هەوڵێکی بنەماڵەیی لە پێناو بووژانەوەی ئەدەبی کلاسیکی کوردي.
حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریم: پێش هه‌موو شتی ئێمه له ده‌لاقه‌ی باوکمانه‌وه ده‌مان ڕوانییه ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی و ئه‌وه‌ی که کردووشمانه له پێناو نه‌ته‌وه‌که‌مان، وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانمان پێناسه کردووه و ناڵێم ئیشه‌که‌مان بێ هه‌ڵه بووه و توانیومانه ته‌واو دیوانه کوردییه‌کان کۆ بکه‌ینه‌وه و له سه‌ری بنووسین، به‌ڵام درێغمان نه‌کردووه و ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات و تواناماندا بووه کردوومانه.
کوردپرێس- "حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریم" ئێستا له سووچێکی ژووره‌که‌یدا دانیشتووە و خه‌ریکی قوربانی کردنی دواهه‌مین هه‌ناسه‌کانی بۆ ئه‌ده‌ب و گه‌له‌که‌یه‌تی!
ئاوەها کە بە وتەی شێرکۆ بێکەس؛ دەبەیت لەو ژوورەدا، خەڵاتێ له بەفر و لە چنووری کاوانەکانی هەورامانی بدەنێ بۆ ساغکردنەوەی بەردەمۆری شێعری خانای قوبادی، پەپوولەکانی مەولەوی، هەناسە غەریبەکانی َنالی، ئیشراقەکانی عیرفانی مەحوی، مەشغەڵی سینەی حاجی قادری کۆیی و گەشتی هەورامانەکەی گۆران.
دارهەرمێی وشە، کاتێک وڵامی پرسیارەکانی دەداتەوە که ڕه‌نگی پیری ڕوومه‌تی پیرۆزی داگرتووه و ئێستا زیاتر له هه‌موو کاتێکی پێویستی به هێمنایه‌تی و ئیستراحه‌ت هه‌یه، که‌چی وه‌ک هه‌میشه‌ی پێشتری به سینگی ئاوه‌ڵاوه وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ئێمه ده‌داته‌وه!
دیمانە له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ی مه‌لاکه‌ریم هه‌م ساده‌یه و هه‌م دژوار! ژیانی پڕ له هه‌وراز و نشێو و له هه‌مان کاتدا پڕ بەرهەم، باوه‌شێ ده‌لاقه پرسیارمان بۆ ئه‌کاته‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌زانین که ناتوانین له دیمانەیەکدا هه‌موو ژیان و قوژبنی ئه‌م که‌ڵه‌پیاوه بخه‌ینه به‌ردیدی خوێنه‌ر!!
کاتێ وەکوو زۆربەی دیمانەکان لە تەمەن و شوێنی لەدایک بوون و پهروهردهبوونیمان پرسی، بە هێمنایەتییە قورس و بەسامەکهی ئاخێکی هەڵکێشا و ...فەرمووی: کاتێ ئه‌م پرسیاره‌م لێده‌کرێ، پڕ ئه‌بم له بۆن و به‌رامه‌ی کووچه و کۆڵانه‌کانی بیاره‌ی هه‌ورامان و ڕۆحم دەفرێتەوە بۆ حوجره‌کانی لاوەتی و سه‌رده‌می فه‌قیه‌تی و رۆژنامە و خەبات و گۆران و...
حه‌مەی مەلاکەریم لە ساڵی 1931 له بیاره‌ی سه‌ر به قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ی له دایک بووه و ژیانی منداڵی له ژێر کارگیری فیکری و ژیانی باوک و بنه‌ماڵه‌که‌ی گوزه‌راوه و له قوتابخانه‌ی منداڵه شێخه‌کانی بیاره‌دا قورئانی پیرۆزی ته‌واو کردووه و سه‌رف و نه‌حو و زانستی شه‌رعی دوایی پێهێناوه و هه‌ر له حوجره‌دا فێری خوێندنی زمانه‌کانی کوردی و فارسی بووه.
* حه‌مه‌ی مه‌لاکه‌ریم وێڕای ئه‌وه‌ی که خوێندنی مه‌لایه‌تی ته‌واو کرد و ده‌یتوانی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌ربگرێ، به‌ڵام مێزه‌ره‌ی سپی نه‌کرده سه‌ری! بۆ له‌گه‌ڵ ژیانی و بیری مه‌لایه‌تی ڕێکنه‌که‌وتوون؟ وێرای ئه‌وه که وه‌کوو ڕێبوار سێوه‌یلی ده‌ڵێ؛ باوکتان گه‌وره‌ترین پیاوی ڕۆحانی سه‌ده‌ی 20 ی کورد بوو؟
- ڕاستییه‌که‌ی من ئاره‌زووی مه‌لایه‌تیم نه‌بوو، تامه‌زرۆی ڕۆژنامه‌نووسی و لێکۆڵینه‌وه و دنیای ئه‌ده‌ب و شیعر و سیاسەت باڵی بیر و قهڵهممی به‌ره‌و دنیای خۆی کێشا!
شیرینی ئه‌و دنیایه و دواتر ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ گۆرانی شاعیر و بلیمه‌ت به یه‌کجار په‌لکێشی ئه‌م دنیایه‌ی کردم و هەتا ئێستاش هەر خەریکی زمان و ئەدەبی گەلەکەمم و هەستم بەوە کردوه کە نەتەوەکەم زیاتر لە هەر شتێ پێویستی بەوە بوو.
* لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا زۆرتر حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریم وەک و ئەدیب و کۆڵەکەیەک بۆ ئەدەبی کلاسیک دەناسن! بەڵام لایەنەکەی دیکه‌ی ژیانی کاکە حەمە واتە رۆژنامەنووسی بەشی باسنهکراوهی ئه‌م ته‌مه‌نه‌یه، لەوەی کە بەرەو ئەم دنیای پڕ هەوراز و نشێوە رۆیشتن و مەلایەتی و حوجرهتان جێهێشت پەشیمان نین؟
- دوای خوێندنی مه‌لایه‌تی لای باوکم ده‌متوانی درێژه به مه‌لایه‌تی بده‌م و له ده‌ریای ئاییندا بتوێمه‌وه.
به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێ‌کرد؛ ویستی گه‌له‌که‌م و هه‌روه‌ها ویستی ده‌روونی خۆم به‌ره‌و نووسین و ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕایکێشام. بیروڕای من جیابوو له بیروڕا و ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی که باوکم سه‌رقافڵه‌ی بو.
باوکم پێی خۆش نه‌بوو ئێمه نزیکی دنیای سیاسه‌ت بکه‌ینه‌وه؛ ئه‌و له‌و گرفتانه‌ی که به نزیکبوونه‌وه له دنیای سیاسه‌ت تووشمان ده‌هات نیگه‌ران بوو، به‌ڵام له هه‌مان حاڵه‌تدا هیچ ڕێگرێکی بۆ کاری سیاسی و ڕۆژنامه‌نووسی من دروست نه‌کرد.
به گشت ئه‌مانه‌وه باوکم زۆری پێ خۆش بوو ببم به مه‌لا، له یادمه ئه‌و ده‌مه‌ی کۆلێژی شه‌ریعه‌ت دامه‌زرا، زۆرم داوا لێکرد بچمه ئه‌و کۆلێژه، به‌ڵام ئه‌و پێیان خۆش بوو ببمه مه‌لای گوندێکی نزیک بیاره، بەڵام من ملم پێ نەدا.
له ساڵانی 1947 و 48دا ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی حیزبی شیووعیدا په‌یدا کرد و چوومه ناوه‌ندی ڕێکخراوه‌ی ئه‌و حیزبه و له ساڵی 1954دا گیرام و دوایی به که‌فاله‌ت ئازاد کرام.
له ئهیپرێڵی 1955دا دیسانه‌وه به تۆمه‌تی شیووعییهتی گیرامه‌وه و حوکمی دوو ساڵ زیندانیم به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
من به گشتی له‌ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانی ئهلتهئهخی، برایه‌تی، بیری نوێ، شه‌فه‌ق، ئازادی، ئیسلاحی زه‌راعی، ئه‌لئێتحاد، هیوا و به‌رپرسی چالاکی و ئەزموونی نوسینم بووه، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ به‌شێکی زۆری ئه‌م ده‌سکه‌وتانه گرێ بدرێته‌وه به باروودۆخی سه‌رده‌م که منیان به‌و رێگایانه ده‌برد.
* که‌سانێک هه‌ن که له حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریم ڕه‌خنه ده‌گرن بۆ له بری ئه‌وه‌ی ته‌نیا هه‌موو کات و ده‌رفه‌تی خۆی له‌سه‌ر شیعری کلاسیک ته‌رخان بکات سه‌ری له زۆر بواری تردا ده‌رهێناوه و چالاکی نواندووه! وه‌کوو سیاسه‌ت و ڕۆژنامه‌وانی و وه‌رگێڕان و... لە حالێک‌دا ده‌یتوانی له بواری ئه‌ده‌ب ڕڵێکی به‌رچاوتری هه‌بێت؟
- من پێشتر وه‌ڵامی ئه‌مه پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌م وه‌ک پێداویستی دوێنێی میلله‌ته‌که‌م ناوبرد کرد که به‌ره‌و ئه‌م ڕێگا هانیان ده‌دام، هه‌ستم ده‌کرد که گه‌له‌که‌م پێویستی به ڕۆژنامه و بیری ڕۆشنبیرانه‌وه هه‌یه و بۆیه له هیچ کۆششێک بۆ خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌م درێغم نه‌کردووه!
* ئه‌ده‌بی کوردی و به‌تایبه‌ت شیعری کلاسیکی کوردی کۆ کردنه‌وه، پێداچوونه‌وه و ساغکردنه‌وه‌ی شیعری زۆربه‌ی شاعیرانی گه‌وره‌ی کورد وه‌ک: مه‌وله‌وی، نالی، مه‌حوی، سالم، بێسارانی، حاجی قادر، خانای قوبادی، کوردی و ... له‌ژێر کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕێس به‌تایبه‌ت حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریمه، جه‌نابتان تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌و کارانه‌ی که کردووتانه ڕازین و چۆن ئاوڕ له‌م کاره قورسه‌ی بنه‌ماڵه‌تان ئه‌ده‌نه‌وه!
- پێش هه‌موو شتی ئێمه له ده‌لاقه‌ی باوکمانه‌وه ده‌مان ڕوانییه ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی و ئه‌وه‌ی که کردووشمانه له پێناو نه‌ته‌وه‌که‌مان، وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانمان پێناسه کردووه‌و ناڵێم ئیشه‌که‌مان بێ هه‌ڵه بووه و توانیومانه ته‌واو دیوانه کوردییه‌کان کۆ بکه‌ینه‌وه و له سهریبنووسین، به‌ڵام دریغمان نه‌کردووه و ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات و تواناماندا بووه کردومانه.
ته‌نگ و چه‌ڵه‌مانه‌ی له به‌رده‌م کۆ کردنه‌وه و ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردین زۆره، به‌ر له هه‌ر شتێک ناوه‌ندێکی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو نوسخه‌کان و هه‌وڵ بۆ به‌راوه‌ردکردن و ساغکردنه‌وه‌یان و هه‌روه‌ها پاراستنی ئه‌مانه‌ت و دروستی کار و دڵسۆزی و ماندووبوونێکی یه‌کجار زۆری ده‌وێ.
یه‌که‌م دیوان که ده‌ستم به ساغکردنه‌وه‌ی و لێکدانه‌وه‌ی کرد، دیوانی مه‌وله‌وی بوو، کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو شیعره که مه‌وله‌وی بۆ ئه‌م و ئه‌وی نووسیوه، پێداچوونه‌وه و له‌سه‌ر نووسین و ... ماندووبوونی زۆری دیکه که بۆ باس کر5دن ناشێت.
له یادمه، ئه‌و کاته که ئێمه به وردی خه‌ریکی له چاپ دانی دیوانه‌که‌ی مه‌وله‌وی بووین، رێک له‌و کاته‌ی که خه‌ریکی ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره‌ی مه‌وله‌وی که باسی له سووتانی کتێبخانه‌که‌ی ده‌کات، بووین، چاپخانه‌که ئاوری گرت.
* جا مامۆستا به‌ر له‌وه‌ی بچینە سەر باسکردنی دیکەی دیوانه شیعرییه‌کان، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه که جه‌نابتان هه‌ورامی نین و چۆن ئه‌م ئه‌رکه قورسه‌تان وه‌ها به ڕێک و پێکی ته‌واو کرد؟
- به‌ڵێ ڕاسته! باوکم و باپیرم به ڕه‌چه‌له‌ک خه‌ڵکی "ماین دوڵی" شاره‌زوورن دوایی چوونه‌ته ته‌کیه‌که‌ی خورماڵ و له‌وێشه‌وه گه‌یشتوونه‌ته مه‌ریوان؛ باوکم له مه‌ریوان له دایکبووه به‌ڵام که دواتر به‌ره‌و بیاره‌ی هه‌ورامان ڕۆیشتن؛ له خانه‌قا و هه‌روه‌ها له خزمه‌ت شێخه مه‌زنه‌کانی هه‌ورامان و خه‌ڵکی بیاره هیچ کێشه‌یه‌کمان له سه‌ر ئاشنایه‌تی و ئاگایهتی به زاراوه‌ی هه‌ورامی نه‌بوو.
* بگه‌ڕینه‌وه سه‌ر دیوانه کوردییه‌کان، دوای دیوانی مه‌وله‌وی چیتان کرد؟
- دیوانی مه‌حوی که پێشتر مامۆستا گۆڕان و کاکه‌ی فه‌لاح خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی بوون و من پێداهاتمهوه و دوای رزگارییم له زیندانی به‌عس بووم، هه‌وڵی له چاپ دانی ئه‌م نوسخه‌یه‌م دا.
هاوکات باوکم که هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی بۆ ئه‌م ڕیگه ته‌رخان کردبوو له‌گه‌ڵ کاکه فاتێحم سه‌رقالی دیوانی نالی و بێسارانی بوون؛ دواتر به هه‌ر ئه‌رک و ماندووبوونێک بوو نالیمان له چاپ دا و به‌ڵام هێشتا بێسارانی ماوه‌ته‌وه و به ته‌مای ده‌رفه‌تێکم پێداچوونه‌وه‌یه‌کی دووباره‌ی به‌سه‌ر بکه‌مه‌وه و له چاپی بده‌ین.
ڕه‌نگه باس کردن له‌سه‌ر چاپ دیوانێک بۆ خوێنه‌ر ته‌نیا بیستنێک بره‌خسێنێت، به‌ڵام له ڕاستیدا کێشه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری بۆ ئێمه‌مانان هه‌یه.
ڕووبه‌ڕووکردنه‌وه‌ی نوسخه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی نوسخه‌یه‌کی نوێ و پێداچوونه‌وه‌ی، دیقه‌تێکی زۆری ده‌وێت.
بۆ نموونا که ده‌ستمان به کۆکردنه‌وه‌ی دیوانی "نالی" کرد بانگه‌وازێکی به‌ربڵاومان دا و داوامان کرد که هه‌ر که‌سێک دیوان، شیعر، یا هه‌ر باسێک و بیره‌وه‌رییه‌ک له نالی هه‌یه‌تی بگه‌یه‌نێته ده‌ستمان، ئه‌وه بوو که هه‌ر ڕۆژی شێعرێک و حیکایهتیک و ڕه‌وایه‌تێکی نوێمان ده‌ست ئه‌که‌وت و ئیدی بزانن چۆن دیوانی نالی پێکهات!
* مامۆستا، جیا له کۆکردنه‌وه و ڕووبه‌ڕووکردنه‌وه‌ی نوسخه‌کان ئه‌رکێکی دیکه که بنه‌ماڵه‌ی مه‌لاعه‌بدولکه‌ریم به ئه‌ستۆیان گرتووه، له‌سه‌ر نووسین و ساغکردنه‌وه‌ی دیوانگهلێکی وه‌ک مه‌حوی و نالی و مه‌وله‌ویه، وه‌ک بۆ خۆشتان ده‌زانن له‌م دواییه‌دا هه‌مان شرۆڤه‌ی ئێوه له لایه‌ن تاقمێک له بیرمه‌ندان و ره‌خنه‌گران تووشی ڕه‌خنه هاتوون، ئێوه له‌مباره‌وه چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه؟
- ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دیوانی ئه‌م شاعیرانه نووسراوه، بۆچوونی ئێمه‌یه و ئایه‌تی قورئان نییه و ته‌نیا ده‌سکه‌وتی تێگه‌یشتنه‌کانی ئێمه بووه، من هه‌میشه گووتوومه و دیسان دووپاتی ده‌که‌مه‌وه که به باوه‌شێکی ئاوه‌ڵا به‌ره‌و پیری ئه‌وانه‌ی ده‌چم که خوێنده‌وه‌یه‌کی تازه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م شاعیرانه بێت.
دیاره شیعره‌کانی نالی، مه‌وله‌وی و ... ده‌یان خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت بۆ وێنه تێگه‌یشتن له شیعری نالی به‌بێ ساغکردنه‌وه دژواره.
تایبه‌تمه‌ندی شیعری شاعیرگهلێک وه‌کوو نالی که پڕیه‌تی له ئایه‌ت و فه‌رمووده و وشه‌گه‌لی عەره‌بی و سه‌ناعاتی ئه‌ده‌بی و عه‌رووزی و یان شعری مه‌وله‌وی جیا له زمانه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی پێوێستی به زانینی زاراوه‌ی هه‌ورامی هه‌یه.
ئێمه، چ باوکم و چ کاک فاتێح هه‌موو هه‌وڵی خوممان دا که ئاسانکاریه‌کی بۆ خوێنه‌ری دروست بکه‌ین تا ئاستی تێگه‌یشتنه‌کان ببه‌ینه سه‌رێ.
شتیکی تر له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕه‌خنه و هه‌ڵوێستانه که شێاوی ئاماژه‌یه بوونی بۆچوونێکی جیاوازه له شیعری مه‌وله‌وی لای هه‌ندێ که‌سه و ڕه‌نگه‌ش بۆ چوون و ده‌لاقه‌کانی ئه‌وان به دروست تر بێت، که‌واته نابێ ئه‌وه له‌بیر بکه‌ین که مه‌رج نییه ئێمه هه‌موو ئه‌وانه ساغ که‌ینه‌وه یان بۆ ده‌بێ ئه‌وان بۆ خۆیان ناینووسنه‌وه؟
* با باسێکیش له کۆری زانیارانی کورد بکه‌ین! ئایا هه‌ر له 1970 که کۆڕی زانیارانی کورد دامه‌زرا تا ئێستا که ته‌نیا ناوێکی لێماوتهوه، ئایا توانیویه‌تی تینوویه‌تی حه‌مه‌ی مه‌لاکه‌ریم بشکێنێ؟
- ده‌بێ پێش له هه‌موو شتێ بیر له زه‌مان و بارودۆخی ئه‌و ده‌مه که کۆڕی زانیارانی کورد ئه‌ویش له به‌غدا له سه‌رده‌می به‌عس دامه‌زرا، بکه‌ین.
پێم وابێ ئه‌و گۆڤاره‌ی که له‌م کۆڕه‌دا ده‌رده‌چوو و له‌گه‌ڵ پرۆفسۆڕ عیزه‌ددین مسته‌فا ڕه‌سوول و هەندێکی تر لە دۆستان سهرپهرشتیاریمان ده‌کرد هێشتا کاریگه‌رییه‌کانی مابێ.
باس له‌سه‌ر ڕه‌وه‌ند و مێژووی کۆڕی زانیاران باسێکی دوور و درێژه و ده‌رفه‌ت و کاتێکی زۆری ده‌یه‌وێ به‌ڵام چ ئه‌و ده‌مه‌ی له‌ژێر ناوی کۆڕی زانیارانی کورد بووین و چ ئه‌و ده‌مه‌ی سیاسه‌تی به‌عس به کێشانی حه‌سارێک به ده‌وری پێکهاته‌کان هه‌موونی له ناو کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ده‌بییه‌کانی عێراق له‌ژێر ناوی کۆڕی زانیارانی عێراق کۆ کردبووه‌وه، خه‌ریکی چالاکی بووین و هه‌روه‌ها له‌م دواییانه‌دا و له گه‌ڵ پێکهێنانی کۆڕی زانیارانی کوردستان له هه‌ولێر له ساڵی 2007 هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانه‌کان بۆ خزمه‌ت به ئه‌ده‌ب و زمانی کوردی چڕ بوونه‌وه و ناشڵێم که‌م و کۆڕی نه‌بووه به‌ڵام هه‌موو هێزی خۆمان به‌کار به‌ستووه!
* مامۆستاگیان نامانه‌وێت زۆر ماندووتان بکه‌ین، هه‌روه‌ها که له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا وتمان، باس له‌سه‌ر حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریم، به‌راست باسێکی ساکار نییه و ده‌رفه‌ت و زانیارییه‌کی تایبه‌تی ده‌وێ! وه‌کوو دواهه‌مین پرسیار، قسه‌تان بۆ به‌ره‌ی نوێ که خه‌ریکی چالاکی و نووسین له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت ئه‌ده‌بی کلاسیکن چییه؟
- جیلی تازه ده‌بێ چ له باری تاکه‌که‌سییه‌وه و چ له زانکۆکان به داڕشتنی پرۆگرامگهلێک بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و ساغکردنه‌وه‌یه‌کی تازه له قوژبنێکی تر ژیان و لایه‌نێکی تری شاعیران و نووسه‌رانی وڵاته‌که‌یان چالاکییه‌کانیان وه‌گڕ بخه‌ن.
ئێمه شاعیری زۆرمان له هه‌موو زاراوهکاندا هه‌یه که به‌داخه‌وه کاری ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر نه‌کراوه، هیوادارم ئه‌م چینه بتوانن ئه‌م ئاواته‌ی ئێمه به‌جێ بێنن و بتوانن ئه‌و هه‌ڵانه و که‌م کۆڕییه که ئێمه بوومان ساغی بکه‌نه‌وه!
ژێده‌ر: چرۆََ
بۆچوونه‌کان