان ئاماژه‌یان پێدابوو كه گرنگه و پێویسته له سه‌ركرده‌دا بوونى هه‌بێ، ئه‌وا هه‌موویان له پێغه‌مبه‌رى پێشه‌واماندا (د.خ) بوونی هه‌بووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: سیفاتی (به‌سۆزی و نه‌رمونیانی و ڕاستگۆیی) له گرنگی پێداندا، ئه‌وانه حه‌قیقه‌تی سه‌ركرده‌ن، ئه‌وانه‌ش به‌رجه‌سته بوون له پێغه‌مبه‌ری خوادا(دروودى خواى له‌سه‌ر بێت). هه‌روه‌ها زانایانی سهركردهناسی دوای ده‌یان ساڵ له توێژینه‌وه و به‌دواداچوون گه‌یشتنه ئه‌وه‌ی كه خودای په‌روه‌ردگار له قوڕئانی پیرۆزدا سیفه‌تى سه‌ركرده‌ى جێگری كرد كه ئه‌ویش كورتكراوه‌یی ئه‌م نموونه‌یه: (فبما رحمة من الله لنت له‌م) سوڕه‌تی ئالی عیمڕان ١٥٩، كه ئه‌م فه‌رمایشته‌ى په‌روه‌ردگار وه‌سفه بۆ پێغه‌مبه‌رى ئازیزمان.
(كۆریس و بوزنه‌ر) له كتێبه‌كه‌یاندا (التحدی القیاده) پێنج سیفاتیان دیاری كردووه، گه‌ر له هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كدا هه‌بێ ئه‌وا سه‌ركرده‌یه‌كی نموونه‌ییه: سیفاته‌كان به ڕیزبه‌ندى و و یه‌ك به دوای یه‌ك ئه‌مانه‌ن:
١. نموونه‌یی بوون: د. تارق سویدان، ده‌ڵێت: (پێویسته سه‌ركرده خاوه‌نی به‌ها به‌رزه‌كان بێت به ڕوونی و ئاشكرا تیایدا ده‌ركه‌وێت و بشبێته پێشه‌نگ له‌و ئاكارهدا و بیڕوێنی لای شوێنكه‌وته‌كانی، ڕوونیشی كرده‌وه كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) زۆر سوور بووه له‌سه‌ر به‌ها باڵاكان و هه‌رگیز بێده‌نگیش نه‌بووه له نه‌ریته هه‌ڵه‌كان، وه‌ك ده‌فه‌رمووێت: (ما بال اقوام یفعلون كذاو كذا). چه‌ند جوان ده‌فه‌رموێت ناوی كه‌س نابا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه بریندار نه‌بێ و نیگه‌ران نه‌بێ، له‌هه‌مان كاتدا ئاگاداریان ده‌كاته‌وه له هه‌ڵه‌كانیان.
سه‌باره‌ت به ڕه‌وشتی ئازیزمان (د.خ) سویدان ده‌ڵێت: كاتێ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) كۆچی كرد بۆ مه‌دینه، كۆمه‌ڵێ سپارده‌ی بێ باوه‌ڕه‌كانی لابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوژمنیان بوو به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی متمانه‌یان به محه‌ممه‌د هه‌بوو به‌كه‌سی تر نه‌یان بوو، ئه‌وه‌ش ڕه‌وشت و ئاكاری وه‌فایه به په‌یمان و به‌ڵێن، ئه‌وه‌ش ئه‌و ئاكاره بوو که ڕواندبووی و لێپرسینه‌وه‌ی له‌هه‌ر شتێك زیاتر له سه‌ری ده‌كرد، هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كان لێپرسینه‌وه‌ی ده‌كرد.
٢. بۆهاتن و بینشێكى هاوبه‌ش: د.سویدان وه‌سفی ئه‌و شتانه ده‌كا كه پێغه‌مبه‌ری خودا به پاڵپشتی وه‌حی دیویه‌تی و بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ زۆر به‌وردی و ته‌واو درێژه‌ی پێدراوه، بۆوه‌ش وته‌كه‌ی حوزه‌یفه‌ی كوڕی یه‌مانه وه‌ک به‌ڵگه ئاماژە پێ ده‌که‌ین: "پێغه‌مبه‌ری خودا وتاری بۆ داین و له نوێژی به‌یانی هه‌تا نوێژی نیوه‌ڕۆ، پاشان نوێژه‌ی نیوه‌ڕۆی بۆ كردین پاشان وتاری بۆ داین تا كاتی نوێژی عه‌سر، دوای نوێژی عه‌سر وتاری بۆ داین هه‌تا نوێژی شێوان، ئێمه‌ش زانیمان و له‌به‌رمان كرد. بۆی گێڕاینه‌وه و هه‌واڵی ئه‌و كارانه‌ی پێداین كه ڕوو ده‌دا" واته پێغه‌مبه‌ر(د.خ) قسه‌ی بۆ موسوڵمانان كردووه ده‌رباره‌ی داهاتوودا. نموونه‌یه‌كی تر (له‌و دیدگا ڕوونه‌ى كه هیچ شتێك نایشێوێنێت و نایلهخشێنێ) له كاتی هه‌ڵكه‌ندنی به‌رده‌كه‌ی له چاڵی خه‌نده‌قى ده‌دا، ئاماژه‌ى به (كانزهكانی كیسڕا و قه‌یسه‌ر) ده‌كرد.
پێغه‌مبه‌ری خودا ئه‌م دیدگایه‌ی له ناخی هاوه‌ڵه‌كانیدا ڕوواندبوو، تا وای لێهات بووبووه به‌شێك له بڕیاره‌كانیان و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و دیدگا ڕوونه كاریان ده‌كرد، هه‌روه‌ك چۆن له جه‌نگی (صفین)دا له نێوان هاوه‌ڵه‌كاندا ڕووی دا، كاتێ عه‌مماری كوڕی یاسر كوژرا. ئه‌وكات هه‌ردوو لایه‌نی به شه‌ڕ هاتوو ده‌یانزانی كه پێغه‌مبه‌ری خودا(د.خ) فه‌رمووی به عه‌ممار: "ویحك یا عمار تقتلك الفئة الباغیة" واته: هاوار بۆ تۆ ئه‌ی عه‌ممار تۆ كۆمه‌ڵێ سه‌ركه‌ش ده‌تكوژن، جه‌نگه‌كه وه‌ستا و وتیان: ئێمه عهممارمان كوشت، كه‌واته ئێمه سته‌مكار و زۆردارین.
٣. ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ى واقع و ئاسته‌نگه‌كان: سویدان له ڕوونكردنه‌وه‌ی سیفه‌تی سێهه‌مدا ده‌ڵێ: ئه‌م سیفه‌ته دوو ڕه‌گه‌زن كه هه‌وڵدانه بۆ قۆستنه‌وه‌ى هه‌ل و جهربهزهبوونه، سه‌ركرده ده‌توانێ له وێستگه‌ی ناڕوون و ئاڵۆزدا كاربكات، ده‌ست ده‌گرێ به‌سه‌ر كارووباره‌كاندا و ده‌گه‌ڕێ بۆ هه‌ل له كاته پڕ مهینهتهكاندا و به جه‌ربه‌زه‌یی و لێزانانه مامه‌ڵه ده‌كات.
له نموونه‌كانی ژیاننامه‌ی پێشه‌وامان پێغه‌مبه‌ر(دروودى خواى له‌سه‌ر بێ) دوای ئه‌وه‌ی قوڕه‌یش ماوه‌ی ١٠ ساڵ پشتیان تێ كرد و به‌رامبه‌ری وه‌ستان، ئه‌وه بوو گه‌ڕا به‌دوای هه‌لێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ی، ڕۆشتن بۆ لای هۆزه‌كانی ده‌ورووبه‌ری مه‌ككه، ڕۆشت بۆ تائیف كه هه‌لێك بوو پڕ بوو له مه‌ترسی، گره‌نتی ڕۆشتنی بۆ تائیف گه‌ر قه‌بوڵی نه‌كه‌ن و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ مه‌ككه كه ئه‌وه‌ش ڕووی دا كه ڕێگه‌یان نه‌دا بڕواته ناو شاری تائیف ته‌نها له قه‌راخی شاردا بوو، گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ مه‌ككه پیاوێكی بێباوه‌ڕی مه‌ككه په‌نای دا و گه‌ڕایه‌وه.
٤- له ژیاننامه‌ی ئه‌و سه‌ركرده نموونه‌ییه (موحه‌ممه‌د)(د.خ) جێگیركردنی سیفه‌تی چواره‌می سه‌ركرده‌یه كه ئه‌ویش؛ (دامه‌زراندنی ئه‌وانی تر) كه دوو به‌شی سه‌ره‌كی ده‌گرێته‌وه:
أ- گه‌شه‌دان و په‌ره‌پێدانى هاریكاری
ب- به‌خشینی ده‌سه‌ڵات
له نموونه‌ى گه‌شه‌دان و په‌ره‌دان به هاریكاری، ئه‌وه بوو كاتێ پێغه‌مه‌مبه‌ر خودا (د.خ) ئهبووموساى ئه‌شعه‌ری و مه‌عازی كوڕی جه‌به‌لی نارد بۆ یه‌مه‌ن وه‌ك بانگخواز و دادوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدار، فه‌رمانی پێ كردن به دوو كار: (تـــطاوعا و لا تختلفا)، یانى فه‌رمانبه‌ردار و گوێڕایه‌ڵ بن و جیاواز مه‌بن له كاره‌كانتاندا. هه‌ر بۆیه كاتێك جیاوازیان بۆ دروست بوو له كاروباره‌كانیاندا، ئه‌بوو موسی به مه‌عازی وت: فه‌رمان فه‌رمانی تۆیه، پێغه‌مبه‌ری خودا (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمانی پێ كردم كه گوێڕایه‌ڵ بم.
سه‌باره‌ت به (به‌خشینی ده‌سه‌ڵات) نموونه‌ی زۆرمان هه‌یه (وه‌ك د. سویدان ده‌ڵێ كه زیادی ده‌كا بۆ ئه‌م سیفاته، بنه‌مایه‌كی تر كه گرنگه سه‌ركرده بیدا به‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان پێ ده‌به‌خشێ، ده‌ڵێن: "نابێ سزای ئه‌وانه بدات كه ده‌سه‌ڵاتیان پێ ده‌به‌خشێ له كاتی هه‌ڵه‌كردندا، به‌ڵكوو سزا بۆ كاتى دووباره كردنه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵه‌یه). له‌و نموونانه: خالیدی كوڕی وه‌لید به هه‌ڵه مرۆڤی كوشتووه چه‌ند جار، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) سزای نه‌داوه، چونكه ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌یی پێ به‌خشیوه، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) هه‌ڵه‌كه‌ی ڕاست كرده‌وه كاتێ ده‌ستی خالیدی به‌رز كرده‌وه و سێ جار ده‌یفه‌رموو: (اللهم انی ابرأ الیك مما صنعه خالد).
خاڵی كۆتایی (هاندان و ده‌ستخۆشى) واته هاندان و ده‌ستخۆشی له سه‌ركه‌وتنه تاكه كه‌سییه‌كان و ئاهه‌نگ گێران و خۆشی ده‌ربڕین له‌سه‌ركه‌وتنه كۆمهڵییهكاندا، هه‌روه‌ك د. تارق سویدان ڕوونی كردۆته‌وه له ژیاننامه‌ی پیرۆزی ئازیزماندا به‌ڵگه‌یه كه پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) ئه‌م بنه‌مایه‌ی جێبه‌جێ كردووه، له یه‌كێك له جه‌نگه‌كاندا دوای دابه‌شكردنی ده‌سكه‌وت و غه‌نیمه‌تی جه‌نگ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به‌شی یه‌كێك له هاوه‌ڵه‌كانی زیاتر داناوه وه‌ك ده‌ستخۆشانه‌یه‌كی تایبه‌ت كه زۆر جوان و لێهاتووانه له جه‌نگدا هه‌ڵده‌سوڕا، زۆر دڵخۆش بوو، به‌ڵام كاتێ چووه ده‌ره‌وه گوێی لێ بوو یه‌كێك له هاوه‌ڵان كه پێغه‌مبه‌ر گوێی لێ نه‌بوو ده‌یوت: (ذهب اجره اخذ الغنیمة)، واته پاداشته‌كه‌ی به وه‌رگرتنی ده‌سكه‌وته‌كه‌ی ڕۆشت، هاوه‌ڵه‌كه خێرا گه‌ڕایه‌وه و ده‌سكه‌وته‌كه‌ی كه پێ درابوو گه‌ڕاندیه‌وه و وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر خودا سوێند به‌خوا من له پێناو ده‌سكه‌وت و غه‌نیمه‌تدا نه‌جه‌نگاوم، ئه‌گه‌ر پاداشته‌كه‌م به هۆی وه‌رگرتنی ده‌سكه‌وته‌كه‌م بڕوا نامه‌وێت، به‌ڵكوو پاداشتم لای په‌روه‌ردگارم ده‌وێت، پێغه‌مبه‌ری خودا فه‌رمووی: ئه‌وه چیته بۆ وا ده‌ڵێی؟ وتی: فڵان كه‌س ده‌ڵێ پاداشته‌كه‌ت ده‌ڕوا به وه‌رگرتنی غه‌نیمه‌ت و ده‌سكه‌وت! پێغه‌مبه‌ری خودا‌ش فه‌رمووی: درۆیه، هیچ زه‌ره‌ر نادا غه‌نیمه‌ت وه‌ربگرێت پاداشتیشت ده‌درێته‌وه. هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) دڵخۆش ده‌بوو به سه‌ركه‌وتنی به‌كۆمه‌ڵ، ئه‌وه بوو كاتێ هۆزی غه‌ففار هاتن و باوه‌ڕیان هێنا، زۆر دڵخۆش بوو، ڕوخساری وه‌ك مانگ ده‌دره‌وشایه‌وه و ده‌یفه‌رموو: (غفار؛ غفر الله له) ئه‌وه هۆزی غه‌ففاره خوا لێیان خۆش بێت.
جگه له‌م پێنج سیفاته بۆ سه‌ركرده‌ی نموونه‌یی، د. تاریق سویدان هه‌ندێ بنچینه‌ی تری سه‌ركردایه‌تیی باس ده‌كا كه پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) جێبه‌جێی كردووه، وه‌ك ڕێزگرتنی له پسپۆڕان و دانپیانان به خاڵی لاوازدا، ئه‌وه بوو كاتێ به‌لاى هه‌ندێ پیاودا تێپه‌ڕی خه‌ریكی پیتاندنى دارخورما بوون، گومانی وابوو گه‌ر وازی لێ بهێنێنن به‌بێ پیتاندن سه‌وز ببێت، باشتره. (خورما له مه‌ككه‌دا نه‌بوو) كاتێ زانی ئه‌وانه‌ی نهپیتێنراون خرا بوون، فه‌رمووی: ئه‌وه‌ی من وتم ته‌نها گومان بوو من پێم وایه ئێوه شاره‌زاترن به كاروباری ژیانی دونیا.
بۆیه داوا له سه‌ركرده ده‌که‌ین: به خاڵی به‌هێزه‌وه بچه‌سپێ و به دوای خاڵی لاوازی‌دا بگه‌ڕێ و چاره‌ی بکات، هه‌روه‌ك چۆن كاتێك پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) دانی نا به نه‌زانینه‌كه‌یدا و لێیه‌وه فێر بوو، ئه‌وه بوو كاتێ یه‌كێك له دیله‌كانی به‌دری ئازاد كرد له ڕووی سۆز و ڕه‌حمه‌وه به‌مه‌رجێ جارێكی تر له‌گه‌ڵیاندا نه‌جه‌نگێ، ئه‌و پیاوه جارێكی تر هاته‌وه جه‌نگ به دیل گیرا و هێنایان بۆ لای پێغه‌مبه‌ر(د.خ) وتی: په‌یمان ده‌ده‌م جارێكی تر نه‌گه‌ڕێمه‌وه، پێغه‌مبه‌ریش فه‌رمووی: سوێند به‌خوا وازت لێ ناهێنم، ئه‌مه دووباره بكه‌یته‌وه و بڵێی دووجار موحه‌ممه‌دم خه‌ڵه‌تاندووه، پاشان فه‌رمووی ئیماندار دوو جار له كونێكه‌وه ناگه‌زرێت. ئه‌مانه هه‌ندێ بنه‌ما و به‌ڵگه بوون له ژیاننامه‌ی سه‌روه‌رمان، به‌ڵام ئایا ئه‌م وێنا بێ وێنه‌ی ئازیزمان گه‌یشتۆته جیهان و شاره‌زا و پسپۆڕانی سه‌ركرده‌ی جگه له موسوڵمانان؟!
له كۆتاییدا د. تارق سویدان ، ده‌ڵێ: ئێمه نه‌مانتوانیوه خزمه‌تكاری ژیاننامه‌ی پێشه‌وامان موحه‌ممه‌د(د.خ) بین، ئێمه خه‌زێنه‌مان لایه پێویسته ده‌ریبهێنین و به‌شێوه‌ی سه‌رده‌میانه و به‌و جۆره‌ی مرۆڤه‌كان و گه‌نجه‌كان لێی تێده‌گه‌ن نمایشی بكه‌ین. ئیتر كاتى ده‌رهێنانی ئه‌م خه‌زێنه پڕ به‌هایه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئومه‌تته به‌م نزیكانه ببێته پێشڕه‌فتی جیهان.
سه‌رچاوه: پێگه‌ى فه‌له‌ستین ئون لاین وه‌رگیراوه كه دیدارێكى تایبه‌تى د.تاریق سویدان.
هه‌ڵاڵه موحه‌ممه‌د ئه‌ڵماس
بۆچوونه‌کان