هــەستێـکی ناوازەی ڕوح، خۆشترین شەوی ژیان و کۆتا خۆشییەکانی شەو...! ئەو نووسراوەی دەیخەمە بەردەستان، چەند وشەیەکی بەنرخی باوکی خواڵێخۆشبووم لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی ورمێیه، لە حاند مەزنە پیاوێکی گەورەی دونیای ئەمڕۆ، واتە کاک ناسرسوبحانی. زۆر جاران گوتن ئەوەی لە دڵدایە دەیشارێتەوە، ڕێک پێچەوانەی ئەوەی هەیە دەیڵێ، بەڵام فرمێسک ڕاست و ڕەوان ئەوەی کە هەیە، ئاشکرایی دەکا...!
زمانی ڕوح جیاوازە و بە گوتن نییە، دەشێ بوترێ کە ڕۆح کەمتر بە بەراورد بە زمان خۆی دهنوێنی، ئەگەرچی ڕووگەی پێ دەبەخشێ، ئیدی وتنی ڕوحی لە ڕێگەی شتی دیکەیەوە. ئەو ئەگەر چی وەک جەستە لاو بوو و تەنیا سی و هەشت ساڵ ژیا، بگرە وەک ڕوح وابوو، ڕوحێک ئارامی و جوانیی و سادەبوونی دەیهێنایتە گۆ، تاکوو بۆی بڕوانی و ئەویش بە گرنگیپێدانەوە بۆت بڕوانێ و زەردەخەنەت بۆ بکا. بەڵێ، ئەو ڕوحێک بوو نەیدەبردی بۆ خۆی، بەڵکوو ئەو دەهاتە نێو تۆ و بۆ تۆ بوو...!
ڕەنگە بیرم نەیێتەوە ئەوکاتەی مامۆستا ناسر هاتە ئاواییەکەی ئێمە، بەڵام هەر زۆر زوو توانی بە تەقوا و ڕەوشت و ئاکار و هەڵسووکەوتی جوامێرانەی دڵی خەڵک و حاجی مامۆستا موحەممەد بداقی بۆڵای خۆی ڕاکێشێ. کاتێک ئەو ڕوحە چێژی دەرس بە قوڵایی قورگیدا ڕۆچوو، ئیدی لەنێو دونیای کتێبدا نغرۆ بوو، کەمتر دەخەوت، لەژێر تێشکی ڕووناکی چرایەکی بچکۆڵە لەناو مزگەوتە بچکۆڵەکەی دێی ورد ورد دەرسی دەیخوێندەوە، تا وای لێ هات دەچۆ نێو کتێبەکان و ئاگای لە دەورووبەری نەدەما، ئیتر شەوانە لەبەر دەم ڕۆشنایی ئەو چرایە دادەنیشت تاکوو لەوێ بوو، قەت نەمدی بکووژێتەوە، تا ئەمڕۆش هیچ فوو و ڕەشەبایەک نەیانتوانی بیکوژێننەوە.
شەوێک بابی خواڵێخۆشبووم (سۆفی سەیدە) بینی وا وەک بەردێکی ڕەق هەر تەماشای کتێبی دەکرد و هیچ نەدەبزوا، سێ جار بانگی کرد، بەڵام ئەو وهڵامی نەدایەوە! ترس هەموو گیانی داگرت، هەر بۆیە (سۆفی سەیدە)ی باوکم، چووە سەری کێشا بە شانی و وتی: (کوڕم ڕەحم بە خۆت ناکەی، ڕۆحم بە من بکە) لە وهڵامدا مامۆستا وتی: سۆفی سەیدەی بەڕێزم، ئاخر ئەمە مەملەکەتی عیشق و زانینە. سۆفی سەیدەی باوکم پێ وت: کوڕم بخەوە و پشوو بده، ئاخر بۆ هێندە زوڵم لە خۆت دەکەی!؟ ئاخر چۆن مرۆڤ دەبێ تاکوو بەیانی نەخەوێ!؟ مامۆستا بە زەردەخەنەوە وتی: سۆفی سەیدە گیان من تەنیا نیم، من و کتێب و چرایەکەی تۆش وا بەدەستمەوە...!
ئیتر باوەشی کردە سۆفی سەیدەی باوکم و وتی: مام سۆفی مەترسە، کوڕەکەت ڕێی شتێک کەوتووە، نەک هەر بۆ تۆ و خەڵکی ئێرە، بەڵکوو بۆ هەموو گوی زەوی چاکە. ئەوجار باوکم وتی: چ بڵێم ڕۆڵە خوا بکا وابێت، خوا بتپاڕێزێ و ڕوحمێ بە تۆ بکا و مورادت بێنێتە دی. مامۆستا دوای زەردەخەنەیەک وتی: مام سۆفی گیان تۆ شەونوێژی خۆت بکە و بڕۆ بخەوە، تۆ هاوڕێیەتی من و چراکەت پێ ناکرێ...!
باوکم، واتە سۆفی سەیدە، چەند جار لای حاجی مامۆستا محەممەدی بداقی باسی کردبوو که دەترسێم کێشەی بۆ ساز بێ، ئەوە مەلایەکی زۆر جیاوازە و قەتم شتیوا نەدیوە، بەڵام حاجی مامۆستا فەرموو بووی: سۆفی سەیدە مەترسە، ئەوە مەلایەکی زۆر زیرەکە و ڕۆژانێکی گەورەی لەپێشە! زۆر شەوان باوکم لە ماڵێ، کە ماڵمان بە مزگەوتەوەیە، سەرنجی دەدا، مامۆستا لەگەڵ چرایەکەی بەیەکەوە دەسووتان. ئەو چرا و ڕووناکییەی کە ساڵێک و چوار مانگ قەت نەمدی تەنانەت شەوێک بکووژێتەوە.
هەر لەبەر دەم ئەو چرایە فێر بوو تام و چێژی تەنیایی لەگەڵ پەروەرێن بچێژێت، هەر لەبەر ئەو چرایە دهرکی نهێنییەکانی ڕوحی کرد... دوای ڕۆیشتنی لە ئاوایی و خواحافیزی لە سۆفی سەیدەی باوکم، مامۆستا فرمێسک بە چاوەکانییەوە دەهاتە خوارەوە و فەرمووی: سۆفی سەیدە دوایەکم لێت هەیە، تکایە بە قسەم بکە، باوکم وتی: داوای چی بکەن من حازرم فەرموو: مامۆستا ناسر فەرمووی: سۆفی سەیدە ئەو چرایەت هەڵگرە و هیچ کات مەهێڵە بکوژێتەوە، داوایەکەم هەر ئەوەیە...!
بەڵێ؛ کاتێک من لەسەر تەختی نەخۆشخانە خەریکی شێلانی لاقەکانی باوکم بووم، باوکم وتی: کوڕم، ئەوە باش بزانە، بە هاتنی ئەو وەرچەرخانێک لەبینین و بیستنی ژیانی ئیسلامی هاتە ئاراوە، بە بینینی ئەو من بۆ هەمیشە لە ناخەوە گۆڕام.
مامۆستا وەک جوانترین ئەستێرەی ئەو مەملەکەتە، کە کەوتە ئەو وشکاییە، تیشکی دایەوە، بەڵام داخی گرانم مێژووی ناوچەکە بە جۆرێک زوڵم و تاوانی لە حاند ویی نواند. زۆر جاران کاتی دەستنوێژهەڵگرتن لە کانی پیاوان، دڵت بە بینینی ئارام دەبوو، هەستت بە شنەبایەک دەکرد کە پێشتر قەت هەستت پێ نەکردووە، زۆر جاران لەگەڵ سۆفی سەیدەی باوکم وەک دوو هاوەڵ و دوو سۆفی لە خەڵوەتدا دەسووڕانەوە.
ئەو مرد، لە کاتێکدا مرد کە سەرەتای عەشقێکی زانست و ئەوینی پەروەرێن بوو، سۆزێک بۆ دین و وڵات کە ڕۆڵی پردێکی دەبینی، واتە ئەو پردێک بوو دەکرا کۆتاییەکەی بە وڵاتێک بێ، لەوپەڕی وجوودا دەوترێت ئەوین و خۆشەویستی حەقیقی، بەڵێ ئەو مرد، بەڵام وڵات هەمووی بۆ مەرگی ئەو خڕۆشا.
من کە نوقمی ئەو بەسەرهاتە بووم، هاوکات کە هێدی هێدی قاچەکانی ئەوم دەشێلا، بێ ئەوە هەست بکەم فرمێسک بە چاوەکانمدا دەهاتنەخوارێ، لە خۆوە بە خۆم وت: بابەگیان، من دڵنیام ئەو ئاگاییە لە دڵدا چەخماخەی داوە، کە زەمەن لە ڕۆژگار جودا بکەیتەوە و لەوەش بگەیت، کە ئەو مەزنە پیاوە کە مروڤێکی ناسراو و هاوکات ئاشنا بە ڕوحی خەڵکی، ئەوە مانای کۆتایی زەمەنێک و دەستپێکی ژیانێکی نوێ بوو. ئەوە تەنیا هەڵڕشتنی زانیاری نییە، بەڵکوو چوونە نێو ژیانە، ئیتر بەیەکەوە کە لە ناو ئەو ژیانەدا نوقم ببووین، هەستم بەوە کرد ئەوە تەنیا گێڕانەوە نییە، بەڵکوو خوڵقانە.
باش هەستم بەوە کرد کە باوکم بیری گفتوگۆکانی نێوان خۆی و مامۆستای کردبوو، لەو شەوە کپەدا کە منی بردبوو بۆ ژیانێکی تازە، بیری لە زانای هەڵکەوتە دەکردەوە.
بەڵێ؛ منیش بیری ئەو ڕۆژانەم دەکرد کە لە سەفەرێک بۆ دووریسان لە خزمەت چهند هاوڕێی خۆشهویستم چووین بۆ ماڵی مامۆستا ناسر سوبحانی و بۆ چەند چرکەساتێک بە تەنیا لەناو ژووری کتێبخانەکەی مامەوە. کتێبخانەکەی کە بە گوێرەی بابەتەکان جیاکراونتەوە، هەرکەس دەڕواتە ئەو ژوورە، دوای دڵدانەوەی خێزانەکەی و کپبوونێکی چەند ساتی، دواتر بیرەوەرییەکی شیرینی خۆیان دەربارەی ئەو دەگێڕنەوە، یان خود بە هاتنەخوارەوەی چەند دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوەکانیان، یادگاری و بیرەوەری ئەو مەزنە پیاوە لە دڵی خۆیان هەڵدەگرن!
کاتێک باوکم ئەو چیرۆکەی بۆ گێڕامەوە، هۆن هۆن فرمێسک بەچاوانیدا دەهاتەخوارێ، لە ناکاو پێوەندی تەلەفۆنی هاوڕێیەکی لە مێژینەی باوکم بۆ بەپچڕانی چیرۆکەکە.
کۆتایی قسەم: گێڕانەوە؛ نووسینی فیقه و کەلام و زانستی عەقیدە نییە، بەڵکوو گێڕانەوەی ئیمان و مانای بوونە. ئەو کورتە باسە ڕێکەوتی۲۴ی بەفرانباری ۱۳۹۸ی هەتاوی لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی وڕمێ هاتە پێش، دوای ڕازیبوون بە قەدەری خوا، باوکم دوای گەڕانەوە لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد، خوای گەورە لە باوکم و مردووی هەموو باوڕداران خۆش بێت.
پێشکەش بە سۆمای چاو...
عەبدووڵڵا عەلیپوور
بۆچوونهکان