كەسیێك چووە لای عامری شەعبی وتی: فەتوام بۆ بدە ئەی كەسی زانا، ئەویش دەمودەست وتی: تەنها كەسێك زانایە كە ترسی خودای هەیە. پێغەمبەری خودا دروودی خوای لێ بێت بە چەند دەربرینێك ئەوەی گەیاندووە كە ئەو زاناترە بە خودا و لە هەمووانیش زیاتر ترسی خودای لەدڵدایە، ئەمە تەفسیری ئەو ئایەتەی سووڕەتی فاتیرە كە دەفەرموێت: [انما یخشی الله من عباده العلما‌ء]، بەپێی ئەم ئایەتە تەنها ئەوانەی زانان لە خودا دەترسن، بەڵام ئەگەر زانا بە مانا گشتییەكەی بێت، ئەوا زانایەكی زۆر هەبووە و هەیە كە ترسی خودایان لە دڵدا نیە، بۆیە دەبێ‌ بەپێی فەرهەنگی قوڕئان چەمكی زانا لە خوا ترساندا كورت بكرێتەوە، واتە حەسری سیفەتی زانابوون بكرێت لە خواترساندا، نەك بە پێچەوانەوە.

  جا هەروەك چۆن هەر كتێبێك دەگونجێ‌ فەرهەنگێكی تایبەت بەخۆی هەبێ‌ و زاراوەكان لە كاتی بەكارهێناندا بێجگه لە مانا گشتییەكانیان، مانایەكی تایبەتیشیان لەنێو ئەو كتێبەدا وەرگرتبێت، ئەوا بۆ كتێبێكی وەكوو قوڕئان، كە گۆڕانكاریی گەورەی دروست كرد لەنێو مرۆقایەتیدا و ئوممەتێكی تازەی خستەسەرپێ، ئەم بابەتە ڕوونتر و گرنگترە.

 زانست (علم) هەرچەندە هەندێكجار بە مانای گشتی خۆی بەكار هاتووە، بەڵام ئەوەی لە قوڕئاندا بۆی زیاد كراوە، ئەوەیە كە لە وەسفی زانا (عالم) یان ئەو كەسەی كە دەزانێ‌ (الذي یعلم)دا دەيبينیتەوە؛ ئەو كەسەی لە ئاگاداركردنەوەی پەیامی خودا سوود دەبینێت و ترسی خودای هەیە: [إنّماتنذر الذین یخشون ربَهم بالغیب]، ئەو كەسەی لەساتەكانی شەودا ملكەچە و كڕنوشبەر و بەپێوە وەستاوە ترسی لە دواڕۆژ هەیە و بە تەمای سۆز و میهرەبانی خودایە: [أمّن هو قانت آنا‌ء اللیل ساجدا وقائما یحذر اڵاخرە ویرجو رحمە ربّه...] ئەمە یەكێكە لە بۆچوونە تەفسیرییەكانی سوبحانی.

كەواتە زانست لە فەرهەنگی قوڕئاندا جۆرێكی تایبەتە لە پەیپێبردن و زانین، نەك هەموو زانینێك، زانینێك دەروون ڕووناك دەكاتەوە و لەنێو دەریای وجوددا ئاراستە بە خاوەنەكەی دەدا، دەیخاتە جوڵە و دەیكاتە خاوەن هەڵوێست و هەستیار بە بوونی خۆی. بەم پێیەش بێت نەك زانستە ئەزموونییەكان، بەڵكوو تەنانەت زانستە ئیسلامییەكانیش ناچنە نێو ئەم چەمكە قوڕئانییەوە، چونكە هەریەك لەو زانستانە بابەت و ئامانجی خۆیان هەیە و مەرج نیە هەركەس زانستی تەفسیر یان فەرموودە یان ئوسول یان زانستی كەلام بزانێت، ئەو گۆڕانكارییە ناوەكیی و سلوكییەی تێدا بەدیهاتبێت. 

لەو بەسەرهاتانەی قوڕئان تۆماری كردوون و لە ساتەكانی خۆنوادنی قارووندا و خۆزگە پێخواستنی لە لایەن خەڵكی ئاساییەوە، هەندێ كەس كە قوڕئان بە(أوتوا العلم) ناویان دەبات، خەلكەكە ئاگادار دەكەنەوە كە بەم شتە زوو تێپەڕەی قاروون هەڵنەخەڵەتێن و چاویان لە دواڕۆژ و پاداشتی خودا بێت، هەرچەندە (أوتوا العلم) لە لایەن هەندێ‌ لە گەورە موفەسیرانەوە بە ئەحباری بەنی ئیسڕائیل مانا كراوە، بەڵام بەپێی هەندێكی تر لە موفەسیران و وەرگرتنی زاراوەكە لە ئاستی قوڕئاندا بە گشتی، (أوتوا العلم) ئیماندارە لە خواترسە ڕاستەقینەكان دەگرێتەوە، چونكە ئەحبار لە قوڕئاندا بە خراپ ناویان براوە، هەروەك ئەو زانایانەی غەزالی بە زانایانی خراپ (علما‌ء السّو‌ء) ناویان دەبات و بە زانستەكەیان –كە بەحساب زانستی دینە- بونەتە كڕیاری دونیا و لە ڕێگەی خواناسان دوور كەوتوونەتەوە.